__ ساڵی رابردوو به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین ٥٢ كه‌س له‌ كوردستانى ئێران بوونه‌ قوربانی__ دۆزرانه‌وه‌ی دوو په‌یكه‌ره‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌قز __ كرێكارانی به‌نداوسازیی شاری بانه‌ ماوه‌ی ٩ مانگه‌ مووچه‌یان پێنه‌دراوه‌__ ته‌قینه‌وه‌ی مینی ناوه‌ندێكی نیزامی له‌مه‌ریوان هاووڵاتییه‌كی كرده‌ قوربانی__ سه‌ر له‌نوێ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى یارمه‌تیه‌ مالیه‌كانى رژیمى ئێران بۆ حه‌ماس__ ته‌حریمه‌كانى نوێى ئه‌مریكا سه‌ره‌رِاى ووتووێژه‌كان__ له‌مه‌و به‌دوا بوترێ : گۆلى پێشووى ورمێ__ له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا  ١٠هه‌زار و ٥٠٠ خوێندكار ئێرانیان جێهێشتووه‌__ خۆت بخه‌ به‌ر خۆر بۆ ئه‌وه‌ی لاواز بیت



ساڵی رابردوو به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین ٥٢ كه‌س له‌ كوردستانى ئێران بوونه‌ قوربانی
ته‌قینه‌وه‌ی مین هه‌رِه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانی دانیشتووانی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی كوردستانى ئێران یان ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌و شوێنانه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن. له‌ ساڵی رابردوو ٥٢ كه‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین له‌ كوردستان بوونه‌ته‌ قوربانی، كه‌ له‌ونێوه‌دا ١٧ كه‌سیان كوژراون و ٣٥ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. له‌ كۆی ئه‌و رێژه‌یه‌ زۆرترین حاڵه‌ت له‌ پارێزگای ئیلام تۆمار كراوه‌ كه‌ ١٦ جار مین به‌ دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای كرماشان ٧ حاڵه‌ت، له‌ پارێزگای سنه‌ ١٤ حاڵه‌ت و له‌ پارێزگای ورمێ ١٥ حاڵه‌تی ته‌قینه‌وه‌ی مین تۆماركراوه‌. له‌ماوه‌ی شه‌رِی ٨ ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێراندا زۆربه‌ی ناوچه‌كانی نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان مینرێژ كراون. حكومه‌تی ئێران له‌ساڵی ١٩٨٧ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین كردووه‌. كارناسان ناوچه‌ مینرِێژكراوه‌كانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ ٣ ملیۆن هێكتار واتا ١٢ ملیۆن دۆنم زه‌وی به‌راورد ده‌كه‌ن.  به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان له‌نێوان ساڵه‌كانی ١٩٨٨ بۆ ٢٠٠٤ له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ٨٠٠ كه‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین گیانیان داوه‌ كه‌ له‌و نێوه‌دا هاونیشتمانیانی مه‌ده‌نی پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌.




دۆزرانه‌وه‌ی دوو په‌یكه‌ره‌ له‌ ناوچه‌ی سه‌قز 
له‌ ناوچه‌ی سه‌قز په‌یكه‌ره‌ی مێژوویی ژن و مێردێك له‌ قه‌دی شاخی بالوقایه‌ دۆزرایه‌وه‌، كه‌ به‌ وته‌ی یه‌كێك له‌ مێژوونووسانی شاره‌كه‌، ده‌كرێ وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا دروست بكات. به‌پێی راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی كوردپا؛ عومه‌ر فارووقی مێژوونووسی خه‌ڵكی شاری سه‌قز كه‌ رۆژی هه‌ینی هاورِێ له‌گه‌ڵ تیمێكی دیكیۆمێنت سازی له‌سه‌ر مێژووی شاری سه‌قز چووبوونه‌ داوێنی كێوی "بالوقایه" هه‌ڵكه‌وتوو له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌قزـ بۆكان و له نزیك گوندی "ئه‌حمه‌دئاوا"ی سه‌را، په‌یكه‌ره‌ی مێژوویی ژن و مێردێكیان له‌ داوێنی ئه‌و چیایه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ كورده‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئه‌و دوو په‌یكه‌ره‌یه‌وه‌ بۆ پێش سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتداریه‌تیی مادده‌كان و زیاتر له‌ ٣ هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌رِێنێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی لێكۆڵه‌ران و مێژوونووسانه‌وه‌ به‌ شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌و كارمه‌نده‌ له‌سه‌ر كار لابردراوه‌ی ئیداره‌ی میرات فه‌رهه‌نگی گوتی هه‌تا ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ كێشه‌مان له‌سه‌ر ناوی سه‌قز هه‌بوو، به‌ڵام به‌ دۆزرانه‌وه‌ی ئه‌م دوو په‌یكه‌ره‌یه‌ ده‌توانین به‌ شێوه‌ی به‌ڵگه‌مه‌ند بیسه‌لمێنین كه‌ ناوی سه‌قز له‌ سكاكانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. عومه‌ر فارووقی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یكه‌رانه‌دا گۆرِستانێكی سه‌كاییه‌كان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و دوو په‌یكه‌ره‌ وه‌كوو خاوه‌نی گۆرِستانه‌كه‌ سه‌یری ناو گۆرِستانی سه‌كایییه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌ پێده‌چێت ئه‌م دوو په‌یكه‌ره‌ وێنه‌ی یه‌كێك له‌ پاتشای سه‌كاییه‌كان و هاوسه‌ره‌كه‌ی بێت.





كرێكارانی به‌نداوسازیی شاری بانه‌ ماوه‌ی ٩ مانگه‌ مووچه‌یان پێنه‌دراوه‌
شیركه‌تی به‌نداوسازیی شه‌مسی عومران، كه‌ ده‌فته‌ره‌كه‌ی له‌ عه‌باس‌ئاوای شاری بانه‌یه‌، ماوه‌ی زیاتر له‌ ٩ مانگه‌ مووچه‌ی كرێكاره‌كانی نه‌داوه‌. به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی كوردپا؛ به‌رپرسانی شیركه‌تی به‌نداوسازیی شه‌مسی عومران له‌ شاری بانه‌، له‌ مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٩٢ی هه‌تاوییه‌وه‌ به‌ بیانووی نه‌بوونی بودجه‌ له‌دانی مووچه‌ی كرێكاره‌كانیان خۆ ده‌بوێرن. شیركه‌تی به‌نداوسازیی شه‌مسی عومران له‌ شاری بانه‌، ٢٣٠ كرێكار و فه‌رمانبه‌ری هه‌یه‌ و له‌ ٩ مانگی رابردوودا ئه‌و كرێكار و فه‌رمانبه‌رانه‌ مووچه‌یان پی نه‌دراوه‌. یه‌كێك له‌ كرێكارانی شیركه‌وتی به‌نداوسازیی شه‌مسی عومران به‌ هه‌واڵنێری كوردپای راگه‌یاند؛ به‌پرسانی ئه‌و شیركه‌ته‌ بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ته‌نیا پاره‌ی ١٥ رۆژیان پێ دواین، ئه‌وه‌ش له‌ حالێك دایه‌، كه‌ نزیك به‌ تێكرِای كرێكار و فه‌رمانبه‌رانی ئه‌م شیركه‌ته‌ خێزاندارن. شیركه‌تی به‌نداوسازیی شه‌مسی عومران كه‌له‌ شاری كامیارانیش په‌یمانكاری پرۆژه‌ی به‌نداوی كامیاران -مووچش (ئه‌میرئاباد-رمشت) بوو، به‌هۆی كاركردی خراپییه‌وه‌، گرێبه‌ستی دروستكردنی ئه‌و به‌نداوه‌ی لێ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌.






ته‌قینه‌وه‌ی مینی ناوه‌ندێكی نیزامی له‌مه‌ریوان هاووڵاتییه‌كی كرده‌ قوربانی
شوانكاره‌یه‌كی كوردی خه‌ڵكی ناوچه‌ی مه‌ریوان به‌ هۆی كه‌وتنه‌ سه‌ر مینی ده‌وروبه‌ری پادگانی ئه‌رتش له‌و شاره‌، لاقێكی له‌ده‌ست دا. به‌پێی راپۆرتی هه‌واڵده‌ریی كوردپا، دوانیوه‌رِۆی رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٦‌ی خاكه‌لێوه‌ شوانكاره‌یه‌ك به‌ناوی به‌ ناوی جه‌ماڵ كه‌ریمی، كورِی ره‌شید و خه‌ڵكی ئاوایی "گوڵچیه‌ر"ی مه‌ریوان له‌نزیك پادگانی ئه‌رتش سه‌رقاڵی له‌وه‌رِاندنی مه‌رِ و ماڵات بووه‌ و له‌ئه‌نجامدا كه‌وتۆته‌ سه‌ر مێنه‌ چێنراوه‌كان. جه‌ماڵ كه‌ریمی ته‌مه‌نی ٥٠ ساڵه‌ و ماوه‌یه‌كیشه‌ له‌شاری مه‌ریوان نیشته‌جێیه‌ و هه‌نووكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی "فه‌جر"‌ی شاری مه‌ریوانه‌. دوای ته‌واوبوونی نزیك به‌ ٣٠ ساڵ به‌سه‌ر شه‌رِی نێوان حكوومه‌تی عێراق و ئێراندا هێشتا دوژمنێكی شاراوه‌ به‌ناوی مین مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر گیانی هاووڵاتییان و به‌تایبه‌ت دانیشتوانی ئوستانه‌كانی ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، ئیلام، كرماشان و كوردستان.



سه‌ر له‌نوێ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى یارمه‌تیه‌ مالیه‌كانى رژیمى ئێران بۆ حه‌ماس
ئیسرائیل سه‌ر له‌نوێ ده‌سپێكردنه‌وه‌ و باش بوونه‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى حه‌ماس له‌گه‌ڵ رژیمى ئێرانى به‌ هه‌والێكى خه‌راپ ه‌ رووداوێكى نیگه‌رانیه‌هێنه‌ر زانى. سه‌رچاوه‌كانى ئه‌لمانیتۆر له‌ غه‌ززه‌ ئاگادار بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ناردنى یارمه‌تى له‌ لایه‌ن رژیمى ئێرانه‌وه‌ بۆ حه‌ماس ده‌ستى پێكردۆته‌وه‌. سه‌رچاوه‌كانى نزیك له‌ حه‌ماس گه‌ِانه‌وه‌ى حه‌ماس بۆ لاى رژیمى ئێران ده‌گه‌رێنیته‌وه‌ تێكه‌ڵ كردنه‌وه‌ى وه‌رقه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى رابردوودا كه‌ دوا به‌دواى ئاڵوگۆره‌كان له‌ میسر هاتۆته‌ ئارا.  به‌ پێى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ حه‌ماس له‌ ئێستادا پێویستى به‌و پێوه‌ندییه‌ هه‌یه‌. 





ته‌حریمه‌كانى نوێى ئه‌مریكا سه‌ره‌رِاى ووتووێژه‌كان
له‌سه‌روده‌مى خولێكى دیكه‌ى ووتووێژه‌كانى رژیمى ئێران له‌گه‌ڵ وه‌لاتانى ١+٥ بۆ ده‌ستراگه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنى كۆتایی، ئه‌مریكا سه‌رله‌نوێ چه‌ندین كه‌س و شیركه‌تى ئێرانى خسته‌ ناو لیستى ته‌حریمه‌كانه‌وه‌.  به‌ پێى راپۆرتى ئاسۆ شێتدپرێس كه‌سێكى چینى  به‌ناوى سی هى چێنگ و ئیرانیه‌ك به‌ناوى ئه‌بولفه‌زل شه‌هاب جه‌میلى و دوو شیركه‌تى ئێرانى به‌ناوه‌كانى نیكارۆ و عیوه‌ز له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا به‌ تاوانى ناردنى به‌رهه‌مه‌كانى پێوه‌ندییدار به‌ پالاوته‌ كردنى ئۆرانیۆم بۆ ئێران خراونه‌ته‌ ناو لیستى ته‌حریمه‌كانه‌وه‌.  





له‌مه‌و به‌دوا بوترێ : گۆلى پێشووى ورمێ
گۆلى ورمێ كه‌ له‌نێوان دوو پارێزگاى ئازه‌ربایجانى رۆژهه‌لات و ئازه‌ربایجانى رۆژئاوا دایه‌، گه‌وره‌ترین گۆلى ناوخۆى ئێران و دووهه‌مین گۆلى ئاوى سۆرى جیهانه‌. ئه‌و گۆله‌ كه‌ شوێنى ژیانى چه‌ندها جۆرى گیایی و بوونه‌وه‌رییه‌، له‌مه‌ترسی ووشك بوونى ته‌واو دایه‌. تایبه‌ت كردنى ٩٠ له‌سه‌دى سه‌رچاوه‌كانى ئاویی ناوچه‌كه‌ بۆ به‌شی كشت و كاڵ، بوون به‌ هه‌ڵمى زۆر ئاوه‌كه‌ به‌ هۆى گه‌رما و لێدانى له‌راده‌به‌رده‌ر بیرى ئاو  له‌ هۆكاره‌كانى ووشك بوونى ئه‌و گۆڵه‌ ده‌زانرێ. 




له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا  ١٠هه‌زار و ٥٠٠ خوێندكار ئێرانیان جێهێشتووه‌
محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن یۆسفى به‌رێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى خوێندكارانى ناوخۆى وه‌زاره‌تى زانسته‌كان له‌ ئێران رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ى ساڵى رابردوو ١٠ هه‌زار و ٥٠٠ خوێندكار بۆ درێژه‌ى خوێندن ئێرانیان جێهێشتووه‌. هه‌واڵده‌رى ئیرنا رایگه‌یاند له‌ ئێستا دا زیاتر له‌ ٦٠ هه‌زار خوێندكارى ئێرانى له‌ ده‌ره‌وه‌ خه‌ریكى درێژه‌دان به‌ خوێندنن كه‌ به‌ هۆى ته‌حریمه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ى جۆراوجۆر رووبه‌روون. ئێران ساڵیانێكى دوردرێژه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌ى هه‌لاتنى مێشكه‌كان رووبه‌روویه‌ و به‌ پێى لێپرسراوانى رژیم سالانه‌ ١٥٠ هه‌زار پسپۆرى ئێران به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ن. 





خۆت بخه‌ به‌ر خۆر بۆ ئه‌وه‌ی لاواز بیت
توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی ئه‌كادیمییه‌كانی كۆلێژی فاینبێرگی ئه‌مریكی ئاشكرایان كردووه‌ خۆ خستنه‌ به‌ر تیشكی خۆر ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كێش.  ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ رێگایه‌كی نوێیه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش به‌ دوور له‌ ئامۆژگاری پسپۆره‌كان كه‌ بریتییه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خواردن و نوستن بۆ ماوه‌ی درێژ. توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵی: خۆری به‌یانیان كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌سه‌ر چه‌وریی ناوله‌ش و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ كالۆری و وه‌رزشكردنه‌وه‌ نییه‌. فیلیس ری پسپۆری كاتژمێری بیۆلۆجی له‌ زانكۆكه‌ گوتی: خۆ نه‌خستنه‌ به‌ر تیشكی خۆر له‌ به‌یانیاندا ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌رمی له‌ش و به‌وه‌ش قه‌ڵه‌وبوون رووده‌دات. توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێ كاتی خۆ خستنه‌ به‌ر تیشكی خۆر له‌ هه‌شتی به‌یانییه‌وه‌ تا نیوه‌رِۆ ده‌ستپێده‌كات.

ڕێکه‌وت: 2014-04-06 16:32:41
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان و ئێران و جیهان (١٧ى خاكه‌لێوه‌) )