خەباتمێدیا: رۆژی یەكشەممە 8ی مارسی 2015 بە ئامادەبوونی ژمارەییك لە ئافرەتانی ریزەكانی سازمانی خەبات و بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستان رێورەسمێك بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی 8ی مارس لە یەكێك لە ساڵۆنەكانی بنكەی سەركردایەتی سازمان بەرێوەچوو. سەرەتای رێورەسمەكە بە دەقیقەیێك وێستان بۆ رێزگرتن لە روحی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد. پاشان كورتەمێژووێك لە سەر رۆژی 8ی مارس...
 لە لایەن خاتوو ئەوین فەرەجی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری رێكخراوی ئافرەتان خوێندرایەوە.  پاشان داوا لەبەرێز كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران كرا بەو بۆنەوە پەیامێك پێش كەش بكات. بەرێز حسێنی لە سەرەتای ووتەكانی وێرای پیرۆزبایی كردنی ئەو رۆژە لەسەرجەم ژنانی جیهان و ئێران و كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە لەكۆمەڵگای كوردەواری دا لە كۆن هەتا ئێستاش بە هۆی كۆمەلێك هۆكاریی نەریتی و یاسای ناعادیلانە وەكوو پێویست گرینگی بە دەور و كاریگەری و توانای ئافرەتان نەدراوە. 
بەرێز كاك بابەشێخ باسی گرینگی دەور و نەخشی ژنانی كوردی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان كرد و لە بەراوەردێك لەگەڵ ئەو ژنانەی كە بوونە فاكتەری بە جیهانی كردنی رۆژی ژنان رەوڵی ئافرەتانی كوردی بە كەمتر لەو ئافرەتانە نەزانی و لە ئاماژە بە چەندین نمونەی تاریخی و هەروەها لەمێژووی ئێستاش پێگەی ژنانی كوردی بە پڕ بایەخ و یەكجار گرینگ زانی. بەرێز بەرێوەبەری گشتی لە درێژەی ووتەكانی دا ئاماژەی بە دەوری ئافرەتان لە ناو ریزەكانی سازمانی خەبات كرد و ووتی هەر چەند لە كۆنەوە ئافرەتان لەناو ریزەكانی سازمانی خەبات دەوری بەرچاویان هەبووە بەڵام بە خوشحالیەوە ئەمرۆ دەور و پێگەی ئافرەت لە ناو ریزەكانی سازمانی خەبات بە هەوڵ و هیممەتی ئافرەتانی خۆنەویست و هەڵسوور و بریاری شۆڕشگێرانەیان دەورێكی حاشاهەلنەگر و بەرچاوترە لە رابردوو. 
بەرێز حوسێنی ووتی: بەداخەوە لە كۆمەڵگای كوردەواری هەتا هەنوكەش كوت و بەند لەبەردەم گەشە و پێش كەوتنی ئافرەتان بوونی هەیە هەم لە لایەن كۆمەڵگا و خانەوادەكان و هەم لە لایەن دەسەڵاتەوە كە بە یاسا پێشێلكاریی لەراست ژنانی چەسپاندووە. 
بەرێز كاك بابەشێخ حسێنی لە درێژەی ووتەكانی دا بە ئاماژە بە فشارەكانی دەسەڵاتی ئاخوندیی و قەیرانە قووڵەكانی كە بەرۆكی دەسەڵات و كۆمەڵگای ئێرانی گرتووە، فشارەكانی بۆ سەر ژنانی ئازادیخواز بە تاقەت پرۆكێن زانی و لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەو خاڵە كرد كە سەرەرای هەموو فشارەكان ئافرەتانی هەڵسووری ئێران و كوردستان لە پێش كەوتن و گەشەی زیاتر دان و ئەمرۆ جوڵانەوەی ئافرەتان گرینگترین بزووتنەوەی دژی حكوومەتیە كە رۆژ لەدوای رۆژ مەترسی بۆ سەر ئاخوندان زیاتر دەكات. 
بەرێز بەرێوە بەری گشتی سازمانی خەبات لە كۆتایی قسەكانیدا ووتی: سازمانی خەبات بە پێی ئەو بریارەی لەسەرەتاوە داویەتی بەردەوام دەبێ لەسەر پشتگیری خەباتی ئافرتانی كورد و ئومیدوارین چالاكی ئافرەتان پەرەی پێبدرێ‌ و هەموو كۆت و بەندەكانی بەر رێگەیان بشكێنن .
لەدوای ووتەكانی  رێزدار كاك بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران پەیامی رێكخراوی ئافرەتانی خەباتی  كوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز خاتوو زێنەب حسێنی بەرپرسی رێكخراوی ئافرەتانەوە پێش كەش كرا. پاشان پەیامی رێكخراوی لاوانی خەبات ی كوردستان لە لایەن بەرێز كاك ئارام سلێمانی بەرپرسی رێكخراوی لاوان پێش كەش كرا. هەر بەو بۆنەوە چەندین شیعر و پەخشان لە لایەن هاورێیانی پێشمەرگە لە رێورەسمەكەدا پێش كەش كرا. 
رێورەسمەكە بە پیشاندانی كورتە فیلمێك لەسەر رۆژی 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژنان كە لە لایەن بەشی راگەیاندنی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێرانەوە ئامادەكرابوو كۆتایی پێهات.

ڕێکه‌وت: 2015-03-09 18:23:51
به‌شی ( بەرێوەچوونی رێورەسمی 8ی مارس لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات )