__ سمکۆ خۆرشیدی، زیندانی سیاسیی کورد لەسێدارە درا__ لە کامیاران پارکێکی تایبەت بە ژنان دروست دەکرێت__ تۆمارکرانی ٩٥ حاڵەتی مردنی هاووڵاتییانی کورد لە پزیشکی دادوەری __ ئه‌مریكا دژی‌ كوردستانی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌__ سوریا ٧٠%ی‌ چه‌كه‌ شیمیاییه‌كه‌ى خۆى راده‌ست كردووه‌__ زیبا كه‌لام: رێكه‌وتنى ژنێڤ شه‌رمایتره‌ له‌ عه‌هدنامه‌ى تۆركمه‌نچاى__ ئامانۆ: ئاژانس نانتوانێت بڵێت هه‌موو به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم ئاشتى ئامێزه‌__ زله‌ێتر له‌ ده‌م و چاوى رۆحانى ته‌نیا ٧ له‌سه‌د كشانه‌وه‌

سمکۆ خۆرشیدی، زیندانی سیاسیی کورد لەسێدارە درا
زینداییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کە لەلایەن دەزگای قەزایی رژێمى ئاخوندى ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لەزیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان لەسێدارە درا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ سمکۆ خورشیدی تەمەن ٣٢ ساڵ، کوڕی فەیزوڵڵا و خەڵکی شاری سەقز، کە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا، دەرگیریی چەکدارانە و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمى ئاخوندى ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، حوکمەکەی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە بەڕێوەچوو. سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاند تەرمی ئەو زیندانییە سیاسییە لەسێدارە دراوە رادەستی بنەماڵەکەی، کە دانیشتووی بلواری وەحدەتی شاری سەقزن، کراوەتەوە. سمکۆ خورشیدی خاکەلێوەی ١٣٩٠ی هەتاوی بە برینداری دەستبەسەر کراو پاش ماوەیەک راگیران لە زیندانەکانی شاری سنە و سەقز لەلایەن لقى ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شایق حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە. لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە هاوولاتییەکی خەڵکی گوندی ژنێن لە ناوچەی سەوڵاوا، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا. دەگوتریت، ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی ٨ ساڵ بوو لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە و بە تۆمەتی ئنجامدانی قەتڵ لە دەستبەسەری‌دا بوو.








لە کامیاران پارکێکی تایبەت بە ژنان دروست دەکرێت
 لە درێژەی پەرە گرتنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، ناوەندە حکوومییەکان لێک جیا کردنەوەی ژن و پیاو، کوڕ و کچ وەکوو فاکتۆرێک بۆ بەرنگاربوونەوەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵەم ئەدەن. بەپێی راپۆرتی  هەواڵدەریی کوردپا؛ بڕیارە لە شاری کامیاران پارکێکی تایبەت بە ژنان دروست بکرێت، کە جێگری بەشی کۆمەڵایەتیی فەرمانداریی شاری کامیاران ئامانج لەو کارەی "بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان" لە قەڵەم داوە. پارکی تایبەت بە ژنان، کە لەژێر ناوی "گەڵاڵەی میللی ستراتژیک(راهبردی)"دا دروست دەکرێت، بەوتەی موحسین مورادی، دەکرێ راستەوخۆ خەسارە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکاتەوە. یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکان لەو پەیوەنییەدا نووسیویەتی، بڕیارە کۆمیتەیەکی ئیجرایی لە ژێر ناوی "عیفاف و حیجاب" لە شاری کامیاران پێک بێت، کە چاوەدێریی حیجاب و جلوبەرگی ژنان لەو شارەدا بکات. کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان کە جیاکردنەوەی رەگەزی بەتایبەت لە نێو لاوانی کوڕ و کچ‌دا نە تەنیا کێشە و خەسارەکۆمەلایەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی زیادبوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و دروستبوونی پەیوەندیی نهێنی لە نێوان کچان و کوڕان و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیەکی هاوچەشنی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە.








تۆمارکرانی ٩٥ حاڵەتی مردنی هاووڵاتییانی کورد لە پزیشکی دادوەری 
 لەماوەی ساڵی رابردوودا ٣١ هاووڵاتیی کورد بەهۆی رووداوی کارەوە لە ئوستانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ رووداوی کار و گیان لەدەست دانی کرێکاران لە ئوستانی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١ رووی لە کەمی کردووە و لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‌دا ٣١ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە. لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی‌دا، ٤٩ کرێکاری کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دابوو. پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان، باسی لە ٣٤ هەزار و ٥٢٩ حاڵەتی پشکنینی پزیشکیی کردووە و رایگەیاندووە؛ لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە ریز ٢٣، ١٩ و ٢٢ کەس بەهۆی سووتان، خنکان لە ئاودا و گازگرتوویی گیانیان لەدەست داوە. لەماوەی ٩ مانگی رابردوودا ١ هەزار و ٥٥٩ کەس بەهۆی رووداوی کار لە ئێران گیانیان لەدەست داوە، کە بە شێوەی نێونجی لە هەر رۆژێکدا ٥/٧ کرێکار بووە. بەربوونەوە لە بەرزایی، بەرکەوتنی کەلوپەل و برق گرتوویی بە سەرەکی‌ترین هۆکاری مردن و رووداوی کار لە ئێران راگەیاندراوە.








ئه‌مریكا دژی‌ كوردستانی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: پاڵپشتی عێراقێكی فیدراڵ‌و یه‌كگرتوین
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، جێن ساكی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا دوێنی له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی رۆژانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌سه‌ر چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمى كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ سكای نیوزی عه‌ره‌بی كه‌ باسی كوردستانی سه‌ربه‌خۆی كردوه‌ ده‌ڵێت كه‌ ئه‌مریكا خوازیاری عێراقێكی فیدراڵ، دیموكرات و یه‌كگرتوه‌ و دژی كوردستانی سه‌ربه‌خۆیه‌.هه‌روه‌ها له‌و وتووێژه‌دا باسی چه‌ندین پرسكراوه‌ له‌وانه‌ ئۆكراین و سوریا و ئێران و ئیسرائیل و چه‌ند پرسیاریكیش ئاراسته‌ی وته‌بیژی وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌كراوه‌ له‌سه‌ر عێراق و كوردستان.








سوریا ٧٠%ی‌ چه‌كه‌ شیمیاییه‌كه‌ى خۆى راده‌ست كردووه‌
جێگری‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا ئاشكرایكردووه‌، تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی‌ سوریا ٦٥-٧٠% چه‌كه‌ شیمیاییه‌كانى راده‌ستكردووه‌. به‌ پێی‌ راپۆرتى هه‌واڵده‌رى (ئه‌نادۆڵ) له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌دوفته‌رى وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا به‌سترا، جێگری‌ وته‌بێژی‌  وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌" دوو كه‌شتی‌ دانماركی‌ و نه‌رویژی‌ ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ به‌نده‌ری‌ لازقیه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رێكی‌ئیتالیا ده‌گوێزنه‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌شتی‌ (كیپ رای‌) كه‌ تایبه‌ت به‌ له‌ ناوبردنی‌ چه‌كی‌ شیمیاییه‌ هه‌ڵده‌گیرێت". له‌ درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا ده‌شڵێت"ئه‌وانه‌ی‌ گوازراونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان بۆ كارگه‌كانی‌ به‌ریتانیا و ئالمان براون تاوه‌كو له‌وێ له‌ناو ببرێت و به‌هه‌مان مه‌به‌ستیش هه‌ندێكی دیكه‌شیان بۆ  ئه‌مریكا و فنلاند ده‌بردرێت. له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌نیدین وڵات، رژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌دیان به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ چه‌كی‌ شیمیایى له‌ دژی‌ هاوڵاتیان به‌كار هێناوه‌.








زیبا كه‌لام: رێكه‌وتنى ژنێڤ شه‌رمایتره‌ له‌ عه‌هدنامه‌ى تۆركمه‌نچاى
سه‌عید زیباكه‌لام یه‌كێك له‌ ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانى باندى خامنه‌یى رایگه‌یاند، رێكه‌وتنى ژنێڤ شه‌رماویتره‌ له‌ عه‌هدنامه‌ى تۆركمه‌نچاى. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى فارس، زیباكه‌لام وتى، رێكه‌وتننامه‌ى ژنێڤ به‌ گه‌رانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر داخوازییه‌كانى رۆژئاوا ئه‌وه‌نده‌ شه‌رماوییه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر عه‌هدنامه‌ى تۆركمه‌نچاى سه‌رى رێز دابنه‌وێنین. ناوبراوو وتى، به‌ تێپه‌ربوونى شه‌ش مانگ له‌و رێكه‌وتننامه‌یه‌ ئیتر نابێت ناو له‌ پیتاندن ببه‌ین و ده‌بێت بڵێین پیتاندنى ٢٠ له‌سه‌د خوا عه‌فووى بكات.








ئامانۆ: ئاژانس نانتوانێت بڵێت هه‌موو به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم ئاشتى ئامێزه‌
یوكیا ئامانۆ سكرتێرى گشتى ئاژانسى نێونه‌ته‌وه‌یى ئێنرژى ناوه‌كى له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌رى چینى شینهووا رایگه‌یاند، له‌مه‌رِ كاركردى نیزامى به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێمى ئاخوندى تاكوو ئێستا ئه‌و رژێمه‌ ریزبه‌ندیێكى كاتى به‌ ئێمه‌ نه‌داوه‌ و تا ئێستا له‌مه‌رِ چاوپێكه‌وتنمان له‌ سایتى پارچین هیچ ولامێكى نه‌داوه‌ته‌وه‌. ئامانۆ هه‌روه‌ها وتى، سه‌ره‌رِاى رێكه‌وتننامه‌ى ژنێڤ سیاسه‌تى ناوه‌كى رژێم هیچ گۆرانێكى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. هه‌روه‌ها وتى، رژێمى ئاخوندى له‌مه‌رِ دامه‌زراندنى ناوه‌ندى نوێى ناوه‌كى، ئاژانسى پێش له‌ دامه‌زراندنى ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ پرۆتكۆلى لكێندراو ولامى ئه‌رێنى نه‌داوه‌ته‌وه‌. به‌م هۆكارانه‌وه‌ تاكوو ئێستا ناتوانین بڵێین هه‌موو به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ى رژێم ئاشتى ئامێزه‌.








زله‌ێتر له‌ ده‌م و چاوى رۆحانى ته‌نیا ٧ له‌سه‌د كشانه‌وه‌
ده‌وڵه‌تى رۆحانى سه‌ره‌رِاى پروپاگه‌نده‌ى زۆر بۆ پێشكه‌وتنى ته‌رحى كشانه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ یارانه‌كان به‌ توندى شكستى خوارد و ئێستا به‌ بلاوبوونه‌وه‌ى راپۆرته‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن شكسته‌كه‌یان بشارنه‌وه‌. هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى كه‌یهان به‌ ئاماژه‌ به‌ شكسته‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى رۆحانى رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ته‌نیا ٧ له‌سه‌د له‌ شارۆمه‌ندان له‌ وه‌رگرتنى یارانه‌ كشاونه‌ته‌وه‌ و به‌م پێیه‌ ده‌وڵه‌ت ناچار ده‌بێت به‌ پێى ریزبه‌ندى پێنج گانه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ خوازیارانى یارانه‌ لابه‌رێت تاكوو كه‌مى بودجه‌ دابین بكات.

ڕێکه‌وت: 2014-04-17 14:54:45
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٢٨ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )