__ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى سێ ئەندامی بنەماڵەی گوڵپەری‌پووری __ خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە ناوچەی سەقز__ حه‌بیب له‌تیفى تا ئێستاش رووبه‌رووى حوكمى ئێعدامه‌__ بانگهێشتى سێ زیندانى ئه‌هلى سوننه‌ت بۆ دادگاى كه‌ره‌ج__ عه‌لى لاریجانى: ئابوورى ولات نه‌خۆشه‌__  كه‌مپینی نێونه‌ته‌وه‌یى له‌دژی له‌سێداره‌دانی رێحانه‌ جه‌باری ده‌ستیپێكرد__ وریایى فرانسووا ئۆلاند و ده‌یوید كامرۆن به‌ مسكۆ__ وریایى به‌ وه‌زیرانى رۆحانى: چاوتان به‌ خاته‌مى نه‌كه‌وێت

ده‌ستبه‌سه‌ر كردنى سێ ئەندامی بنەماڵەی گوڵپەری‌پووری 
سێ كه‌س له‌ ئەندامانى بنەماڵەی حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، زیندانیی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزه‌كانى ئیداره‌ى ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی كه‌مپه‌ینى مافى مرۆڤ له‌ ئێران؛ هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژێمى ئاخوندى ئێران، ئێواره‌ى رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، لە شاری سنەدا عێزەت گوڵپەری‌پوور(برای حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور)یان دەستبەسەر کرد. مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات پاش دەستبەسەر کردنی چوونەتە ماڵی باوکی ناوبراو و وێرای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر کەلووپەل و کۆمەڵێک دەفتەر و کتێب و کۆمپیوتێری شەخسیی ئەو هاووڵاتییە کوردەشدا گرتووە. عیزەت گوڵپەری‌پوور، هەنووکە لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەدەستبەسەری‌دایە. بەپێی ئه‌م راپۆرته‌، هەر ئەو رۆژە دوو هاوولاتیی دیکەی کورد و لە نزیکانی بنەماڵەی گوڵپەری‌پوور به‌ ناوه‌كانى شاهۆ حەیدەری و میعاد ئەحمەدی  لە  شاری سنە دەستبەسەر کران. حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣٨٨ لە شاری مەهاباد لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و لە زیندانی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد، ورمێ، سنە و سیمنان بەرەوڕووی ئەشکەنجەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بوویەوە. ده‌زگاى قه‌زایى رژێمى ئاخوندى ئه‌و زیندانییه‌ سیاسییه‌ى به‌ تۆمه‌تى مۆحاربه‌ و دژایه‌تى ئه‌منییه‌تى نه‌ته‌وه‌یى به‌ ئێعدام مه‌حكوم كرد و  له‌ رۆژى ٣ى خه‌زه‌ڵوه‌رى ساڵى رابردوو حوكمه‌كه‌ى جێ به‌ جێ كرا.







خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە ناوچەی سەقز
 کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقز بە هۆکارێکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی گوندی "قەڵاکۆن"ی سەربە بەخشی زێویەی شاری سەقز، رۆژی رابردوو رێکەووتی ٢٥ خاکەلێوە هەوڵی خۆکوژیی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی. ناوی ئەو کچە تەمەن ١٤ ساڵەیە، ئیلاهە زارعی" راگەیاندراوە، کەلە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە. هەروەها رۆژی ٢٢ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیش لە گوندی خانەقای سەربە شاری سەقز منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی "میلاد رەنجبەری" کە کوڕە پووری ئەم کچە تەمەن ١٤ ساڵەیە بوو، لە کاتی یاری کردندا و بەهۆی لاسایی کردنەوەی چۆنیەتیی لە سێدارەدان، گیانی لەدەست دا. هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی "ئیلاهە زارعی"ی خەڵکی گوندی قەڵاکۆنی شاری سەقز روون نەبۆتەوە و تەرمەکەشی بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سنە کراوە.








حه‌بیب له‌تیفى تا ئێستاش رووبه‌رووى حوكمى ئێعدامه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، حه‌بیب له‌تیفى زیندانى سیاسى كوردى زیندانى ناوه‌ندى سنه‌ تاكوو ئێستاش به‌ حۆكمى ئێعدام به‌ره‌و روویه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ حه‌بیب له‌تیفى خوێندكارى ساڵى كۆتایى رشته‌ى مۆهه‌ندسى پیشه‌یى له‌ زانكۆى ورمێ، رۆژى ئه‌وه‌ڵى خه‌زه‌ڵوه‌رى ساڵى ١٣٨٦ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دواى ماننه‌وه‌ى زیاتر له‌ سێ مانگ له‌ ژورى تاكه‌كه‌سى و شكه‌نجه‌ى زۆرى جسمى و رۆحى له‌ لایه‌ن لقى ئه‌وه‌ڵى دادگاى شۆرشى سنه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى قازى حسن بابایى به‌ تۆمه‌تى مۆحاربه‌ و مۆفسد له‌سه‌ر عه‌رز به‌ ئێعدام مه‌حكوم كرا. به‌ وته‌ى یه‌كێك له‌ نزیكانى حه‌بیب، چه‌ندین جاره‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى قه‌زاییه‌وه‌ قه‌وڵى شكاندنى حوكمى ئێعدامه‌كه‌یان پێدراوه‌ به‌لام تاكوو ئێستا ئه‌و حوكمه‌ له‌ جێى خۆیه‌تى.








بانگهێشتى سێ زیندانى ئه‌هلى سوننه‌ت بۆ دادگاى كه‌ره‌ج
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، سێ زیندانى ئه‌هلى سوننه‌ت به‌ ناوه‌كانى ئه‌نوه‌ر خزرى، كامه‌ران شێخه‌ و خۆسره‌و به‌شاره‌ت كه‌ زیاتر له‌ ٤ ساڵه‌ له‌ زیندانى ره‌جایى شارى كه‌ره‌ج ده‌ستبه‌سه‌رن، له‌ دادگاى شۆرشى كه‌ره‌ج دادگایى كران. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ ئه‌و سێ زیندانییه‌ سوننییه‌ رۆژى یه‌كشه‌مه‌ ٢٤ى خاكه‌لێوه‌ بۆ دادگاى شۆرشى كه‌ره‌ج بانگهێشت كران. به‌ پێى وته‌ى سه‌رچاوه‌ێكى ئاگادار، ئه‌و سێ زیندانییه‌ له‌ دادگادا خراونه‌ته‌ ژێر فشاره‌وه‌ تاكوو دان بنێن به‌ تاوانى كرده‌وه‌ دژبه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى نیزام و په‌یوه‌ندى به‌ گرووپه‌ سه‌له‌فییه‌كانه‌وه‌، تۆمه‌تێكه‌ وه‌زاره‌تى ئیتلاعات هه‌وڵ ئه‌دات پشترِاستى بكاته‌وه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌و زیندانییانه‌ له‌ دادگا سوور بوون له‌سه‌ر بێ تاوانى خۆیان بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌ى دادگا بۆ كاتێكیتر دوا خرا.








عه‌لى لاریجانى: ئابوورى ولات نه‌خۆشه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، عه‌لى لاریجانى، سه‌رۆكى مه‌جلیسى رژێمى ئاخوندى دانینا به‌ بارودۆخى ناله‌بارى ئابوورى ئێران و وتى، ئه‌مرۆ ولات له‌ كاتێكى هه‌ستیاردا به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ هۆكارى جۆراوجۆر ئابوورى ولات گیرۆده‌ى نه‌خۆشى و كێشه‌ بووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شى به‌رهه‌مهێناندا كه‌مى هێناوه‌، له‌ زۆربه‌ى بنه‌ماڵه‌كان بێكارى بووه‌ به‌ كێشه‌ێكى گه‌وره‌ و به‌م پێیه‌ ئابوورى ولات نه‌خۆشى له‌ خوێنیدایه‌. لاریجانى له‌مه‌رِ رێكه‌وتننامه‌ى شه‌رم ئاوه‌رى ژنێڤ و خواردنه‌وه‌ى پیاڵه‌ى زه‌هر وتى، له‌ چاو كۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بابه‌تى ناوه‌كى و وتووێژه‌كان هه‌ستیار و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌رچوون له‌و وتووێژانه‌ به‌ سوودى ولات و ده‌ستئاوه‌رده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێت و هه‌میش نیگه‌رانى ولاتانى رۆژئاوایى بره‌وێنێته‌وه‌.








 كه‌مپینی نێونه‌ته‌وه‌یى له‌دژی له‌سێداره‌دانی رێحانه‌ جه‌باری ده‌ستیپێكرد
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی نێونه‌ته‌وه‌یى، بانگه‌وزاێكیان ئاراسته‌ی رژێمى ئاخه‌ندى ئێران كرد بۆ راگرتنی سزای له‌سێداره‌دانى رێحانه‌ جه‌بارى كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٦ى خاكه‌لێوه‌ ئه‌نجامبدرێت.  دادگای رژێمى ئاخوندى سزاى له‌سێداره‌دانی رێحانه‌ جه‌باری به‌ تاوانی كوشتنی مورته‌زا عه‌بدولعه‌لی ئه‌ندامى وه‌زاره‌تى ئیتلاعات ده‌ركردووه‌. ده‌فته‌رى كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، رێحانه‌ جه‌باری به‌رگریی له‌خۆی كردووه‌، له‌كاتێكدا كه‌له‌لایه‌ن ئه‌و مه‌ئموره‌ى ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستدرێژیی كراوه‌ته‌سه‌رى، و ئه‌و سزایه‌ سزاێكى ناعادلانه‌یه‌. له‌كه‌مپینه‌كه‌یدا له‌دژی له‌سێداره‌دانی رێحانه‌ جه‌باری، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن: رێحانه‌ جه‌باری به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ریی، دانیناوه‌ به‌كوشتنی ئه‌و  مه‌ئموره‌ى وه‌زاره‌تى ئیتلاعات گوایه‌ هیچ مه‌به‌ستێك له‌پشت ئه‌م رووداوه‌وه‌ نیه‌.  ئه‌حمه‌د شه‌هید، راپۆرتنێرى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ئێران رایگه‌یاند،" پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران چاو به‌ بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی رێحانه‌ جه‌باری دا بخشێننه‌وه‌ تا پرۆسه‌ی دادگاكردنێكی بێخه‌وش و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌باره‌ی ئه‌و كه‌یسه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت". 








وریایى فرانسووا ئۆلاند و ده‌یوید كامرۆن به‌ مسكۆ
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، فه‌راتسووا ئۆلاند سه‌رۆك كۆمارى فه‌رانسه‌ و ده‌یوید كامرۆن سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا له‌ په‌یوه‌ندیێكى ته‌له‌فوونیدا كردارى ئاژاوه‌گێرانه‌ى رووسیه‌یان له‌ ئۆكراین مه‌حكوم كرد. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، دواى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌، كاخى ئێلیزه‌ به‌ ده‌ر كردنى به‌یاننامه‌ێك رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌ توندى ئه‌و توندوتیژییانه‌ى ئۆكراین مه‌حكوم ده‌كه‌ن و پاڵپشتى خۆیان بۆ ده‌وڵه‌تى ئۆكراین و به‌رێوه‌ بردنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى له‌ ٢٥ى مه‌ى ده‌رده‌برِن.








وریایى به‌ وه‌زیرانى رۆحانى: چاوتان به‌ خاته‌مى نه‌كه‌وێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئاخوند ئه‌حمه‌د عه‌له‌ملهۆدا، ئیمام جومعه‌ى مه‌شهه‌د رایگه‌یاند، چاوپێكه‌وتنى وه‌زیرى ئێرشاد به‌ خاته‌مى كارێكى باش نه‌بوو و ئه‌و به‌ رێبه‌رى رژێمى وتووه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ داخواسته‌كانى به‌ جێ بێنێت. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى ئیرنا، عه‌له‌مه‌لهۆدا ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ ٢٦ى خاكه‌لێوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ هه‌واڵنێران رایگه‌یاند، وه‌زیرانێكه‌ خۆیان به‌ شوێنكه‌وتووى رێبه‌ر ئه‌زانن نابێت چاویان به‌ خاته‌مى بكه‌وێت.

ڕێکه‌وت: 2014-04-15 10:45:57
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٢٦ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )