__ لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئاگر لە ئاڵای داعش بەردرا__ ێگریی هێزە نیزامییەکان لەبەڕێوەچوونی ریوڕەسمی نەورۆز، گرژیی لێکەوتەوە__ بان كی مۆن، پەلامارەكانی حەسەكە مەحكوم دەكات__ وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە وتووێژەكاندا رێكەوتنی خراب قبووڵ ناكەین__ دانپێدانان بە شكست و قەیران لە دەستپێكی ساڵی نوێی 94__ رۆیترز: رژێمی ئاخوندی ناتوانێت پووڵی نەوتی فرۆشراوی لە هێند وەربگرێت__ ئۆباما: رژێمی ئاخوندی نەیسەلماندووە كە بەدوای چەكی ناوكەییەوە نییە__ كوژرانی سەركردەێكیتری سوپای پاسداران و لە نزیكانی قاسم سلێمانی لە عێراق__ سه‌رۆكی یه‌مه‌ن به‌ڵێن ده‌دات ئاڵای ئێران له‌ وڵاته‌كه‌ی داگرێت

لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئاگر لە ئاڵای داعش بەردرا
 رێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ سەرەڕای هەرەشەی هیزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان، لەگەڵ پیشوازیی گەرمی هاووڵاتییان لە شار و گوندەکاندا بەرەوڕوو بوویەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی، دوایین ئێوارە لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی، لە شەقام و گۆڕەپانی شارەکاندا ئاگری نەورۆز کرایەوە. لە گوندی (نێ)ی سەربە شاری مەریوان، هاووڵاتیان بەتایبەتی لاوانی ئەو گوندە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، بەرەو پیشوازیی ساڵی نوێیەوە چوون. نەورۆزی گوندی نێ لە ئاستی کوردستاندا بە بێ وێنە و شۆڕشگێرانە لەقەڵەم دراوەو چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو رێوڕەسمەیان بە سەرمەشق و ئولگووی رێوڕەسمە نەورۆزییەکانی دیکە لە قەڵەم داوە.ئاگر تێبەردانی ئاڵای رەشی داعش، خاڵی جێگەی سەرنجی نەورۆزی ئەمساڵی گوندی نێ بووە، کە بۆ یەکەمجار لە بەشێک لە شارو گوندەکانی کوردستانیشدا ئەنجام دراوە. لەماوەی رۆژانی رابردوودا ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆیەک لەمەڕ ئاگرتێبەردانی ١٧ پێشمەرگەی دیلی دەستی داعش لە ئاگری هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، لە هەوڵی رێگری کردن لە کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا بوون. هەڵکردنی ئاگر لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا، لە کەشێکی ئەمنیەتی و پۆلیسیدا بووەو سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە حکوومەتییەکان، ئەو رێوڕەسمە بەرینتر و بەربڵاوتر لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەچووە.








ێگریی هێزە نیزامییەکان لەبەڕێوەچوونی ریوڕەسمی نەورۆز، گرژیی لێکەوتەوە
ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکانی رژێمی ئاخوندی ئیران لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەتی لە نەوسوود و پاوە، رێگرییان لە بەرێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی نەورۆز کرد. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی رۆژی هەینی، دوایین رۆژی ساڵی رابردووی هەتاوی، ژمارەیەک لە لاوانی کوردی خەڵکی نەوسوود لەمەیدانی مەولەویی ئەو شارەدا لە هەوڵی بەڕێوەبردنی ریوڕەسمی نەورۆز و هەڵکردنی ئاگردا بوون، کە لەلایەن هێزە ئینتزامیەکان و مەئموورانی کەڵانتەرییەوە رێگرییان لێکرا. بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی رژێمی ئاخوندی لەکاتی کۆبوونەوەی هاووڵاتییان لە گۆڕەپانی مەولەویدا بە مەبەستی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆزدا، هەوڵی بڵاوپێکردنیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی و لاوانی ئەو شارە دا و بەو هۆیەوە تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە. ئەمساڵیش سەرەڕای هەرەشەی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکان، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رێوڕەسمەکانی نەورۆزیان بەڕێوە بردووە.







بان كی مۆن، پەلامارەكانی حەسەكە مەحكوم دەكات
بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو پەلامارانەی مەحكوم كرد كە بەشداربوانی ئاهەنگی نەورۆزیان لە شاری حەسەكەی رۆژائاوای كوردستانیان كردە ئامانج. بە پێی راپۆرتی هەوالدەریەكان، بان كی مۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "ئەو پەلامارە دڕندانە، بونە مایەی كوژران و برینداربوونی نزیكەی سەد كەس كە ژن و منداڵیان تێدا بوو، هەموو ئەو هێرش و پەلامارانەشی مەحكوم كرد كە لە سوریا دژ بە مەدەنییەكان، ئەنجام دەدرێن".لە بەیاننامەكەدا، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەموو ئەو هەوڵانەشی مەحكوم كرد كە رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) بۆ برەودان بە توندوتیژی تایەفەگەریی لە سوریادا دەیانخاتەگەڕ.  بە پێی زانیارییەكان، لەو دوو هێرشە خۆكوژییەدا كە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش-ەوە كرانە سەر بەشداربوانی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری حەسەكە، 30 هاوڵاتی‌ كورد شەهیدبوون و 50ی‌ تریش برینداربوون.









وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە وتووێژەكاندا رێكەوتنی خراب قبووڵ ناكەین
فیلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بریتانیا بە نوێنەرایەتی لە وڵاتانی رۆژئاوایی بەشدار لە وتوویژە ناوكەییەكان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی ئێران رایگەیاند،  رێكەوتنی خراب لەگەڵ رژێمی ئاخوندی قبووڵ ناكرێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریەكان، هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ماوەی دیاریكراو بۆ كۆتایی هێنان بە وتووێژە ناوكەییەكان، رۆژی شەممە لە لەندەن وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە، ئاڵمان، بریتانیا و ئەنریكا چاوپێكەوتنیان پێكەوە هەبوو لەو بارەیەوە وتووێژیان كرد. جێگەی باسە كە وەزیری دەرەوەی بریتانیا شەوی شەممە دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئاڵمان، فەرانسە و ئەمریكا وتی، ناتوانین رێكەوتنی خراب لەگەڵ رژێمی ئاخوندی قبووڵ بكەین.








دانپێدانان بە شكست و قەیران لە دەستپێكی ساڵی نوێی 94
وەلی فەقێهی رژیمی ئاخوندی لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا بە دانپێدانان بەوەیكە ساڵی 93 ساڵی شكست و قەیران بۆ رژێمی ئاخوندی بووە وتی، ساڵی 93 لە بواری ناوخۆیی و دەرەكیدا ساڵێكی پڕ كێشەو قەیران بووە بۆ ئێمە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریەكان، خامنەیی لە وتەكانی خۆیدا لە ژێر ناوی پەیامی نەورۆزی وتی، ساڵی 93 ساڵێكی پڕ تەنش و كێشە بوو بۆ ئێە و هەر بەو بۆنەشەوە ناوی ئەو ساڵەمان نا ساڵی عەزمی نەتەوەیی و بەرێوەبەری جیهادی. بە پێی ئەم راپۆرتە، خامنیی ساڵی 94ی وەك ساڵی دەوڵەت و میللەت هاودڵی و هاوزمانی ناو لێ نا و هەروەها بە كێشە و گرفتەكانی ناو باڵەكانی رژێم لە رابردوو درێژەكێشانیان بۆ ساڵی داهاتوو باسی كرد.








رۆیترز: رژێمی ئاخوندی ناتوانێت پووڵی نەوتی فرۆشراوی لە هێند وەربگرێت
وەزیری بازرگانی هێند لە پارلەمانی ئەو وڵاتەدا وتی، هێند 8 میلیارد  800 ملیۆن دۆلار بە رژێمی ئاخوندی ئێران قەرزدارە، هێند یەكێك لە هاوردەكەرانی گەورەی نەوتی ئیرانە بەڵام بە هۆی گەمارۆكانەوە ناتوانێت پوولی نەوتەكەی رژێمی ئاخوندی بدات. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریەكان، وەزیری بارزگانی هێند رایگەیاند پالاوگەكانی هێند 45 لەسەدی پووڵی نەوتی رژێمی ئاخوندی بە رووپیە لە بانكی یو سی ئ پاشەكەوت كردووە بەڵام 55 لەسەدیتری نەیانتوانیوە بدەن. بە پێی وتەی وەزیری بازرگانی هێند، لە ئێستادا هێند بری 8 میلیارد و 800 ملیۆن دۆلار پووڵی نەوت بە رژێمی ئاخوندی قەرزارە.








ئۆباما: رژێمی ئاخوندی نەیسەلماندووە كە بەدوای چەكی ناوكەییەوە نییە
باراك ئۆباما سەرۆك كۆماری ئەمریكا رایگەیاند، رژێمی ئاخوندی ئێران تاكوو ئێستا نەیسەلماندووە كە بە دوای بەرهەمهێنانی چەكی ناوكەییەوە نییە. بە پێی راپۆرتی هەوالدەریەكان، ئۆباما لە وتووێژێكیدا لەگەل رۆژنامەی هافینگتێن لەمەر وتووێژە ناوكەییەكان لەگەڵ رژێمی ئاخوندی وتی، من پێش لەوەیكە ببمە سەرۆك كۆماریش وتم رژێمی ئاخوندی ناتوانێت چەكی ناوكەیی هەبێت. ناوبراو وتی، ئایا رژێمی ئاخوندی ئەتوانێت بۆ جیهانی بسەلمێنێت كە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەكی ناوكەیی نییە و ئایا ئێمە ئەتوانین بەو قسانە بروا بكەین، تاكوو ئێستا وەها شتێك رووی نەداوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، سەرۆك كۆماری ئەمریكا وتی، رژێمی ئاخوندی ئەو ئیمتیازانەی كە بۆ رێكەوتنێكی باش پێویستە تاكوو ئێستا نەیداوە.








كوژرانی سەركردەێكیتری سوپای پاسداران و لە نزیكانی قاسم سلێمانی لە عێراق
پاسدار سادق یاری لە سەركردەكانی سوپای پاسداران و یەكێك لە نزیكانی قاسم سلێمانی سەركردەی هێزی تیرۆریستی قۆدسی رژێمی ئاخوندی لە شەری تكرێتدا كوژرا. بە پێی راپۆرتی هەوالدەریەكان، هەواڵدەریەكانی رژێمی ئاخوندی بڵاویان كردەوە كە سادق یاری لە شەری تكریتدا كوژراوە. بە پێی ئەم راپۆرتە سادق یاری یەكێك لە نزیكانی پاسدار قاسم سلێمانی بووە و حەفتەی رابردوو ماشێنەكەی دەكەوێتە بەر دەسترێژی گۆللەو دەكوژرێت. جێگەی باسە كە هەواڵدەریەكانی رژێم رایانگەیاندووە كە قاسم یاری لەگەڵ پێنج اسداریتر كوژراوە.







سه‌رۆكی یه‌مه‌ن به‌ڵێن ده‌دات ئاڵای ئێران له‌ وڵاته‌كه‌ی داگرێت
سه‌رۆكی هه‌ڵاتووی یه‌مه‌ن به‌ڵێنی دا ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی نابێت و به‌ره‌نگاری سه‌رجه‌م پیلانێكی حكوسییه‌كان ببێته‌ تا ئه‌وكاته‌ی له‌جیاتی ئاڵای رژێمی ئاخوندی ئێران، ئاڵای یه‌مه‌ن له‌ مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كیی حوسییه‌كان هه‌ڵده‌كات. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریەكان، له‌ یه‌كه‌م وتاری دوای جێهێشتنی سه‌نعای پایته‌خت به‌ره‌و شاری عه‌ده‌ن، عه‌بدره‌به‌ مه‌نسور هادی، سه‌رۆكی هه‌ڵاتووی یه‌مه‌ن رژێمی ئاخوندی ئێران و حوسییه‌كانی به‌ ده‌ست تێكه‌ڵكردن تۆمه‌تبار كرد و رایگه‌یاند: "هه‌ڵسوكه‌وتی حوسییه‌كان وامان لێده‌كات ده‌ستبه‌رداری به‌رپرسیارێتی نه‌بین بۆئه‌وه‌ی وڵات بپارێزین و بتوانین له‌بری ئاڵای رژێمی ئاخوندی ئێران، ئاڵای كۆماری یه‌مه‌ن له‌ چیای مه‌ران-ی شاری سه‌عده‌ هه‌ڵبكه‌ینه‌وه‌." هاوكات حوسیه‌كان و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح، سه‌رۆكی له‌سه‌ر كارلابراوی هاوپه‌یمانی، كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان و ده‌ستیان به‌ناردنی چه‌كدار بۆ پارێزگای ته‌عز كردووه‌، له‌ پارێزگای (لحج)ی باشووری ئه‌و وڵاته‌ش دۆخی ئه‌منی ته‌واو تێكچووه‌ و له‌ سه‌نعای پایته‌ختیش هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان دژی ئه‌و گروپه‌ سازكرد و داوایانكرد پایته‌خت چۆڵ بكات.

ڕێکه‌وت: 2015-03-22 11:22:23
به‌شی ( هەوالەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 2ی خاكەلێوەی 1394 )