__ پشتراستكردنه‌وه‌ى حوكمى ئێعدامى زیندانیێكى سیاسى كورد__ بەڕێوەچوونی چالاكیی ژینگەپارێزی لەناوچەی سەوڵاوا و گیلان‌غەرب__ گواستنه‌وه‌ى زیندانیێكى كورد بۆ شوێنێكى نادیار__ خۆپێشاندانى ناره‌زایه‌تى له‌ شارى سه‌رده‌شت__ مانگرتن له‌ شاره‌كانى ورمێ، بۆكان و سه‌قز__ وریایى ده‌وڵه‌تى میسر به‌ رژێمى ئاخوندى__ كوژرانى به‌كرێگیراوێكى رژێمى ئاخوندى له‌ ئیلام__ سپای تورکیا جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌سه‌ر سنوور ده‌ستپێكرده‌وه‌__  پیاوێك به‌تۆمه‌تی‌ خواردنی‌ ١٠٠ کەس دەستگیركرا

پشتراستكردنه‌وه‌ى حوكمى ئێعدامى زیندانیێكى سیاسى كورد
دیوانى بالاى رژێمى ئاخوندى حوكمى ئێعدامى زیندانى سیاسى كورد، مۆسته‌فا سه‌لیمى پشتراست كرده‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، حوكمى ئێعدامى ئه‌و زیندانییه‌ سیاسیه‌ له‌ كاتێكدا پشتراست كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناوبراوو له‌ ده‌هه‌مین رۆژى مانگرتنى به‌سه‌ر ده‌بات. مۆسته‌فا سه‌لیمى له‌ ناره‌زایه‌تى به‌ حوكمى ئێعدامه‌كه‌ى له‌ رۆژى ١٨ى خاكه‌لێوه‌ ده‌ستى دایه‌ مانگرتن له‌ خواردن. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندى له‌ زیندانى سه‌قز رۆژى ٢٦ى خاكه‌لێوه‌ ئه‌و زیندانییه‌ سیاسییه‌یان بۆ ژورى تاكه‌كه‌سى گواستووه‌ته‌وه‌. ناوبراوو به‌ تۆمه‌تى كرده‌وه‌ دژبه‌ ئه‌منییه‌تى نه‌ته‌وه‌یى به‌ ئێعدام مه‌حكوم كراوه‌.






بەڕێوەچوونی چالاكیی ژینگەپارێزی لەناوچەی سەوڵاوا و گیلان‌غەرب
ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی ئاوایی "دەل"، دەورووبەریی ئاواییەكان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن كردەوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو چالاكییە لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی ئاوایی "دەل" و لاوانی ئاواییەكە بەڕێوەچووە و ئامانج لەو كارەشیان، رێز گرتن لەسروشتی كوردستان راگەیاندووە. ئاوایی "دەل" لەناوچەی سەوڵاوا هەڵكەوتووە و ٢٥٠ بنەماڵە لەو ئاواییەدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەنجومەنی سەوزی ئاوایی "دەل"، لە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٥‌ی خاكەلێوەی ئەمساڵدا و بەهاوكاری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان دامەزراوە.
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هه‌واڵى هەواڵدەریی کوردپا؛ لە درێژەی چالاکیی ژینگەپارێزیی هاووڵاتییان و ژینگەپارێزاندا، ژمارەیەک قوتابیی پۆلی سەرەتایی لە گوندی "قەمەرالی چلە"ی سەربە شاری گیلان‌غەرب چالاکییەکی ژینگە پارێزییان بەڕێوە برد. قوتابییە کوردەکانی گوندی قەمەرالی چلەی سەربە شاری گیلان‌غەرب لە ئوستانی کرماشان، سەیرانگەی "ملیەنە" و دەوروبەری گوندەکەی خۆیان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن کردەوە.








گواستنه‌وه‌ى زیندانیێكى كورد بۆ شوێنێكى نادیار
سه‌ید فه‌رزاد حسینى زیندانى كوردى زیندانى ره‌جایى شارى كه‌ره‌ج بۆ شوێنێكى نادیار گوازرایه‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى هێرانا، رۆژى ٢٦ى خاكه‌لێوه‌ سه‌ید فه‌رزادى حسینى زیندانى كوردى به‌ندى ١٠ى زیندانى ره‌جایى شارى كه‌ره‌ج به‌ بێ ئاگادار كردنه‌وه‌ بۆ شوێنێكى نادیار گواستراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و زیندانیه‌ ئه‌هلى سوننه‌ته‌ له‌ ساڵى ١٣٩٢ به‌ تۆمه‌تى لایه‌نگرى له‌ گروپه‌ سه‌له‌فییه‌كان له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى ئیداره‌ى ئیتلاعاته‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر  و بۆ زیندانى ناوه‌ندى سنه‌ گوازرایه‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا دادگاى شۆرشى سنه‌ ناوبراوى به‌ شه‌ش ساڵ زیندانى ته‌عزیرى مه‌حكوم كرد.








خۆپێشاندانى ناره‌زایه‌تى له‌ شارى سه‌رده‌شت
رژێمى ئاخوندىلەشارو شارۆچكەكانی كوردستانى ئێران بەسەدان هەزار دارو سەوزایی تەختكردوەو لەناوىبردووە. لەوبارەیەوە چالاكوانانی بواری ژینگەی شاری سەردەشت رایانگه‌یاندووه‌" لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سپای پاسداران هەزاران داری لە قەراخ شاری سەردەشت بڕیوەتەوە" بەوتەی ئەو چالاكوانانە كە  نەیانویست ناویان بهێنرێت وتیشیان" سپا تەواوی دارستانێكی سەوزیان لەقەراخ سەردەشت بەمەبەستی فرۆشتن لەناو بردووە، پارەكەشی دەچێتە گیرفانی دەوڵەتەوە" ئەو چالاكوانانە بەمەبەستی ناره‌زایه‌تى به‌و كارە ئەمرۆ لەشاری سەردەشت خۆپیشاندانێكیان ئەنجامداو تیایدا ره‌خنه‌یان له‌ تێكدانی ژینگەی سەردەشت گرت كە رۆژانە سوپای پاسداران دارستان‌و سەوزایی ئەو ناوچانه‌ وێران دەكەن. ئەو چالاكوانانە بۆ نیگەرانی دەربڕین لەسەر تەختكردنی ئەو داراستانە بەشێك لەو دارە بڕاوانەیان بەناو شاری سەردەشتدا راكێشاو لەبەردەم ده‌فته‌رى پاراستنی دارستانی ئەو شارە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لەساڵی ٢٠١١ لەكۆنگرەیەكدا كە لەسویس بەڕێوەچوو لەنێوان ولاتانی پیشەسازی، رژێمى ئاخوندى ئێران یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە واژوی نەكرد لەسەر پاراستنی ژینگەی وڵاتەكەی، چونكە ئێران بەیەكێك لە وڵاتانە دادەنرێت كە زیان بە سروشتی ولاتەكەی دەگەیەنێت‌و لە ئەو ٧ وڵاتانەیە كە بایەخ بەژینگەی سەوزایی نادات.










مانگرتن له‌ شاره‌كانى ورمێ، بۆكان و سه‌قز
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٧ى خاكه‌لێوه‌ كرێكارانى كارخانه‌ى ئاجۆر په‌زى ورمێ بۆ پێنجه‌مین رۆیشتنه‌ ناو پێنجه‌مین رۆژ له‌ مانگرتنه‌كه‌یان. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، سه‌دان كه‌س له‌ كرێكارانى ئه‌و كارخانه‌یه‌ له‌ رۆژى شه‌ممه‌ ٢٣ى خاكه‌لێوه‌ له‌ ناره‌زایه‌تى به‌ كه‌م بوونى حه‌قده‌سته‌كانیان و به‌رز بوونه‌وه‌ى هه‌زینه‌ى ژیان ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن. هه‌روه‌ها هه‌زاران كه‌س له‌ كرێكارانى ئاجۆر په‌زى بۆكان له‌ رۆژى ١٩ى خاكه‌لێوه‌وه‌ له‌ ناره‌زایه‌تى به‌ كه‌م بوونى حه‌قده‌سته‌كانیان ده‌ستیان له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌ و رایانگه‌یاندووه‌ تا حه‌قده‌سته‌كانیان بۆ زیاد نه‌كرێت به‌ مانگتنه‌كه‌ى خۆیان درێژه‌ ده‌ده‌ن. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ خه‌ڵكى شارى سه‌قز رۆژى سێشه‌ممه‌ ٢٦ى خاكه‌لێوه‌ له‌ ناره‌زایه‌تى به‌ خاو بوونى خه‌تى ئێنترنێت له‌ به‌رده‌م كافى شاپه‌كانى ئه‌و شاره‌ كۆبوونه‌وه‌ێكى ناره‌زایه‌تییان ساز كرد.








وریایى ده‌وڵه‌تى میسر به‌ رژێمى ئاخوندى
مۆجته‌با ئیمامى سه‌رۆكى ده‌فته‌رى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رژێمى ئاخوندى له‌ میسر بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى میسر بانگهێشت كرا. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، به‌رپرسانى میسرى رژێمى ئاخوندییان له‌ ده‌خاڵه‌ت و كرده‌وه‌ نادیپلۆماته‌كانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌. به‌رپرسانى میسرى ره‌خنه‌یان له‌ چاوپێكه‌وتنى كارمه‌ندانى ده‌فته‌رى رژێمى ئاخوندى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى گروپى ئه‌خوان لمۆسلمین گرتووه‌. له‌ دادگاى مه‌حه‌مه‌د مۆرسى و باقى سه‌رانى ئه‌خوان راگه‌ێندراوه‌ كه‌ ئه‌وان زانیارى نهێنییان داوه‌ به‌ رژێمى ئاخوندى و به‌ تایبه‌ت سپاى پاسدارانى رژێم.








كوژرانى به‌كرێگیراوێكى رژێمى ئاخوندى له‌ ئیلام
سه‌ركرده‌ى هێزه‌ ئینتزامییه‌كانى پارێزگاى ئیلام كوژرانى یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى هێزى ئینتزامى پارێزگاى ئیلامى راگه‌یاند. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، عه‌لى ده‌وڵتى له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌رى سپا ناسراو به‌ فارس" رایگه‌یاند، ئه‌و رووداوه‌ به‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى سالح ئاوا سه‌ر به‌ شارى سنوورى مێهران رووى داوه‌، ناوبراوو هیچ زانیاریێكى له‌مه‌رِ چۆنیه‌تى و هۆكارى رووداوه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌.









سپای تورکیا جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌سه‌ر سنوور ده‌ستپێكرده‌وه‌
هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" کە باڵی سەربازی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە"یە، ڕایگەیاند؛ سوپای تورکیا جموجۆڵی سەربازی دەکات و هیَزی زیاتری سەربازی دەگوازێتەوە سنووری باکووری کوردستان. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى "هەپەگە؛ دوێنێ سێشەممە لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ هەتا درەنگانی شەو کۆپتەرەکانی سپای تورکیا کە لە جۆری سکۆرسکین لە ناوچە سنورییەکانی جۆڵەمێرگ و شەمزینان سوڕاونەتەوە و سەربازییان گواستۆتەوە بۆ سەربازگەکانی سەر سنور. هەپەگە ڕاشیدەگەیەنێت؛ "سوپای تورکیا لەو ناوچە سنوریانە بەهاوکاری جەردەوانان (جاش) دەجوڵێنەوە". ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە ڕۆژی ٩ی نیسان لە سەربازگەکانی سنوری دێرسیم، سوپای تورکیا کەمینی زیاتری داناوە و جموجۆڵەکانی زیاد کردووە.








 پیاوێك به‌تۆمه‌تی‌ خواردنی‌ ١٠٠ کەس دەستگیركرا
بۆ جاری‌ دووه‌م پۆلیسی پاکیستان پیاوێكی‌ ده‌ستگیركرده‌وه‌ كه‌ لەگەڵ براکەی ١٠٠ کەسیان خواردبوو و پێشتریش به‌هامان تۆمه‌ت بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەستبەسەر کرابوو. محەممەد عارف عەلی (٣٥ ساڵ) رۆژی دوشەممە ٢٥ى خاكه‌لێوه‌، بۆ جاری دووهەم لە لایەن پۆلیسی پاکیستانەوە و بە تاوانی مرۆڤ خواردن لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. لە کاتی دەستبەسەر کردنی ناوبراو، کەللەی سەری کوڕێکی لاویان لە خانووەکەیدا دۆزیەتەوە. ناوبراو لە گەڵ براکەی بە ناوی محەممەد فەرمان “٣٠″ ساڵ خەڵکی شاری “دەریا خان” لە ناوەندی ئەو وڵاتەن و پێشتریش بە تاوانی مرۆڤ خواردن دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندان راگیرابوون. بە وتەی پۆلیسی پاکیستان ئەو دوو برایە تەرمی ١٠٠ کەسیان لە گۆڕستانێکی نزیک شارەکەی خۆیان دەرهێنابوو و خواردبوویان . ئەمەش بە پێی راپۆرتێکی “رۆیتەرز”. “ئەمیر عەبدوڵلا”سەرۆکی پۆلیسی ئەو ناوچەیە بە رۆیتەرزی وتووە ” هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرکردنی محەممەد فەرمان دەستی پێکردە”.


ڕێکه‌وت: 2014-04-16 12:03:40
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٢٧ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )