١٦ی مارسی ١٩٨٨ بیرهێنەرەوەی رووداوێكی دڵتەزێن و هەژێنەرە كە لە لایەن رژیمی بەعسی سەدام حوسێن لەدژی كوردانی كوردستانی عێراق و دژ بە شاری هەڵبجەی قارەمان بەرێوە چوو. رژیمی بەعس لە بڕیارێكی نامرۆڤانە و جینایەتكارانە شاری هەڵبجەی كردە ئامانجی بۆمبە شیماییەكانی و لەماوەێكی كەم دا زیاتر لە ٥ هەزار هاوەلاتی بێ تاوان لە ژن و پیاو و منداڵ و پیری ئەو شارەی قەتل و عام كرد و كارەساتێكی مرۆیی خوڵقاند. رژیمی سەدام بە بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتیەكان و بایەخە مرۆڤایەتیەكان گیانی هەزاران مرۆڤی بێ تاوانی بە بێ هیچ ترس و ...
سڵەمینەوەیێك لە پێش چاوی كۆمەڵگای جیهانی و ناوەندەكانی پارێزەری  دیموكراسی و جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ  لە چركە ساتێكدا لەناوبرد و كردنیە سووتەمەنی سیاسەتە شوومەكانی. بەڵێ لەسەدەی بیستەم و لەناو جیهانێك كە تەنانەت ئازاردانی ئاژەلێك لەبەرچاوی گشتی و پارێزەرانی ماف وون نەدەبوو، بینیمان چۆن ملۆزمێكی تاوانكار ئەو جینایەتەی لەسەر كورد رەوا دیت و دەستێكی ناپاك فەرمانی نەمانی هەزاران مرۆڤی كوردی دەركرد.
هەرچەند سەدام حوسێن یەكێك لە گەورەترین دەسەلاتدارانی جینایەتكار بوو، بەلام ئەوەندەش كوردی چارەڕەش بێ پشت و پەنا بووە و زۆربەی ئەو كارەساتانەی بەسەری داهاتوون كە ژمارەشیان كەم نییە، بە هۆی بێ پشتیوانی و ئاورلێنەدانەوەی كۆمەڵگای جیهانی و گوێنەدانی جیهانیان لەئاست ماف و داواكارییەكانی بووە، دەنا دەسەلاتێك چۆن دەتوانێ ئا بەم شێوە ترسناكە جینایەت و لەناوبردن و كوشتنی بەكۆمەڵی خەڵكێك بە رەوا ببینێ و بە بێ ترس لەناویان ببا.
ئامانجی شیمیابارانی هەڵبجە كپ كردنی دەنگی مافخوازی گەلێك بوو كە دەسەلاتدارانی ملهور بە خەیاڵی خاویان پێیان وابوو بەگرتنە پێشی سیاسەتی قڕكردن و كۆمەڵكوژی و ژینوساید پێی دەگەن، بەلام بە خۆشحالیەوە هەروەك بینیمان نەتەنیا ئامانجە نگریسەكانی دەسەلات نەهاتە دی، بەڵكو ئەو چارەنووسەی بۆ خەڵكی كوردستانی عێراق دیاری كرابوو لەسەر بكوژان و جینایەتكارانی كارەساتی هەڵبجە وەدی هات و جینایەتكاران خرانە ناو قەفەسی موحاكەممە و دادگایی و سزای لەناوچوونیان بەسەر دا سەپا.
هەڵبجە باشترین پیناسەیە بۆ ستەم و بێ بەشیەكان لەسەر گەلی كورد و حەق وایە  جیهانیان چاویان لەراست ئەو بەڵگە مێژووییانە بكەنەوە و بیكەن بە ئەزموونێك و بە پشتیوانی لەگەلەكەمان پێش بە روودانی كارەساتی لەم چەشنە بگرن. 
جێگەی دڵخۆشیە كورد ئێستا لەناو پروسە جیهانیەكان خاوەن پێگە و قورساییە و توانیوێتی ئەو كارەساتە بە كۆمەڵكوژی و جینوساید لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووكان بە رەسمی بناسێنێ و رۆژ لەدوای رۆژ ئاسۆ لەبەردەم كوردان گەشاوەتر و روونتر دەبێ.



هه ڵه بجه

‌جەلال خۆشكەلام
پێنووسێك ، دەنوسێ
لەیادی مەرگەساتی شارێكا
لەیادی
هەناسە خنكێنراوەكانی دەرون و
پەروانە باڵ سوكەكانی ئەوین و
تروسكە بێ هیواكانی
جەستەی خەست و
دڵەی مەست و شەیدا بەژین
بە ئازادی ...
جەوهەر تەواو
پێنووس تەواو
قەترەیەك لە دەریا كەمە
چەند بنووسی ناگەیتە ئاخر 



شاعیرێك ، دەبزڕكێنێ
وەكو خەونی شاپەریەكان 
بۆ ئاسمان و دڵدارەكان 
بۆ ژوان و قەدپاڵـــێ 
بۆ ڕازی گوڵ و
نازی مەلـــێ
بۆ هیوا مردوەكانی 
هەزاران خەونی نەدیتراو
هەزاران زوڵم لێكراو...
ووشە تەواو
خەیاڵ تەواو
ڕستەیەك لە ڕۆمانێ كەمە
چەند دەربڕی ناگەیتە مەبەست 


دەنگ خۆشێك، دەنگ هەڵەبڕێ
بۆ دوادەنگی مناڵێكی ساوا
بۆ دوا ترپەی دڵ و
دوا چریكەی لاوێ
بۆ هاژەی ئاو ، خوڕەی كانی
لەرەی گوارەو ملوانكە
بۆ گمەی كۆترو جریوەی مەلێ
بۆ دەنگی شمشاڵی شوان و
شەماڵی فێنكی بن سێبەرێ
ئاواز تەواو
شێعر تەواو
دەنگێ لە هەزاران دەنگ كەمە
چەند بچڕی ناگەیتا دوا لاوندنەوە 


ئازارەكەم، هێندە سەختە
زوڵمەكەم هێندە گەورەیه
نە پێنووس و 
نە شاعیر و
نە دەنگبێژ
بەتەواوی
گڕی تاوان خامۆش دەكاو 
نەوای دڵی بریندارم دەداو
لانكەی سۆزی هیواكانم ڕادەژێنێ
من هەڵەبجەی زام و خوێنم،
هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا 
پێنج هەزار مۆم 
بۆ پاكی خۆم دەسوتێنم 
نەفرەت لەوەی
وا هزری كرد ، بڕیاری دا
نەحلەت لەوەی جێ بەجێی كرد
ئەو چاوە كوێربێ 
جوانی منی نەدی 
ئەو گوێیە كەڕبێ
كە گوێی لەناڵەی من نەبوو...


ڕێکه‌وت: 2015-03-15 17:19:55
به‌شی ( كارەساتی شیمیایی بارانی هەڵبجە )