خەباتمێدیا: رۆژی شەممە 7/3/2015 هەیئەتێكی بەرزی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران سەردانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانیان كرد. هەیئەتێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێر بە سەرپەرشتی بەرێز كاك عەبدوڵلای موهتەدی لە لایەن هەیئەتێكی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بە سەرپەرشتی  بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان...
 پێشوازیی گەرمیان لێكرا. 
لەو دیدارە دۆستانەیە دا چەندین بابەتی گرینگی سیاسی رۆژ ئاڵوگۆری بیروڕای لەسەر كرا. لە ناوباسەكاندا جەنگی كورد  دژی  داعش و ئاكام و زیان و هەرەشەكانی ئەو رێكخراوە ترۆریستیە بیرورای لەسەر گۆردرایەوە. هەروەها باسی ئێران و كێشەی نێوان باڵەكانی دەسەڵات و بەربەرەكانی ئاخوندان لە پێوەند بە مەجلیسی خوبرەگان و ووتوێژی ئەتۆمی لە گەڵ ووڵاتانی 5+1 و بارودۆخی جوڵانەوەی كورد لە كوردستانی ئێران لە تەوەرە سەرەكیەكانی باسەكانی نێوان دوو هەیئەت بوو. لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا ، هەلومەرجی سیاسی جوڵانەوەی كوردستانی ئێران وحیزب و جەماوەری كوردستان و لەمپەر و كۆسپ و رێگەكارەكان بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستا قسە و باسێكی تێر و تەسلی لەسەر كرا. هەر لەو پێوەندییەدا باسی كۆنگرەی رۆژهەڵات  لە لایەن هەیئەتی میوان هاتە ئارا و لەو بارەوە سازمانی خەبات بۆچوونی خۆی دەربڕی و بە گشتی لێك نزیكبوونەوە و یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسیەكان بە بابەتێكی حەیاتی و زەروری زاندرا. 
لە كۆتایی دیدارەكە دا هەر دوو لایەنی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەسەر بەردەوامی پێوەندیی و دۆستایەتی لە مێژینەیان پێداگرییان كردەوە و لە دوای ئەو كۆبوونەوە دۆستانەیە  هەیئەتی میوان زۆر  بە رێزەوە بەرێكران. 


ڕێکه‌وت: 2015-03-08 18:21:58
به‌شی ( دیداری نێوان كۆمەلەی شۆڕشگیری زەحمەتكێشانی كوردستان و سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران )