__ ته‌قینه‌وه‌ى مین له‌ مه‌ریوان جارێكیتر قۆربانى لێ كه‌وته‌وه‌__ خوێندكارانی شاری بۆكان هۆشدارییان دایە ئوستانداری__ ره‌فسه‌نجانى: دوورویى بۆ كۆمه‌ڵێك بووه‌ به‌ كاسبى__ دۆزینه‌وه‌ى لاشه‌ى فه‌قێكى سوننى له‌ ده‌ورووبه‌رى زاهێدان__ یارمه‌تى ٣٠ هه‌زار ته‌نى مه‌وادى خۆراكى رژێم بۆ سووریه‌__ ئێعدامى ژێر ١٨ ساڵمان نییه‌ درۆش هه‌ر باسى مه‌كه‌ن__ ده‌وڵه‌تى ئینگلیس: رژێمى ئێران له‌ كاروبارى دراوسێكانى ده‌خاڵه‌ت ده‌كات__ راگرتنى نه‌وت هه‌ڵگرى رژێمى ئاخوندى له‌ لایه‌ن هێنده‌وه‌__ كۆتایی هاتنى وتووێژه‌ ناوكیه‌كانى ویه‌ن__ رژێمى ئاخوندى و ولاتانى ٥+١ كێشه‌ى زۆریان هه‌یه‌

ته‌قینه‌وه‌ى مین له‌ مه‌ریوان جارێكیتر قۆربانى لێ كه‌وته‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتىهه‌واڵده‌رییه‌كان،  رۆژى چوارشه‌مه‌ ٢٠ى خاكه‌لێوه‌ له‌ ئاكامى ته‌قینه‌وه‌ى مینى چێندراوو له‌ ناوچه‌ى مه‌ریوان هاوولاتیێكیترى مه‌ریوانى بووه‌ قۆربانى. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ رۆژى رابردوو هاوولاتیێكى مه‌ریوانى به‌ ناوى فایه‌ق ئه‌حمه‌د زاده‌ ناسراو به‌ فایه‌ق ده‌روێش خه‌ڵكى گۆندى سه‌ردۆش كه‌ به‌ مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى گژوگیا رۆیشتبووه‌ ناوچه‌ى قه‌لانجان به‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌ى مینه‌وه‌ لاقێكى په‌رى و  بۆ چاره‌سه‌ر كردنى برینه‌كانى ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شارى مه‌ریوان كرا. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌ اوه‌ى حه‌فته‌ى رابردوودا سێ هاوولاتى له‌ ناوچه‌ى مه‌ریوان به‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌ى مین بوونه‌ته‌ قۆربانى.








خوێندكارانی شاری بۆكان هۆشدارییان دایە ئوستانداری
خوێندكارانی زانكۆكانی شاری بۆكان لە نامەیەكدا روو بە ئوستانداری، خوازیاری لابردنی تەنگ و چەڵەمە و هەروەها بێبەریی كردنی خوێندكاران لە خوێندن بوون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا، كۆمەڵێک لەخوێندكارانی زانكۆكانی ئازاد، پەیام نوور، عیلمی ـ كاربوردی و زانستگەی پەرەستاریی بۆكان داوكارییەكی ٣٥ خاڵیان بۆ ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا ناردووە. ئەو خوێندكارانە لەنامەكەیاند نووسیویانە، " شاری بۆكان بەپێچەوانەی روانینە نەرێنیی و بە دوور لەراستییەكان، بەدەست كێشە و ئاریشەوە دەناڵێنێ‌و زۆربەی پڕۆژەكانی ئەو شارە بۆتە بەشێک لەلاپەڕەی مێژوو". خێرایی لە دابین كردنی ئاوی شیرینی بۆكان، دروست كردنی مووچە و مەزرای توێژینەوەیی، بە دواداچوون بۆ پرسی مەسكەنی مێهر، بایەخدان بە كرێكاران، پشتیوانی لە ناوەندەكانی خەڵک تەوەر، پەرەپێدان بە كەشوهەوای كاسبی و داهاتی رۆژانە، جێبەجێ‌كردنی گەڵاڵەی "هادی" لە ئاواییەكان لە داخوازی خوێندكاران بووە. لەبەشێكی ئەو نامەیەدا هاتووە، چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە كە بیستنی دەنگی خوێندكاران دەستبەكار ببن و چارەنووسی فەرمانداریی شاری بۆكان روون بكەنەوە و كۆتایی بە دەسەڵاتی هێندێ‌لە بەڕێوەبەرانی شارەكە بێنن. ئەو خوێندكارانە كە نامەیەكەیان لە راگەیەنەكان بڵاو كردۆتەوە وتوویانە، "چاوەڕوانی وڵام و پەرچەكرداری ئوستاندار لە سایتی فەرمی ئوستاندارین". 
دانیشتوانی شاری بۆكان زیاتر لە ٢٢٥ هەزار كەس و لە بوونی فەرمانداریە تایبەت بێبەرییە.


ره‌فسه‌نجانى: دوورویى بۆ كۆمه‌ڵێك بووه‌ به‌ كاسبى
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، سه‌رۆكى ناوه‌ندى دیارى كردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى نیزام، رۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢ه‌ى خاكه‌لێوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ژماره‌ێك له‌ به‌رپرسانى شارى بێهبه‌هان رایگه‌یاند، كاتێكه‌ ئه‌رزشه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان وه‌ك راستى فه‌رامۆش ده‌كرێت، دژه‌ ئه‌رزشه‌كان وه‌ك دورویى و نهێنى كارى بۆ كۆمه‌ڵێك ده‌بێت به‌ كارو كاسبى. ره‌فسه‌نجانى له‌ به‌شێكیتر له‌ قسه‌كانى خۆى ئاماژه‌ى كرد به‌ سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كان و وتى، چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى به‌رنامه‌ى ناوه‌كى و سیاسه‌تى ده‌ره‌كى ولات پێویستیێكى حاشاهه‌ڵنه‌گرى ئه‌مرۆ و داهاتووشه‌ و زۆربه‌ى ئه‌و كێشانه‌ى ئه‌مرۆ به‌رۆكى به‌ خه‌ڵك گرتووه‌ ده‌رئه‌نجامى ئه‌و كێشانه‌یه‌.








دۆزینه‌وه‌ى لاشه‌ى فه‌قێكى سوننى له‌ ده‌ورووبه‌رى زاهێدان
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ ئازاد كردنى چوار سنووروانه‌كه‌ و هێرشى سایته‌ توندره‌وه‌كانى رژێم بۆ سه‌ر زانایانى ئه‌هلى سوننه‌ت، لاشه‌ى حامد ریگى، فه‌قێى ئه‌هلى سوننه‌ت حه‌وزه‌ى علمییه‌ى داره‌لعلومى زاهێدان له‌ مه‌سیرى خاش – زاهێدان دۆزرایه‌وه‌. حامد ریگى برازاى یه‌كێك له‌ عۆله‌ماى ناودارى شارى خاشه‌ به‌ ناوى حافز ئه‌حمه‌د گه‌وهه‌ر كوهى كه‌ له‌ رۆژى ٢٢ى ره‌شه‌مه‌وه‌ بێ سه‌ر و شوێن كرابوو. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ تاكوو ئێستا هیچ گروپ یان لایه‌نێك به‌رپرسیاره‌تى ئه‌و كاره‌ى له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتووه‌.








یارمه‌تى ٣٠ هه‌زار ته‌نى مه‌وادى خۆراكى رژێم بۆ سووریه‌
به‌ پێى راپۆرتى ته‌له‌فزیۆنى حكومه‌تى سووریه‌، یارمه‌تى ٣٠ هه‌زار ته‌نى رژێمى ئاخوندى بۆ رژێمى به‌شارئه‌سه‌د رۆژى رابردوو ٢٠ى خاكه‌لێوه‌ گه‌یشته‌ به‌نده‌رێك له‌ ده‌ریاى مه‌دیته‌رانه‌ ئه‌م یارمه‌تییه‌ خۆراكییه‌ به‌شێكه‌ له‌و یارمه‌تیه‌ به‌ربلاوانه‌ى رژێمى ئاخوندى بۆ ده‌وڵه‌تى سووریه‌. ته‌له‌فزیۆنى رژێمى ئه‌سه‌د هیچ ئاماژه‌ێكى به‌ ورده‌كارى ئه‌و یارمه‌تییه‌ نه‌كردووه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌ ساڵى رۆابردووش رژێمى ئاخوندى قه‌رزێكى ٣ میلیارد و ٦٠٠ میلیون دۆلارى به‌ مه‌به‌ستى راگرتنى ئه‌رزشى پوولى میللى سوریه‌ دابوو به‌ رژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د.








ئێعدامى ژێر ١٨ ساڵمان نییه‌ درۆش هه‌ر باسى مه‌كه‌ن
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى ئیسنا، سه‌رۆكى قووه‌ى قه‌زاییه‌ به‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌یكه‌ هه‌موو هه‌وڵى ولاتانى رۆژئاوایى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بریار و داواكارییه‌ لیبراڵییه‌كانى خۆیان به‌ سه‌ر باقى نه‌ته‌وه‌كانیتردا بسه‌پێن كه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ كرده‌وه‌ێكه‌ دژ به‌ مافه‌كانى مرۆڤ. هه‌روه‌ها ناوبراوو ئاماژه‌ى كرد به‌ ئێعدامى ژێر ١٨ ساڵ و وتى، له‌ رژێمى ئاخوندى ئێراندا به‌ هیچ شێوه‌ێك ئێعدامى ژێر ١٨ ساڵمان نییه‌ و ئه‌و قسانه‌ى پارله‌مانى ئوروپا به‌ هه‌موو شێوه‌ێك درۆیه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ كاربه‌رێكى ئینترنتى له‌ ژێر ئه‌و هه‌واڵه‌دا نوسیویه‌، هاوجنسبازمان نییه‌! هه‌لاوسانمان نییه‌! فه‌سادمان نییه‌ و درۆش كه‌ هه‌ر قسه‌ى لێوه‌ مه‌كه‌ن.








ده‌وڵه‌تى ئینگلیس: رژێمى ئێران له‌ كاروبارى دراوسێكانى ده‌خاڵه‌ت ده‌كات
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، وته‌بێژى ده‌وڵه‌تى ئینكلیس له‌مه‌رِ رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست و باكوورى ئه‌فریقا رایگه‌یاند، رژێمى ئاخوندى ئێران له‌ كاروبارى ولاتانى دراوسێى ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات. رۆزمارى ده‌یویس وتى، ده‌وڵه‌تى بریتانیا ده‌زانێت كه‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم ئاشتى ئامێز نییه‌ و هه‌روه‌ها وتى، به‌ هۆى ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى رژێمى ئاخوندى له‌ كاروبارى ولاتانى ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌ت ولاتى سووریه‌، رژێمى ئاخوندى ده‌ورێكى نه‌رێنى له‌ رۆژهه‌لاتى ناوه‌راستدا هه‌یه‌ ه‌ ئه‌مه‌ بابه‌ته‌ بووه‌ به‌ هۆى نیگه‌رانى ده‌وڵه‌تى بریتانیا.








راگرتنى نه‌وت هه‌ڵگرى رژێمى ئاخوندى له‌ لایه‌ن هێنده‌وه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ده‌وڵه‌تى هێندوستان یه‌كێكیتر له‌ نه‌وت هه‌ڵگره‌كانى رژێمى ئاخوندى راگرت. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، سه‌رچاوه‌ێك له‌ گۆمركى هێندوستانه‌وه‌ رایگه‌یاند، كه‌شتیێكى هه‌ڵگرى بارى ئێڵ پى جى، كه‌ له‌ دوومانگ پێشه‌وه‌ له‌و ولاته‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ یه‌كێك له‌ به‌نده‌ره‌كانى رژێمى ئاخوندى له‌ ئێران بارگیرى كراوه‌.









كۆتایی هاتنى وتووێژه‌ ناوكیه‌كانى ویه‌ن
به‌ پێى راپۆرتىهه‌واڵده‌رییه‌كان، وتووێژه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ى نێوان رژێمى ئاخوندى و ولاتانى ٥+ ١ له‌ ویه‌ن كۆتایى پێهات. كاترین ئه‌شتۆن سه‌رۆكى سیاسه‌تى ده‌ره‌كى یه‌كیه‌تى ئوروپا دواى كۆتایى هاتنى وتوێژه‌كان رایگه‌یاند، وتووێژه‌كان له‌مه‌رِ رێكه‌وتنى كۆتایى، له‌ مانگى مه‌ى به‌رێوه‌ ده‌چێت. هه‌روه‌ها ئه‌شتۆن له‌ به‌یاننامه‌ێكى هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رژێم به‌ هه‌واڵنێرانى راگه‌یاند، ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیارانه‌ى كه‌ له‌سه‌رى كێشه‌مان هه‌یه‌ وتووێژ ده‌كه‌ین و كار له‌سه‌ر رێكه‌وتنێكى كۆتایى ده‌كه‌ین.








رژێمى ئاخوندى و ولاتانى ٥+١ كێشه‌ى زۆریان هه‌یه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى رۆیترز، رژێمى ئاخوندى و ولاتانى ٥+ ١ له‌ وتووێژه‌كانى ویه‌ن هه‌وڵى زۆریان داوه‌ بۆ لابردنى خاڵه‌ ناكۆكه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنێكى كۆتایى. دیپلۆماتێكى رۆژئاوایى نزیك له‌ وتووێژه‌كان رایگه‌یاند، روونه‌ كه‌ به‌رپرسانى رژێمى ئاخوندى بۆ ده‌سترِاگه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنێكى كۆتایى په‌له‌ ده‌كه‌ن به‌ هه‌مان شێوه‌ش ولاتانى رۆژئاوایى په‌له‌یانه‌، به‌لام ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ گه‌یشتن به‌و قۆناغه‌ ئاسان نییه‌.

ڕێکه‌وت: 2014-04-10 08:12:30
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران جیهان ٢١ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )