لە دوای ووتوێژی چەند ساڵەی نێوان رژیمی ئێران و وولاتانی 5+1 و لە ئاكامی ووتوێژی بەردەوامیان لە 26ی مارس تا ٢ی ئاوریلی ٢٠١٥  بەرانبەر ٦تا ١٣ی خاكەلێوەی ١٣٩٤  لە سەر بەرنامەی ناوكەیی رژیمی ئێران راگەیندراوێكی  لێك تێگەیشتن‌ لە سەر چوارچێوەیەك ئیمزا كرا كە دەبێ لە ماوەی 3 مانگدا هەیئەتەكانی هەر دووكلا كار لە سەر ئەو لێكتێگەیشتنە بكەن بۆ ئەوەی رێكەوتنی یەكجاری بە دوادا بێ. ئاشكرایە گەلالەی ناوكەیی رژیمی ئێران‌ هەر لە سەرەتاوە بە مەبەستی دروست كردنی بۆمبی ئەتۆم بنیاد نرا،بەڵگەش بۆ ئەو راستیە نهێنی بوونی ئەو بەرنامانەو شاردنەوەیان بوو لە لایەن كاربەدەستانی دەسەلاتی ئێرانەوە.
بەرنامە تەتۆمیەكانی رژیمی ئێران شاراوە بوون تا ئەو كاتەی لە لایەن سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میللی مقاومەتی ئێران ئاشكرا كران. بەرنامە‌و چالاكییە گوماناوییەكانی رژیمی  ئێران بووە بە هۆی كێشە‌و ناكۆكیی نێوان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و حاكمیەتی ئاخوندەكان،لە دوای ئەوەی كۆمەڵگەی جیهانی راستەوخۆ  و ناراستەوخۆ داوایان لە كاربەدەستانی رژیم كرد كۆتایی بە كارو چالاكی گوماناویی ئەتۆمی بێنێ، بەلام كاربەدەستانی رژیمی ئێران سوور بوونیان لەسەر درێژەدان بەگەڵالە ناوكەییەكان راگەیاند تا لە ئاكامدا نەتەوە یەكگرتووەكان‌و وولاتانی ئوروپایی و ئەمریكا چەندین ئابڵوقەی جۆراوجۆریان بەسەر رژیمی ئێران پەسەند كرد كە ئەو ئابڵوقانە لە سەر پێوەندییەكانی دەرەوەی رژیمی ئێران‌ لەگەڵ زۆربەی ووڵاتانی جیهان كاریگەری دانا كە ئەو كاریگەریانە تا ئێستاش درێژەی هەیەو لە لاییكی دیكەوە لە سەر ئابووریی و ژیانی خەڵكی ئێران، كاریگەرییەكی نەگەتیڤی گەورەی داناوە. دیارە بەردەوامی و پێداگری دەسەلاتدارانی رژیمی ئێران لە سەر گەڵالە گوماناویە ئەتومیەكان ئەگەری روبەروبوونەوەی سەربازی و بە كار هێنانی هێز بۆ پێ ملكردنی كاربەدەستانی ئێرانی بە دواوە بوو و كاربەدەستانی ئێرانیش ئەو راستیەیان دەزانی بێجگە لە 2 رێگە هیچ رێگەی دیكەیان لە بەردەمدا نیە كە ئەو دوو رێگەیەش بریتی بوون لە: 
1-بە بەردەوام بوونیان هەڵبژاردنی جەنگ و زیاتر تەریك بوونەوەیان لەجیهاندا.
2-رێگەی بەناو ئاشتی و پێ مل بوون بە ویستەكانی كۆمەڵگەی جیهانی كە بە زاهیر ئاخوندەكان ئەو رێگەیان هەڵبژارردوە.

 ئەمجارەیان خامنەیی وەك رێبەری رژیم بە تەسلیم بوون لە بەرانبەر فشارە جیهانیەكان جامی ژەهری خواردو بە زاهیر تەسلیمی  ویستی كۆمەڵگەی جیهانی بوو. هەروەك لە سیاستەكانی ئاخوندان لە رابردوو تا ئێستا دەركەوتووە،ئەوان بەردەوام لە فێل و درۆ بوون و (تەقیە) واتە درۆیان وەك سەرەكیترین بەرنامەی كارو هەڵسورانیان داناوە هەر بۆیە لە ئەگەری هەر رێككەوتنێكی ئیحتمالیش دەبێ چاوەروان بكرێ كە ئاخوندان پشت لە رێككەوتنەكان بكات. بەو پێ یە كۆمەڵگەی جیهانی دەبێ بە وریایی زیاتر هەنگاو هەڵگرن و ئەو راستیەیان هەمیشە لە بەر چاو بێ كە ئاخوندەكان لە بەڵنیەكانیان پاشگەز دەبنەوە  و بە تایبەتیش بەرنامەی ناوكەیی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران بایەخێكی حەیاتی هەیە.  
لێرەدا بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە سەر لێك تێگەیشتنی وولاتانی 5+1 لە گەڵ رژیمی ئێران بخەینە بەرچاو كە لە شاری لۆزان ڕووی دا،‌ بە باوەری سازمانی خەبات، ئەگەری هەیە ئەو لێك تێگەیشتنە بە پێچەوانەی چاوەروانیەكان بێ و بچێتەوە سەر خاڵی سفر و سەرەتایی،وەك پێشتر باسمان كرد  قەرارە رێككەوتنی كۆتایی نزیك بە سێ مانگی دیكە واتە مانگی ژوئەنی داهاتوودا ئیمزا بكرێ‌ كە بە بوونی سیاسەتی فرت وفێل وچاوبەستی دەسەڵاتی ئاخوندی و هەروەها بوونی كێشە لە نێوان باڵەكانی دەسەڵات لە سەر ئەو لێتێگەیشتنەو هەروەها جۆرێك لە موخالفەتی جیهانی بە تایبەت موخالفەتی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی كۆنگرەی ئەمریكاو هەروەها تێَ بینی ئیسرائیل و یا دژایەتی هێ،دیك لە وەڵاتانی عەرەبی لە گەڵ لێتێگەیشتنەكە  ئەگەری ئەوە هەیە سەر لە نۆێ ناكۆكیەكان سەرهەڵبدا‌تەوە.
لەو چوارچێوەدا سازمانی خەبات پێی وایە كە:
1.بێگومان بوونی ئابڵوقە نێودەوڵەتیەكان لە سەر رژیمێ ئێران هۆیەكی سەرەكی بوون بۆ ناچار كردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ پێ مل بوونیان بە ووتوێژەكان هەر بۆیە لەمە بەدواش پێویستە كۆمەڵگای جیهانی بەوردی چاودێری هەڵسورانەكانی رژیم بكەن و رێگەی كەلكی نابەجێ وەرگرتن لەو دەرفەتە نوێیە بگرن. هەر لەو چوارچێوەداپێویستە چاودێرییەكان بە سەر ناوەندە ئەتۆمیەكانی رژیم بە شێوەییكی جیددی بەرێوە بچن و رێگە لە هەر سەر پێچیكی ئاخوندان بگرن بۆمەبەستی سەرەكیان كە دروست كردنی چەكی ئەتۆمیە.  
٢- لە دوای لێكتێگەیشتنی لۆزان كاربەدەستانی رژیم وهۆكانی راگەیاندنیان كەوتنە ‌ تەبلیغاتی زۆر كە بنوێنن كە لەو پرۆسەدا سەركەوتنیان بەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەدەست هێناوە و لەهەوڵی بە لاریدا بردنی بیرورای گشتی بوون،لە حالێكدا ئەوە دەسەلاتدارانی رژیم بوون كە پێ ملی ویست و داواكانی كۆمەڵگەی جیهانی بوون و ناچار بە قبووڵی كوت و بەندەكانی جیهانی بوون. بە باوەری ئێمە ئەو لێك تێگەیشتنەی لۆزان لە ئەنجامی خەباتی نەپساوەی هێزە شۆرشگێرەكانی موخالفی رژیم وئاشكرا كردنی سایتی شاراوەی ئەتۆمی لە لایەن شورای میللی مقاومەت و هەروەهائابڵوقە ئابورییەكان و فشارە سیاسیەكانی كۆمەڵگی جیهانی بۆ سەر دەسەلاتی ئاخوندی بوو. بەو پێ یە ئەوە سەركەوتنی هێزە ئازادیخوازەكان و كۆمەڵگەی جیهانی  بە سەر ئەو ڕێژیمەدا بوو كە بەردەوام رایدەگەیاند یەك هەنگاو لە گەلاڵە ئەتۆمیەكانی پاشگەز نابێتەوە و گەلاڵە ناوكەییەكانی بە ناو، بە سەروەری نەتەوەیی ناودەهێنا و هەر لەو پێناوەدا تێچووێكی زۆری لەسەر گیرفانی خەڵك و داهاتی گشتی خەرج كرد. بەو بەراوردە ئەنجامەكانی ئەو خوولەی ووتوێژەكان شكستێكی گەورەی دەسەڵاتدارانی رژیم بوو و لە راستیدا نۆش كردنی جامی ژەهرێكی تر بوو. 
3- وەك پێشتر باسمان كرد،ئەگەری هەیە دەسەلاتدارانی رژیم لە بەشێك یا هەموو برگەكانی لێك تێگەیشتنی لۆزان پاشگەز بنەوە و هەروەها ئەگەری هەیە كۆمەڵگەی جیهانیش  دارشتنی قەوارەی رێكەوتنی كۆتایی بە شێوەیەك لێ بكەن كە رژیم زیاتر بكەوێتە ژێر فشار هەربۆیە لە ئێستاوە ناكرێ راو بۆچوونی  كۆتایی بخرێتە بەرچاو. خۆ ئەگەر لە پێوەندبە گەلاڵە ناوكەییەكان رێكەوتنیش بێتە ئاراوە بێگومان مەوزوعی مافی مرۆڤ و دەخالەتە بەردەوامەكانی رژیم لە كاروباری ناوخۆی وولاتان و پشتیوانی ترۆریزم و چەندین پرسی دیكە كە بە چارەسەر نەكراوی دەمێننەوەو لە سەر ئە پرسانەش كۆمەڵگەی جیهانی ناچار دەبێ روبەروی حاكمیەتی ئاخوندی ببێتەوە.دیارە دەبێ ئەو راستیەش لە بەرچاو بگرین كە رژیم كەڵك لە لێكتێگەیشتنی لەگەڵ وولاتانی دیكە بە مەبەستی سەركوتی زیاتری خەڵكی ئێران و ئازادیخوازەكان بەكار دێنێ بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی جیهانی ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرن.
٤- لە دوای لێكتیگەیشتنی رژیمی ئێران لە گەڵ وولاتانی 5+1 چەند بیرو بۆچوونێك هاتە ئاراوە كە باس لە شكستی سیاسی هێزە سیاسیەكانی موخالفی رژیمی ئاخوندی دەكەن. بۆ ئاگاداری دۆستانی سازمانی خەبات و هەروەها بۆ ئەوەی نەیارانی سازمانی خەباتیش بزانن، ئێمە مەشروعیەتی تێكۆشان و كاری سیاسی مان لە جەماوەری كوردستان و بۆ دەستە بەر كردنی ئازادی خەڵكی ئێران بە تێكرای نەتەوەو بیروباوەرەكانیەوە وەرگرتوە.لەو چوارچێوەدا هەر جۆرە رێككەوتنی رژیم لە گەڵ وولاتانی جیهان تەنانەت ئەگەر رۆژێك پێوەندی وولاتانی رۆژئاوایی لە گەڵ رژیمی ئاخوندی ئاسایی بێتەوە نەكار لە سەر خەبات و تێكۆشانی سازمانی خەبات بەرانبەر رژیمی ئاخوندی دەكات و نە مانای ئەوەیە كە رژیمی ئاخوندی رژیمێكی مەشروع دەبێ وخەبات و شۆرش كردن لە بەرانبەریدا دەكەوێتە ژێَر پرسیارەوە.خەبات و كاری سیاسی شۆرشگێرانەو نیشتمانی سازمانی خەبات ی كوردستانی  ئێران لە پێناوروخانی رژیمی ئاخوندی و وەدی هاتنی ئێرانێكی دیموكراتی وپارڵمانی و كوردستانی خاوەن ماف و گەلێكی سەربەرز ودوور لە چەوسانەوەدایە و تا هاتنە دی ئەو ئامانجانە هیچ ئاڵوگۆرێكی سیاسی قازانج خوازانەی جیهانی وناوچەیی كار ناكاتە سەر بریای راست و دروستمان.

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 
كومیتەی ناوەندی 
20ی خاكەلێوەی 1394

ڕێکه‌وت: 2015-04-10 16:03:35
به‌شی ( هەڵوێستی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە سەر لێك تێگەیشتنی وولاتانی 5+1 لەگەڵ رژیمی ئێران )