__ دوو هاووڵاتیی کورد لە مەریوان بانگهێشتی ئیتلاعات کران__ سیامەند رەحمان، بۆ جاری سێیەم پلەی یەكەمی جیهانی بەدەست هێنا__ قوتابخانەیەکی ناوچەی ورمێ بەهۆی تەقینەوە لە ئاگردا سووتا__ نادیار بوونى چاره‌نووسی ٧ زیندانى بیروباوه‌رى په‌یره‌وى مه‌زه‌هه‌بی سووننه‌ له‌ ره‌جایی شار__ گه‌وره‌ترین مانۆرى نیزامى عه‌ره‌بستان په‌یامێك بۆ ئێران __ سزانامه‌ى دادستان بۆ پارێزه‌رێكى كورد __ كه‌مبوونه‌وه‌ى بیمه‌ى قوربانیانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى مه‌دره‌سه‌ى شیناوێ به‌هۆى كچ بوونیان __ كچەكەی مەحەمەد مورسی: ئەو پیاوەی لە ناو قەفەزی دادگایە باوكم نییە

دوو هاووڵاتیی کورد لە مەریوان بانگهێشتی ئیتلاعات کران
 دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا. بەپێی راپۆرتی  هەواڵدەریی کوردپا؛ ئارام نیک‌پەی، کوڕی عەزیز و سۆران کاوە خەڵکی گوندی "نێ"ی سەربە شاری مەریوان، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت وبەرەوڕووی لێپرسینەوەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بوونەتەوە. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئارام و سۆران رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە بانگهێشت کراون و سەبارەت بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی نێ لێپرسینەوەیان لێکراوە. دەگوترێت ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی لێکراوە، کە چیدیکە رێوڕەسمی لەو چەشنە بەرێوە نەبەن.








سیامەند رەحمان، بۆ جاری سێیەم پلەی یەكەمی جیهانی بەدەست هێنا
سیامەند رەحمان وەزنەبەرداری کەم‌ئەندامی كورد لە ركابەرییەكانی هەڵگرتنی قورسایی لە "دوبەی" توانی پلەی یەكەمی جیهان بۆ خۆی مسۆگەر بكات. بەپێی راپۆرتی  هەواڵدەریی کوردپا، ئەو وەرزشكارە كوردە توانیویەتی وەزنەیەك بە قورسایی ٢٨٥ كیلۆ، وەكوو "پرێس سینە" بەرز بکاتەوە و ئەو وەزنەیە ٤ كیلۆ لە ریكۆردی پێشووی قورستر بووە. سیامەند رەحمان وەزرشكاری خەڵكی شاری شنۆ لە ركابەرییەكانی "دوبەی"‌دا لەسێ‌قۆناغدا توانیویەتی ریكوردی جیهان بشكێنی، كە بەم شێوەیە بووە: قۆناغی یەكەم ٢٧٥ كیلۆ، قۆناغی دووهەم ٢٨١ كیلۆ و قۆناغی سێهەم و كۆتایی ٢٨٥ كیلۆ. چەند مانگ لەمەوبەریش سیامەند رەحمان لەرەكابەرییەكانی هەڵگرتنی قورسایی بۆ كەمئەندامان، كە لەژێر چاودێریی IPC لەئێران بەڕێوەچوو بوو، توانیبووی لەكێشی سەرووی ١٠٧ كیلۆدا، پلەی یەكەمی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەربكات و ریكۆردی ٢٨١ كیلۆیی لە پرێس سینەدا تۆمار كردبوو. هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی (٢٠١٢)‌یش لەركابەرییەكانی وەزنەبەرداری پارائۆلەمپیكی "لەندەن"‌دا توانیبووی وەزنەی ٢٨٠ كیلۆیی لێبدات.
لەركابەرییەكانی رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٢‌ی خاكەلێوەی "دوبەی"‌دا لە ٥٩ وڵاتی جیهانەوە وەزنەبەردار بەشدار بوون. سیامەند رەحمان لە دایکبووی ١٣٦٧‌ی هەتاوییە و یەكێك لە میداڵە زێڕەكانی پێشكەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، كە گەلاوێژی ساڵی ٩١ رووی دا، كردووە.








قوتابخانەیەکی ناوچەی ورمێ بەهۆی تەقینەوە لە ئاگردا سووتا
 لە رووداوێکی دیکەی سووتانی قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئیران بەهۆی ناستانداردیی کەرەسە گازی و نەوتییەکانەوە، قوتابخانەی دواناوەندیی گوندێکی ناوچەی "بارادێز"ی ورمێ بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز، لە ئاگردا سووتا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەهۆی ناستانداریی کەپسوولی گازی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "موتەهەری (مُگهری)"ی گوندی تورکمان لە ناوچەی باراندێزی سەربە شاری ورمێ، قوتابخانەکە ئاگری تێبەربوو. ئەو رووداوە کاتژمێر ٩ و نیوی سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە هاتۆتە ئاراوە، هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتۆتەوە. دەگوترێت، لەو رووداوەدا ٢ کەپسوولی گاز تەقیونەتەوە، کە قوتابخانەکە لە ئاگردا سووتاوە و بینای قوتابخانەکەش بەتەواوەتی تێک‌ڕووخاوە. لە وەرزی زستانی ساڵی رابردوودا، چەندین قوتابخانەی گوندی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی ناستانداردیی کەرسە گەرماییەکانەوە لە ئاگردا سووتان، بەڵام هیچ‌کام لە هەواڵی سووتانی ئەو قوتابخانانەکان لە میدیا حکوومەتییەکان بڵاو نەبوویەوە. 








نادیار بوونى چاره‌نووسی ٧ زیندانى بیروباوه‌رى په‌یره‌وى مه‌زه‌هه‌بی سووننه‌ له‌ ره‌جایی شار
 ٧ زیندانى په‌یره‌وى مه‌زه‌هه‌بی سووننه‌ى سه‌قزى كه‌ له‌ مانگى سه‌رماوه‌زى ٨٨وه‌ گیراون و نزیك به‌ ٤ ساڵ و نیوه‌ دادگایی نه‌كراون ، چاره‌نووسیان نادیاره‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى چاودێرى مافى مرۆڤ له‌ كوردستان مامۆستا فه‌رهاد سه‌لیمى له‌ مامۆستایانى ئایینى شارى سه‌قز و ٦ كه‌س له‌ هاورێیانى به‌ناوه‌كانى ئه‌نوه‌ر خزرى، قاسم ئابه‌سته‌، خه‌سره‌و به‌شاره‌ت، كامران شێخه‌، ئه‌یوب كه‌ریمى و داود عه‌بدوڵلاهى سه‌ره‌راى تێپه‌ربوونى ٤ ساڵ به‌ سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركرانیان هه‌روا چاره‌نووسیان نادیاره‌ و له‌ زیندانى ره‌جایی شارى كه‌ره‌ج ده‌ستبه‌سه‌رن








گه‌وره‌ترین مانۆرى نیزامى عه‌ره‌بستان په‌یامێك بۆ ئێران 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى میهر له‌ زمان مره‌ئه‌لجه‌زیره‌، هێندێك له‌ سه‌رچاوه‌كانى نزیك له‌ ده‌ربارى پاشاى عه‌ره‌بستان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ عه‌بدوڵلا بێن عه‌بدوڵعه‌زیز پاشاى عه‌ره‌بستان فه‌رمانى به‌هه‌موو فه‌رمانده‌كانى ئه‌رته‌ش و هێزه‌ چه‌كداره‌كان داوه‌ كه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنى گه‌وره‌ترین مانۆرى نیزامى له‌ مێژووى عه‌ره‌بستان له‌ ماوه‌ى حه‌وتووه‌كانى داهاتوو ئاماده‌ بن. به‌ پێى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌و مانۆره‌ كه‌ له‌ژێر ناوى شمشێرى عه‌بدوڵلا به‌رێوه‌ ده‌چێ هه‌ڵگرى چه‌ندین په‌یام و له‌وان بۆ رژیمى ئێرانه‌








سزانامه‌ى دادستان بۆ پارێزه‌رێكى كورد 
دادسه‌راى ورمێ سزانامه‌یێكى بۆ مه‌سعوودى شه‌مس نیژاد پارێزه‌رى دادگوسته‌رى ده‌ركردووه‌. رۆژى پێنج شه‌ممه‌ ٢١ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ دادیارى لقى ٩ى ادگاى شۆرِشى ورمێ داواكارییه‌كى بۆ مه‌سعودى شه‌مس نیژاد پارێزه‌رى دادگوسته‌رى و مامۆستاى زانستگا ده‌ركردووه‌. به‌پێى هه‌واڵى هه‌واڵده‌رى موكریان، له‌و داواكارییه‌دا ئه‌و پارێزه‌ره‌ كورده‌ به‌ پروپاگه‌نده‌ دژى نیزام له‌ رێگه‌ى ووتووێژ له‌گه‌ڵ میدیاكانى ده‌ره‌وه‌یی و ئه‌ندامه‌تى له‌ یه‌كێك له‌ گرووپه‌ نه‌یاره‌كانى رژیم ناوبردووه‌. ده‌وترێ بناغه‌ى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ وه‌رگرتنى كه‌یسى زیندانیانى سیاسی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانى حیزبه‌ سیاسیه‌كانى نه‌یارى رژیمى ئێران بووه‌








كه‌مبوونه‌وه‌ى بیمه‌ى قوربانیانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى مه‌دره‌سه‌ى شیناوێ به‌هۆى كچ بوونیان 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، رژیمى ئاخوندى ئێران له‌ دانى قه‌ربه‌وبووى ته‌واو به‌ بنه‌ماڵه‌ى قوربانیانى رووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ى مه‌درسه‌ى شیناوێی پیرانشار به‌ هۆى كچ بوونیان خۆ ده‌دزێته‌وه‌. باوكى یه‌كێك له‌و خوێندكاران زیانبه‌ركه‌وتووانه‌ ووتى: بیمه‌ ده‌بێ برِى ٣٤٥ میلیۆن تمه‌ن وه‌ك دییه‌ بداته‌ منداڵه‌كه‌م به‌لام به‌ ئێمه‌ راگه‌ێندراوه‌ كه‌ دییه‌كه‌ى ١٣٦ میلیۆن تمه‌نه‌. هه‌واڵده‌رى ئیتلاعاتى ئاخوندى ناسراو به‌ مێهر له‌و باره‌وه‌ ووتى: دییه‌ى ته‌واو به‌ له‌به‌رچاو گرتنى كچ بوونى ئه‌و خوێندكارانه‌ نادرێ.








كچەكەی مەحەمەد مورسی: ئەو پیاوەی لە ناو قەفەزی دادگایە باوكم نییە
كچی محەمەد مورسی سەرۆك كۆماری لەسەركار لادراوی میسر رایگەیاند، كە ئەو پیاوەی لە ناو قەفەزی دادگایە و بە ناوی باوكییەوە دادگایی دەكرێت، باوكی  ئەو نییە. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان،  شەیمای كچی محەممەد مورسی دوو وێنەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردوەتەوە كە یەكێكیان وێنەی باوكیەتی لەكاتی سەرۆكایەتیكردنی میسردا و ئەوی دیكە وێنەی ئەو پیاوەیە كە لەناو قەفەزی دادگایی دایە. كچەكەی مورسی دەڵێت"وێنەی لای راست باوكمە، بەڵام دڵنیانیم لە وێنەی دووەم و لێی وردبنەوە، من بۆیە ئەم دوو وێنەیەم هەڵبژاردووە، چونكە لێكچوون لەنێوانیاندا هەیە، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەیت، دڵنیا دەبیت، كە ئەو كەسەی لەناو قەفەزەكەدایە سەرۆك نییە".  مەحەمەد مورسی یەكەم سەرۆكی نوێی مسیر بوو لەوای روخانی حوسنی موبارەكەوە، بەڵام لەمانگی ٧ ساڵی رابردوو بە كودەتایەكی سەربازی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، وەزیری ئەوكاتەی بەرگری میسر، محەممەد مورسی لەسەركار لادرا و ئێستا بە تۆمەتی كوشتنی خۆپێشاندەران لە زینداندایە و دادگایی دەكرێت.










ڕێکه‌وت: 2014-04-12 15:45:44
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٢٣ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )