__ گیانی بەربژێری خەڵاتی ئاشتی "نۆبڵ" بە هۆی لێدان و كوتانی ناو زیندان، لە مەترسی‌دایە__ ٢٨ چالاكی سیاسی كورد سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە__ باخەوانانی کرماشانی نزیک بە ١٢٠ ملیارد تمەن زیانیان بەرکەوت__ ئێعدامى ١٦ زیندانى له‌ ماوه‌ى دوو رۆژدا__ بارودۆخى كۆمه‌ڵێك له‌ زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین ناله‌باره‌__ به‌كارهێنانى سه‌رله‌ نوێى چه‌كى شیمیایى له‌ لایه‌ن رژێمى ئه‌سه‌ده‌وه‌__ غه‌رامه‌ى شیركه‌تى كانه‌دایى به‌ هۆى پێشێلكردنى گه‌مارۆكان__ قاسم سلیمانی بەڵێنی لادانی مالیکی دەدات

گیانی بەربژێری خەڵاتی ئاشتی "نۆبڵ" بە هۆی لێدان و كوتانی ناو زیندان، لە مەترسی‌دایە
 لێدان و كوتانی محەممەد سەدیق كەبوودوەند لەزیندانی ئێڤین، لەگەڵ پەرچەكرداری رێكخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی كوردستان بەرەوڕوو بوویەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١‌ی بانەمەڕ پەریناز حەسەنی هاوسەری كەبوودوەند سەرەڕای دروست كردنی كێشە و ئاستەنگ لەلایەن مەئموورانی زیندانی ئێڤینەوە، توانی چاوی بە لێپرسراوی زیندانی كراوی رێكخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی كوردستان بكەوێ‌. دوابەدوای ئەو چاوپێكەوتنە، رێكخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی كوردستان بە دەركردنی بەیاننامەیەك، خوازیاری پێڕاگەیشتنی پزیشكیی محەممەد سەدیق كەبوودوەند بوون و رژێمى ئاخوندى ئێرانیان بە بەرپرسیار لەهەمبەر گیانی ئەو چالاكەی مافی مرۆڤە زانیوە. لەئەنجامی هێرشی گاردی تایبەت و هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر زیندانی ئێڤین كە حەفتەی پێشوو رووی‌دا، كەبوودوەند دوو قامكی لاقی و سێ‌پەراسووی شكا و هەروەها "تاندۆم"‌ی دەستی چەپی ئازاری پێگەیشتووە و گورچیلەكانیشی تووشی خوێنڕێژی بوونە.







٢٨ چالاكی سیاسی كورد سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئێرانى ژێر ده‌سه‌لاتى رژێمى ئاخوندى یەكێكە لەو وڵاتانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێدەكرێت و تەنیا لەساڵی رابردوودا زیاتر لە ٦٧٣ زیندانی لەسێدارە دراون، ئەمە جگە لەوەی چەندین زیندانیی دیكەش بەنهێنی لەسێدارە دەدرێن.  لەكاتێكدا حكومەتەكەی رووحانی دەسەڵاتی گرتەدەست، كوردان كۆمەڵێك خەونی گەورەیان بەو حكومەتە هەبوو، بەڵام وەك چالاكانی مافی مرۆڤ رایده‌گه‌ێنن رەوشەكە خراپتر بووە، چونكە لەنێو زیندانەكانی ئێراندا زیاتر لە ٢٨ زیندانیی چالاكی سیاسی كورد سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوەو لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی سزاكەدان.  ئه‌مه‌ جگە لە خراپیی مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییه‌كاندا رێژەكەشیان زۆرە، بەجۆرێك چوارهێندە زیاترە لە ئستاندارده‌ جیهانییەكان، دوایین زیندانیكراوی كوردیش كە لە سێدارە دراوە لە كرماشان بووە بە ناوی سمكۆ خۆرشیدی، جێگه‌ى باسه‌ كه‌ هەندێك لە ئامارە نافەرمییەكانیش ئاماژه‌ به‌ بوونى ٨٠٠ زیندانیی كورد لە زیندانەكانى رژێمى ئاخوندى ده‌كه‌ن.









باخەوانانی کرماشانی نزیک بە ١٢٠ ملیارد تمەن زیانیان بەرکەوت
بارینی تەرزە و ساردیی هەوا، زیانی بە زیاتر لە چل و چوار هەزار هیکتار لە رەز و باخەکانی ئوستانی کرماشان گەیاند. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کۆی ٤٤ هەزار و ٣٨٦ هیکتار باخەکانی ئوستانی کرماشان، ١٣ هیکتاری بەهۆی دابەزینی لەرادەبەدەری پلەی گەرمیی هەوا و بارینی تەرزە تووشی زیان بوون.
شارەکانی ناوەند و رۆژئاوای ئوستانی کرماشان، زیاترین زیانیان بەرکەوتووە و لە ٣٠ هەتا ٩٠%ی باخەکانیان تووشی زیان بووە. بەرپرسی باخەوانی رێکخراوی جیهادی کشاوەرزی ئوستانی کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی تەسنیم رێژەی ئەو زیانەی ١١٨ میلیارد تمەن بەراورد کردووە. بە وتەی قارەمان ئەحمەدیان زیاترین زیان بەر باخەوانەکانی شارەکانی ئیسلام‌ئابادی رۆژئاوا، پاوە، روانسەر و نۆدشە کەوتووە. ساڵی رابردوو زیاتر لە ٣٣٠ هەزار تۆن بەری باخاتی وەکوو ترێ، سێو، گوێز، هەنار و زەیتوون لە ئوستانی کرماشان بەرهەم هاتبوو. ئەو زیانانە لە حاڵێکدا بەر باخەوانەکانی کرماشان کەوتووە کە زۆربەی باخەکانی میوە بیمە نەکراونەتەوە.








ئێعدامى ١٦ زیندانى له‌ ماوه‌ى دوو رۆژدا
رژێمى دیكتاتۆرى ئاخوندى له‌ گه‌رماوگه‌رمى ناره‌زایه‌تیه‌ به‌ربلاوه‌كانى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى دژبه‌  سه‌ركوتى زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین و به‌ مه‌به‌ستى چاوترسێنكردنى خه‌ڵكى ئێران له‌ ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا ١٦ زیندانى له‌ زیندانه‌كانى ئێران له‌ سێداره‌ داوه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، سه‌ر له‌ به‌یانى ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ ٢ى بانه‌مه‌رِ پێنج زیندانى به‌ ناوه‌كانى عه‌لى ئه‌زغه‌ر كه‌واكبى، هۆرمز ره‌زایى، فه‌رهاد مه‌لاحه‌سه‌نى و ئه‌كبه‌ر نه‌وبه‌خت سازان و زیندانییكیتر كه‌ ناوه‌كه‌ى بلاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ زیندانى گه‌وهه‌رده‌شتى كه‌رجى ئێعدام كردووه‌، جێگه‌ى باسه‌ كه‌ رۆژى رابردوو ١ى بانه‌مه‌رِ ١١ زیندانى به‌ كۆمه‌ڵ له‌ زیندانى قه‌زه‌لحه‌سارى كه‌ره‌ج له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درابوون.








بارودۆخى كۆمه‌ڵێك له‌ زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌وین ناله‌باره‌
به‌ پێى راپۆرتىهه‌واڵده‌رییه‌كان، بارودۆخى زیندانیانى سیاسى به‌ندى ٣٥٠ى زیندانى ئه‌وین كه‌ له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ رۆژى پێنجشه‌مه‌ ٢٨ى خاكه‌لێوه‌ درابوونه‌ به‌ر شكه‌نجه‌ و لێدان و ئێستا له‌ ژوره‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانى بیمارستانى زینداندان ناله‌بار و جێگاى نیگه‌رانییه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌و هێرشه‌ى پاسداران بۆ سه‌ر زیندانییه‌ سیاسیه‌كان كۆمه‌ڵێكى زۆر له‌و زیندانییانه‌ گیرۆده‌ى خوێنرێژى و شكانى ده‌ست و پا بوونه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌تى زیندانى سیاسى كورد مه‌حه‌مه‌د سدیق كه‌بوودوه‌ند كه‌ له‌ به‌ندى ٣٥٠ى زیندانى ئه‌وین زیندانییه‌.








به‌كارهێنانى سه‌رله‌ نوێى چه‌كى شیمیایى له‌ لایه‌ن رژێمى ئه‌سه‌ده‌وه‌
رژێمى دیكتاتۆرى به‌شارئه‌سه‌د سه‌ر له‌ نوێ له‌ چه‌كى شیمیایى دژ به‌ خه‌ڵكى بێ تاوانى سوریه‌ كه‌ڵكى وه‌ر گرتووه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ نیشانه‌گه‌لێك بوونیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا رژێمى به‌عسى سوریه‌ له‌ چه‌كى شیمیایى كه‌ڵكى وه‌رگرتووه‌. وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا وتى، چه‌كى شیمیایى به‌كار هێنراوو له‌وانه‌یه‌ گازى كۆلۆر بێت، جى ساكى وته‌بێژى ئه‌و وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ له‌ كۆنفه‌رانسێكى خه‌به‌ریدا وتى، چه‌كى شیمیایى له‌ شارى كفرزینا به‌كار هێندراوه‌ و ئه‌مریكا سه‌رگه‌رمى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌و هێرشه‌ شیمیاییه‌.








غه‌رامه‌ى شیركه‌تى كانه‌دایى به‌ هۆى پێشێلكردنى گه‌مارۆكان
كانادا شیركه‌تى رێدده‌یر كومپانى فرۆشى پێداویستییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ پارێزگاى ئاڵبرتاى به‌ تاوانى فرۆشى كه‌ل و په‌ل به‌ رژێمى ئاخوندى ٩٠ هه‌زار دۆلار غه‌رامه‌ كرد. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، ئه‌و شیركه‌ته‌ تاوانباره‌ كه‌ پێداویستى نه‌وتى به‌ رژێمى ئاخوندى ئێران فرۆشتووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین شیركه‌تى كانه‌داییه‌ كه‌ به‌ هۆى هه‌نارده‌كردن بۆ ئێران غه‌رامه‌ ده‌كرێت. ئالن فراد مام قازى خۆجێیى دادگاى ئاڵبرتا ئه‌و غه‌رامه‌ى كاتێك دیارى كرد كه‌ به‌رپرسانى ئه‌و شیركه‌ته‌ دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا نابوو.








قاسم سلیمانی بەڵێنی لادانی مالیکی دەدات
بە پێی راپۆرتێكی ناوه‌ندى برووكینزی ئەمەریكا، لە كاتی سەردانی قاسم سلیمانی، فەرماندەی سپای ترۆریستى قودس بۆ شاری نەجەف لە سەرەتاكانیساڵی ٢٠١٤، عەلی سیستانی داوای لێكردووە كە سەرۆك وەزیرانێكی جیاواز لە نووری مالكی دابنرێ لە دوای هەڵبژاردنەكان، سولەیمانیش لە وەڵامدا وتوویەتی (قسەكانت فەرمانن بۆ من).  بە پێی ئه‌م راپۆرته‌،  ئێران لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٢ وە بە دوای یەكێك دەگەڕێ كە جێگەی مالكی بگرێتەوە، بەڵام ئەوان سەركەوتوو نەبوون. هەر بۆیەش بەردەوامبوونە لە پشتگیریكردن لە مانەوەی مالكی لە دەسەڵات. لە كاتێكدا كە باس لەوە دەكرێ ئێران بیر لە گۆڕینی مالكی دەكاتەوە، ئەمەریكا بە پێچەوانەوە وادیارە لە دژی مانەوەی مالكی نەبێت بۆ چوار ساڵی دیكە وەكو سەرۆك وەزیرانی عێڕاق.



ڕێکه‌وت: 2014-04-22 12:45:23
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٢ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٣ )