جەماوەری نیشتمانپەروەری كوردستانپێشمەرگە تێكۆشەرەكانی كوردستان و سازمانی خەبات ئاڵاهەڵگرانی نەورۆز ، جێژنی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستانئەمساڵ لە كاتێكدا نەورۆز و ساڵی نۆێ جێژن دەگرین كە ئێران و كوردستان و بەشی هەرە زۆری خۆرهەڵاتی ناوەراست بە چەندین قەیرانی سیاسی ئاڵۆز و حەستەمدا تێ دەپەرێ، هاتنە مەیدان و سەرهەڵدانی هێزی ترۆریستی داعش و جەنگی رانەگەێندراوی نیوان شیعە و سووننی و دەخالەتی راستەوخۆی رژیمی ئێران لەو جەنگەدا و هاتنی هێزی پاسداران بۆ ناو خاكی عێراق، سوریە، لوبنان و یەمەن، كە بەرپرسانی رژیم ئەو دەخالەتانە بە سەركەوتنی ئینقلابی خومەینی و 
ناردنی ئەو ئینقلابە بۆ ووڵاتانی ئیسلامی ناو دەهێنن و رادەگەینن ئامانجی خومەینی كە  ناردنی (صدور) ئینقلابی ئیسلامی بوو هاتۆتە دی. 
ئەو هەلومەرجە سیاسیە نوێ یە بە جۆرێكە كە ئامانجی دامەزراندنی ئیمپراتوری ئاخوندی لە لایەن  رژیمی ئاخوندی بۆتە یەكێك لە پرسەكان و مەترسیەكانی حكومەتەكانی ناوچەكە. لە لاییكی دیكەوە رژیمی ئاخوندی زەبرو زەنگی بەرانبەر بە رۆلەكانی ئازادیخوازی كورد و ئێرانی پەرە پێداوە و لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دا چەندین رۆڵەی كوردی ئیعدام كردوەو دەیانی دیكەش چاوەروانی جێ بە جێكردنی حوكمی ئیعدامن. شكەنجەو ئازاری هاونیشتمانیان بە شێوەیەكی بەردەوام درێژەی هەیە. بە گشتی ئەم هەلومەرجە لە خراپرترین جۆرەكانی سەركووت و چەوسانەوە بەرانبەر خەڵكی وەزاڵەهاتوی ئێرانە كە ژمارەیەك لە شارەزایانی سیاسی پێ یان وایە ئەو گشتە ستەم و دڕندەییەی دەسەڵاتی ئاخوندان بەرانبەر خەڵكی ئێران لە لایەك ترسی لە رادەبەدەریانە بەرانبەر خرۆشانی جەماوەریی و هەروەها بی توانایی یانە لە چارەسەر كردنی كێشە ئابوورییەكان و سەرنەكەوتن لە ووتوێژی ئەتۆمی و سەرهەڵدانی جەنگی باڵ و باندەكانی دەسەڵاتە كە ئەو جەنگە لە دیاری كردنی سەرۆكی نوێی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری خۆی دەرخست.
 هاونیشتمانیانی تێكۆشەر! 
جێژنی لە مێژینەی نەورۆز جێژنێكی كۆنی كورد ‌و چەندین نەتەوەی ناوچەكەیە. گەلی كورد وەك یەكێك لە دیارترین نەتەوەكانی ماف زەوت كراو هەمیشە بە گەرم و گوڕی جێژنی نەورۆز دەگرێ و بە بۆنەی هاتنی وەرزی نۆێی بەهار و ژیانەوەی سروشت شادی دەگێرێ ، چونكە جیاواز لە خۆشی و شادی نواندن، نەورۆز وەك هەوێنی خەبات و بەربەرەكانێی ستەمگەران دەناسێ و لە نەورۆز و وەرزی بەهاردا‌ هەستی بە گژدا هاتنەوەی داگیركەران و ستەمگەران وەك ئاگری نەورۆز كڵپە دەستێنێ. سەرەڕای رێگرییەكانی دەسەڵاتدارە ستەمگەرەكان  بۆ بەرێوەچوونی نەورۆز لە كوردستان دا نەورۆز هێمای ناسراوی ژنان و لاوانی نەتەوەیەكی نیشتمان داگیركراوە، نەورۆز چۆلە چرای ڕزگاریخوازیی تیكۆشانە،نەورۆز هۆی شادیە، غەم رەوێنی دڵی برینداری دایك و كەسی شەهیدانە، تاسە شكێنی دووریی نیشتمان لە ئاوارەییە، لە نەورۆز و بەهاردا مەلی كۆچەریی روو لە نیشتمانی رەنگین دەكەن و بولبولان بە ئاوازی خۆش لە سەر گوڵ و داری چرۆ گرتوو مژدەی خۆشی و شادیمان پێ دەدەن. نەورۆز چەقڵی چاوی دوژمنانی كوردە و هەر بۆیە بە باش بەرێوە بردنی ئەو جێژنە نەتەوەییە دوژمنانی قین لە دڵ تووڕە دەبن و لە نەعرەتەی شێرانەی لاوان و سرودە نیشتمانی و ئاوازە بەهاری و نەورۆزییەكان ترسیان لێ دەنیشێ و ژیان و دەسەڵاتی ملهورانەیان پێ لەق دەبێ. هەر بۆیە پێویستە رێ و رەسمی جێژنی نەورۆز بە بەرزی و بەرفراوانی زیاتر لە ساڵانی رابردوو بەرێوە بەرین. بێگومان بەرز راگرتنی جێژنی نەورۆز رۆحی سەربەرزی شەهیدانی رێگەی ئازادی شاد دەكا و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەكان وەك بۆنەییكی زۆر جێگەی بایەخی نەتەوەیی، بۆ نەتەوەی ڕاپەڕیوی كورد مەیدانێكی گرینگی خەبات و بەربەرەكانێیە. زۆر گرینگە لەسەرودەمی هاتنی جێژنی نەورۆز بە شێوەییكی زۆر بە شكۆ بە هەستێكی قووڵی نەتەوەیی‌ پێشوازی لەو جێژنە بكەین. داوا لە هاونیشتمانیانی بەرێز و ئەندامان و دۆستانی تێكۆشەری سازمانی خەبات لە ناوخۆی كوردستان دەكەم زۆر بە گەرم و گوڕی نەورۆز جێژن بگرن و هەر بەو بۆنەوە سەردانی خانەوادەی شەهیدانی كوردستان و خانەوادەی شەهیدانی ئیعدام كراوی كوردستان بكەن و بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە بەرزاییەكان و بەرپا كردنی كەرنەواڵی حەماسی و بە لەبەر كردنی جل و بەرگی كوردی و هەر شێوەییكی دیكە بەرەو پیری نەورۆز بچن. 
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لەم بۆنە نەتەوەیی و بەرزەدا جارێكی دیكە بەڵێن بە خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان و كەس و كاری شەهیدان دەدا كە بە شێوەییكی شێلگیرانە بەردەوام دەبێَ لە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی لە پێناو ئازادی و بەختەوەری گەلی كورد و روخانی رژیمی ملهوری ویلایەتی فقیە. درودی بێ پایان بۆ رۆحی شەهیدانی كورد بە تایبەت شەهیدە قارەمانەكانی ئەم دواییە كە لە روبەروبوونە لە بەرانبەر ترۆریستانی داعش گیانیان فیدا كرد.
 پیرۆزە نەورۆز و ساڵی نۆێی 1394 ی كۆچی خۆری
 مەرگ و نەمان بۆ رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی ئێران 
سەركەوی خەباتی مافخوازانەی گەلی كورد

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 
بەرێوەبەری گشتی
بابەشیخ حسێنی
24ی رەشەممەی 1393


ڕێکه‌وت: 2015-03-16 19:03:21
به‌شی ( پەیامی بەرێز بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێی كۆچی خۆری )