__ کوردێک بوو بە باشترین زۆرانبازی جیهان__ سووكایه‌تیكردنى فه‌رمانده‌ى به‌سیج به‌ یه‌كیه‌تى ئوروپا__ ره‌خنه‌ى ره‌فسه‌نجانى له‌ پێشنوێژى هه‌ینى تاران__ یه‌مه‌ن خوازیارى راگرتنى ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى رژێمى ئاخوندى بوو__ ناردنى كه‌ل و په‌لى ناوه‌كى له‌ لایه‌ن ده‌لاڵێكى چینییه‌وه‌ بۆ ئێران__ اه‌ و ناڵه‌ى فیروزئابادى له‌ بریارنامه‌ى یه‌كیه‌تى ئوروپا__ رۆژانه‌ ٢٢ سه‌ربازی پێشوی ئه‌مریكا خۆیان ده‌كوژن__ لۆمۆند: بارودۆخى مافى مرۆڤ له‌ ئێران باشتر نه‌بووه‌__ ئه‌مه‌ریكا: پێویسته‌ گۆڕانكارى له‌ دامه‌زراوه‌ى ناوه‌كى ئه‌راكدا بكرێت

کوردێک بوو بە باشترین زۆرانبازی جیهان
زۆرانبازێکی خەڵکی شاری سنە کە بۆ وڵاتی ئازەربایجان یاری دەکات، وەکوو باشترین زۆرانباز لە ئاستی جیهاندا دەستنیشانکرا.
بە پێی راپۆرتێکی فەرمی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی زۆرانبازی، سامان تەهماسبی ٢٩ ساڵه‌ وەرزشوانی کوردی خەڵکی شاری سنە، وەکو باشترین زۆرانبازی جیهان لە ساڵی ٢٠١٣ دەستنیشان کراوە. سامان تەهماسبی کە بۆ تیمى میللى ئازەربایجان یاری دەکات، لە ماوەی ساڵی‌ ٢٠١٣و لە چەندین یاری جیهانی و ناوچەیی وەکو یارییەکانی زۆرانبازی گەوڕەساڵانی مەجارێستان، یاریەکانی پاڵەوانێتی ئەوروپا مداڵى زێڕی ئاسیا، دوو مدالیای زێو و جارێکیش پلەی سێهەم لە ئاستی جیهاندا بە دەست بێنێت و به‌ كۆكردنه‌وه‌ى ١٨ خاڵ پلەی یه‌كه‌مى جیهان به‌ده‌ست بێنێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ناوبراوو هۆکاری یاریکردنی بۆ ئازەربایجان گه‌رانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ دوابەدوای ئۆلەمپیکی په‌کین له‌ چین نەشتەرگەریم بۆ قاچم ئەنجامدا و پاش ئەوە هیچ هەواڵێکیان لێ نەپرسیم، بۆ تیمی میللیش بانگهێشت نەدەکرام، هه‌روه‌ها وتى، “لەلایەکی دیکەوە زۆر دەستەنگ بووم. سەردانی چەندین ئیدارەی وەکوو تەربیەت بەدەنیم کرد، بەڵام تەنانەت کارێکی بچووکیشیان پێ نەدام. بنەماڵەکەشم کەم داهات بوون. لەم دۆخەدا بەبێ داهاتێکی ماددی‌ ژیان زۆر ئەستەم دەبێت. هەر بەم هۆیەوە بەناچاری رووم لە وڵاتی ئازەربایجان کرد”. فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی زۆرانبازی پێشتر عەبدوڵلا چەمەنگوڵی راهێنەری زۆرانبازی خەڵکی شاری سەقزی وەکوو باشترین راهێنەری ساڵی ٢٠١٢ دەستنیشان کردبوو.







سووكایه‌تیكردنى فه‌رمانده‌ى به‌سیج به‌ یه‌كیه‌تى ئوروپا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان،فه‌رمانده‌ى بەسیج و جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی رژێمى ئاخوندى یەکێتی ئەوروپا بە "چوارپا" و "ئاژەڵ" ناو ده‌بات و لە وەڵامی بڕیارنامەی  یەکێتی ئەوروپا دەڵێت رێگە بە یەکێتی ئوروپا ناده‌ین ده‌فته‌رى  نوێنەرایەتی لە ئێران بکاتەوە. فەرماندەی بەسیجی رژێم سەبارەت بە پرسی لەسێدارەدان لە ئێران وتى "دەیانەوێ قاچاغچییەکانی مادە هۆشبه‌ره‌كان لەسێدارە نەدەین، چونکە دەزانن ناتوانن به‌ شه‌رِ به‌رانبه‌رمان بوه‌ستنه‌وه‌ ئه‌یانه‌ویت له‌و رێگایه‌وه‌ دژایه‌تیمان بكه‌ن. هه‌روه‌ها ناوبراوو رەخنە لەو لایەنانەی رژێمیش دەگرێت کە خوازیاری پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپان و دەڵێت "هەموو ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوروپادا هەیە لە رووی ئاسایش، خۆشبژێوی، ئابووری و سیاسییەوە رەوشیان خراپە و کەس خێری لەوان نەبینیوە". جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە کە ئێران لە ٣٥ ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕکردن لەگەڵ ئوروپا و ئەمریکا، ئێران لە وڵاتێکی دواکەوتووەوە لە هەموو بوارەکانی زانستی، کەلتووری، سیاسی و ئابووریه‌وه‌ پێشکەوتووە.








ره‌خنه‌ى ره‌فسه‌نجانى له‌ پێشنوێژى هه‌ینى تاران
به‌ پیَى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، هاشمی رەفسەنجانی ناراستەوخۆ رەخنه‌ى لە پێشنوێژانی هەینی تاران گرت و وتى، وتاری رۆژی هەینی تاران راستەوخۆ بڵاودەکرێتەوە و هەموو جیهان دەیبینێت. جوان نییە کە بەو شێوەیە قسە بکرێ و نوێژ و ئیسلام بەو جۆرە سووک بکرێت. وتاری نوێژی هەینی تاران زۆرجار بە شوێنی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆ، دەربڕینی رای خامنه‌ییه‌ لەسەر پرسە جیاوازەکان هەروەها وتى چه‌ندین جار لە لایەن ستادی نوێژی هەینی تارانەوە بانگهێشت کراوم به‌لام تا ئێستا بریارم نه‌داوه‌ كه‌ به‌شدارى نوێژى هه‌ینى تاران بكه‌م. هاوکات رەخنە لە هەلومەرجی ئێستای ئێران گرت و وتى، قسەکردن لە شوێنێک کە هەر کەس بیەوێ بێ و هەر کارێک کە بیەوێ بیکات، ئاسەواری خراپى بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت ده‌بیَت هاشمی رەفسەنجانی یەکێک بوو له‌ کۆڵەکەکانی دامەزراندنی رژێمى ئاخوندی لە ئێران و هەروەها ده‌ورى سەرەکی هه‌بوو لە دەستنیشانکردنی عەلی خامنەیی وه‌ك ریچبه‌رى رژیچمى ئاخوندى به‌لام له‌ ئاخرین خولى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى له‌ ئێران له‌ لایه‌ن باندى خامنه‌ییه‌وه‌ پاڵێوراوى بۆ ئه‌و پۆسته‌ ره‌د كرایه‌وه‌.








یه‌مه‌ن خوازیارى راگرتنى ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى رژێمى ئاخوندى بوو
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ده‌وڵه‌تى یه‌مه‌ن جارێكیتر داواى له‌ رژێمى ئاخوندى كرد كه‌ له‌ كاروبارى ناوخۆیى یه‌مه‌ندا ده‌خاڵه‌ت نه‌كات. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌مه‌ن رۆژى پێنجشه‌ممه‌ ١٤ى خاكه‌لێوه‌ له‌ به‌یاننامه‌ێكدا داواى له‌ رژیچمى ئاخوندى كرد كه‌ ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانى له‌ كاروبارى ناوخۆیى یه‌مه‌ن رابگرێت و به‌ جێگاى قسه‌ كردن كرده‌وه‌ى هه‌بێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌مه‌ن قسه‌كانى ئه‌و دواییانه‌ى مه‌رزییه‌ ئه‌فخه‌مى به‌ بێشه‌رمانه‌ ناوو برد و رایگه‌یاند كه‌ سه‌نعا ده‌خاڵه‌تى هیچ ولاتێك له‌ كاروبارى ناوخۆیى خۆى قبووڵ ناكات.








ناردنى كه‌ل و په‌لى ناوه‌كى له‌ لایه‌ن ده‌لاڵێكى چینییه‌وه‌ بۆ ئێران
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، دادگۆسته‌رى ئه‌مریكا ده‌لاڵێكى چینى به‌ ناردنى هه‌زاران تیكه‌ كه‌ل و په‌لى په‌یوه‌ند به‌ به‌رنامه‌ى ناوه‌كییه‌وه‌ بۆ رژێمى ئاخوندى تاوانبار كرد.وه‌زاره‌تى دادگۆسته‌رى ئه‌مریكا رۆژى هه‌ینى ١٥ى خاكه‌لێوه‌ رایگه‌یاند، سیها چینگ" به‌ پێشێلكردنى گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانى سه‌ر رژێمى ئاخوندى هه‌زاران تیكه‌ى حه‌ساس له‌ پێداویستییه‌كانى به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێمى ئاخوندى بۆ ئێران هه‌نارده‌ كردووه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ لایه‌نى ئه‌و قه‌رارداده‌ شیركه‌تێكى ئێرانى بووه‌ كه‌ له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێمى ئاخوندیدا ده‌ستى هه‌یه‌.







ئاه‌ و ناڵه‌ى فیروزئابادى له‌ بریارنامه‌ى یه‌كیه‌تى ئوروپا
پاسدار فیرۆزئابادى سه‌ركرده‌ى ستادى هێزه‌ چه‌كداره‌كاى رژێمى ئاخوندى بریارنامه‌كه‌ى یه‌كیه‌تى ئوروپاى به‌ گاڵته‌جار ناو لێ برد. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ناوبراوو به‌ ورِێنه‌ كردن وتى ئوروپا به‌و هه‌ڵه‌ و تاوانه‌ى كه‌ له‌ ئۆكراین كردى، جارێكیتر هه‌ڵه‌ى به‌راورد كردنى خۆى دووباره‌ كرده‌وه‌. پاسدار فیروزئابادى وتى، كۆمه‌ڵگاى رۆژئاوایى له‌و بریارنامه‌یه‌دا رووى زشتى خۆى ئاشكرا كرد و راسته‌وخۆ ده‌ستى خسته‌ ناو كاروبارى ناوخۆیى ئێرانه‌وه‌. ناوبراو وتى، یه‌كیه‌تى ئوروپا به‌م كرده‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ى خۆى جارێكیتر رووى ره‌شى رۆژئاواى نیشان دا. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ سه‌كیه‌تى ئوروپا له‌ بریارنامه‌ێكدا وێرِاى ره‌خنه‌ى توند له‌ بارودۆخى مافى مرۆڤ له‌ ئێران چه‌ند شه‌رت ه‌ مه‌رجێكى بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌فته‌رى نوێنه‌رایه‌تى له‌ ئێران دیارى كرد.








رۆژانه‌ ٢٢ سه‌ربازی پێشوی ئه‌مریكا خۆیان ده‌كوژن
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، رێكخراوی سه‌ربازانی پێشوی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ئه‌فغانستان ده‌ڵێت كه‌ ته‌نیا ئه‌مساڵ ١٨٩٢ سه‌ربازی پێشوی ئه‌مریكا خۆیان كوشتوه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ ئاماری فه‌رمی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ كه‌ بۆ ئه‌و سه‌ربازانه‌ ئه‌نجامیداوه‌ كه‌ له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌كانی ٢٠٠١ی ئه‌مریكا له‌ سوپای ئه‌و وڵاته‌ شه‌ریان كردوه‌ له‌ عێراق و ئه‌فغانستان، به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێك ده‌ڵێن ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ كه‌ خۆیان ده‌كوژن زۆر زۆرتره‌ چونكه‌ سیستمێكی ناوه‌ندی تۆماركردنیان نیه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ ، كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و سه‌ربازانه‌ نه‌خۆشی ده‌رونیه‌ كه‌ به‌ هۆی ئه‌و توندوتیژیه‌ كه‌ له‌شه‌ردا ده‌یبینن توشبون و گوێ نه‌دانی حكومه‌تی ئه‌مریكا به‌و سه‌ربازانه‌ كاتێك كه‌ ماوه‌ی سه‌ربازیان ته‌واو ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌. هه‌فته‌ی رابردو چالاكوانان و سه‌ربازانی كۆنی سوپای ئه‌مریكا خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌یان رێكخست و سه‌ردانی واشه‌نگتۆنیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌و وڵاته‌ ئاگاداری بارودۆخی هه‌ستیاریان ببن، هاوكات بۆ هه‌ر سه‌ربازێك كه‌ خۆی كشوتوه‌ ئاڵایه‌كیان له‌ پاركی “ناشناڵ ماڵ” چاند.








لۆمۆند: بارودۆخى مافى مرۆڤ له‌ ئێران باشتر نه‌بووه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، رۆژنامه‌ى لۆمۆند رۆژى هه‌ینى ١٥ى خاكه‌لێوه‌ راپۆرتێكى له‌ سه‌ر بارودۆخى مافى مرۆڤ له‌ ئێران له‌ ده‌ورانى حسن رۆحانى بلاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ى كردووه‌ به‌ رێژه‌ى ئێعدامه‌كان له‌ ئێران و نوسیویه‌، ئامارىفه‌رمى ئێعدامه‌كان له‌ ئێران باس له‌ ئێعدام كردنى ٣٦٩ كه‌س ده‌كات له‌ ساڵى رابردوودا ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ لێبۆردنى نێونه‌ته‌وه‌یى رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌دان كه‌سیتر ئێعدام كراون و له‌ ئاماره‌كانى رژێمدا هیچ ئاماژه‌ێكیان پێ نه‌كراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ى كردووه‌ به‌ ئێعدامى به‌ كۆمه‌ڵى ١٦ زیندانى به‌لووچ و دوڵێت ئێعدام كردنى ئه‌و زیندانییانه‌ له‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ى رژێم بوو به‌ كوژرانى ١٤ چه‌كدارى رژێم له‌ لایه‌ن هێزه‌ چه‌كداره‌كانى سوننى مه‌زهه‌به‌وه‌ . جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌و راپۆرته‌ى لۆمۆند دا هاتووه‌ كه‌ بارودۆخى مافى مرۆڤ له‌ ده‌ورانى رۆحانى باشتر نه‌بووه‌ و بگره‌ خرابتر له‌ رابردوو بووه‌.








ئه‌مه‌ریكا: پێویسته‌ گۆڕانكارى له‌ دامه‌زراوه‌ى ناوه‌كى ئه‌راكدا بكرێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ژماره‌یه‌ك له‌ كارناسانى زانكۆى برینستۆنى ئه‌مه‌ریكا پێشنیار ده‌كه‌ن كه‌ گۆڕانكارى له‌ دامه‌زراوه‌ى ناوه‌كى ئه‌راكدا بكرێت.
وه‌ك ئه‌و كارناسانه‌ روونیان كرده‌وه‌، له‌ ئێستادا وا پێویست ده‌كات بۆ رێگه‌ گرتن له‌ دروست كردنى بۆمبى ناوه‌كى له‌لایه‌ن رژێمى ئاخوندییه‌وه‌، گۆڕانكارى له‌ دامه‌زراوه‌ى ناوه‌كى ئه‌راك بكرێت، چونكه‌به‌ پێى پێشنیاره‌كه‌ى ئه‌و كارناسانه‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌م كردنه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى ساڵانه‌ له‌ مادده‌ى بلۆتۆنیۆم له‌ هه‌شت كیلۆگرامه‌وه‌ بۆ یه‌ك كیلۆگرام، تواناكانى رژێمى ئاخوندى بۆ دروست كردنى بۆمبى ناوه‌كى كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پرسى دامه‌زراوه‌ى ناوه‌كى ئه‌راك  یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ كه‌ رێگرى له‌ ئیمزاكردنى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى درێژخایه‌ن له‌ نێوان وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك و ئێران كردووه‌.

ڕێکه‌وت: 2014-04-05 11:52:07
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ١٦ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )