خەباتمێدیا: رۆژی یەك شەممە 10ی رەشەممەی 1393 هەیئەتێكی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران سەردانی پێوەندییە كوردستانیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد. بە مەبەستی پیرۆز بایی كردنی دانانی بەرپرسی نوێی پێوەندییە كوردستانیەكان هەیئەتێكی سەركردایەتی سازمانی خەبات بە سەرپەرشتی بەرێز كاك كامیل نورانی فەرد بەرپرسی پێوەندییە كوردستانیەكان و ....
هاورێی بەرێزان خاتوو شیلان محەممەدی ئەندامی كومیتەی ناوەندی و كاك رەحمان پووركەریمی بەرپرسی پێوەندیی سلێمانی سەردانی پێوەندییە كوردستانیەكانيان كرد و بە گەرمی لە لایەن مامۆستا ئیكرام بەرپرسی نوێی پێوەندییە كوردستانیەكانی YNK و هەیئەتی هاورێی كەپێكهاتبوون لە بەرێزان مامۆستا مەحموود و كاك رێباز ئەندامانی پێوەندیی پێشوازیی كران. 
لەو دیدارە دا وێرای پیرۆزبایی كردنی هەیئەتی سازمان بە بۆنەی دانانی بەرپرسی نوێی پێوەندییە كوردستانیەكان و هیوا خواستن بۆ سەركەوتنی زیاتری پێوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەندین بابەت و باسی گرینگ قسە و ئاڵوگۆری بیرورای لەسەر كرا. 
لە باسی بارودۆخی كورد بە گشتی دوولایەن كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە كورد بە هەل و مەرجێكی ناسك و هەستیار دا تێدەپەرێ‌ و گەرەنتی بۆ پێشكەوتن و پاراستنی دەسكەوتەكان یەكگرتوویی و یەكریزی گەلی كوردە و لەو پێوەندییەدا زەرورەتی گرتنی كۆنگرەی نەتەوەیی بیرهێندرایەوە. 
لە كۆتایی دیدارەكەدا دوولایەن لەسەر پێوەندیی و دۆستایەتی لە مێژینەی نێوان سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران و یەكێـتی نیشتمانی كوردستان پێداگرییان كردەوە.  

ڕێکه‌وت: 2015-03-03 15:35:11
به‌شی ( سەردانی سازمانی خەبات بۆ پێوەندییە كوردستانیەكانی YNK )