__ خوێندكارێكی كورد لەلایەن دەزگای قەزاییەوە ٥٠ زەربە قامچی لێدرا__ دەستفرۆشیكی خەڵكی خورەمشار بە نیشانەی نارەزایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا __ وریایی هێزەكانی 14ی مارسی لوبنان بۆ رژیمی ئاخوندی __ دانووستانە ئەتۆمیەكان ئەمرۆ دەست پێدەكاتەوە__ بڵاوبوونەوەی سەرژمێری دەركردنی یەك میلیۆن كەس لەماوەی ساڵی رابردوو __ یەمەن.. بەرەی رزگاری لەدژی حوسییەكان پێكهێنرا__ كوژراوانی سوریا (215) هەزار كەسی تێپەڕاند ... یانزە ملیۆنیش ئاوارە بون__ پنتاگۆن: لە ماوەی‌ پێنج رۆژدا 250 چەكداری‌ داعشمان لە عیراق كوشتووە

خوێندكارێكی كورد لەلایەن دەزگای قەزاییەوە ٥٠ زەربە قامچی لێدرا
یەكێك لە چالاكانی خوێندكاریی كوردی خەڵكی مەریوان، بە بڕیاری دەزگای دادوەریی حكوومەتی ئیران، ٥٠ زەربە قامچیی لێدرا. بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دانا لەنجاوایی یەكێك لە چالاكانی خوێندكاریی كورد لە زانكۆی پەیام‌نووی سنە ، لە دادگەی ئینقلابی شاری مەریوان، حوكمی لێدانی ٥٠ زەربە قامچیی بەسەردا جێبەجی كرا.ئەو چالاكە خوێندكارییە كوردە، بە تۆمەتی "تێكدانی نەزمی گشتی" (لە رێگەی بەشداری كردن لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییانی مەریوانی دژ بە لەسێدارەدانی شێركۆ مەعارفی) دادگەیی كراوەو لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە حوكمی قامچێ لێدانی بۆ بڕابوویەوە. بە بڕیاری دەزگای قەزایی ٥٠ زەربە قامچی لە دانا لەنجاوایی خوێندكاری كورد لە زانكۆی پەیام نوری سنە، درا ئەو هاووڵاتییە رێكەوتی ١٩ی خاكەلێوەی ئەمساڵ بە تۆمەتی هەوڵدان "دژی تەناهیی نەتەوەیی" دادگەیی كراو سەرئەنجام رێكەوتی ١ی جۆزەردان حوكمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕابوویەوە.





دەستفرۆشیكی خەڵكی خورەمشار بە نیشانەی نارەزایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا 
هاووڵاتییەكی عەرەبی خەڵكی خوڕەمشار (محمرە)ی سەربە ئوستانی خووزستان، بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەوەیكە مەئموورانی شارەوانی دەكەی میوە فرۆشییەكەیان لێ تێكدابوو، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا. رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٣ی رەشەمە یوونس عساكەرە، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی خوڕەمشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێكدرانی دەكەی میوە فرۆشییەكەی بەدەستی مەئموورانی شارەوانی، كە تاقە سەرچاوەی داهاتی ژیانی خۆی و بنەماڵەكەی بوو، لەبەردەم شارەوانیدا لە رێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆكوشتنی دا. ئەو هاووڵاتییە عەرەبە، بەهۆی سووتانی لەرادە بەدەرەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز و پزیشكانی ئەو نەخۆشخانەیە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندووە. دەگوترێ، مەئموورانی شاروەانی( موحەمەرە) بە بڕیاری فەرمانداریی ئەو شارە دەستیان بە تێكدانی دەكەی مێوە فرۆشەكان كردووەو لە ئەنجامدا تێكهەڵچوون لە نێوان مەئموورانی شارەوانی و میوە فرۆشەكاندا هاتۆتە ئاراوە.




وریایی هێزەكانی 14ی مارسی لوبنان بۆ رژیمی ئاخوندی 
لە لوبنان هێزەكانی 14ی مارس بریاریان دا شۆرای نەتەوەیی خۆیان بە بوونی حیزب و رێكخراو و پێكهاتە مەدەنیەكان دروست بكەن.  هێزەكانی 14ی مارس لە راگەێندراوێكدا رژیمی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە لەرێگەی بەكرێگیراانیەوە بە سەركردایەتی حیزبی شەیتان لە ناوچەكە بشێوی دروست دەكات. فوئاد سینیۆرە سەرۆك وەزیرانی پێشووی لوبنان لەو كۆبوونەوەیە دا هەروەها حیزبی شەیتانی  بەوە تۆمەتبار كرد كە بە سیاسەتی كات كوشتن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لوبنان لە هەوڵ دایە لەو چەكە وەك كارتێكی فشار بۆ ووتووێژەكان لەگەڵ باقی گرووپە سیاسیەكان كەڵك وەرگرێ‌. 




دانووستانە ئەتۆمیەكان ئەمرۆ دەست پێدەكاتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە نوێنەرانی وڵاتانی (5+1) ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا بۆ كۆبونەوە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران بگەنە شاری لۆزانی سویسرا و دەست بە گفتوگۆكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران بكەنەوە. كیری‌ پێش گەشتەكەی بۆ سویسرا و دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ كەناڵی‌ (سی‌ بی‌ سی‌) رایگەیاند: هیوامان بەوە هەیە كە تا (31)ی ئەم مانگە لەگەڵ ئێران لە سەر بەرنامە ئەتۆمییەكە بگەینە رێككەوتن و هەمو هەوڵێكی‌ خۆشمان دەدەین بۆ ئەو مەبەستە. وتیشی‌ "ئەگەر هەمو لایەنەكان لەوە دڵنیاببنەوە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەرنامەیەكی ئاشتیانەیە، ئەوان دەتوانین بگەینە ئەنجامێك".





بڵاوبوونەوەی سەرژمێری دەركردنی یەك میلیۆن كەس لەماوەی ساڵی رابردوو 
لە كاتێكدا كە دەوڵەت باس لە دروست كردنی 400 هەزار و لەناوبردنی 200 هەزار دەرفەتی كار دەكات  و ناوەندی سەرژمێری دەڵێ 663 هەزار كەس بۆ داواكارانی كار زیادی كردووە سەرژمێری نوێ لە دەركردنی یەك میلیۆن كەس لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوو بلاو بۆتەوە.  پێراگەیشتن بە سەرژمێرییەكان دەریدەخات كە بارودۆخی بێكاری لە پاییزی ساڵی رابردوو لە چاو پاییزی ئەمساڵ باس لەوە دەكەن كە نە تەنیا  ئاڵوگۆرێك لە نرخی بێكاری دروست نەبووە بەڵكو 2 لەسەر 10 لەسەدیش بەو ئامارە زیاد بووە. لە لایێكی دیكەوە 119 هەزار و 462 خوازیاری كاریش بە سەرژمێری بێكتاران زیاد بووە. 






یەمەن.. بەرەی رزگاری لەدژی حوسییەكان پێكهێنرا
چەند لایەنێكی سیاسی و سەندیكا و رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لە سەنعای پایتەختی یەمەن، بەرەیەكی یەكگرتوویان بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەكان پێكهێنا. سایتی روسیا تودەی بڵاویكردەوە: ئەو بەرەیە لە حەوت پارتی سیاسیی وەك گردبوونەوەی چاكسازی و رێكخراوی ناسری و حزبی رەشادی سەلەفی و پارتی دادپەروەری و بنیادنان و كۆمەڵەی ئاشتی و گەشەپێدان و كۆنگرەیی میللیی گشتیی باشور  پێكهاتووە كە ناوی بەرەی رزگاریی نیشتمانیی بۆ دژایەتیكردنی حوسییەكان لێنراوە. هەر لە بەرەی دژبە حوسییەكان، پێنج پێكهاتەی سەربە بزووتنەوەی ئاشتیخوازی باشور و چەند كوتلەیەی پەرلەمانی و 11 بزووتنەوەی تایبەت بە شۆڕش و گەنجان و 16 رێكخراوی مەدەنی بەشدارییان كردووە. لەلایەكی دیكەوە، عەبد رەبە مەنسور، سەرۆكی هەڵاتووی یەمەن، لە شاری عەدەنەوە چەند بڕیارێكی دەركرد كە یەكێكیان گەڕانەوەی ژمارەیەك ئەفسەر بوو بۆسەر كارەكانیان كە لە سەردەمی عەلی عەبدوڵا ساڵح و لە ساڵی 1994 بەهۆی جەنگی جیابوونەوەی بەشی باشووری ئەو وڵاتە، لەسەركارەكانیان لابرابوون. هەر لەنێو ئەو بڕیارانە، سەرۆكی یەمەن بڕیاریدا 20 هەزار گەنجی بەشی باشووری وڵاتەكەی بخاتە خزمەتی سەربازی و دووبارە هاوسەنگی لەناو هێزەكانی سوپا پەیدا بكاتەوە.




كوژراوانی سوریا (215) هەزار كەسی تێپەڕاند ... یانزە ملیۆنیش ئاوارە بون
شەڕ و پێكدادانەكانی سوریا پێدەنێتە ساڵی پێنجەمەوە و بەهۆی شەڕ و پێكدادانە بەردەوامەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ئەو وڵاتەوە زیاتر لە (215) هەزار كەس بونەتە قوربانی و ئاوارەكانیش چوار ملیۆنیان تێپەڕاند. روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرایكرد: لەسەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی سوریا و پاشان شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە زیاتر لە (215) هەزار كەس بونەتە قوربانی. رامی عەلدولڕەحمان، سەرۆكی روانگەكە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە لەسەرەتای دەستپێكردنی ناڕەزایەتییەكانی سوریاوە لە (15)ی ئازاری ساڵی (2011)ەوە تائێستا (215) هەزار و (518) كەس كوژراون لەو ژمارەیەش (66) هەزار و (109) كەسیان هاوڵاتی مەدەنین و لەنێو مەدەنیەكانیشدا دە هەزار (808) كەسیان منداڵ و (39) هەزار و (227) كەسیان چەكداربون، بە شەڕڤانانی كوردیشەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو كە سوپای سوریاش (46) هەزار و (138) سەربازی لەدەستداوە و (674) چەكداری حیزبوڵای لوبنانیش كە هاوشانی رژێمی سوریا شەڕدەكەن كوژراون و (2727) چەكداری شیعەش كە لە وڵاتانی جیاوازەوە چونەتە پاڵ رژێمەكەی سوریا لەو شەڕەدا كوژراون. ئاماژەی بەوەشكردوە، زیاتر لە پێنج هەزار كەس تەنها لەسەرەتای مانگی شوباتی رابردوەوە بونەتە قوربانی ناكۆكییەكانی سوریا.بەپێی ئامارەكانی روانگەی سوری، لەماوەی چوار ساڵی رابردودا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس ئاوارە بون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارەیان چونەتە لوبنان. لەناوخۆی سوریاش زیاتر لە حەوت ملیۆن كەس ئاوارە بون و زیاتر لە (60%)ی دانیشتوانی ئەو وڵاتەش روبەڕوی برسێتی و هەژاری بونەتەوە و بە ئاسانی خۆراك و ئاوی خواردنەوەیان دەست ناكەوێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی گەمارۆدراون.





پنتاگۆن: لە ماوەی‌ پێنج رۆژدا 250 چەكداری‌ داعشمان لە عیراق كوشتووە
كۆڵۆنێڵ ستیڤ وارن وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ بەرگری‌ ئەمریكا پنتاگۆن رایگەیاند، ولایەتە یەكگرتووەكان لەماوەی‌ ئەم چەند رۆژەی‌ دواییدا چەندان هێرشی‌ ئاسمانی‌ لە عیراق كردە سەر چەكدارانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ (داعش) و لەو هێرشانەشدا 250 چەكداری‌ ئەو رێكخراوە توندڕەوە لە ناوچە جیاجیاكانی‌ عیراق كوژراون. ستیڤ وارن لە لێدوانێكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە هەر شوێنێك گردبوونەوەی‌ چەكدارانی‌ دوژمن بەدی‌ بكەن، بۆردومانی‌ دەكەن و لەم هەفتەیەشدا فڕۆكەكانیان لە فەلـلوجە و كەركوك و موسڵ و بنكەی‌ ئەسەد و رومادی‌ و حەدیسە و چەند ناوچەیەكی‌ تر، هێرشی‌ چڕیان كردووەتە سەر تیرۆریستانی‌ داعش".وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ بەرگری‌ ئەمریكا، وتیشی‌: "چەكدارانی‌ داعش پێشتر گردبوونەی‌ زۆریان هەبوو، بەڵام لەدوای‌ ئەو هێرشانە، لەو گردبوونانە دووردەكەونەوە".بە وتەی‌ ستیڤ وارن: "ولایە یەكگرتووەكان لەئێستادا تێبینی‌ ئەوەی‌ كردووە كە چەكدارانی‌ داعش، بە رووبەری‌ نزیكەی‌ پێنج هەزار میلی‌ چوارگۆشە زەویان لە عیراقدا لە دەستداوە هێزە عیراقییەكانیش لە پێشڕەوی‌ بەردەوامدان".



ڕێکه‌وت: 2015-03-15 15:48:53
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان و ئێران و جیهان (24ی رەشەممەی 1393) )