خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!ئافرەتانی خەباتكارو مافخوازی وەڵاتەكەمان!بەبۆنەی رۆژی 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەی ئافرەتان،پیرۆزبایی پێشكەش بە ئافرەتان و خەڵكی وەڵاتەكەمان دەكەین. هەروەها بەم بۆنە پیرۆزەوە سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو مرۆڤە خەباتكارو تێكۆشەرانەی كە لە پێناو مرۆڤایەتیدا هەوڵیان داوەو بۆ جیهانێكی باشتر تێكۆشاون. ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی 8ی مارس و دەسكەوتی ئەم رۆژە مێژوویە بەرز دەنرخێنین و یاد دەكەینەوە،كە ناووچەكەو جیهان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەرێت و رۆژ لە دوای رۆژ گۆڕانكاری نوێ‌ ڕوو دەدەن.
بێگومان ئەم گۆرانكاری وبارودۆخە كاریگەری لەسەر خەباتی ئافرەتان وژیانیان داناوەو لە هەموو باریكەوە سیبەری خستۆتە سەر ژیان وخەباتی ئەم چینە گرینگەی كۆمەڵگا.جیهان بە گشتی كە شەپۆلێكی بەرینی گۆڕانی سیاسی وكۆمەڵایەتی و فەرهەنگی گرتویەتەوەو ڕابوونێكی نارەزایەتیش سەری هەڵداوە،بەرەو ئەو ئاقارە دەروات كە پێویستی بە هێزی نوێ‌ ومیكانیزمی تازەیە تا بتوانێت جۆرێكی دیكە جیهان ڕابەرایەتی بكات.دۆزو بارودۆخی ئافرەتان بە تایبەت لە كوردستان گرێدراوی ئەم هەل ومەرجەیەو ئێمە وەك رێكخراوی ئافرەتان دەبێت بە خوێندنەوەی نوێ‌ وڕیالیزمانە لەم تەوژمە سیاسی ونیزامی وئابوری وهاووكات ڕۆشنگەریە بڕوانین و لە یادی رۆژی نێونەتەوەیی 8ی مارس كە رەمزی خەبات و بەرخودانی ئەم چینە گرینگەی كۆمەڵگایە،گەڵاڵەو بەرنامەی نویێ‌ خۆمان بۆ بە گژدا چوونەوەی ستەم و نابەرابەریەكان دابڕێژین وسەختی ونابەرابەریەكانی ڕابردوو وەبیر ئەم نەسڵە بێنینەوە وئەوە بڵێنەوە كە مێژوو پێك دێت لە بەربەست وناخۆشی وشەڕ وشۆر ونەهامەتی وبرسیەتی و ئێمە وەك ژنان ئامادەی هەر جۆرە بەرەوو ڕوو بوونەوەیكن وەك رابردو و ئیستاش لە ئەگەری ئەم گۆرانكاریانەدا، خۆ دەگونجێنین لەگەڵ هەموو بارودۆخە سەخت وهەورازو نشیوەكاندا.
ئافرەتانی ماندوویی نەناسی كوردستان!
ئافرەتانی كوردستان كە بە درێژایی مێژوو چەوسانەتەوە ولە بێمافیدا ژیاوون،خەبات وتێكۆشانی خۆیان لە هەمبەر گەیشتنیان بە مافەكانیان بۆ ساتێكیش ڕانەگرتوە.لەگەڵ ئەوەی كە لە خانەوادەشدا مافیان وەك یەك پارێزراو نیە،هاووكات ستەمی نەتەوایەتیشیان لە سەرە ودەبێت لەگەڵ تێكۆشان وموبارزەی چینایەتی،خەباتی نەتەوایەتیش هاووشانی براكانیان ئەنجام بدەن.لەشۆرشی ڕەوای گەلەكەمان بۆ گەیشتن بە مافەكانی ،ئافرەتان پێش هەنگاوو بوون ولەم پێوەندیەشدا كەمیان نەهێناوە.لەراستای خەباتی چینایەتیدا زۆر هێمنانە تێكۆشاوین وهیچ لەمپەرو بەربەستێك نەیتوانیوە لە ڕێچكەی خەباتمان لاماندا.ئێمە وەك رێكخراوی ئافرەتان لەگەڵ رێزو پێزانینمان بۆ تێكۆشان وشۆڕشی ئافرەتانی پێشڕەو داهێنەری جیهان، زۆر سودمان لە ئەزموونیان وەرگرتوە،بەڵام بە گەڕانەوە بۆ رابردووی ئافرەتانی نێوداری نەتەوەكەمان وبە ئیلهام وەرگرتن لێیان،خەباتێكی خۆماڵیانەمان دەست پێكردوەو پێمان وایە لەم پێوەندیەدا سەركەوتنی مەزنمان تۆمار كردوە كە مێژووش وەك ڕچە شكێن ناومان دێنێت.
دۆخی ئافرەتان لە نێو خۆ،كە دۆخێكی مەترسیدارەو لەگەڵ دەیان گرفتدا بەرەوو ڕوو بوونەتەوە،رێكخراوی ئافرەتانی لەگەڵ ئەركێكی گەورە بەرەوڕوو كردۆتەوە.ئێمە بە پێی قەوارەی خۆمان وقۆرساییمان لە نێو خۆ ،هەوڵێكی ڕۆشنگەریمان دەست پێكردوەو لەگەڵ پیاوانی ئازادیخوازو ئەو مرۆڤانەی بەتەنگ ڕزگاری ئینسانەوەن،دەمانهەوێت دڕ بدەین بە تاریكی ورۆژێكی نوێ‌ بۆ ئافرەتانی وەڵاتەكەمان بهێنینە ئاراوە،كە بێگومان ئەم ئەركە ئاسان نیە وپێویستمان بە یەكڕیزی ویەك گوتاری هەموو رێكخراوەكانی ئافرەتان لە كوردستانە .ئێمە ئامادەین لەگەل باقی رێكخراوەكانی ئافرەتان لە كوردستان كار بكەین بۆ یەك گوتاری سەبارەت بە ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیەكانی سەر ئافرەتان وهەموو لەو ڕاستایەدا هەنگاوو هەڵگرین كە دۆخی ئافرەتان لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی دەربچێت و وەك رێكخراویێكی كارای سیاسی بێتە مەیدان تا ڕووداوەكانی شەنگاڵ وباقی ناووچەكانی دیكە دووبارە نەبێتەوەكە لەهەموو شەڕو ئاژاوانەدا ئافرەتان بوونە قۆربانی. 
پیرۆز بیت 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان
هەر شەكاوە بیت ئاڵای ئازادی ومرۆڤایەتی
رێكخراوی ئافرەتانی خەباتی كوردستانی ئێران
8/3/2015


ڕێکه‌وت: 2015-03-08 16:04:06
به‌شی ( پەیامی رێكخرای ئافرەتانی خەباتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتان! )