__ مەلەوانێکی کورد پلەی یەکەمی جیهانی بەدەست هێنا__ كرێكارێكی كورد بە هۆی رووداوی شوێنی كار لە ورمێ گیانیدا__ کچە کوردێکی خەڵکی ماکۆ، لەشەڕی داعشدا گیانی دا__ كوژرانی 8 پاسدار لە سیستان و بەلووچستان__ ئۆباما: پێویستە بەرەورووی دەستێوەردانەكانی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەكەدا بینەوە__ هێرشی رۆژنامەكانی رژێم بۆ سەر ئەردۆغان پێش رۆیشتنی بۆ تاران__ ئیسرائیل: هێرشی‌ نیزامی‌ بۆسەر ئێران ئەگەرێكی‌ كراوەیە__ سعودیه‌ پێشوازی رێككه‌وتنه‌كه‌ی لۆزان ده‌كات.. ئێرانیش باڵیۆزی خۆی له‌و وڵاته‌ بانگهێشت ده‌كات__ بۆردمانكردنی حوسیەكانی یەمەن لە ناوچەی عەدەن__ پینتاگۆن: بۆ ئازادکردنەوەی نەینەوا، هاوپەیمانان هاوکاری عێراق دەکەن

مەلەوانێکی کورد پلەی یەکەمی جیهانی بەدەست هێنا
مێرمنداڵێکی خەڵکی سەحنە، لە رەکابەرییە نیودەوڵەتییەکانی مەلەوانیدا، میدالیای زێڕی بەدەست هێنا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، پلەی یەکەمی رکابەرییە نێودەوڵەتییەکانی مەلەوانیی دوبەی بەخشرایە ئارمان سەیدی وەرزشوانی خەڵکی شاری سەحنە لە ئوستانی کرماشان. ئەو مێرمنداڵە کوردە لەمەلەوانی ١٠٠ میتری و لە سەرووی تەمەن ١٤ ساڵ توانی ئەو میدالیایە بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لەلایەکی دیکەوە ئەو قوتابییە لە مەلەوانیی ٢٠٠ میتریشدا توانیویەتی پلەی دووهەم بەدەست بێنێت. لەو رەکابەرییە نیودەوڵەتییانەدا ٣٢ تیم لە سەرانسەری جیهان بەشدار بوون. بەخشینی میدالیای زێڕ و زیو بەو وەرزشوانە کوردە لەحاڵێکدایە کە بە وتەی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی سەحنە، ئارمان سەیدی بە کەمترین ئیمکاناتی وەرزشی توانیویەتی ئەو میدالیانە بەدەست بێنێت.



كرێكارێكی كورد بە هۆی رووداوی شوێنی كار لە ورمێ گیانیدا

كرێكارێكی كورد بە هۆی رووداوی بەرق گرتوویی لە شارۆچكەی “شێخ تەپە”ی ورمێ گیانیدا.بە پێی راپۆرتەكان لەمبارەوە، وێنێ یەكشەممە 16ی مانگی خاكەلێوەی ساڵی 1394ی هەتاویی، لە شارۆچكەی شێخ تەپە هەڵكەوتوو لە شاری ورمێ، كرێكارێكی بیناسازیی بە ناوی “فەرید ئەسڵانی مامەدی” كوڕی نیاز بەهۆی بەرق گرتوویی توندەوە، دەستبەجێ گیانی داوە.ئەو هاوڵاتییە 28 ساڵی تەمەن بووە و لە باڵابەری بینایەك  بەهۆی ئەوەیكە تووشی بەق گرتوویی بووە، گیانیداوە.فەرید ئەسڵانی مامەدی هاوسەری هەبووە و خەڵكی یەكێك لە ئاواییەكانی بەخشی ناوەندیی سەڵماس لە پارێزگای ورمێ بووە.تەرمی ئەو كرێكارە كوردە دراوەتەوە بە بنەماڵەكەی.




کچە کوردێکی خەڵکی ماکۆ، لەشەڕی داعشدا گیانی لەدەست دا
کچە کوردێکی خەڵکی ناوچەی ماکۆ، کە لەدەستپێکی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە رووی لە کوردستانی سووریا کردبوو، لە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعشدا، گیانی لەدەست دا.بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی خەڵکی شاری ماکۆ، بە ناوی سازمانیی "ڤیان پەیمان" کە چەند ساڵ پێش ئیستا پەیوەستی ریزەکانی (پ.ک.ک) ببوو، لە شەڕێکدا لەگەڵ چەکدارانی داعش لە ناوچەی سەرێکانی لە کوردستانی سووریا، گیانی لەدەست داوە. ئەو کچە کوردە، پێشتریش لە شەڕەکانی نێو کۆبانیدا لە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعش بە توندی بریندار ببوو.ئارام ئیبراهیم خاس رایگەیاند، ڤیان پەیمان دوو رۆژ پێش ئێستا و لەئەنجامی تێکهەڵچوونی شەڕڤانانی کورد لە لەگەڵ چەکدارانی داعش لە ناوچەی سەرێکانیدا، گیانی لەدەست داوە.تەرمی ڤیان پەیمان، لە گۆڕستانی (شەهید خەبات) لە شاری دێرک نێژراوە.پێشترێش کچە کوردێکی خەڵکی مەریوان، لەشەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعشدا لەشاری کۆبانی، گیانی لەدەست دابوو.








كوژرانی 8 پاسدار لە سیستان و بەلووچستان
هەشت پاسداری سەر بە سوپای پاسدارانی رژێمی ئاخوندی لە تێكهەڵچوونێكی چەكداری لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان كوژران. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، تەلەفزیونی سی ئێن ئێن رایگەیاند، هەشت كەس لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی رژێمی ئاخوندی لە نزیكی سنووری پاكستان لە تێكهەڵچوونێكی چەكداریدا كوژران. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەو هێرشە لە رۆژی دووشەممە 17ی خاكەلێوە لە ناوچەی نگور لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان روویداوە. جێگەی باسە كە دەگوترێت كە جەیشل عەدل بەرپرسیارەتی ئەو هێرشەی بۆ سەر ئەندامانی سوپای پاسدارانی رژێم لە ئەستۆ گرتووە.








ئۆباما: پێویستە بەرەورووی دەستێوەردانەكانی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەكەدا بینەوە
باراك ئۆباما، سەرۆك كۆماری ئەمریكا رایگەیاند كە، پێویستە پێش بە چالاكییەكانی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەكەدا بگیردرێت كە ئالۆزی و شێواوی درووست دەكات. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، باراك ئۆباما لە پەیوەندیێكی تەلەفوونیدا لەگیڵ سۆلتان قابوس پاشای عەممان وتی، ئەمریكا پابەندە بە بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەكانی رژێمی ئاخوندی لە ناوچەكەدا و هەروەها هاوكاریكردنی وڵاتانی شۆرای هاوكاری كەنداوی فارس. جێگەی باسە كە ئۆباما رایگەیاندووە كە چالاكییەكانی ئەو رژێمە لە ناوچەكە بووە بە هۆی ناسەقامگیری و ئاژاوە لە ناوچەكە و پێویستە كە بەرەورووی ببینەوە.








هێرشی رۆژنامەكانی رژێم بۆ سەر ئەردۆغان پێش رۆیشتنی بۆ تاران
لە سەرەتای سەفەری ئەردۆغان سەرۆك كۆماری تركیە بۆ تاران رۆژنامەكانی سەر بە رژێمی ئاخوندی هێرشی توندیان كردە سەری. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، رۆژنامەی حكومەتی جمهوری ئیسلامی بە نووسینی، نمەك خواردووێكە خوێدانەكەی شكاند نووسی، ئەم ئاغای ئەردۆغانە لە مەر گەورەتر لە خۆی بە بێ ئەدەبی و بێ ئەخلاقی قسە دەكات و دەیەوێت ئەفكاری ماكیاولیستی خۆی بە سەریاندا بسەپێنێت. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەرۆغان بریار وایە كە سەردانی تاران بكات و لە رۆژی 10ی خاكەلێوە بە دژكردەوە بەو هێرشانەی كە لە لایەن رۆژنامەكانی حكومەتەوە كراوەتە سەری وتی، كۆمەڵێك لە ئێرانییەكان بە بێ هۆكار لە من رەخنە دەگرن، یەكێك لەوانە جێگری یەكێك لە كومیسیونەكانی مەجلیسە و كەسێكیتریش كە نایناسم، بەڵام ئەمانە لە حەدی مندا نین ئەوەیكە دەرۆم یان نە بە خۆمان پەیوەندی هەیە و ئەمە ئێمەین كە بریار دەدەین.



ئیسرائیل: هێرشی‌ نیزامی‌ بۆسەر ئێران ئەگەرێكی‌ كراوەیە
وەزیرێكی‌ ئیسرائیلی‌ رایگەیاند، سەرەڕای‌ ئەنجامدانی‌ رێكەوتنی‌  ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی‌ لەگەڵ وڵاتانی‌ (5+1) بەڵام ئەگەری‌ هێرشی‌ سەربازی‌ بۆ سەر ئەو وڵاتە لای‌ ئیسرائیل كراوەیە.یۆڤال شتاینتس، وەزیری‌ كاروباری‌ ستراتیژی‌ ئیسرائیل، لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵنێریی ئەسۆشێتد پرێس، رایگەیاندوە ئەنجامدانی‌ هێرشی‌ سەربازی‌ بۆ سەر وڵاتی‌ ئێران لەلایەن وڵاتەكەیەوە ئەگەریكی‌ كراوەیە.ناوبراو رەخنەی‌ لەو رێكەوتنەیش گرت، كە وڵاتانی‌ رۆژئاوا لەسەر دۆسیەی‌ ئەتۆمی‌ لەگەڵ ئێراندا ئەنجامیداوەو بە ئاژانسەكەی‌ وتوە “ئەنجامدانی‌ ئەو رێكەوتنە هەلدەداتە ئێران بۆ باشكردنی‌ ژێرخانی‌ ئەتۆمی‌‌و ئەوەیش رێخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی‌ بۆمبی‌ ئەتۆمی‌ لەلایەن ئێرانەوە”.باسی لەوەشكردووە، حكومەتی‌ ئیسرائیل ئێستا لەگەڵ وڵاتانی‌ رۆژئاوا لە وتووێژدایە بۆ ئەنجامدانی‌ گۆرانكاری‌  لەو رێكەوتنەی‌ كە لە ماوەی‌ ئەم هەشت مانگەی‌ رابردوودا لەگەڵ ئێران ئەنجامیانداوە “.


سعودیه‌ پێشوازی رێككه‌وتنه‌كه‌ی لۆزان ده‌كات.. ئێرانیش باڵیۆزی خۆی له‌و وڵاته‌ بانگهێشت ده‌كات

سعودییه‌ پێشوازی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی لۆزان ده‌كات كه‌ له‌نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) ئه‌نجامدرا، جه‌ختیش ده‌كاته‌ له‌وه‌ی، رێككه‌وتنی كۆتایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌بێت.ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی سعودییه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا رایگه‌یاند: شانشینی سعودییه‌ پشتیوانی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شێوازێكی ئاشتیانه‌ سود له‌ وه‌زی ئه‌تۆم وه‌ربگرن.ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، سعودییه‌ پێشوازی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی لۆزان ده‌كات، له‌ نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1)، به‌ڵام هه‌ر رێككه‌وتنێك كه‌ ئه‌نجامدرا ده‌بێت ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆم سه‌رپه‌رشتی بكات و هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی.ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، پێویسته‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كه‌نداوی عه‌ره‌ب خاڵی بێت له‌ چه‌كی ئه‌تۆم،  ئه‌وه‌ش له‌پێناو ئاشتی و پاراستنی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وڵاتی ئێران باڵیۆزی خۆی له‌ سعودییه‌ بانگهێشت كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر دو عو‌مره‌كاری ئێرانی.حه‌سه‌ن قه‌شقاوی، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند: وڵاته‌كه‌ی باڵیۆزی ئێرانی له‌ سعودییه‌ بانگهێشت كردوه‌، ئه‌وه‌ش دوای هێرشكردنه‌ سه‌ر دو عو‌مره‌كاری ئێران.


بۆردمانكردنی حوسیەكانی یەمەن لە ناوچەی عەدەن
كەشتییە شەركەرەكانی عەرەبستان و هاوپەیمانانی بارەگاكانی چەكدارانی حوسییان لە ناوچەی عەدەن بۆمبباران كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە دوای چەندین تەقینەوەی بەهێز كە ناوچەی عەدەنی لەرزاند رۆیترز بە گیرانەوە لە دانیشتووانی عەدەن رایگەیاند، كەشتییە شەركەرەكان بنگە و بارەگاكانی حوسیەكانیان لە ناوچەی عەدەن بۆمبباران كرد. بە پێی وتەی دانیشتووانی عەدەن، چەكدارانی حوسی لە دوو ناوچەی نزیك عەدەن پاشەكشێیان كردووە. جێگەی باسە كە بۆ پێشگرتن لە گواستنەوەی هێز لە لایەن حوسیەكانەوە و ناردنیان بۆ عەدەن، هاوپەیمانان پردێكی نێوان رێگای سەرەكی باشوور كە دەگاتەوە عەدەن تەقاندوویانەتەوە.


پینتاگۆن: بۆ ئازادکردنەوەی نەینەوا، هاوپەیمانان هاوکاری عێراق دەکەن

وتەبێژی پینتاگۆن، جەخت دەکاتەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق دەکات لەهەر پرۆسەیەکی زەمینی بۆ ئازادکردنەوەی نەینەوا، دەشڵێت: تەنها لایەنی سەربازی بەس نیە بۆ لەناوبردنی داعش.کۆلۆنێل ستیڤ وارن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پینتاگۆن) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە زیاتر لە (60) وڵات لەخۆدەگرێت، ئامادەیە لەمڕوی ئاسمانییەوە، هاوکاری هەر پرۆسەیەکی زەمینی حکومەتی عێراق بکات بۆ ئازادکردنەوەی نەینەوا لە دەستی چەکدارانی داعش.ئاماژەی بەوەشکرد، ئازادکردنەوەی تکریت، نمونەیەکی سەرکەوتو بوە لە هاوکاری سەربازی نێوان واشنتۆن و بەغدا، پێشیوایە، کۆتایی هێنان بە داعش بە پەلە ناکرێت و رەنگە چەند مانگ و ساڵێک بخایەنێت.وتەبێژی پینتاگۆن باس لەوەش دەکات، لەناوبردنی داعش، لە پاڵ لایەنی سەربازیدا، پێویستی بە ئاشتبونەوەی سیاسی و بنیاتنانی حکومەتی یەکڕیزی نیشتیمانی و تێپەڕاندنی تائیفیەت هەیە، وتیشی: دۆخەکە لە عێراق ئاڵۆزە، ئەوەش بەهۆی بونی تائیفیەت و ململانێ لەسەر دەسەڵات. لەبارەی دۆخی سوریاشەوە، وتی: دۆخەکە لە سوریا زۆر لە عێراق ئاڵۆز ترەو کێشەو قەیرانی گەورە هەیە، جەختی لە هەڵوێستی ئەمەریکاش کردەوە لەسەر پێویستی رۆیشتنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات.

ڕێکه‌وت: 2015-04-07 15:29:14
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 18ی خاكەلێوەی 1394 )