__ عەدنان حەسەن‌پوور بۆ گرتووخانەی مەریوان گەڕێندرایەوە__ تەقینەوەی مین لە كوردستان دوو قۆربانى لێكه‌وته‌وه‌__ کرماشان ساڵی ڕابردوو پله‌ی سێهه‌می بێکاری له‌ ئێراندا بووه‌ __ مه‌رگی ٤١ که‌س به‌هۆی خنکان و گازگرتن له‌ کوردستان __ ئێعدامى زیندانیێك له‌ زیندانى زاهێدان__ ڕێگری لە ئیسماعیل بێشکچی کرا  بچێتە ئەمریکا__ كوژرانى ٩٠ كه‌سی دیكه‌له‌ سوریه‌__ ئێعدامكردنى شەش كه‌سى ئەفغانی له‌ ئێران

عەدنان حەسەن‌پوور بۆ گرتووخانەی مەریوان گەڕێندرایەوە
عەدنان حەسەن‌پوور بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی كوردی زیندانی كراو، پاش دوور خستنەوەی بۆ زیندانی زابۆڵ و دواتر رەوانە كردنی بۆ شاری زاهیدان، لەحاڵی حازردا بۆ زیندانی شاری مەریوان راگوێزراوەتەوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا و پشت بەستن بە سەرچاوەیەكی ئاگادار، دوای هەوڵ و ماندووبونێكی زۆری بنەماڵەی عەدنان حەسەن‌پوور، توانرا ئەو زیندانییە سیاسییە كوردە ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی ١‌ی بانەمەڕ جارێكی‌تر بهێنرێتەوە زیندانی مەریوان. ماوەی زیاتر لە یەک مانگ لەمەوبەر ئەو رۆژنامەنووسە كوردە لە سەر بڕیاری بەرپرسی ئیتلاعاتی ئوستانی كوردستان لەزیندانی مەریوانەوە بۆ زیندانی شاری زابۆل لە ئوستانی سیستان و بەلووچێستان دوور خرابوویەوە و دواتر رەوانەی زیندانی شاری زاهیدان كرابوو. عەدنان حەسەن‌پوور مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٥ لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمى ئاخوندى ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. ئەو حوكمە دوای ناڕەزایەتی و ئێعترازی ئەو رۆژنامەنووسە كوردە و پارێزەرەکەی، بۆ ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و هەنووکە ماوەی نزیک بە ٨ ساڵ لە حوکمەکەی تێپەڕاندووە.







تەقینەوەی مین لە كوردستان دوو قۆربانى لێكه‌وته‌وه‌
هاووڵاتییەکی ناوچەی پیرانشار، کە بە مەبەستی کۆکردنەوە گژوگیای بەهاری سەردانی کوێستانەکانی نزیک سنووری کردبوو، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی پەڕی. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەلی ئەنباری تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی محەمەد حەسۆ و خەڵکی کۆنەخانێی پیرانشار کە له‌ رێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ کۆبوونەوەی گیای بەهاری چووبوونە کوێستانەکانی سنووری تەمەرچین، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجیماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان وڵاتی ئێران و عێراق لاقێکی لەدەست دا. عەلی ئەنباری بە مەبەستی چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی پیرانشار کراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە. هه‌روه‌ها قوتابییەکی پۆلی چواری سەرەتایی و خەڵکی گوندی "شێخ سەڵە"ی سەربە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە ئوستانی کرماشان به‌ ناوى ئارمین یووسفى لە ئەنجامی تەقینەوەی مین‌دا لە خاڵی سنووریی شێخ سەڵە تووشی برینداری بوو.








کرماشان ساڵی ڕابردوو پله‌ی سێهه‌می بێکاری له‌ ئێراندا بووه‌ 
پارێزگاری پارێزگای کرماشان ڕایگه‌یاندکه‌ ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ ساڵی ١٣٩٢دا له‌ پله‌ی سێهه‌می بێکاری له‌ ئاستی وڵاتی ئێراندا بووه‌ و داوای له‌ به‌رپرسان کرد بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی بێکاری له‌ کرماشان، هه‌و‌ڵه‌کانیان چڕبکه‌نه‌وه‌.
به‌پێی راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئیبراهیم ڕزای بابادی رۆژى شه‌ممه‌  له‌ یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی به‌رنامه‌ڕێژی پارێزگای کرماشان به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ پارێزگای کرماشان له‌ ساڵی ١٣٩٢دا له‌ پله‌ی سێهه‌می بێکاری له‌ ئاستی وڵاتی ئێراندا بووه،‌ داوای له‌ به‌رپرسان کرد بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی بێکاری له‌و پارێزگایه‌دا هه‌وڵه‌کانیان چڕبکه‌نه‌وه‌ و وتی: چاره‌سه‌ر بوونی زۆرێک له‌ کێشه‌کان به‌ستراوه‌ به‌ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی بێکاری.پارێزگاری پارێزگای کرماشان په‌ره‌سه‌ندن له‌ بواره‌کانی فه‌رهه‌نگی و ئابووریی پارێزگای کرماشانی به‌ گرینگترین به‌رنامه‌ی کاریی به‌ڕێوه‌به‌ران و داموده‌زگا جێبه‌جێکارییه‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌ ناوبرد و وتی ده‌بێ هه‌وڵ بدرێت به‌ به‌هێز کردنی ئابووری، زۆرێک له‌ نیشانده‌ره‌کان به‌رزبکرێنه‌وه‌ و له‌وانه‌ کێشه‌ی بێکاری چاره‌سه‌ر بکرێت.








مه‌رگی ٤١ که‌س به‌هۆی خنکان و گازگرتن له‌ کوردستان 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پزیشکی دادوه‌ری پارێزگای کوردستان ڕایگه‌یاند: ساڵی ڕابردوو به‌هۆی ژه‌هراوی بوون به‌ گازی مونۆکسیدی که‌ر‌بون و خنکان له‌ ناو ئاو له‌ پارێزگای کوردستان ٤١ که‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا. دوکتۆر غوڵامڕه‌زا هومایوون پوور رایگه‌یاند، له‌ ساڵی ڕابردوودا ٢٢ که‌س به‌هۆی ژه‌هراوی بوون به‌ گازی مونۆکسید گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ چاو ساڵی ڕابردووتری که‌ ٢٧ که‌س بوون، ١٨ له‌ سه‌د دابه‌زیوه‌. هه‌روه‌ها وتى، به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌کان له‌ ساڵی ڕابردوودا (١٣٩٢) ١٦ پیاو و ٦ ژن به‌ گازی CO خنکاون. ئاشکراشی کرد که‌ ١٩ که‌س له‌ ماوه‌ی ساڵی پاردا له‌ ئاودا خنکاون که‌ له‌ چاو ساڵی ڕابردووتری واتا (١٣٩١ی هه‌تاوی) ئه‌م ڕیژه‌یه‌ بۆ‌ ١٤ له‌ سه‌د که‌م بۆته‌وه‌. ڕاشیگه‌یاند‌ که‌ له‌م ڕێژه‌یه‌ ١٦ که‌سیان پیاو و ٣ که‌سیان ژن بووه‌.








ئێعدامى زیندانیێك له‌ زیندانى زاهێدان
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌ریه‌كان، به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندى له‌ زیندانى زاهێدان رۆژى شه‌ممه‌ ٣٠ى خاكه‌لێوه‌ زیندانیێكیان به‌ ناوى ره‌سووڵ فه‌خیره‌ ٥٠ ساڵه‌ له‌ سێداره‌ داوه‌. ناوبراوو ماوه‌ى سێ ساڵه‌ زیندانى تێپه‌راندبوو. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ هه‌ر له‌و رۆژه‌دا زیندانیێكیتر به‌ ناوى عه‌لى عه‌ره‌ب ٣٢ ساڵه‌ كه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ له‌ زیندانى ناوه‌ندى زاهێدانه‌ به‌ مه‌به‌ستى به‌رێوه‌ بردنى حوكمى دژه‌ مرۆڤانه‌ى ئێعدام براوه‌ته‌ ژورى تاكه‌كه‌سى.








ڕێگری لە ئیسماعیل بێشکچی کرا  بچێتە ئەمریکا
هەریەکە لە ئیسماعیل بێشکچی و ئیبراهیم گوندوز سەرۆکی دامەزراوەی ئیسماعیل بێشکچی لەلایەن هێزه‌كانى فرۆكه‌خانه‌ى تورکیاوە ڕێگرییان لێکرا کە تورکیا بە جێبهێڵن. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئیسماعیل بێشکچی نووسەر و کۆمەڵناسی تورک کە كاندید كراوه‌ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە مەبەستی بە بەشداریکردن لە کۆنگرەی زەمالەی ئاشتی موستەفا بارزانی بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمریکا لە واشنگتۆن کە لەلایەن کۆمەڵەی کوردی ئەمریکاوە ڕێکخرابوو ویستیان بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەون  ، بەڵام لەلایەن هێزەکانی  فڕۆکەخانەوە ڕێگری ئەوەیان لێکراوە کە لە تورکیا بچنە دەرەوە بە بیانوی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە داواکاری وەستاندنیان بۆ دەرچووە. هه‌روه‌هالەگەڵ ئیسماعیل بێشکچیدا سەرۆکی دامەزراوەی ئیسماعیل بێشکچی ئیبراهیم گوندوزیش ڕێگری لێکراوە.








كوژرانى ٩٠ كه‌سی دیكه‌له‌ سوریه‌
كومیته‌ى گشتیی شۆڕشی سوریا كوژرانی ٩٠ كه‌سی له‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د پشتڕاستكرده‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌ ئامارێكی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی بۆردومانه‌كانی سوپای ئه‌سه‌د، كومیته‌ى گشتیی شۆڕشی سوریا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی رژێمى ئه‌سه‌د به‌ به‌رمیلی پڕ ته‌قینه‌وه‌، بۆردومانی ناوچه‌كانی شاری حه‌له‌بی كردووه‌و شه‌ڕوپێكدادانی نێوان هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای سوریاش بۆ ناوچه‌كانی داریا و ملیحه‌ له‌ كه‌رتی خۆرهه‌ڵات درێژبووه‌ته‌وه‌. كومیته‌ى گشتیی شۆڕشی سوریا ئه‌وه‌ی پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رجه‌م توندوتیژییه‌كاندا ٩٠ كه‌س كوژراون، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌ ریفی دیمه‌شق بۆردومانێكی سه‌ختی ناوچه‌كه‌ به‌ تانك و تۆپ و مادده‌ی ته‌قێنه‌ری به‌هێز كراوه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌و له‌ نزیك شارۆچكه‌ی (جبورین)ی سه‌ربه‌ شاری حمس، هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا به‌رپه‌رچی هێرشێكی سوپای به‌شار ئه‌سه‌دیان داوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر چه‌ندین پێگه‌ گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر هێزه‌كانی رژێم له‌ده‌ست ئۆپۆزسیۆن ده‌ریهێنابوون.








ئێعدامكردنى شەش كه‌سى ئەفغانی له‌ ئێران
بەرپرسانی یەکێک لە پارێزگاکانی وڵاتی ئەفغانستان رایانگەیاندووە کە رژێمى ئاخوندى ئێران شەش هاوڵاتی ئەفغانی لە سێدارەداوە و هەتا ئێستا تەرمەکەیانی رادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، سەنتوڵڵا تەیموور وتەبێژی پارێزگای “تەخار”ی ئەفغانستان بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەی راگەیاندووە کە “ئەو ٦ هاوڵاتییە رۆژی شەممە ٣٠ى خاكه‌لێوه‌ و بە تۆمەتی قاچاقی ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ لە سێدارە دراون”. ناوبراو هەروەها راشیگەیاندووە کە بڕیار وایە لەداهاتوویەکی نزیکدا دەیان هاوڵاتی دیکەی ئەفغانی لە ئێران لە سێدارە بدرێن. ئەو بەرپرسەی پارێزگای “تەخار” ئاماژەی بەوەداوە حکومەتی ئێران هەتا ئێستا رێگەى نەداوە تەرمی ئەو ٦ هاوڵاتییە ئەفغانییە بگەڕێتەوە خاکی ئەفغانستان و رادەستی بنەماڵەکانیان بکریتەوە”.

ڕێکه‌وت: 2014-04-21 13:50:21
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ١ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٣ )