عەلی بەهرامیدەسەلاتدارانی رێژیمی ئێران لە ماوەی 36 ساڵی رابڕدوو و هەر لە سەرەتای هاتنه سەركار و گرتنی جڵەوی دەسەلات لە ئێران، هەنگاوی یەكەمیان دامەزرانی حكومەتێكی مەزهەبی شیعەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیه بوو، لە هەمانكاتدا گواستنەوە و پەرەپێدانی شیعەگەرایی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران و نفوز و دەستێوەردانی راستەوخۆ و ئامادە كردنی شیعەكان بە مەبەستی دامەزرانی ئیمپراتوریەتی شیعە بە سەرۆكایەتی وەلی فەقیه. هەر چەند لە وەلاتانی وەكوو لوبنان و سوریە توانی بەرنامەكانی پێش بخاو هیلالی شیعی دروست بكات، بەلام كۆسپێكی هەرە گەورەی كە لە بەڕدەمیدا بوو...
 حكومەتی سەدام حوسین بوو كە رێگای نەدەدا رێژیمی ئێران بەرنامە و پیلانەكانی سەركەوێ و ببووە كۆسپێكی گەورە لە بەردەم رێژیمدا. بەلام لەدوای رووخانی رێژیمی سەدام حوسێن لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، ئەو كۆسپە گەورە لە بەردەمی رێژیم لابراو، عێراقیان دوو دەستی پێشكەش كرد و ئەو وەلاتە بووە مەیدانی تەراتێن و رمبازێنی هێزەكانی رێژیمی ئێران و لە رێگەی دەست و پێوەندەكانی لەو وەلاتە دەستی بە سەر زۆربەی جومگه گرینگەكانی عێراقەوە گرت و راستەوخۆ دەستێوەردان لە كاروباریان دەكا و بە كردەوە عێراقیەكان تەنها دەتوانن ئەوامر و بەرنامەكانی رێژیم جێ بە جێ بكەن، بەبێ ئەمر و پرسی وان بۆیان نیيه قامك لە ئاو خەن. لە دوای سەرهەلدانی جەنگی سوریە، رێژیم هەستی بە مەترسی كرد و دەستی كرد بە پشتیوانی بەشار ئەسەد، بۆ پارێزگاری لە ناوبراو چەندین رێ و شوێنی گرتەبەر وەك ناردنی هێزی سوپای پاسداران و هێزەكانی حیزبولای لوبنان بە مەبەستی پشتیوانی و هێشتنەوەی دەسەلاتی بەعس، هاوكات سازكردنی تاقم و گروپی جوراوجۆری وەك داعش بۆ دژایەتی نەیارانی ئەسەد. داعش گەرچی بە رواڵەت هێزێكی سوننەیە، بەلام بە ئیمكاناتی رێژیم دەستی پێ كرد، زۆر بەڵگەی باوەڕ پێكراو هەن لەسەر ئەوەی داعش دروستكراوی رێژیمی ئێرانە كە دەكرێ باس لە ناردنی ئەو ئەفغانیانە بكرێ كە لە بری موچەی مانگانە رەوانەی سوریەی كردون، لە دوای ئەوەی لەلایەن هێرەكانی ی پ گ گیراون دانیان بەو راستیەدا ناوە. داعش لە دروست بوونیەوە دژی نەیارەكانی بەشار ئەسەد بووەو لە بەرامبەردا هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی بۆ هێزەكانی ئەسەد نەناوەتەوە. كاتێ لە عێراق دەسەلاتداران و هۆزەكانی سوننە رێگر بوون لە بەردەم بەرنامەكانی رێژیم و لە بەرانبەر دسەلاتی شیعەی دروستكراوی رێژیمی ئیران راپەرین و بەكردەوە دەسەلاتی ناوەندیان لە ناوچەكانیان وەدەر نا، لە ماوەیەكی كورتدا داعشی بە روالەت داشداری سوننەیان لە سوریەوە هێنا عێراق و لە ماوەیەكی كورتدا ناوچە سوننەنشینەكانیان بە چەك و چۆڵێكی زۆرەوە تەحویل دا. بوونی داعش لە عێراق بە دوو هۆ بە قازانجی دەسەلاتدارانی ئێرانە یەكەم ئەوەی زوومی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سوریەوە گواستەوە بۆ عێراق و ئەو فشارە زۆرەی لە سەر بەشار ئەسەد بوو كەم كرایەوە و ناوبراو تینێكی هاتەوە بەر، لەلایەك سوننەی دژ بە ئێران له عێراق لە رێگەی داعشەوە شۆرشەكەی لەبار براو شوێنە پیرۆزەكانیشیان لەناو بردن، لەهەمانكاتدا بیانووی دایە دەست رێژیمی ئێران و تاقمە ترۆریستیەكانی شیعە لە عێراق كە بە ناوی لە ناوبردنی داعش پێكهاتەی سوننە لاواز بكەن و لە بنا هەلی تەكێنن. لەگەل ئەوەدا پێویستە ئەو راستیەمان لە یاد بێت كە رژیمی ئێران بۆ بردنە پێشی بەرنامە و پیلانەكانی هەمیشه پێویستی بە دژمنێك هەیە. بۆ دەستێوەردان لە فەلستین و لوبنان، ئیسرائیل باشترین بژاردەیە و بە ناوی دژایەتی ئیسرائیلەوە پێگەی خۆی لەو ناوچانەدا بە باشی قایم بكا. هەروەها بۆ نفوزی زیاتر له وەلاتانی عەرەبی دژمنایەتی عەرەبستانی سومبل و هێمای بلوكی سوونە بژاردەیەكی باش و وەلامدەرەوە بووە. هەروەها لە عێراق و سوریە داعشی خود ساخته باشترین و بەجێ ترین بژاردەیە كه رێژیمی ئێران توانیویەتی كەڵكی لێوەرگرێ. ئەو بشێویەی لە ناوچەكەدا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە سازبووە، لە هەر دوو وەلاتی عێراق و سوریە، بە رووبەرێكی زۆر كوردی تێدا دەژی، ئەو نەتەوەی لە دوای دابەش بوونی خاكەكەی لە پەیمانی زەهاو سالی 1639 ، لە نێوان سەفەویەكان و عوسمانیدا، بەردەوام لە هەوڵی یەكخستنی خاكەكەی بووە و بە درێژایی ئەو چەند سەدەیە هیچ سەركوت و جینایەتێك ئەو نەتەوەی بە چۆكدا نەهێناوە، و رۆژ لە دوای رۆژ مكورترو پێ داگرتر بووە لە هاتنەدیی ئاواتەكانی. لە دوای ئاڵوگورەكانی سەدەی رابردوو و دروست بوونی چەندین دەولەتی نوی لە ناوچەكە و رەچاونەكردنی مافەكانی كورد و دابەش كردنی خاكەكەی بەسەر عێراق و سوریە و توركیە، شۆرشی كورد لە هەركام لە بەشەكانی كوردستان گڕ و تینی بە خۆوە بینی و لەگەل هەر زولمێكدا شۆرشی كوردیش پڕ رەنگتر و رێكخراوتر و بەربلاوتر دەبوو. لە ئەنجامی ئەو شۆرشانە توانیویەتی گەر بۆ كورت ماوەش خاكەكەی رزگار بكاو چەندین نمونەی جوانی خوبەرێوەبەری و حوكمداری پێشكەش بكات. بە هاتنە سەر كاری رێژیمی ویلایەتی فەقیه لە ئێران، دید و بۆچوونی ئەم رێژیمە سەبارەت بە دۆزی رەوای نەتەوەی كورد، بۆچونێكی رەگەزپەرستانەی هەم دینی و هەم نەتەوەیی بوو. ئەم راستیەش ئەو كاتە خۆی وەدیارخست كە بزاوتی نەتەوەیی لە كوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای بەدەسەلات گەیشتنیان، كەوتە وتووێژ، بەلام رێژیم تەنها مەبەستی لە دانوستان لەگەل كورد كات كوشتن بەمەبەستی خۆ رێخستن بوو نەك گوێرا گرتن لە داواكانی كورد، و دوایی لە دوو مەرحەلەدا شەری بەسەر كوردا سەپاندو تا ئێستاش هەر جۆرە باسێك لە مەسەلە نەتەوەییەكانی كورد، بە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێ و به هەموو شێوەیەك بەرپەرچی دەداتەوە. ئەم بۆچونەی رێژیم تەنها بە مەسەلەی كورد لە ئێران، سنوردار نابێ بەڵكو له هەركام لە بەشەكانی دیكەی كوردستان چاوی بە سەركەوتنی پرسی كورد هەلنایە و تا بابەتێكی وای هەست پێ كردبێ كەوتۆتە پیلان گێری بە مەبەستی لە ناوبردنی. ئەم راستیە لە ئێستادا سەبارەت بە كوردستانی عێراق زۆر ئاشكرا و بەرچاوە، هەر چەند لە رابردودا هاوكاری هێزو لایەنەكانی كوردستانی عێراق كردوە. كە وەك پێشتر باس كرا، سەدامی بە بەربەستێكی گەورە لە بەردەم بەرنامەكانی خۆیدا دەدی و لە شەڕدا بوو لەگەڵی، لەلایەكی دیكه بۆ مێخ و زنجیر كردنی بزوتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران و باقی نەیارەكانی بوو، كە لە ئێستادا ئاكامی ئەو هەنگاوانە زیاتر بەرچاو دەكەوێ. بەلام لە دوای پەلاماری داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستانی باشور و پەلكێش كردنی كورد بۆ نێو ئەو شەرەی لەلایەن رێژیمەوە پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابوو، كە لە رێگەی داعشەوە كورد تەمبێ بكا كە دەستی بە سەر كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم گرتبوو، دوهەم ئەوەی كە بەر بە راپرسی و پرسی سەربەخۆیی بەتایبەت لەم وەزعیەتە كە بۆ كورد گونجاو بوو بگرێ. هەروەها رێژیم لە بیانووە بە كوردو هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە، مەسەلەی روخانی موسل و هاتنی داعش بخاتە ئەستۆی كورد،بەو بیانووە ڕای گشتی عێراق و بەتایبەت شیعەكان لە كورد هان بدات. وەك ئاشكرایه بۆ دژایەتی پرسی كورد و سوارچاكانی ئەو گەلە هەموو رێكار و میكانیزمێك دەگرێتە بەر، و تا ئەو رێژیمه هەبێ ناهێڵێ كورد له هیچ كوێ نانێكی راحەت بخوات. یەكێكی دیكه لە پیلانە مەترسیدارەكانی رێژیم دژ به هەرێمی كوردستان سازكردنی حشدی شعبیە كە بە فتوایەكی مەزهەبی شیعە و لە تاقم و گروپە ترۆریستە شیعەكان كە پەروەردەی سوپای قودسن پێكهاتووە و بە ئاشكرا هەرەشە لە كورد و سەركردایەتیەكەی دەكەن و دژمنایەتی خۆیان بۆ كورد و دەستكەوتەكانی نەشاردۆتەوە، هەر بۆیه كورد لە ئێستاوە دەبێ وریا بێ و لە بەرنامە مەترسیدارەكانی رێژیمی ئێران و هێزەكەی حشدی شەعبی و شیعە غافڵ نەبێت. ئەوەی جێی داخە ئەوەیە بەسەر ئەو هەموو پیلان و بەرنامە مەترسیدارانەی رێژیم دژ بە كورد هەیەتی، ژمارەیەك كەسی دەسەلاتدار ، ریژیمی ئێران بە دۆست و خەمخۆری كورد نادەبەن، ئەم جۆرە خیتابە لە نێو شەقامدا كاریگەری هەبووەو تەسیری كردۆتەوە سەر خەلكێك، هەر بۆیە پێویستە كورد لە هەرێمی كوردستان ، ریزەكانی خۆیان پتەو بكەن و هیچ درز و كەلێنێك نەهێڵنەوە كە رێژیمی ئێران و باقی نەیارانی كورد كەڵكی لێوەرگرێ و لە جێی ئەوەی رێژیمی ئێران بە دۆستی كورد بناسێنن با واقع و پیلانەكانی ئەو رێژیمە بۆ خەڵك روون كەنەوە. رێژیمی ئێران دژمنە و تا هەیە هەر دژمن دەبێ، بۆیە هەم بە دۆست زانینی و دۆستایەتی كردنێكی و هەم هەرجۆرە وتووێژێك لەگەڵی بێ ئاكامە و هیچی لێ شین نەبووە و نابێ و جوێ لە زەرەرە بۆ بزوتنەوەی نەتەوەیی گەلەكەمان هیچی دیكە نیه.


ڕێکه‌وت: 2015-04-13 15:43:38
به‌شی ( پیلانەكانی رێژیم و پرسی نەتەوەی كورد )