__ مانگرتنی ژمارەیەک زیندانیی سیاسیی کورد لەزیندانەکانی ئێران__ ئێعدامى ٨ زیندانى له‌ زیندانى كرماشان__ ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە سەرنووسەری دووحەفتانەمای ئاگرینی رۆژی بانگهێشت کرد__ گه‌وره‌ترین كانی زێڕی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ كوردستانى ئێرانه‌__ ئێعدامكردنى ٣٢ زیندانى له‌ ماوه‌ى شه‌ش رۆژدا__ خاکی ئیران بە وڵاتانی كه‌نداوو دەفرۆشرێت__ بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ئیلام ژنێكى كورد بوو به‌ فه‌رماندار __ بارزانی سه‌رۆک و له‌یلا زانا جێگری سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد بێت __ سەرجەم گیراوانی په‌روه‌نده‌ى کەجەکە لە ئیستانبوڵ ئازادکران__ بان كی مۆن داوای هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر سووریا دەکات

مانگرتنی ژمارەیەک زیندانیی سیاسیی کورد لەزیندانەکانی ئێران
زیاتر لە ٨ زیندانیی سیاسیی کوردی ناو زیندانەکانی رژێمى ئاخوندى ئێران، بە نیشانەی پشتیوانی لە زیندانیانی بەندی ٣٥٠‌ی ئێڤین دەستیان داوەتە مانگرتن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، لەرۆژی هەینی رێکەوتی ٥‌ی بانەمەڕەوە زیندانیانی سیاسیی کوردی ناو زیندانەکانی باشووری ئێران بەنیشانەی مەحکووم کرنی هێرشی مەئموورانی ئەمنیەتیی بۆ سەر گرتووخانەی ئێڤینی تاران مانیان لەخواردن گرتووە. ئەو مانگرتنە بۆ ماوەی سێ‌رۆژ بەردەوام دەبێت و ژمارەیەک لە زیندانیانی دوورخراوەی کوردیش تێیدا بەشداران. رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، عەلی مورادی، کەماڵ شەریفی، محەممەد حوسێن رەزایی و ئەفشین سۆهرابزادە لەزیندانی میناب ـ کەریم مووسازادە، ئەسعەد سەڵواتی و شاکر عەیان پوور لەزیندانی بەندەرعەبباس ـ بەدیع حوسێن پەناهی لەزیندانی بەندەر لەنگە و چەندین زیندانی سیاسیی دیکە دەستیان داوەتە مانگرتن. سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، ژمارەیەک زیندانی دیکەش مانیان لەخواردن گرتووە کە ناویان لەناو ئامارەکەدا نەهاتووە و ئەو کارەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ هەوڵێکی یەکگرتووانە و پشتیوانی کردن لە زیندانیانی سیاسیی بەندی ٣٥٠‌ی ئێڤین. رێکەوتی ٢٨‌ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ( پێنج‌شەممەی رەش)، نزیک بە ٢٠٠ مەئمووری تایبەت و ئەمنیەتیی هێرشیان کردە سەر بەندی ٣٥٠‌ی ئێڤین و زیندانیانیان دابوویە بەر لێدان و کوتان و هەتا ئێستا ١١ زیندانیی لەو ٣٢ زیندانییە راگوێزراوەی ژووری تاکەکەسییە، لەژوورە تاکە کەسییەکانی بەندی ٢٤٠‌دا راگیراون. لەو هێرشەدا مەحەمەدسەدیق کەبوودوەند و "سمکۆ خلقەتی"‌یش بە دەستی مەئموورانی هێرشبەر بریندار کراون.








ئێعدامى ٨ زیندانى له‌ زیندانى كرماشان
رژێمى دژه‌ مرۆڤى ئاخوندى له‌ ئێعدامێكى به‌ كۆمه‌ڵیتردا ئه‌مجارى ٨ زیندانى له‌ زیندانى كرماشان له‌ سێداره‌ دا. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا جینایه‌تكارانى رژێمى ئاخوندى رۆژێكیتر له‌ رۆژه‌ ره‌شه‌كانى خۆیان تۆمار كردوو له‌ ئێعدامێكى به‌ كۆمه‌ڵ له‌ زیندانى دیزڵئاواى كرماشان ٨ زیندانى له‌ سێداره‌ دا كه‌ ناوى دوو له‌و زیندانییانه‌، فه‌رزاد سالحیان و وه‌لى خان نه‌زره‌رى راگه‌ێندراوه‌ و ناوى ئه‌و ٦ زیندانییه‌ ئێعدامكراوه‌یتر تاكوو ئێستا رانه‌گه‌ێندراوه‌.









ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە سەرنووسەری دووحەفتانەمای ئاگرینی رۆژی بانگهێشت کرد
 سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی "ئاگرینی رۆژ" لە شاری سنە، بانگهێشتی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارە کرا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، مەحموود مەحموودی سەرنووسەری دوو حەفتەنامەی ئاگرینی رۆژ و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ژووری راگەیاندن (خانەی مگبوعات) لە شاری سنە، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت کرا. مەحموود مەحموودی کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، خۆی بە حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە ناساندووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە. مەحموود مەحموودی پێشتر سەرنووسەری حەفتەنامەی گەڕووس لە شاری سنە و یەکێک لە چالاکە فەرهەنگییەکانی شاری سنەیە، کە پێشتریش لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە "شێواندنی رای گشتی" تۆمەتبار کرابوو.








گه‌وره‌ترین كانی زێڕی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ كوردستانى ئێرانه‌
كانی زێڕی زڕه‌شۆران خاوه‌ن ١٠٥ ته‌ن پاشكه‌وتی زێڕی عه‌یاره‌ ٥.٨١ه‌و پێده‌چێت ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ به‌رزببێته‌وه‌ بۆ١٤١ ته‌ن. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، شاری تیكاب له كوردستانى ئێران گه‌وره‌ترین كانی زێڕی تێدایه‌ له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌پێی نوێترین لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌، ئه‌و كانه‌ زێڕه‌ ده‌توانێت ساڵانه‌ تا شه‌ش ته‌ن به‌رهه‌می زێڕی هه‌بێت. جگه‌ له‌كانی زێڕی زڕه‌شۆران كه‌ له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كه‌مه‌، هاوكات شاری تیكاب كانێكی دیكه‌ی زێڕی تێدایه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئێران پله‌ی سێیه‌می هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و كانانه‌ جگه‌له‌زێڕ به‌رهه‌می جیوه‌و زیویشیان هه‌یه‌.سه‌رباری ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌و شاره‌ له‌ڕوی زێڕو به‌ده‌ستهێنانی داهاتێكی باش بۆ ئێران، به‌ڵام به‌وته‌ی نوێنه‌ری ئه‌و شاره‌ له‌ مه‌جلیسى رژێم، تیكاب سودمه‌ند نه‌بوه‌ له‌و داهاته‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی وه‌ك هێزی كار سودیان لێوه‌رنه‌گیراوه‌ بۆ كاركردن له‌كانه‌كاندا. شارى تیكاب روبه‌ره‌كه‌ی ٢٥٢٣ كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌، دوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و ئازه‌ری له‌وشاره‌ نیشته‌جێن، به‌پێی ئاماری ناوه‌ندی ئاماری ئێران له‌ساڵی ٢٠٠٦دا ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ ٨١ هه‌زارو ٣٩٥ كه‌س راگه‌یه‌ندراوه‌، هاوكات به‌پێی ئاماری سایته‌ ناوچه‌ییه‌كانی ئه‌و شاره‌ زیاتر ٦٠%ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن. دوو كانگای زێڕی گه‌وره‌ له‌شاری تیكاب هه‌ڵكه‌وتوه‌ كه‌ كوردستانى ئێرانیان كردوه‌ته‌ یه‌كێك له‌جه‌مسه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی زێڕ‌و كانێكیان پله‌ی یه‌كه‌می هه‌یه‌ له‌سه‌رئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.









ئێعدامكردنى ٣٢ زیندانى له‌ ماوه‌ى شه‌ش رۆژدا
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان له‌ ماوه‌ى شه‌ش رۆژى رابردوو ٣٢ زیندانى له‌ شاره‌كانى ئێران له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ ئێعدام كراون كه‌ سێ كه‌س له‌و زیندانییانه‌ ته‌مه‌نیان ١٤، ١٦ و ١٧ ساڵ بووه‌. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌ سه‌رله‌ به‌یانى ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ٦ى بانه‌مه‌رِ سێ زیندانى له‌ زیندانى زابۆل به‌ تۆمه‌تى كوشتنى مووسا نوورى قه‌لعه‌، دادستانى ئه‌و شاره‌ له‌ به‌ر چاوى خه‌ڵكه‌وه‌ ئێعدام كران. سه‌ره‌تاى حه‌فته‌ى رابردوو ٨ كه‌س له‌ زیندانى دیزڵئاواى كرماشان له‌ سێداره‌ دراون. له‌ رۆژى یه‌كى بانه‌مه‌رِ ٦ زیندانى له‌ زیندانى قه‌زه‌لحه‌سارى كه‌ره‌ج و سێ زیندانى له‌ زیندانى مه‌شهه‌د ئێعدام كراون، له‌ رۆژى دووى بانه‌مه‌رِ پێنج زیندانى له‌ زیندانى گه‌وهه‌رده‌شتى كه‌رج له‌ لایه‌ن به‌كرێگیراوانى رژێمى ئاخوندى ئێعدام كراون و هه‌روه‌ها له‌ رۆژى ٢٨ى خاكه‌لێوه‌ چوار زیندانى له‌ زیندانى به‌نده‌رعه‌باس له‌ سێداره‌ دران و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ زیندانیێكى سیاسى كورد به‌ ناوى سمكۆ خۆرشیدى له‌ زیندانى كرماشان ئێعدام كرا. له‌ درێژه‌ى ئێعدامه‌كانى شه‌ش رۆژى رابردوو دوو زیندانیتر به‌ ناوه‌كانى ره‌سووڵ فه‌خیره‌ له‌ رۆژى ٣٠ خاكه‌لێوه‌ و عه‌لى عه‌ره‌ب له‌ رۆژى ٢ى بانه‌مه‌ر له‌ زیندانى ناوه‌ندى زاهێدان ئێعدام كران. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ له‌ رۆژى هێرشى هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانى زیندانى ئه‌ڤین بۆ سه‌ر زیندانیانى سیاسى ئه‌و زیندانه‌ تاكوو ئه‌مرۆ ٢٩ زیندانى له‌ ئێران ئێعدام كراون.









خاکی ئیران بە وڵاتانی كه‌نداوو دەفرۆشرێت
به‌ پێى راپۆرته‌ هه‌واڵده‌رییه‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى رژێمى ئاخوندى، ماوەیەكە چەندین كۆمپانیا سەرقاڵی فرۆشتنی خاكی ئێرانن بە وڵاتە عەرەبییەكانی خەلیجى فارس، بەپێی ئاماری گومرگی ئێرانیش، لەساڵی ٢٠١٢ دا نزیكەی ٧٥ هەزار تۆن خاكی دوورگەی هورمز بە بڕی ٥.٧ ملیۆن دۆلار لە ژێر ناوی هەناردەكاری جیا لە نەوت هەناردەی وڵاتە عەرەبییەكان كراوە، ئەوەش ناڕەزایی هەندێك لایەنی لێكەوتووەتەوە . جێگری رێكخراوی ژینگە پارێزی ئێران وتى، ئێستا خاكی دورگەی هورمز كە بۆ كشتووكاڵكردن زۆر لەبارە هەناردەی وڵاتانی كەنداو دەكرێت، ئەمەش كێشەی گەورەی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە. هەروەها هۆشداریش دەدات سەبارەت بە وێرانكردنی ژینگەی كەنارەكانی ئێران، بەهۆی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و لەناوچوونی زیندەوەرە ئاوییەكانی وەك دۆلفین، كیسەڵ و جۆرەكانی ماسی. هاوكات بەرپرسێكی بواری ئاو و ئاودێری لە رێكخراوەی ژینگەپارێزی ئێران دەڵێت، لە كاتێكدا ئێران خۆی رووبەڕووی كەمی خاكی كشتووكاڵ بووەتەوە، هەناردەكردنی ئەو خاكە بۆ وڵاتانی عەرەبی بەردەوامە، ئێران تەنیا ٢٠ ملیۆن هێكتار خاكی كشتووكاڵی هەیەو خۆی لە چەند ساڵی داهاتوو بە دڵنیاییەوە رووبەڕووی كێشەی كەمی خاكی كشتووكاڵ دەبێتەوە. شارەزایانی ژینگە  پێیانوایە، هەناردەكردنی خاكی كشتووكاڵی ئیران له‌ لایه‌ن رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە وەك تاڵانكردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیە، لە كاتێكدا نەیتوانیوە خۆی كەڵكی لێوەربگرێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ پیشتر ناوەندە جیهانییەكانی ژینگە رەخنەی زۆریان لە رژێمى ئاخوندى گرت سەبارەت بە نەپاراستنی ژینگە، بەتایبەت وشكبوونی دەریاچەی ئورومیە و سووتانى دارستانه‌كانى كوردستانى ئێران.








بۆ یه‌که‌مین جار له‌ ئیلام ژنێكى كورد بوو به‌ فه‌رماندار 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌ حوکمێکدا له‌لایه‌ن پارێزگاری ئیلام، مه‌ریه‌م شادیوه‌ند، وه‌ک یه‌که‌مین ژن له‌ پارێزگای ئیلام بۆ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانداری ده‌ره‌شار دیاری کرا. به‌پێی ئه‌م راپۆرته‌: مه‌ریه‌م شادیوه‌ند پێشتر ڕاوێژکاری کاروباری ژنانی فه‌رمانداری شاری ده‌ره‌شار بووه‌ و ئێستا بۆ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانداریی ئه‌و شاره‌ی ڕاسپێردراوه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ تاكوو ئێستا له‌ ئێران و كوردستانى ژێر ده‌سه‌لاتى رژێمى ئاخوندى  رێگه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ ژنان تواناكانى خۆیان له‌ كارووبارى به‌رێوه‌ به‌ریدا نیشان بده‌ن و به‌ هۆى سیاسه‌ته‌ دواكه‌وتووانه‌كه‌ى ئه‌و رژێمه‌وه‌ ژنان په‌راوێز خراون.








بارزانی سه‌رۆک و له‌یلا زانا جێگری سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد بێت 
محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنی پێشنیارێکی نوێی ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گواسته‌وه‌. به‌پێی هه‌واڵی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی Rudaw: محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنی له‌ سیاسه‌توانانی کوردی نێزیک له‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ڕایگه‌یاند که‌ پێشنیارێکی نوێی به‌ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان داوه‌. پێنجوێنی ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ بارزانی پێشتر دژایه‌تی کردووه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می هاوسه‌رۆکی بۆ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد و هه‌ر بۆیه‌ ئۆجه‌لان و سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که‌ وتوویانه‌ بارزانی سه‌رۆکی کۆنگره‌ بێت و له‌یلا زانا جێگری سه‌رۆک. سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ نوێیه‌ هیچ لێدوانێکی نه‌بووه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ماوه‌ێكه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى به‌ستنى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى راوه‌ستاوه‌ كه‌ قه‌رار بوو له‌ ساڵى رابردوو یه‌كه‌م كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد بگیردرێت.








سەرجەم گیراوانی په‌روه‌نده‌ى کەجەکە لە ئیستانبوڵ ئازادکران
ئەو ٣٣ سیاسەتوانەی کە لەسەر دۆزی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK دەستگیرکرابوون، ئازادکران، بە ئازادکردنی ئەو ٣٣ کەسەش ژمارەی ئازادکراوان لەسەر دۆزی کەجەكە گەیشتە ٢٠٥ کەس، كە دوایین دەستگیرکراوانی دۆزی کەجەکە بوون لە ئیستانبوڵ. "دۆسیەی کەجەکە لە ئیستەنبوڵ" لە ساڵی ٢٠١١ وە لەلایەن سێیەمین دادگای سزای گران لە ئیستانبوڵ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ٣٣ دەستگیرکراو دەستپێکرد، دوای لێکۆڵینەوەکان دادگا بڕیاری ئازادکردنی ٣٣ دەستگیرکراوی دەرکرد. لەنێو دەستگیرکراواندا ژمارەیەک دەسەڵاتدار، سیاسەتوان و ئەکادیمیستی ئەکادیمیای سیاسی ئیستانبوڵ هەبوون، کە کۆی گشتی ژمارەی دەستگیرکراوە کوردەکان ٢٠٥ کەس بوو، دوای ئەوەی دادگا تایبەتەکان لە تورکیا هەڵگیرانەوەی دۆسیەکەیان درایە دەستی سێیەم دادگای سزای گران لە ئیستەنبوڵ. لوتفیە گوربوز، یەکێک بوو لە ژنە ئازادکراوەکان و دوای ئازادکردنی رایگەیاند: "دەوڵەت بەبێ هۆ ئێمەی دەستگیرکرد، ئەمڕۆ ئازادکراین، بەڵام بڕیاری ئازادکردنمان دواکەوت، بڕیارمان وایە لەدەرەوەی زیندان درێژە بە خەباتەکەمان بدەین". گوربوز وتیشی: "هاوڕێ دەستگیرکراوە نەخۆشەکانمان هێشتا لە زینداندان، داوا دەکەین هەرچی زووە ئەوانیش ئازادبکرێن، بۆ ئێمە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بەرەنگاربوونەوەیەکی شانازیبەخشە و بەردەوام دەبین لەسەر خەباتکردن".








بان كی مۆن داوای هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر سووریا دەکات
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش كرد بۆ رێگەگرتن لە پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان لە سووریا، هەڵوێست وەربگرێت. بان كی مۆن، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دووەمین راپۆرتی مانگانەی خۆی بۆ ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش، كە لە ٢١ لاپەڕە پێكهاتووە، داوای رەوانەكردنی هاوكاری مرۆیی زیاتری بۆ سووریا كردووە. بان کی مۆن راشیگەیاندووە ، هیچ کام لە لایەنەكانی شەڕ لەو وڵاتە گرنگی بە داواكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نادەن، تایبەت بە پرسی ناردنی هاوكاری. لەساڵى ٢٠١١ـەوە، بەهۆی شەڕی گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا،  زیاتر لە ١٥٠ هەزار هاووڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون، وێرای ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن کەسی دیکە بۆ وڵاتانمی دەورووبەری سووریا.

ڕێکه‌وت: 2014-04-26 11:23:58
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٦ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٣ )