__ كوژران و بریندار بوونی دوو كۆڵبەری كورد بەهۆی تەقینەوەی مین و هەڵدێران__ کرێکارانی وزەخانەی کۆڵەسەی سەردەشت، ٤ مانگە مووچەیان پێ‌نەدراوە__ ٩٠ له‌سه‌دی ده‌ریاچه‌ی ورمێ وشک بووه‌  __ مه‌رگی ٣١ کرێکار له‌ کوردستان __ مه‌حكومیه‌تى نێونه‌ته‌وه‌یى هێرش كردنه‌ سه‌ر زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌ڤین__ داواكارى به‌حره‌ین بۆ به‌ره‌وروو بوونه‌وه‌ى هه‌ره‌شه‌ى رژێمى ئاخوندى__ رژێمى ئاخوندى هه‌وڵ ده‌دات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كاریگه‌رى هه‌بێت__ له‌ كوردستانى سوریه‌ هیچ پارتێك ناتوانێت به‌ بێ مۆڵه‌تی‌ فه‌رمی‌ كار بكات__ مالزى سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ٨٦  ئێرانى ده‌ركرد__  هاوسه‌رگیری‌ سیغە به رێژەی ٣٣% له‌ ئێران بەرزبوه‌ته‌وه

كوژران و بریندار بوونی دوو كۆڵبەری كورد بەهۆی تەقینەوەی مین و هەڵدێران
 دوو كۆڵبەری كورد لەناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا بە هۆی هەڵدێران بۆ ناو چۆم و تەقینەوەی مین، کوژراو و برینداربوون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی هەینی رێكەوتی ٥ی بانەمەڕ كۆڵبەرێكی كورد بەناوی "رزگار رەوشەنی" كوڕی عەتا لەناوچە سنوورییەكانی شاری بانە بە هۆی كەوتنە سەر مین لاقێكی لەدەست داوە. ئەو كۆڵبەرە تەمەن ٣٠ ساڵەیە خەڵكی شاری سەقزە و بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانی ژن و منداڵەكەی رووی لە سنووری "هەنگە ژاڵ" كردبوو. لەلایەكی دیكەوە كۆڵبەرێكی كورد به‌ناوى  رەحیم پەیرەوی كوڕی عەزیز لە ناوچە سنوورییەكان بە هۆێ‌هەڵدێران و كەوتنە ناو چۆمەوە گیانی لەدەست داوە و تەرمەکەی رۆژی شەممە رێكەوتی ٦ی بانەمەڕ لە نزیک ئاوایی " بەردەسوور" دۆزراوەتەوە. نەبوونی پیشەیەكی تەندروست و شیاو، بێكاری و داڕمان و تێكشكانی كەرتەكانی بەرهەمهێنان لەو هۆكارانەن كە هاووڵاتیان بە تایبەت كوردەكان و چینی كەم داهاتی كوردستان روویان لە كۆڵبەری كردووە.








کرێکارانی وزەخانەی کۆڵەسەی سەردەشت، ٤ مانگە مووچەیان پێ‌نەدراوە
 تێکرای شۆفیر ماشێن و کرێکارانی وزەخانەی کۆڵەسە لە ناوچەی سەردەشت ماوەی چوار مانگە مووچەیان پێ‌نەدراوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی وزەخانەی کۆڵەسە لە ناوچەی سەردەشت بە بیانووی نەبوونی بودجە ماوەی چوار مانگە لە دانی مووچەی کرێکار و فەرمانبەران ئەو وزەخانەیە خۆ دەبوێرن. ئەو وزەخانە ئاوییە کە ساڵی رابردووش بەهۆی نەدانی مووچەی کرێکاران بۆ ماوەی چەند رۆژێک راوەستابوو، لە ئێستاشدا بە تەواوەتی راوەستاوە. کرێکارانی وزەخانەی کۆڵەسە، کە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێرانن، رۆژی ٢٥ خاکەلیوە بەهۆی دواکەوتنی مووچەی وەرزی زستانی ساڵی رابردوویان و هەروەها پێ نەدانی جێژنانەی نەورۆزی ساڵی ٩٣ دەستیان دابوویە مانگرتن. بەرپرسانی ئەو وزەخانەیە، رێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو، ٣٨ کرێکاری کوردی ئەو وزەخانەیەیان دەرکردبوو، کە ٧٠ کرێکاری دیکەی ناوچەکانی دیکەی ئێرانیان جێگرەوەی کرێکارە کوردەکان کردبوو. پرۆژەی بەنداوی وزەخانەی کۆڵەسە بە یەکێک لە گورەترین پرۆژە بەنداو سازییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ئەژمار دەکرێت، کە لەسەر چۆمی زێی بچووک لە حاڵی دروست کران دایە.








٩٠ له‌سه‌دی ده‌ریاچه‌ی ورمێ وشک بووه‌  
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ژینگه‌پارێز‌ی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا ڕایگه‌یاند: له‌ ئێستادا ٢.٣ میلیارد مه‌تری سێ جائاو له‌ ده‌ریاچه‌ی ورمێ ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕاستیدا ٩٠ له‌سه‌دی وشک بووه‌. حه‌سه‌ن عه‌باس نه‌ژاد ڕایگه‌یاند که سه‌رباری که‌م ئاوی و وشکه‌ساڵی ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، ئاوی ده‌ریاچه‌ی ورمێ زیاتر که‌م ده‌کات.و گۆڕانکاری‌ ئێکۆسیسته‌می له‌ ناوچه‌که‌ و که‌م بوونی ڕێژه‌ی به‌فر و باران بووه‌ته‌ هۆی ڕوودانی ئه‌م قه‌یرانه‌ نیشتیمانییه‌ و وه‌ژینه‌وه‌ی ده‌ریاچه‌ی ورمێ پێویستی به‌ ئیراده‌ی نیشتیمانی و هاوکاری خه‌ڵک و به‌رپرسانی وڵات هه‌یه‌. ناوبراو رایگه‌یاند به‌ به‌کارهێنانی زیاد له‌ ڕاده‌ی ئاو و په‌ره‌دان به‌ چالاکییه‌کان به‌شی که‌شاوه‌رزی به‌ ده‌ستی خۆمان سروشتی جوانی ناوچه‌که‌ له‌ناو ببه‌ین.هه‌روه‌ها وتى: ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا یه‌کێک له‌ جوانترین پارێزگاکانی ئێرانه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سروشته‌که‌ی به‌ تایبه‌تی ده‌ریاچه‌ی ورمێ ورده‌ ورده‌ له‌ناو ده‌چێت. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ به‌ هۆى سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانى رژێمى ئاخوندى له‌مه‌رِ سروشت و ژینگه‌ى ئێران به‌ گشتى و كوردستان به‌ تایبه‌تى زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌ ئاوی و ژینگه‌ییه‌كان له‌ ئێران له‌ حالى له‌ ناوو چووندایه‌.








مه‌رگی ٣١ کرێکار له‌ کوردستان 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پزیشکی دادوه‌ری کوردستان ڕایگه‌یاند: له ماوه‌ی‌ ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی سووتان وڕووداوه‌کانی کار له‌ پارێزگای کوردستان ٥٤ کرێکار گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. غولامڕه‌زا هومایوون پوور رایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو، ٢٣ که‌س به‌هۆی سووتان گیانیان له‌ ده‌ست داوه و ئه‌م ڕێژه‌‌ له‌چاو ساڵی ڕابردووتری ٤ له‌سه‌د ڕێژه‌که‌ی که‌م بووه‌ته‌وه‌. زیادیشی کرد: به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته ڕاگه‌یێندراوه‌‌کان له‌ ساڵی ڕابردوودا سه‌رجه‌م ئه‌و کرێکارانه‌ی که‌ به‌هۆی سووتانه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ ٧ پیاو و ١٦ ژن بوونه‌. هه‌روه‌ها وتیشی ساڵی ڕابردوودا ٣١ کرێکار به‌هۆی ڕووداوه‌کانی کاره‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ که‌ له‌چاو ساڵی پێشتری ٣٧ له‌سه‌د ئه‌م ڕێژه‌یه‌ دابه‌زیوه‌. وتیشی: به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌کان ساڵی ڕابردوو به‌ گشتی له‌ پارێزگای کوردستاندا ٣٤٨ که‌س به‌هۆی ڕووداوی کاره‌وه‌ بریندار و گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌چاو ساڵی ١٣٩١ که‌ ٤٣١ که‌س به‌ر ڕووداوه‌کانی کار که‌وتبوون ١١ له‌سه‌د دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ سالانه‌ به‌ هۆى نه‌بوونى پێداویستى ئیمه‌نى و نه‌بوونى ئه‌منییه‌تى كارى سه‌دان كه‌س له‌ كرێكاران له‌ ئێران تووشى رووداوى كار ده‌بن و هیچ ناوه‌ندێكى رژێمى ئاخوندى خۆى لێ به‌ به‌رپرسیار نازانێت.







مه‌حكومیه‌تى نێونه‌ته‌وه‌یى هێرش كردنه‌ سه‌ر زیندانیانى سیاسى زیندانى ئه‌ڤین
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان،شاره‌دارى شارى نۆرنبرگ دكتۆر ئۆرلیش مالى به‌ توندترین شێوه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر زیندانیانى سیاسى به‌ندى ٣٥٠ى زیندانى ئه‌ڤینى و به‌ تایبه‌ت هێرش بۆ سه‌ر عه‌بدۆلفه‌تاح سۆڵتانى ساحێبى خه‌لاتى نێونه‌ته‌وه‌یى مافى مرۆڤى مه‌حكوم كرد و خوازیارى ئازادى زیندانیانى سیاسى ئێران بوو. هه‌روه‌ها سرجیو دلیا و ماركۆ پردۆكا نوێنه‌رانى حیزبى رادیكاڵ له‌ سازمانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایانگه‌یاند، له‌ ٨ مانگ سه‌رۆك كۆمارى رۆحانیدا، رژێمى ئێران نه‌ ته‌نیا به‌ هۆى شكاندنى رێژه‌ى ئێعدامه‌كان له‌ ئێران به‌ڵكوو به‌ هۆى سیاسه‌ته‌ جینایه‌تكارانه‌كانى دژبه‌ زیندانیانى سیاسى له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانى پێش خۆى دیارتره‌. هه‌روه‌ها وتیان كه‌ كۆمه‌ڵگاى نێونه‌ته‌وه‌یى ده‌بێت چاوى خۆیان له‌ ئاست ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌دا زیاتر كراوه‌ بكه‌ن له‌ ئاست ئه‌و هیوایه‌ى كه‌ بوویان به‌ گۆران له‌و رژێمه‌دا.








داواكارى به‌حره‌ین بۆ به‌ره‌وروو بوونه‌وه‌ى هه‌ره‌شه‌ى رژێمى ئاخوندى
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، به‌حره‌ین خوازیارى په‌یره‌وى شۆراى هاوكارى كه‌نداوى فارس له‌ مێتۆدى ناتۆ بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ هه‌ره‌شه‌ى رژێمى ئاخوندى بوو. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، پادشاى به‌حره‌ین بۆ راوه‌ستان له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ره‌شه‌ى رژێمى ئاخوندى پشتیوانى له‌ مێتۆدى ناتۆ كرد. عه‌بدۆڵمه‌نار راوێژكارى مه‌له‌ك حه‌مد پادشاى به‌حره‌ین له‌ كۆنفه‌رانسێكى ئه‌منییه‌تى رایگه‌یاند، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ره‌شه‌ى رژێمى ئاخوندى، شۆراى هاوكارى كه‌نداوى فارس له‌ ده‌رفه‌تى هاوكارى له‌گه‌ڵ ناتۆ كه‌ڵكى وه‌ر نه‌گرتووه‌. 








رژێمى ئاخوندى هه‌وڵ ده‌دات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كاریگه‌رى هه‌بێت
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، یه‌كگرتووى هاوپه‌یمانان به‌ رێبه‌رى ئۆسامه‌ نۆجه‌یفى سه‌رۆكى پارله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، رژێمى ئاخوندى به‌ هه‌موو شێوه‌ێك هه‌وڵى ده‌خاڵه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ده‌دات، ناوبراو هه‌روه‌ها وتى رژێمى ئاخوندى ئێمه‌ى كردووه‌ته‌ ئامانج و له‌ هه‌وڵى فشار خستنه‌ سه‌ر خه‌ڵكى عێراقه‌. هه‌روه‌ها مه‌حه‌مه‌د خالدى له‌ رێبه‌رانى هاوپه‌یمانى وتى، تاران به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كان فشار ده‌هێنێت تاكوو كۆسپ له‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌رانى ئێنه‌ دروست بكه‌ن.








له‌ كوردستانى سوریه‌ هیچ پارتێك ناتوانێت به‌ بێ مۆڵه‌تی‌ فه‌رمی‌ كار بكات
كۆمیته‌ی‌ كاروباری‌ پارته‌كان له‌ كوردستانى سوریه‌ ده‌ستیان به‌ وه‌رگرتنی‌ ده‌ستورنامه‌ی‌ پارته‌كان كردووه‌ و به‌وه‌ی‌ هیچ پارتێك ناتوانێت به‌ بێ مۆڵه‌تی‌ فه‌رمی‌ كار  بكات. به‌ پێی‌ هه‌واڵێكی‌ ئاژانسی‌(فورات نیوز) ئه‌ندامی دیوانی ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی كانتۆنی جزیره‌ ئه‌كره‌م مه‌حشوش رایگه‌یاندووه‌"  كۆمیته‌ی كاروباری پارته‌كان ده‌ستی به‌ وه‌رگرتنی ده‌ستورنامه‌ی پارته‌كان كردوه‌ و ده‌بێت هه‌موو پارته‌كان له‌ ماوه‌ی (٤٥) رۆژ داخوازنامه‌كانیان راده‌ستی كۆمیته‌كه‌ بكه‌ن ئه‌و پارتانه‌ی بێ ده‌ستوور بمێننه‌وه‌ ره‌وا و فه‌رمی نین و ناتوانن له‌ خۆرئاوا كار و چالاكی بكه‌ن." له‌ درێژه‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌دا هاتووه‌، ئه‌كره‌م مه‌حشوش ده‌شڵێت'' دوای ده‌ركه‌وتنی یاسای تایبه‌ت به‌ وه‌رگرتنی ده‌ستورنامه‌كان هه‌ر پارتییه‌ك تا (٤٥) رۆژ بێ ده‌ستور بمێنێته‌وه‌ ره‌وا و فه‌رمی نییه‌ و ئیدی ناتوانێت كار و چالاكییه‌كانی خۆی له‌ كوردستانى سوریه‌ بكات ." له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شه‌شه‌مین ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی كانتۆنی جزیره‌ یاسای پارته‌ سیاسییه‌كانی په‌سه‌ند كرد.







مالزى سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ٨٦  ئێرانى ده‌ركرد
مورته‌زا جاویدان، باڵیۆزیرژێمى ئاخوندى له‌ كوالالمبۆر پایته‌ختی مالزى، رایگه‌یاند، ٨٦ ده‌ستگییركراوی ئێرانى له‌لایه‌ن حكومه‌تی مالزییه‌وه‌، حوكمی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌ به‌تۆمه‌تی بازرگانیكردن به‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان. جاویدان، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌"زۆربه‌ی ئه‌و ئێرانیانه‌ی كه‌ له‌مالیزیان، بازرگان و خوێندكاری زانكۆو كه‌سانی رۆشنبیرن"، وتیشی: به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ناوبانگی ئێرانیان زڕاندووه‌ له‌مالیزیا له‌و چینه‌ خوێنده‌وار و رۆشنبیره‌ن. به‌وته‌ی جاویدان، "له‌ئێستادا نزیكه‌ی ٢٢١ ده‌ستگییركراوی ئێران له‌نێویاندا ٣١ ژن و ١٩٠ پیاو له‌مالیزیا بوونیان هه‌یه‌، زۆربه‌یان تاوانبارن به‌ كه‌یسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ بازرگانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان".  دادگای مالیزیا بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ  ٦ ژن و ٦٠ پیاوی ئێرانی ده‌ركردووه‌، به‌تاوانیبازرگانى به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، وتیشی: زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ كه‌ دادگا حوكمی داون قوربانیی ده‌ستی گه‌وره‌ بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كانن و خۆیان وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌رچوون و ئه‌و هه‌ژارانه‌ش تێوه‌گلاون. 








 هاوسه‌رگیری‌ سیغە به رێژەی ٣٣% له‌ ئێران بەرزبوه‌ته‌وه
بە پێی ئامارى هه‌واڵده‌رییه‌ حكومه‌تییه‌كانى رژێمى ئێران، لەماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوى رێژەی جیابوونەو و سیغە ( پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی کاتی) ٦% و ٣٣% بەرز بوونەتەوە و رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش زیاترلە ٤% دابەزیوە. ئەحمەد توێسرکانی سەرۆکی رێکخراوی تۆمارکردنی بەڵگە و موڵکەکانی ئێران رۆژی سێشەممە ، لە کۆنفرانسیکی رۆژنامه‌وانیدا وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەو ئامارانە رایگەیاند کە دابەزینی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەکاتێکدایە کە دیاردەی سیغە (پێکهێنانی ژیانی هاوەبشی کاتی) لەو وڵاتەدا بە رانبه‌رساڵی پێشووتر ٣٣% بەرزبووەتەوە. توێسرکانی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، هەژاری و دەستێوردانی خێزانەکانی بە گرینگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە و دابەزینی رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەقەڵەم داوە، 

ڕێکه‌وت: 2014-04-27 14:45:16
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٧ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٣ )