__ مردنة گۆماناوییه‌كانى مه‌ریوان به‌رده‌وامه‌__ مه‌ترسى  به‌رێوه‌چوونى حوكمى ئێعدامى چوار زیندانى سیاسى كورد__ دەزگای قەزایی ورمێ سێ هاووڵاتیی بە لەسێدارەدان و زیندان مەحکووم کرد__ چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا__ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئیداره‌ی ئیرشادی کوردستان ده‌بێ کوردستانی بێت __ پزیشکی دادوه‌ریی سه‌قز پزیشکی نییه‌__ ڕێژه‌ی بێکاری له‌ کوردستانى ئێران لة سةرووى ٢٥ له‌سه‌ده‌ __ ده‌وڵه‌تى رۆحانى نرخى به‌نزینى گران كرد__ كوژرانى ٣٠ كه‌س له‌ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د له‌ ده‌رگیرییه‌كانى حه‌مما__ پیاوێك ته‌مه‌نی ١٧٩ ساڵه‌__ ده‌نگۆی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئیبراهیمی‌ له‌ ئارادایه‌

مردنة گۆماناوییه‌كانى مه‌ریوان به‌رده‌وامه‌
کچێکی تەمەن ١٥ ساڵەی مەریوانی لە گوندى به‌رقه‌لاى سەربە شاری مەریوان ته‌رمه‌كه‌ى دۆزرایه‌وه‌ . بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییه‌كان؛ سەرلە ئێوارێی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕ تەرمی کچێکی لاو بەناوی شەرارە فاتمی کچی حەمید لە گوندی "بەر قەڵا"ی سەربە شاری مەریوان به‌ هه‌لواسراوى دۆزرایەوە.
به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ مردنى ئه‌وكچه‌ به‌ شێوه‌ى مردنى ٩ كه‌سى دیكه‌ بووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى یه‌ك مانگى رابردوودا كوژراون. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ تاكوو ئێستا به‌رپرسانى ئه‌منى ئه‌و شاره‌ هیچ زانیاریێكیان له‌مه‌رِ ئه‌و رووداوانه‌ بلاو نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكى شارى مه‌ریوانیش ئه‌و كوشتارانه‌ به‌ پیلانێكى به‌رنامه‌ بۆ دارێچراو ده‌زانن دژبه‌ لاوانى ئه‌و شاره‌ و باوه‌ریان وایه‌ كه‌ ده‌ستى هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانى له‌ پشته‌.









مه‌ترسى به‌رێوه‌چوونى حوكمى ئێعدامى چوار زیندانى سیاسى كورد
چوار زیندانى سیاسى كورد مه‌ترسى به‌رێوه‌ چوونى حوكمى ئێعدامیان له‌سه‌ره‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، چوار زیندانى سیاسى كورد به‌ ناوه‌كانى، مه‌حه‌مه‌د عه‌بده‌ڵلاهى، مۆسته‌فا سه‌لیمى، عه‌لى و حه‌بیب ئه‌فشارى كه‌ به‌ تۆمه‌تى دژایه‌تى له‌گه‌ڵ خوا و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردییه‌كانى نه‌یارى رژێمى ئاخوندى به‌ ئێعدام مه‌حكوم كراون، حوكمه‌كه‌یان رۆژى سێشه‌مه‌ ٢ى بانه‌مه‌رِ له‌ لایه‌ن دادگاى بالاى رژێمه‌وه‌ پشتراست كراوه‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن ئیجراى ئه‌حكامى زیندانى ورمێوه‌ به‌و زیندانییانه‌ راگه‌ێندراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ پێده‌چێت كه‌ حوكمى ئێعدامى ئه‌و چوار زیندانییه‌ سیاسیه‌ كورده‌ به‌م زوانه‌ به‌رێوه‌ بچێت.








دەزگای قەزایی ورمێ سێ هاووڵاتیی بە لەسێدارەدان و زیندان مەحکووم کرد
 دەزگای قەزایی رژێمى ئاخوندى ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دوو برای دانیشتووی شاری ورمێ بڕییەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ بەناوەکانی شەهابەدین و کرێت محەمەدپوور لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕایەوە. هەروەها برایەکی دیکەی ئەو دوو هاووڵاتییە بەناوی حوسێن محەمەدپوور، بە ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم دراوە. دەزگای قەزایی رژێمى ئاخوندى ئێران تۆمەتی ئەو سێ برایە، کە هەنووکە ماوەی ١ ساڵە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە دەستبەسەریدان، "بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" راگەیاندووە. ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە خێزاندارن و شەهاب محەمەدپوور، کە حەوت سەر خێزانیشی هەیە، تێکڕای دارایی و سامانەکەی لەلایەن دادگاوە زەوت کراوە.








چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا
چالاکێکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵكی شاری مەهاباد لەلایەن دەزگای قەزایی رژێمى ئاخوندی ئیرانەوە لە شاری تەورێز حوکمی زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئاوات شێخەلیسلامی کوڕی حەسەن چالاکی مافی مرۆڤی خەڵکی شاری مەهاباد، به‌ تاوانى"تەبلیغ دژی نیزام لە رێگەی هاوکاری کردنی زیندانیانی سیاسیی سەربە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمى ئاخوندى ئێران" لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی شاری تەورێزەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.دادگای ئینقلابی شاری تەورێز رۆژی سێ‌شەممەی رابردوو، رێکەوتی ٢ی بانەمەڕ، ئەو چالاکە مافی مرۆڤی‌یەی دادگایی کردووە و حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕیوەتەوەو دەستبەجێش بە بڕیاری دادوەر رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز کراوە. ئاوات شێخەلئیسلامی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری تەوریز دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ رۆژ لێپرسینەوەی لێکراو دواتر بە دانانی ٣٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کرا.








به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئیداره‌ی ئیرشادی کوردستان ده‌بێ کوردستانی بێت 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، نوێنه‌ری شاره‌کانی سنه‌، دیوانده‌ره‌ و کامیاران له‌ مه‌جلیسی رژێم ڕایگه‌یاند: دژی دانانی که‌سێکی ناخۆجێم بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان.
به‌پێی ئه‌م راپۆرته‌، سالار مورادی له‌ لێدوانێکدا بۆ هه‌واڵده‌رى حكومه‌تى میهر، به‌ ئاماژه‌ به‌ ده‌نگۆی ده‌ستنیشان کردنی که‌سێکی ناخۆجێ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان، ڕایگه‌یاند: وه‌ک نوێنه‌ری خه‌ڵک له‌ مه‌جلیس دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌که‌م که‌ بۆ دیاریکردنی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بۆ ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان دراوه‌ و به‌لای منه‌وه‌ جێگای قبووڵ کردن نییه‌. مورادی به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ نوێنه‌رانی کوردستان له‌ مه‌جلیس تا ئێستا چه‌ندین که‌سیان بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان ناساندووه،‌ وتی: به‌داخه‌وه‌ وه‌زاره‌تخانه‌ ده‌یه‌وێت به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، کوردستانی نه‌بێت. جێگری یه‌که‌می سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌جلیس  وتی: ده‌ستنیشان کردنی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رهه‌نگی ناوخۆیی له‌ کوردستان، مافی خه‌ڵکه‌. وتیشی: دانه‌نانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ناوخۆیی بۆ پارێزگای کوردستان دژی به‌ڵێنه‌کانی ده‌وڵه‌ت به‌ خه‌ڵکی کوردستانه‌ و هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ ئه‌وله‌وییه‌ت به هێزه‌ ناوخۆییه‌کان و نوخبه‌کانی کوردستان بێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ناوبراو  ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سانه‌ی که‌ خه‌ڵکی کوردستان نین، ئه‌م پارێزگایه‌یان کردۆته‌ سه‌کۆی فڕین بۆ خۆیان و ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌ هیچ له‌ونێک شایسته‌ی کوردستان نییه‌ به‌م هه‌موو ده‌فرایه‌تی و توانسته‌وه‌.
 







پزیشکی دادوه‌ریی سه‌قز پزیشکی نییه‌
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، نوێنه‌ری  سه‌قز و بانه‌ له‌ مه‌جلیسی رژێمى ئاخوندى به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ نه‌بوونی پزیشک له‌ دایره‌ی زیشکی دادوه‌ریی شاری سه‌قز، وتی: نێزیک به‌ ٢٠ ساڵه‌ شاری سه‌قز به‌ ٢٥٠ هه‌زار که‌س حه‌شیمه‌ت به‌ بێ پزیشک جه‌وازی مه‌رگ ده‌رده‌کات. موحسن بیگله‌ری له‌ لێدوانێکدا  ڕایگه‌یاند: پڕۆژه‌ ئاوه‌دانییه‌کانی سه‌قز و بانه‌ به‌هۆی نه‌بوونی گوژمه‌ی پێویست ڕاگیراون یان ڕێژه‌ی به‌ره‌وپێش چوونیان زۆر که‌مه‌. بۆ وێنه‌ فڕۆکه‌خانه‌ی شاری سه‌قز ١٣ ساڵ له‌مه‌وپێش به‌ردی بناغه‌یی دانراوه‌ به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ره‌وپێش چوونێک له‌و پڕۆژه‌یه‌دا نابینرێت. بیگله‌ری زیادیشی کرد: پشکی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ئاوی ئه‌م پارێزگایه‌ زۆر که‌مه‌ و دابه‌ش کردنی نادادپه‌روه‌رانه‌ی ئاو له‌ کوردستان بۆته‌هۆی ناڕه‌زایه‌ت جووتیارانی ئه‌م پارێزگا. ناوبراو هه‌روه‌ها وتى،  چالاک کردنه‌وه‌ی بازاڕچه‌ی سنووریی سه‌یرانبه‌ندی بانه‌ ده‌بێ له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی کاره‌کانی به‌رپرساندا جێبگرێت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری له‌م ناوچه‌یه‌ بێته‌ ئاراوه‌.
 







ڕێژه‌ی بێکاری له‌ کوردستانى ئێران لة سةرووى ٢٥ له‌سه‌ده‌ 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، نوێنه‌رى شاره‌كانى  سنه‌، كامیاران  و دیوانده‌ره‌ له‌ مه‌جلیسى رژێمى ئاخوندى ڕایگه‌یاند که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێکاری له‌ پارێزگای کوردستاندا زیاتر له‌ ٢٥ له‌سه‌د،ه‌ گه‌نجانی ئه‌و پارێزگایه‌ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕووده‌که‌نه‌ سنووره‌کان. سه‌یید ئه‌حسه‌ن عه‌له‌وی له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی مه‌جلیس له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌٢ی بانه‌مه‌رِ،  له‌ ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کی یاسایی بۆ وه‌زیری ناوخۆ له‌ به‌رانبه‌ر ڕێژه‌ی به‌رزی بێکاری له‌ پارێزگای کوردستان، ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی. ناوبراو وتی: پارێزگای کوردستان له‌ ڕووی ڕه‌خساندنی هه‌لی کاره‌وه‌ له‌ دۆخێکی ناله‌باردایه‌ و ڕێژه‌ی بێکاری له‌ سه‌رووی ٢٥ له‌سه‌ده‌ و زۆرێک له‌ گه‌نجانی کوردستانی بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ناچاربوونه‌ ڕوو له‌ سنووره‌کان بکه‌ن. عه‌له‌وی به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی که‌ هێشتاکه‌ پێناسه‌یه‌کی ڕوون له‌ قاچاخ و کاڵای قاچاخ نه‌کراوه‌، ئه‌وه‌ی به‌ هۆکارێک زانی بۆ دروستبوونی کێشه‌ بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌.








ده‌وڵه‌تى رۆحانى نرخى به‌نزینى گران كرد
رژێمى ئاخوندى ئێران له‌ كرده‌وه‌ێكى دژه‌ خه‌ڵكى نرخى بنزینى گران كرد. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌مه‌به‌دواوه‌ نرخى بنزینى ده‌وڵه‌تى ٧٠٠ تمه‌ن ونرخى بنزینى ئازاد ١٠٠٠ تمه‌نه‌. ئه‌م گران كردنى نرخه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ته‌رحى دژه‌ خه‌ڵكى لابردنى یارانه‌كان هاتووه‌ و گران بوونى نرخى بنزین ده‌بێت هۆى گران بوونى نرخى باقى شت و مه‌كه‌كانیتر و قشارێكى زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر شانى خه‌ڵكى فه‌قیر و هه‌ژار. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌م كرده‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى رۆحانییه‌ بووه‌ به‌ هۆى ناره‌زایه‌تى به‌رینى خه‌ڵك و رژێمى ئاخوندى له‌ ترسى دژكرده‌وه‌ى خه‌ڵكى ئێران حاڵه‌تى ئاماده‌ باشى رانه‌گه‌ێندراوى داوه‌ به‌ هه‌موو هێزه‌كانى.









كوژرانى ٣٠ كه‌س له‌ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د له‌ ده‌رگیرییه‌كانى حه‌مما
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌ تێكهه‌ڵچوونه‌كانى نێوان ئه‌رته‌شى ئازادى سوریه‌ له‌گه‌ڵ به‌كرێگیراوانى رژێمى به‌شارئه‌سه‌د له‌ باشوورى شارى مۆرك لانیكه‌م ٣٠ كه‌س له‌ هێزه‌كانى به‌شارئه‌سه‌د كوژران و ٤٠ كه‌سیتریش بریندار بوون. هه‌روه‌ها له‌و هێرشه‌ى ئه‌رته‌شى ئازاد بۆ سه‌ر مه‌قه‌رێكى هێزه‌كانى ئه‌سه‌د كۆمه‌ڵێكى به‌رچاوو له‌ كه‌ل ه‌ په‌له‌ نیزامییه‌كانى ئه‌رته‌شى ئه‌سه‌د له‌ ناو چوون. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌رته‌شى ئازادى سوریه‌ به‌ مووشه‌كى ١٠٧ میلیمترى هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوه‌ندێكى پشتیوانانى ئه‌سه‌د له‌ گوندى باكوورى ئه‌و ناوچه‌یه‌ و زه‌ربه‌ێكى قۆرسیان له‌ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د داوه‌.








پیاوێك ته‌مه‌نی ١٧٩ ساڵه‌
له‌ په‌یجه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وێنه‌ی‌ پیاوێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی هیندستانه‌و ته‌مه‌نی ١٧٩ ساڵه‌. ئه‌و پیاوه‌ ناوی‌ ماهاشتا ماراسی-یه‌و وه‌ك "گه‌وره‌ترین مرۆڤی‌ زیندو" ناوی‌ چوه‌ته‌ كتێبی گینسه‌وه‌.ماهاشتا به‌ سایتی سینگۆ-ی‌ وتوه‌ كه‌: من ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ده‌ژیم، نه‌وه‌كانم چه‌نده‌ها ساڵه‌ مردون و هیچ ئومێدێكم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌. ماهاشتا له‌ ١٨٣٥ له‌ هه‌رێمی بنگالور له‌ دایكبوه‌، له‌ پێناسه‌ ره‌سمیه‌كانیدا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ له‌ شاری‌ فاراناسی تا ساڵی‌ ١٩٠٣ ژیاوه‌. سایته‌كه‌ باسی له‌وه‌كردوه‌، كه‌ پێناسی ماهاشتا ته‌ئكید له‌سه‌ر ته‌مه‌ن و گێڕانه‌وه‌كانی خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هیچ پشكنینێكی پزیشكی بۆنه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێنێت.








ده‌نگۆی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئیبراهیمی‌ له‌ ئارادایه‌
دیبلۆماتکارێکی رۆژئاوایى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان رایدەگەیەنێت، ئه‌خزه‌ر ئیبراهیمی‌ نێردراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ سوریا ده‌ستی‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ كێشاوه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌شی‌ بۆ به‌ره‌وپێشنه‌چونی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ و به‌رده‌وامی‌ جه‌نگ گه‌ڕاندۆته‌وه‌. ئه‌ودیبلۆماتکارە رۆژئاواییه‌  به‌ سایتی‌ (سكای‌ نیوز) ی‌ راگه‌یاندوه‌، تا ئێستا ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی‌ ئیبراهیمی‌ به‌فه‌رمی‌ رانه‌گه‌یه‌نراو، به‌ڵام له‌ داهاتویه‌كی‌ نزیكدا ئاشكراده‌كرێت. ئیبراهیمی‌ له‌ ساڵی‌ (٢٠١٢) وه‌ له‌ شوێنی‌ كۆفی‌ ئه‌نان وه‌ك نێردراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ له‌ سوریا ده‌ستی‌ به‌كاركردوه‌. له‌ پێشتریدشدا نێرده‌ری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگتوه‌كان هۆشداریداوه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ سوریا له‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا "زیان به‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌و وڵاته‌".


ڕێکه‌وت: 2014-04-25 09:30:55
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٥ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٣ )