__ مه‌رگه‌ گۆماناوییه‌كانى مه‌ریوان و دڵه‌راوكێى خه‌ڵك__ پشترِاستكردنه‌وه‌ى حوكمى ئێعدامى زیندانیێكى سیاسى كورد__ محەمەد سدیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی بریندار و رەوانەی شوێنی نادیار کران__ داواكارى خێراى لێبۆردنى نێونه‌ته‌وه‌یى له‌مه‌رِ گیانى زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین__ زیادبوونى چالاكییه‌ ئیتلاعاتییه‌كانى رژێمى ئاخوندى له‌ یه‌مه‌ن__ پشتراست كردنه‌وه‌ى زه‌وتى ده‌یان ملیۆن دۆلار دارایى رژێمى ئاخوندى له‌ ئه‌مریكا__ باراک ئۆباما ھەڕەشەی زیادکردنی سزاکانی سەر روسیه‌ دەکات__ لەشەر و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوو له‌ سوریه‌ ٢٠٣ کەس کوژراون

مه‌رگه‌ گۆماناوییه‌كانى مه‌ریوان و دڵه‌راوكێى خه‌ڵك
به‌م دواییانه‌ چه‌ندین حاڵه‌تى مه‌رگى كۆماناوى له‌ شارى مه‌ریوان هاوولاتیانى ئه‌و شاره‌ى نیگه‌ران كردووه‌ كه‌ باندێكیتر له‌ لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌كانى رژێمى ئاخوندیه‌وه‌ هاو شێوه‌ى باندى هیوا تاب له‌ مه‌ریوان ده‌ستى دابێته‌ ئه‌و كاره‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى نوێوه‌ ٩ حاڵه‌ت قه‌تلى هاوشێوه‌ له‌ شارى مه‌ریوان روویان داوه‌ كه‌ تا ئێستا هۆكارى هیچكام له‌و قه‌تلانه‌ بلاو نه‌بووه‌ته‌وه‌. كوژرانى ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ دواى دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى عه‌بدۆلا واحدى لاوێكى ته‌مه‌ن ١٩ ساڵه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ و ئه‌وه‌ى گۆمانى لاى هاوولاتییانى مه‌ریوانى درووست كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ رێگاى هه‌ڵواسین به‌ ته‌نافى شین كوژراون و هۆكارى هیچكامه‌یان قه‌رز یان پاره‌ نه‌بووه‌ . جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ته‌منى ئه‌و ٩ كه‌سه‌ له‌ ژێر ٣٠ ساڵه‌وه‌یه‌ و شارۆمه‌ندانى مه‌ریوانى ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ باندێكیتر له‌ لایه‌ن سپا یان ئیتلاعاته‌وه‌  هاوشێوه‌ى باندى هیوا تاب كه‌وتبێته‌ كوژرانى خه‌ڵك.









پشترِاستكردنه‌وه‌ى حوكمى ئێعدامى زیندانیێكى سیاسى كورد
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، دیوانى بالاى رژێمى ئاخوندى حوكمى ئێعدامى زیندانى سیاسى كورد، مه‌حه‌مه‌د عه‌بدۆلاهى پشترِاست كرده‌وه‌. مه‌حه‌مه‌د عه‌بدۆلاهى زیندانى ٣٥ ساله‌ و خه‌ڵكى شارى بۆكانه‌ كه‌ له‌ رێكه‌وتى ٤ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٨٩ له‌ شارى مه‌هاباد ده‌ستبه‌سه‌ر كراو و له‌ رۆژى ٣٠ى خه‌رمانانى ٩٢ به‌ تۆمه‌تى دژایه‌تى له‌گه‌ڵ خوا به‌ ئێعدام مه‌حكوم كرا. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ ئه‌م زیندانییه‌ سیاسیه‌ كورده‌ له‌ كاتى ده‌ستبه‌سه‌ر كردندا له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ به‌ فیشه‌ك بریندار كرابوو و هه‌ر له‌و كاته‌دا له‌ ژێر شكه‌نجه‌ى هێزه‌كانى ئیتلاعاتدا ده‌ست و پاى شكابوو. مه‌حه‌مه‌د عه‌بدۆلاهى زیاتر له‌ ٣ ساڵه‌ له‌ زیندان به‌سه‌ر ده‌بات.










محەمەد سدیق کەبوودوەند و سمکۆ خلقەتی بریندار و رەوانەی شوێنی نادیار کران
 لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران و مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ئێڤین لە تاران، ژمارەیەک زیندانیی سیاسی بە توندی بریندار بوون. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشی مەئموورانی گاردی تایبەت بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین،  سمکۆ خلقەتی زیندانیی سیاسیی کورد و محەمەد سدیق کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ زیاتر لە ٣٠ زیندانیی دیکەی سیاسی دیکە بە ئوتوبووس رەوانەی شوێنێکی نادیار کراون وهەتا ئێستا چارەنووسیان ناروونە. هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران، کە بە بیانووی گەڕان و پشکنینی ژوورەکانی نێو بەندی ٣٥٠ی ئێڤین ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە، زیاتر لە ٣٠ زیندانیی سیاسی‌یان بریندار کردووەو ٣٢ کەس لە زیندانیانی سیاسی‌یان بە چاو بەستراوی بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە. ماڵپەڕی جەڕەس لە زاری شایەتحاڵێکەوە بڵاوی کردۆتەوە، زۆربەی مەئموورە هێرشبەرەکان بازجووەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بوون، کە لەلایەن زیندانییە سیاسییەکانەوە ناسراونەتەوە. ئەم هێرشەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و هێزەکانی گاردی تایبەت و سوپای پاسداران ناڕەزایەتی و دروشمدانی تێکڕای زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ئێڤینی لێکەوتۆتەوە و لە حەوشەی زیندانەکەدا بە دژی ئەو هێزانە دروشمیان داوە.








داواكارى خێراى لێبۆردنى نێونه‌ته‌وه‌یى له‌مه‌رِ گیانى زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین
لێبۆردنى نێونه‌ته‌وه‌یى له‌ به‌یاننامه‌ێكدا بۆ پێرِاگه‌یشتنى خێرا به‌ زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین رایگه‌یاندووه‌، گیانى زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین له‌ مه‌ترسیدایه‌. به‌ پێى راپۆرتى سایتى لێبۆردنى نێونه‌ته‌وه‌یى، له‌ هێرشى پاسدار و گارده‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانى زیندانى ئه‌وین بۆ شوێنى راگرتنى زیندانیانى سیاسى و ئه‌زیه‌ت و ئازارى ئه‌و زیندانییانه‌، مه‌ترسى زۆر له‌سه‌ر گیانیان درووست بووه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ لانیكه‌م ٣٢ كه‌س له‌ زیندانیانى سیاسى به‌ندى ٣٥٠ بۆ ژورى تاكه‌كه‌سى گوازراونه‌ته‌وه‌ و ٢٦ زیندانیتر بریندارن و روون نییه‌ كه‌ پێرِاگه‌یشتنى پزشكییان بۆ ده‌كه‌ن یان نه‌؟.








زیادبوونى چالاكییه‌ ئیتلاعاتییه‌كانى رژێمى ئاخوندى له‌ یه‌مه‌ن
سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان له‌ سه‌نعا پایته‌ختى یه‌مه‌ن رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ رژێمى ئاخوندى ئێران چالاكییه‌ ئیتلاعاتییه‌كانى له‌و ولاته‌ له‌ رێگاى وه‌رگرتنى ئه‌و لاوانه‌ى كه‌ له‌ لۆبنان و ئێران راهێنانیان پێكراوه‌ و له‌ ژێر ناوى ناوه‌نده‌ ته‌بلیغاتی و چالاكییه‌ ئینسانییه‌كان بلاوه‌یان پێكراوه‌ زیاد كردووه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانى حزبۆلا رۆیشتونه‌ته‌ یه‌مه‌ن تاكوو چاودێرى عه‌مه‌لیاتى جاسوسى هێندێك له‌ گرووپه‌ تێكده‌ره‌كان به‌ سوودى رژێمى ئاخوندى بكه‌ن. هه‌روه‌ها چالاكان، هه‌واڵنێران و كه‌سانى سیاسى كه‌ له‌ ناویاندا نوێنه‌رانى پارله‌مانى یه‌مه‌ن به‌دى ده‌كرێت له‌ لایه‌ن حوئیه‌كان و حزبۆلاوه‌ بوون به‌ ئه‌ندام تاكوو بۆ رژێمى ئاخوندى جاسوسى بكه‌ن.








پشتراست كردنه‌وه‌ى زه‌وتى ده‌یان ملیۆن دۆلار دارایى رژێمى ئاخوندى له‌ ئه‌مریكا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رى ئاسۆشه‌یتدپرێس، به‌ پشتراستكردنه‌وه‌ى حوكمى دادگاى فیدراڵى ئه‌مریكا، داراییه‌كانى بۆنیادى عه‌له‌وى له‌ ئه‌مریكا زه‌وت كران. برت به‌هارارا، دادستانى ئه‌مریكایى رایگه‌یاند كه‌ به‌ پشتراستكردنه‌وه‌ى قازیێكى فیدراڵ داراییه‌كانى بۆنیادى عه‌له‌وى و شیركه‌تى ئاساى سه‌ر به‌ رژێمى ئاخوندى ئێران له‌ ئه‌مریكا زه‌وت كران و له‌ رێگه‌ى فرۆشى ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌وه‌ به‌ قۆربانیانى هێرشه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ى ئه‌مریكا، كه‌ رژێمى ئاخوندى به‌ هۆكارى ئه‌و هێرشه‌ ده‌زاندرێت قه‌ره‌بوو ده‌درێته‌وه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ته‌نیا بۆرجى ٣٦ قاتى بۆنیادى عه‌له‌وى و شیركه‌تى ئاسا كه‌ سه‌ر به‌ رژێمى ئاخوندییه‌ ده‌یان میلیۆن دۆلار نرخه‌كه‌یه‌تى. به‌ پێى ئه‌و حوكمه‌ ته‌واوى داراییه‌كانى ئه‌و دوو شیركه‌ته‌ له‌ ئه‌یاله‌ته‌كانى كالیفۆرنیا، مریله‌ند، تگزاس و ویرجینا له‌گه‌ڵ هه‌موو حسابه‌ بانكییه‌كانیان زه‌وت ده‌كرێت.








باراک ئۆباما ھەڕەشەی زیادکردنی سزاکانی سەر روسیه‌ دەکات
سەرۆک كۆمارى روسیه‌ داوای دەستپێکردنی دانوستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا و , ئۆباماش ھەرەشەی زیادکردنی سزاکانی سەر روسیه‌ دەکات به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ولادیمیر پۆتین" سەرۆک كۆمارى روسیه‌ لە لێدوانێکیدا رایگەیاند ھەموو ئەو ھەواڵانەی لە بارەی ھەڵوێستی مۆسکۆ لەرۆژھەڵاتی ئۆکرانیا بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوەو و رەتیشیکردەوە ھیچ ھێزێکی روسی لە رۆژھەڵاتی ئۆکرانیادا ھەبێت. پۆتین راشیگەیاند کە دەتوانرێت قەیرانەکە تەنھا لە رێی دانوستان و دوور لەبەکارھێنانی ھێز چارەسەر بکرێت و ئەمن و ئاسایش بۆ ئۆکرانیا بگەڕێتەوە . ھاوکات سەرۆکی روسیه‌ باسی لەگرنگی دەستپێکردنی دانوستانەکانی ژنێف کرد و  داوایکرد بە زووترین کات گفتوگۆو دانوستانی راستەقینە دەستپێبکات. لە لایەکی دیکەشەوە " باراک ئۆباما سەرۆک كۆمارى ئەمریکا  تەئکیدی دەکاتەوە کە روسیه‌ لە پشت ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیاوەیەو رایگەیاند ھەر ھەوڵێکی روسیه‌ بۆ زیاتر ناجیگیرکردنی باری ئەمنی ئۆکرانیا سزای زیاتری لێدەکەوێتەوەو, ئەوەشی خستە روو   بڕیارەکانی " ولادیمیر پۆتین بۆ سەر ئۆکرانیا بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر روسیاش دەبێت. 








لەشەر و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوو له‌ سوریه‌ ٢٠٣ کەس کوژراون
ئاڵۆزی و ناکۆکییەکان لە سوریه‌ بەردەوامەو لەئەنجامی شەر و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردووی شارەکانی سوریه‌ ٢٠٣ کەس کوژراون کە لە نێوانیاندا ١٧٢ ھاووڵاتی مەدەنی و ٣١ سەرباز و ئاسایش کوژراون و ٤٦ کەسیش برینداربوون ھەر لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکاندا  ١٩ چالاکوان، پارێزەر و رۆشنبیر دەستگیرکراون و ٨٨ کەسیش رفێندراون . کۆمیتەی مافی مرۆڤی کورد وکۆمیتەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی کورد دەربارەی شەرو پێکدادانەکان لە شارەکانی سوریه‌ لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی ئاماری ئەو دوو رۆژی ئەو پێکدادانەی راگەیاند،" لەچەندین شار تەقینەوە ، تۆپباران ، کوشتن ، رفاندن ، زۆربوونی ژمارەی  ئاوارەکان ، چەندین کەس دەکوژرێن و ناسنامەکانیان ئاشکرا ناکرێت .  لەئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو وڵاتەدا کراوە ، ٢٠٣ کەس لە ئاسایش و ھاوڵاتی مەدەنی بەسەدان کەس کوژراون برینداربوون.

ڕێکه‌وت: 2014-04-18 12:34:58
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٢٩ى خاكه‌لێوه‌ى ١٣٩٣ )