__ سێ‌چالاكی مەزهەبیی كورد بە ئێعدام مەحكووم كران_ - 14 حالَةتى پێشێلكردنى مافى ژنان له‌ ماوه‌ى حه‌فته‌ى رابردوو__ گه‌ڵاڵه‌ی هه‌رێمی ئه‌منی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی پارێزگای کوردستان جێبه‌جێ ده‌کرێت __ ناره‌زایه‌تى ده‌ربرِینى خه‌ڵكى مه‌هاباد به‌ گران كردنى نرخى بنزین__ خراپ بوونى ته‌ندروستى زیندانیانى سیاسى مانگرتوو__ هێرشى به‌كرێگیراوانى رژێم بۆ سه‌ر زیندانى ژنان له‌ شارى ره‌ى__  ئەسەد بەرەسمی خۆی بۆ سه‌رۆك كۆمارى کاندید کردەوە __ سزای له‌سێداره‌دان بۆ رێبه‌رى ئیخوان موسلمین ده‌رچوو

سێ‌چالاكی مەزهەبیی كورد بە ئێعدام مەحكووم كران
دەزگای قەزایی رژێمى ئاخوندى ئێران حوکمی لەسێدارەدانی بۆ سێ‌هاووڵاتیی كوردی سوننی مەزهەب بڕییەوە و هاوكات پشتیوانی لەچالاكێكی مەزهەبیی دیكەی كوردیش كراوە. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا، سێ‌لاوی كورد بەناوەكانی ئومید پەیوەند كوڕی مەحموود، ئەمجەد ساڵحی كوڕی فایق و كەیوان كەریمی كوڕی رەحیم لە زیندانیی رەجایی شاری كەرەج حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە. ئەو حوكمە بە پارێزەری پەروەندەی ئەو سێ‌چالاكە مەزهەبییە راگەیەندراوە و هەنووكەش دۆسییەكانیان بۆ پێداچوونەوە رەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە. تاوانی ئەو هاووڵاتییە كوردانە "موحاربە لەرێگەی چالاكیی تەبلیغی بە دژی نیزام"‌ی دەسەڵاتدار لەئێران راگەیەندراوە. لەلایەكی دیكەوە، هەشت كەس لەزیندانیانی سیاسیی گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج لەبەیاننامەیەكدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی شەهرام ئەحمەدی، هاووڵاتیی سوننی مەزهەب‌یان کردووە.  واژۆكارانی نامەكە داوایان لەناوەندەکانی مافی مرۆڤ كردووە، پێش بە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی بە كۆمەڵی هاووڵاتییان لەئێران بگرن. لەحاڵی حازردا سی هاووڵاتیی كوردی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە لە زیندانەكانی رەجایی‌شار، قزڵحەسار و سنە چاوەڕوانیی جێبەجێ‌كردنی حوكمی لەسێدارەن و نێوەنجی تەمەننیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٤٠ ساڵ دایە.








 14 حالَةتى پێشێلكردنى مافى ژنان له‌ ماوه‌ى حه‌فته‌ى رابردوو
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان له‌ ماوه‌ى حه‌فته‌ى رابردوو ١٤ حاڵه‌تى  پێشێلکردنی مافی ژنان لە ئێران و کوردستان له‌ لایه‌ن رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ رووى داوه‌  کە بریتییە لە خۆکوژی کچێکی گەنج لە مەریوان و دەستبەسەرکرانی کچە خویندکاریکی کورد لە مەشهەد و ١٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە دەستبەسەرکرانی کچە خوێندکارێک و دوو پەیڕەوی ئایینی مەسیحی و دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ٩ هاولاتی بەهایی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت. لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە کچە خوێندکارانی کورد  بەناوی ئارەزوو وەتەنی لە شاری قوچان سەر بە ئوستانی خوراسانی رەزەوی، پاش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو ئوستانەوە هەڕەشەی لێکرا، چارەنووسی ناڕوونە. و ماڵی باوکی لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە پێشکێندراوە. ناوبراو یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنانی بێ سەرپەرەست لە شاری قوچان بووە، کە رۆژی ٢٧ی خاکەلێوەش چەند کەسێکی دیکەی ئەندامی ئەو رێکخراوەیە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەستبەسەر کرابوون. هه‌روه‌ها لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە درێژەی رەوتی ئەو خۆکوژیانەی کە گومانی قەتڵیان لەسەرە، تەرمی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە دەوروبەری یەکێک لە گوندەکانی مەریوان دۆزرایەوە. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلە ئێوارێی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕ تەرمی کچێکی لاو بەناوی شەرارە فاتمی کچی حەمید لە گوندی "بەر قەڵا"ی سەربە شاری مەریوان بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ مردنی شەرارە گوماناوی‌یەو لە حەفتەی رابردوودا مردنی گوماناوی هاووڵاتییانی کورد لە شاری مەریوان بە تایبەت مەرگی لاوان لە شاری مەریوان رووی لە زیادبوون کردووە و چالاکانی مەدەنیش بە زنجیرە کوشتنێکی پلان بۆ دارێژراو لە قەڵەمی ئەدەن. لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لەکاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە بەر دەم زیندانی ئێڤین ٣ خوێندکار دەستبەسەر کران. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە، ندا سەبووری هاوڕێ لەگەڵ دوو خوێندکاری دیکە بەناوەکانی میلاد پورعیسا و سوهراب ساڵحی لەلایەن هێزە لیباس شەخسیەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار گوازرانەوە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی ئەو ٣ خوێندکارە لەبەر دەستدا نیە. هه‌ر له‌ درێژه‌ى پێشێلكارییه‌كانى مافى ژنان لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و هاوکات لە گەڵ جێژنی پاک، ٢ پەیڕەوی ئایینی مەسیحی لە شاری تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمى ئاخوندى ئێرانەوە دەستبەسەر کران. رۆژی هەینی رێکەوتی٢٩ی خاکەلێوە، ٥ چالاکی مەسیحیی دانیشتووی تاران، به‌ ناوه‌كانى مریەم ئەسەدی و نازی هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەناوەکانی ئیحسان سادقی، وەحید سادقی، ئەمین مەزڵوومی دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کراون. لە رۆژانی رابردوودا، دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی یەزد، ١٠ ژنە چالاکی بەهایی بە ٢٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٩ ساڵ زیندنایی هەڵپەسێردراو مەحکووم کرد. بەپێی ەئو حوکمە، سەبا گوڵشەن بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ١ ساڵ زیندنایی تەعلیقی، فەریبا ئوشتریم شەونم موتەحید، ویدا هەقیقی، هەر کامەیان بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانیی تەعلیقی فەرهەناز میساقیان، فەڕوخ باقی، ئەعزەم موتەهەری، ئازەر پوورخۆرسەند، نەغمە فارابیش هەرکام بە ٢ ساڵ زیندنایی تەعزیری و ١ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێراو مەحکووم کراون. ئەو حوکمانە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە لە دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی یەزد پشتڕاست کراوەتەوە.








گه‌ڵاڵه‌ی هه‌رێمی ئه‌منی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی پارێزگای کوردستان جێبه‌جێ ده‌کرێت 
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، جێگری سیاسی ئه‌منی و کۆمه‌ڵایه‌تی پارێزگاری کوردستان جێبه‌جێ کردنی گه‌ڵاڵه‌ی هه‌رێمی ئه‌منی له‌ سنووره‌کانی کوردستان راگه‌یاند. به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، عه‌لیڕه‌زا ئاشناگه‌ر رایگه‌یاند:له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی تاوتوێ و لێکدانه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی هه‌رێمی ئه‌منی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانی پارێزگای کوردستانین و دوای ته‌واو بوونی قۆناغی دوایی لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌ له‌ داهاتوویه‌کی نێزیک دا و به‌ هاوکاری ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ بواری ئه‌منی و سنووری پارێزگا،ده‌چینه‌ ناو قۆناغی جێبه‌جێ کردن. جێگه‌ى باسه‌ خه‌ڵكى كوردستان له‌ رێگاى كۆڵبه‌رى له‌ سنووره‌كان بژێوى ژیانى خۆیان دابین ده‌كه‌ن و هه‌ر رۆژه‌ به‌ره‌و رووى رووداوێك له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌تى و نیزامییه‌كانى رژێمى ئاخوندییه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ و ئێستاش رژێم له‌ فكرى توندتر كردنى رێگاى هاتوچۆى كۆڵبه‌رانه‌ و هه‌ر رۆژه‌ و پیلانێك له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كان به‌رێوه‌ ده‌بات.







ناره‌زایه‌تى ده‌ربرِینى خه‌ڵكى مه‌هاباد به‌ گران كردنى نرخى بنزین
به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، به‌ پێى یاساێكى په‌سه‌ند كراوى ده‌وڵه‌تى رۆحانى نرخى بنزینى ده‌وڵه‌تى بۆ ٧٠٠ و نرخى بنزینى ئازاد بۆ ١٠٠٠ تمه‌ن به‌رز بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گران بوونه‌ى نرخى بنزین بووه‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌یكه‌ شۆفیرى سیاره‌كان نرخى حه‌قده‌ستى خۆیان زیاد بكه‌ن و ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ هۆى ناره‌زایه‌تى به‌ربلاوى خه‌ڵكى ئێران، به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، كۆمه‌ڵێك له‌ راننده‌ تاكسیه‌كانى شارى مه‌هاباد رۆژى شه‌مه‌ ٦ى بانه‌مه‌رِ له‌ ناره‌زایه‌تى به‌ زیاد كردنى نرخى بنزین له‌ به‌رانبه‌ر فه‌رماندارى رژێم له‌ مه‌هاباد كۆبوونه‌وه‌ێكى ناره‌زایه‌تیان ساز كرد و له‌مه‌رِ دیارى كردنى نرخى نوێى بنزین له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تى رۆحانییه‌وه‌ ناره‌زایه‌تییان نیشان دا. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ زۆربه‌ى شاره‌كانى ئێرانى وه‌ك، تاران، بێهشهر، قه‌زوێن، خۆره‌م ئاباد و ئه‌هوازیشى گرتووه‌ته‌وه‌.








خراپ بوونى ته‌ندروستى زیندانیانى سیاسى مانگرتوو
بارودۆخى جه‌سته‌یى زیندانیانى سیاسى مانگرتووى زیندانى گه‌وهه‌رده‌شتى كه‌ره‌ج له‌ خراپیدایه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، دوابه‌ دواى هێرشى هێزه‌ ئه‌منییه‌تیه‌كانى زیندانى ئه‌ڤینى تاران بۆ سه‌ر زیندانیانى سیاسى و شكه‌نجه‌ و سوكایه‌تى كردن به‌ زیندانیانى سیاسى و بریندار كردنى سه‌ختى كۆمىلێك له‌ زیندانییه‌كان و گواستنه‌وه‌یان بۆ ژورى تاكه‌كه‌سى، رێژه‌ێكى به‌رچاوو له‌ زیندانیانى سیاسى له‌ زیندانه‌كانى رژێم بۆ پشتیوانى له‌ زیندانیانى سیاسى ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن له‌ خواردن، به‌ پێى ئه‌م راپۆرته‌، بارودۆخى جه‌سته‌یى زیندانیانى مانگرتوو زۆر ناله‌باره‌ و چوندین زیندانى تووشى نه‌خۆشى مه‌عیده‌، كه‌م خوێنى و دابه‌زینى فشارى خوێن بوونه‌ته‌وه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ به‌رپرسانى رژێم به‌ جێگاى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى ئه‌و زیندانیانه‌، كۆمه‌ڵێك له‌ پاسداره‌ به‌كرێًگیراوه‌كانیان له‌ به‌رانبه‌ر ده‌رگاى ساڵۆنى ١٢ى به‌ندى ٤ جێگیر كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستى درۆشم دان و وتنى، مه‌رگ بۆ دژى وه‌لایه‌تى فه‌قێه‌ و مه‌رگ بۆ مه‌نافق.








هێرشى به‌كرێگیراوانى رژێم بۆ سه‌ر زیندانى ژنان له‌ شارى ره‌ى
رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ٧ى بانه‌مه‌رِ، پێنج كه‌س له‌ شكه‌نجه‌گه‌رانى رژێمى ئاخوندى به‌ باتۆمى كاره‌بایى و قامچى هێرشیان كرده‌ سه‌ر به‌ندى١ى زیندانى ژنان له‌ شارى ره‌ى و ژنانى بێ دفاعى ئه‌و به‌نده‌یان خسته‌ ژێر زه‌ربه‌ى باتۆم و شكه‌نجه‌وه‌. به‌ پێى راپۆرتى هه‌واڵده‌رییه‌كان، له‌و به‌نده‌دا كه‌ پانتاییه‌كه‌ى ١٩٠ مه‌تره‌، ٢٤٠ زیندانى راگیراون. رێحانه‌ جه‌بارى ئه‌و ژنه‌ لاوه‌ى كه‌ به‌ هۆى به‌رگریكردن له‌ خۆى له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستدرێژى ئه‌ندامێكى وه‌زاره‌تى ئیتلاعات به‌ ئێعدام مه‌حكوم كراوه‌ له‌و به‌نده‌ زیندانییه‌. جێگه‌ى باسه‌ كه‌ به‌كرێگیراوانى رژێم وێراى داخستنى هه‌واخۆرى ته‌له‌فونى زیندانیشیان بچرِاندووه‌. ئه‌زغه‌ركۆلبۆند، ئه‌فسه‌ر نیگایانى زیندان هاورێ له‌گه‌ڵ دوو پاسداریتر به‌ ناوه‌كانى محمد مه‌حه‌مه‌دزاده‌ و تاتار به‌ باتۆمى كاره‌بایى و به‌و په‌رى بێره‌حمییه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ شكه‌نجه‌ى ژنانى زیندانى و سوكایه‌تیكردن پێیان.








 ئەسەد بەرەسمی خۆی بۆ سه‌رۆك كۆمارى کاندید کردەوە 
لە هەواڵێکی بە پەلەدا تەلەفزیۆنی سوریا بڵاوی کردەوە ئەمرۆ دوو شەممە بەشار ئەسەد سەرۆک كۆمارى ڕژێمی سوریا  بەرەسمی بەڵگەنامەی تایبەت بە خۆکاندید کردنەوە بۆ ده‌ورێكیترى  سەرۆکایەتی پێشکەش بە دادگای دەستوری وڵاتەکەی کرد. محه‌مه‌د له‌حام، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سوریا له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نووسراوێكی له‌ دادگای ده‌ستووریی وڵاته‌كه‌ی پێگه‌یشتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ده‌ورێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی. پێشتریش شه‌ش كه‌س خۆیان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری سوریا كاندید كردبوو به‌ناوه‌كانی سه‌وسه‌ن حه‌داد و سه‌میر مه‌علا و محه‌مه‌د ره‌جوح و عه‌بودلسه‌لام سه‌لامه‌ و ماهیر حه‌جاز و حه‌سان نوری.  ئه‌و كاندیدانه‌ له‌لایه‌ن رژێمی سوریاوه‌ دیاریكراون و كه‌سانی دیار و ناوداری سوریا نین، ته‌نانه‌ت له‌ ئینته‌رنێتیشدا ناتوانرێت وێنه‌یان ده‌ست بكه‌وێت، جگه‌له‌ حه‌سان نوری نه‌بێت كه‌ پێشتر وه‌زیری رژێمه‌كه‌ی سوریا بووه‌ و ئێستاش گه‌وره‌ بازرگانێكه‌ كه‌ چالاكی و جموجوڵ زۆری هه‌یه‌. پێشتر، ئۆپۆزسیۆنی سوریا هۆشداریی دابوو له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌و ره‌وشه‌ خراپه‌ی كه‌ وڵات پیایدا تێپه‌ڕده‌بێت و له‌وباره‌یه‌وه‌، لوئه‌ی سافی، وته‌بێژ به‌ناوی ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوه‌ به‌ سایتی سی ئێن ئێن-ی راگه‌یاندبوو: چۆن رژێمێك هه‌ڵبژاردن ده‌كات كه‌ نیوه‌ی گه‌له‌كه‌ی ئاواره‌ن و ٦٠% بۆ ٧٠%ی خاكه‌كه‌شی له‌ژێر ده‌ستیدا نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی به‌ نوكته‌ و كرده‌ی رژێمێكی شێت له‌قه‌ڵه‌مدا بوو.








سزای له‌سێداره‌دان بۆ رێبه‌رى ئیخوان موسلمین ده‌رچوو
دادگای تاوانه‌كانی میسر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٨ى بانه‌مه‌رِ سزای له‌سێداره‌ دانى به‌سه‌ر ٦٨٣ كادیر و لایه‌نگری ئیخوان موسلمیندا سه‌پاند و له‌ نێویشیاندا محه‌ممه‌د به‌دیعی رابه‌ری ئیخوان هه‌یه‌ و سزای ٣٧ كه‌س له‌وان له‌ لایه‌ن موفتییه‌وه‌ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌. پارێزه‌ری په‌روه‌نده‌كه‌ عه‌بدولمه‌لیك عه‌بدولڕه‌حیم رایگه‌یاند، دادگا په‌ڕاوی ٦٨٣ تۆمه‌تباری سه‌ر به‌ ئیخوانی ناردووه‌ بۆ به‌رده‌ست موفتی به‌ مه‌به‌ستی په‌سندكرانی سزای له‌داردانیان، له‌ ئاكامی به‌كارهێنای هێزی له‌ ئه‌ندازه‌به‌ده‌ر له‌ لایه‌ن سوپای میسره‌وه‌ بۆ په‌رته‌وازه‌كردنی خۆپیشاندانی ئیخوانه‌كان له‌ گۆڕه‌پانی رابیعه‌ی عه‌ده‌وی به‌ سه‌دان كه‌س كوژران. ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی میسر خوێنی رژاوی ئیخوانییه‌كانی رابیعه‌ و كوژرانی ژماره‌یه‌ك پۆلیسیان خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی باڵای ئیخوان.

ڕێکه‌وت: 2014-04-28 12:06:10
به‌شی ( هه‌واڵه‌كانى كوردستان، ئێران و جیهان ٨ى بانه‌مه‌رِى ١٣٩٣ )