رۆژنامەی ووشە لە ژمارەی 83ی خۆیدا ووتووێژێكی لەگەڵ بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران پێكهێنا كە تێیدا چەندین بابەتی سازمانی و كوردستانی بوونە مژاری ووتووێژەكە و بەرێز حسێنی وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەوان هێدایەت جان ی لەو پێوەندییەدا دایەوە كە ئەوەی خوارەوە دەقی ئەو ووتووێژەیە:
له‌ سالَی ٢٠٠٦ ناوی حزبەکەتان لە سازمانی خەباتی ئیسلامییەوە گۆڕی بۆ سازمانی خەبات، چ زەروورەتێک لەپشت ئەمەوە بوو کە ستراتیژییەکەتان لە ئیسلامییەوە بگۆڕن بۆ خەباتی نەتەوایەتی؟ لەوە تێگەیشتبوون کە لە رۆژهەڵات ئیسلامی سیاسیی پێگەیەکی ئەوتۆی نەماوە یاخود لەناوخۆی حزبدا گۆڕان بەسەر فکری سەرکردایەتیدا هاتبوو؟

- هۆکارەکان زۆرن و ره‌نگه‌  لەو دەرفەتەدا نه‌تواندرىَ پلەبەندی بکەین کە بۆچی سازمانی خەبات لە ئیسلامی نەتەوایەتییەوە گۆڕا بۆ نەتەوایەتی. سەرەتا ناوی سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامی بووە، واتا لە سەرەتاوە پرسی نەتەوەیی خاڵی سەرەکی کار و چالاکییەکانی ئێمە بووە. پێمان وابووە گەلی کورد گەلێکی مسوڵمانە و دەتوانین بەو بیر و باوەڕەی کە هەمانە خەڵکێکی زیاتر لەدەوری خۆمان کۆ بکەینەوە، بەتایبەت كه‌ خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی کورد دابوو و دەیگووت ئەوانەی لە کوردستانی ئێران خەبات دەکەن بەشی زۆری کافر و کۆمۆنیستن، بۆیە ئەوکاتە زەرورەتێکی ئاوا هەبوو و سازمانی خەبات ئەوکات بە راستی تەنزیماتێکی نەتەوەیی ئیسلامی هەبوو بەڵام نەک بەو مانایە کە ئیسلامییەکە خاڵی سەرەکی بێت .

ساڵی ٢٠٠٦ لەناو سازمانی خەباتدا کۆمەڵێک کەس گەیشتین بەو بڕوایە کە ئیتر کارکردی سازمانی خەبات بەناوی ئیسلامەوە بۆ ئێستا کارێکی پەسند نییە، بەتایبەت کە ئێمە سازمانێکی نەتەوەیی بووین و دەبوایە بۆ هەموانى شی بکەینەوە کە ئێمە لە ئەلقاعیدە جوداین و پێیان بڵێین ئێمە لەسەر ئەو بیر و بڕوایە نین کە رێکخراوێکی تیرۆریستی و توندڕەوی ئیسلامی هەیەتی. بۆ ئەوەش لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ئاینی لە ناوخۆی وڵات راوێژمان کرد، خوالێخۆشبوو مامۆستا سەید جەلال حوسێنی سەرەتا ناڕازیبوو لە لابردنی ناوی ئیسلامییەکە، بەڵام دواتر گەیشتە ئەو راستییەی کە  کارێکی شیاوە و سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامیمان کردە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و هەر رێچکەکەی پێشوومان بە هەندێک ئاڵوگۆڕەوە گرتە بەر، جاران کە دەمانگووت خەبات دەکەین بۆ هاتنە دی حکومەتێکی ئیسلامی دیموکرات لە کوردستان، ئێستا دەڵێین خەبات دەکەین بۆ هاتنە دی حکومەتێکی دیموکرات و پەرلەمانی لە کوردستانی ئێران.

* واتا ئێستا لەگەڵ ئەوەدان کە حکومەتێکی سیکۆلار لە داهاتووی رۆژهەڵاتدا بچەسپێت؟

- ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە حکومەت دەبێ لە ئاین جودا بێت، ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانە بکەیت کە حکومەتی ئیسلامی تیادایە، دەبێ یاسای شەریعە تیایدا حوکم بکات و لە کاتێکی ئاواشدا بەشێک لەو خەڵکەی لەگەڵ یاسای شەریعەتدا نین مافیان دەفەوتێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئیسلام بەشێکە لە سیاسەت، لەگەڵ ئەوەدا نین کە حکومەتێکی ئاینی و ئیسلامی هەبێت، بەڵام پێمان وایە ئیسلامیش بەشێکە لە سیاسەت و ناکرێ دژی بەشداریکردنی حزبی ئیسلامی بین لە حکومەتدا.

* هەردوو لایەنی سەرەکی رۆژهەڵات، دیموکرات و کۆمەڵەکان هاوڕان لەسەر دروشمی فیدڕالیزم بۆ رۆژهەڵات، بەڵام ئێوە تا ئێستاش باوەڕتان بە "ئۆتۆنۆمی" هەیە، چی شتێک وای کردووە کە ئێوە هەر لەسەر ئەو درووشمە بمێننەوە و فیدیڕالیزم قبوڵ نەکەن؟

- ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە درووشمێک هەڵبژێرین کە بۆمان جێبەجێ بکرێت، کاتێک ئێمە باس لە فیدرالیزم بۆ ئێرانێک بکەین کە لە ٦ نەتەوە پێک هاتووە، دەبێ ئەوەش بزانین کە فیدرالیزم بە رەزامەندی هەریەک لەو نەتەوانە دەچەسپێت، ئەگەر هات و یەک لەو نەتەوانە لەگەڵیدا نەبوو، ئەوا بە کردەیی هەڵدەوەشێتەوە.هه‌ر بۆیه‌ ئێمە پێمانوایە بۆ داهاتووی ئێران ناگونجێت و جێبەجێ ناکرێت. رەنگە بە شێوەی ستراتیژی و ریشەیی درووشمی سەربەخۆیی گونجاوتر بێت تا باسکردن لە فیدرالی. بۆیە ئێمە پێمانوایە بەپێی ئەو واقعە سیاسییەی کە لە ئێراندا هەیە، ئۆتۆنۆمی گونجاوترین رێگەیە بۆ ئەوەی بگەین بە مافی سەرەتایی گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران.

* ئێوە ئۆتۆنۆمیش لەسەر بنەمای نەتەوایەتی داوا دەکەن، خۆ بۆ ئەوەشیان نەتەوەی تر لە ئێراندا هەیە، نموونەی فیدڕالیزم لە عێراقدا هەیە، پێکهاتە و نەتەوەی تریش لەو وڵاتەدا بوونی هەیە، وەک شیعە و سونە و تورکمان و... بەڵام حکەمەتەکەی فیدڕاڵە و دانی بە هەرێمێکی فیدڕاڵی کوردی ناوە، ئەگەر بەپێی ئەو نموونەیەی ئێوە بێت ئۆتۆنۆمییەکەش هەر وەک فیدڕاڵیزم لە خواستێکی نەتەوایەتییەوە بەرجەستە بووە، بۆ ئەوەیان چ گەرەنتییەک هەیە کە پەسەند بکرێت؟

ویستی ئۆتۆنۆمی جیاوازی زۆرە لەگەڵ فیدڕاڵی، ئێمە وەک کورد بۆخۆمان داوای دەکەین، باسەکە لەسەر ئەوە نییە کە بڵێین داوای ئۆتۆنۆمی بۆ بەلوچ دەکەین، ئێمە وەک کورد چەندین ساڵە خەبات دەکەین بۆ مافه‌كانمان، واتا بۆ مافێک لە سنووری جوگرافیایی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆماندا، بەڵام کاتێک ئێمە دەڵێین فیدڕالی بۆ هەموو ئێران، واتا پابەندیان دەکەین و پێیان دەڵێین کە دەبێ ئێوەش ئه‌و مافه‌تان بوىَ، جیاوازییەکە لەوەدایە. سبەی کە ئۆتۆنۆمی درا بەکورد لەوانەیە کێشە نەبێ بەلای بەلوچێک یان تورکێکەوە. لە کوردستانی عێراق تەنیا کورد و بەشێکی کەمی سەرکردە عێراقییەکان دان بە فیدڕالیزمدا دەنێت ، ئەگینا ئێستا لەلای شیعەیەک باس لە فیدڕالی بکەی لە عێراقدا، گاڵته‌ى پێ دەکه‌ن و قه‌بولَیان نیه‌، تەنانەت لای سونەیەکی عێراقیش هەر وایە.

* لە کۆنگرەی نەتەوەیی دا رۆژهەڵات ٥ کورسی بەر کەوت کە هەر هەموویان دران بە کۆمەڵە و دیموکراتەکان، بۆچی لەو کۆنگرەیەدا ئێوە لەبەرچاو نەگیران و دەوریان پێێ نەدان؟

- بەداخەوە هەمیشە ئەو روانگە خراپە لەلای ژمارەیەک لە حزبەکانەوە هەبووە کە پێیان وا بووە دەتوانن بە رووبەڕوو بوونەوە و کۆسپ درووستکردن بۆ سازمانی خەبات، بە مەبەستەکانیان بگەن. ئەوان نەدەبوو ئەوە بکەن، چوونکە کاتێک سێ کۆمەڵە و دوو دیموکرات هەیە، دەبوو حزبی دیکەش هەبووایە، بۆ ئەوەی لە لیژنەکەی کوردستانی ئێراندا فرەچەشنی لە بیرکردنەوە و حزبە سیاسییەکان هەبێت. بەڵام دیار بوو ئەوان پێشتر رێک کەوتبوون، بەپێی ئەوەی ئەوەندە لە دژی یەکتر قسە دەکەن و تەنانەت هەندێک جار چەکیان لە بەرامبەر یەکتر بەکار دەهێنا و یەکتریان دەکوشت، پێم وا نەبوو لەو قۆناغەدا دەستە و دەستەبەندی بکەن و بۆخۆیان رێک بکەون و دەنگ بە یەکتر بدەن. تەنانەت لەوێ پێم گوتن ئەگەر ئەوەندە کۆکن و کێشەتان نییە، بۆچی کوڕی خەڵکتان توش كیَشه‌ كردوه‌و  بەیەکەوە بەردەوام شەڕە قسه‌و موناقەشەی توند و ناپیَویست دەکەن، ئەو کارەیان زۆر ناڕەحەتی کردم و پێموایە ئەوان بێ لوتفیان لەگەڵ دیموکراسی و ئامانجی کۆنگرەی نەتەوەیی کرد، پێشتریش گوتومە کە کۆنگرەی نەتەوەیی  ئامانجه‌كانى به‌و شیَوه‌ هه‌لَسوكه‌وته‌ لە ئێستاوە لە چاڵ نراوە.

* هەمووجارێ کە ناوی سازمانی خەبات هاتووە، باس لەوە کراوە کە پێوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ موجاهیدینی خەڵقی ئێران هەیە، ئێستا پێوەندیتان لەگەڵ ئەو گرووپە چۆنە، سەرباری ئەوەی کە درووشمە ئیسلامییەکەتان لابرد و تا رادەیەک ستراتیجییەکەتان گۆڕی، ئێستاش ئەو پێوەندییە گەرموگوڕەتان لەگەڵ موجاهیدین ماوە؟

- تەنیا ئێمە نین کە خوازیاری دۆستایەتی موجاهیدین بین،ژماره‌یه‌ك له‌ حزبەکانی کوردستانی ئێران بە حزبە سەرەکییەکانەوە زۆر جار بە سپاسەوە داوایان لە ئێمە کردووە دۆستایەتییان لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق بۆ درووست بکەین و زۆریشیان پێ خۆش بووە،سازمانى موجاهیدین دۆستایه‌تیان له‌ گه‌لَ بكا. ئەگەر ئەو حزبانەش لەگەڵ موجاهیدین دۆستایەتییان نییە هی ئەوەیە کە موجاهیدین دۆستایەتی لەگەڵ نەکردوون، موجاهیدین حزبی دیموکراتی لە "شوڕای ملی مقاوەمەت" دەر کردووە، ئەوە نییە کە تەنیا ئێمە باوه‌رمان  بە دۆستایەتی موجاهیدین هه‌بىَ.

* دەکرێ بە دیاریکراوی ناوی ئەو حزبە سەرەکییە بڵێیت کە داوای لێکردوون دۆستایەتی لەگەڵ موجاهیدین بۆ درووست بکەن؟

- نا بەداخەوە من ناتوانم لێرە ناوی بهێنم.

* کاتێک حزبی دیموکرات لە شوڕای میلی مقاومەت کشایەوە، دکتۆر قاسملوو نامەیەکی ٢٠ لاپەڕەیی بۆ مەسعود رەجەوی نووسی و هاتنەدەرەوەی حزبەکەی لەو شۆڕایە راگەیاند، باس لەوە دەکرێت لەو کاتەوە موجاهیدینی خەڵق سازمانی خەباتی بۆ دژایەتی حزبی دیموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێناوە؟

پێوەندی ئێمە لەگەڵ موجاهیدین پێوەندییەکی سیاسییە و ئەو پێوەندییە سیاسییەی کە ئێمە لەگەڵ موجاهیدین هەمانە زۆر ئاساییترە لەو پێوەندییە سیاسییەی کاتی خۆی حزبی دیموکرات لە شوڕای ملی مقاومەتدا لەگەڵ موجاهیدین هەیبووە، ئێمە ئەندامی شوڕای ملی مقاومەت نەبووین و حزبی دیموکرات ئەندامی بووە، ئێمە تەنیا لەسەر چه‌ندین خاڵى گرینگ و به‌ پىَ به‌ند بوون به‌ به‌لَیَنیه‌كان لەگەڵ سازمانى موجاهیدین دۆستین .

* ئەو خاڵانە بە دیاریکراوی چین؟

- هەردوو لامان پێمان وایە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک وتوێژی لەگەڵ ناکرێت و دەبێ دەسەڵاتی بەسەر ئێراندا نەمێنێت و تا لە دەسەڵاتدا بێت ئازادی و دیموکراسی بۆ ئێران ناگەڕێتەوە، ئەو خاڵەش کە دەبێ دەسەڵاتێکی دیموکرات و پەرلەمانی لە ئێراندا حوکم بکات و لەسەر بابەتی ئۆتۆنۆمی کە موجاهیدینیش دانی بە مافی ئۆتۆنۆمی کوردستانی ئێران ناوە.

* وەڵامی ئەوەم دەست نەکەوت بۆچی موجاهیدینی خەڵک تا ئەو رادەیە سازمانی خەباتی بەکار هێناوە بۆ دژایەتی کردنی هێزێکی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان؟

ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە موجاهیدین کاریگەری سیاسی لەسەر ئێمە هەبووبێت و بە دژی لایەنێک بەهاری هێنابین، بە هیچ شێوەیەک درووست نییە، ئەگەر ئێمە ئەو کارەمان کردبا، دەبووین بە ئەندامی شوڕای ملی مقاومەت، لەوانەیە لە هەموو بوارێکەوە سوودی بۆ ئێمە زیاتر بووبا، ئێستاش ئەگەر حزبی دیموکرات لە ئەورووپا دەستی زیاتر دەڕوات، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە شوڕای ملی مقاومەتدا ئەندام بووە. بۆیە ئێمە وەک هێزێکی سیاسی سەربەخۆین و پێوەندیمان لەگەڵ پەکەکە و تەنانەت بە نیوەچڵی لەگەڵ پەژاک و هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە و خۆمان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا قەتیس نەکردووە.

* ئێستا پێوەندیتان لەگەڵ موجاهیدینی خەڵقی ئێران چۆنە؟

- پێوەندییەکی زۆر دۆستانەمان هەیە و سازمانی موجاهیدینی خەڵق بە هێزێکی شۆڕشگێڕ و خەباتکار دەزانین و پێمان وایە بۆ داهاتووی ئێران کەڵکی زۆری هەیە و هێزێکە کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار شەهیدی هەیە و بنەماڵەی ئەو شەهیدانە لە داهاتووی ئێراندا دەوریان دەبێت و هێزێکە کە ناتوانی حسابی لەسەر نەکەیت، واتا نە دۆست دەتوانێ حیسابی لەسەر نەکات و نە دوژمن، هەر ئەوەی کە رژێمی کۆماری ئیسلامی تا ئەو رادەیە لێی دەترسێت، دەیسەلمێنێت کە گرنگی خۆی هەیە.

* بەڵام قسە لەسەر ئەوەش هەیە کە موجاهدین لەگەڵ رژێمی بەعسی عێراق دەستی هەبووە لە پرۆسەی ئەنفال و کوشتوبڕی کوردانی باشوور، رای ئێوە لەسەر ئەو بۆچوونانە چییە؟

- ئێمە نزیک بە ١٦ کادیرمان لە کوردستانی عێراقدا تیرۆر کراوە، بە سەرجەمی ئەندام و لایەنگرانی حزبەکانی کوردستانی ئێران نزیک بە ٣٠٠ کەس لە کوردستانی عێراقدا تیرۆر کراون، خۆ ئەوانه‌  موجاهیدینی خەڵ نه‌بوون ، ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر مەقەڕی سازمانی خەبات و حزبەکانی تری کوردستانی ئێران لە عێراقدا، پێوەندی بە موجاهیدینەوە هەبوو؟ ئەو هێزەی لە مەریوانەوە هاتە سەر کۆیە،ئایا  موجاهیدین بوون؟ بیَگومان ئه‌گه‌ر ئیَمه‌ش بمانتوانیایه‌ دیفاع له‌ خۆمان بكه‌ین كاتیَك ئه‌ندامانمان ترۆر ده‌كران و یا هیَرش ده‌كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ئه‌گه‌ر دیفاع بكرایه‌ چ شتیَك و چ تاوانیَك ده‌خرایه‌ پالَ .کەواتە ئەوانە تەنیا قسەن، رەنگە موجاهیدین بەڵگەی زۆری هەبێت لەسەر ئەوەی بیسەلمێنێت کارێکی لەو چەشنەی نەکردووە، ئێمەش لەگەڵ هێزێک کە دەستی لە کوشتنی کورد دا هەبێت بەشداری ناکەین. ئایا سازمانی خەبات کە ئەوهەمۆ فیداکارییەی کردووە بۆ کوردستانی ئێران و تورکیا و تەنانەت کوردستانی عێراق، کە ئێمە لە راپەڕیندا بەشداری و رۆڵی سەرەکیمان هەبووە لە دەرکردنی سەدام حوسێن لە کوردستانی عێراقدا، ئێستا دێین لەگەڵ هێزێکی سیاسی دۆستایەتی دەکەین کە لەدژی کورد بووبێت. بۆیە ئێمە نە بەڵگەیەکمان بۆ ئەوە هەیە و نە قەت باوەڕ دەکەین موجاهیدین کارێکی لەم شێوەیەی کردبێت.


ڕێکه‌وت: 2015-03-06 19:19:05
به‌شی ( ووتووێژی رۆژنامەی ووشە لەگەڵ بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان )