__ ٥ هاووڵاتیی كورد لە زیندانی قزلحەساری كەرەج لەسێدارە دران__ لە ورمێ لە هەر 5 حاڵەت هاوسەرگیری یەكێكیان بە تەڵاقدا دەكێشرێت__ فەرماندەی پێشووی “گروه زەبەت”ی شاری كامیاران كوژرا__ هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری كامیاران بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیدا__ ئەڵمانیا دژی پێدانی سیستمی موشەكی روسییە بە ئێران__ كۆنگرێسمانەكان چاودێری رێككەوتنەكەی نیوان ئەمریكا و ئێران دەكەن__ ئەنجومەنی ئاسایش سزا بەسەر حوسییەكاندا دەسەپێنێت و داوای پاشەكشەیان لێدەكات__ داعش پلانێكی‌ نوێ جێبەجێ دەكات__ (400) پەنابەر خنكان


٥ هاووڵاتیی كورد لە زیندانی قزلحەساری كەرەج لەسێدارە دران
رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٣ی خاكەلێوە، ٢٠ كەس لە زیندانیانی مەحكووم بەسێدارە، رەوانەی ژووری تاكەكەسی كران و سەرئەنجام بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، ١٣ كەسیان لەسێدارە دران. دەگوترێ، ئەو ١٣ كەسە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر حوكمی سێدارەیان بۆ بڕابوویەوە، حوكمەكانیشیان پاش پشتڕاست كرانەوە لە دیوانی باڵای رژیمی ئێران ، جێبەجێ كراوە. هەواڵدەریی هێرانا، شوناسی ٥ كەس لەو زیندانیانەی كە رەوانەی ژووری تاكە كەسی كرابوون، مەنسوور غوڵام‌زادە، رەزا قوربانی، مەحموود مەلەكی، ئەحمەد مەلەكی‌زادە و حەمید فەرەجلوو، راگەیاندووە. ئەو سەرچاوەیە، ئاماژەی بەوەش كردووە، كە رۆژی دووشەممە، ٨ كەس لە زیندانی ناوەندیی كەرەج لەسێدارە دراون. جێگەی باسە كە لەو ١٣ زیندانیە ٥ كەسیان هاووڵاتیی كورد بوون. تالب نەبی‌زادە، كوڕی رەحیم، شوناسی یەكێك لە هاووڵاتییە كوردە ئێعدام كراوەكان راگەیاندراوە، كە رۆژی رابردوو تەرمەكەی لە گوندی كەلە رەشی سەربە ناوچەی شپیرانی ناوچەی سەڵماس نێژراوە.




لە ورمێ لە هەر 5 حاڵەت هاوسەرگیری یەكێكیان بە تەڵاقدا دەكێشرێت
لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە پارێزگای ئورمیە لە بەرانبەر هەر 5 حاڵەت هاوسەرگیری یەك حاڵەت تەڵاق تۆمار كراوە و ئەم رێژەیە بە شێوەیەكی بەرچاو لەم پارێزگایە بەردەوام رووی لە هەڵكشان دایە. ئامارە فەرمییەكانی ئیدارەی تۆماركردنی باری كەسیەتیی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئورمیە دەرخەری ئەوەیە كە ئاماری تەڵاق لەم پارێزگایە رووی لە هەڵكشانە و ئاماری هاوسەرگیری رووی لە داكشان دایە. ئامارەكانی ئیدارەی تۆماركردنی باری كەسیەتیی رێژیمی ئێران لە پارێزگای ئورمیە دەرخەری ئەوەن كە لە ساڵی رابردوودا 35 هەزار و 101 حاڵەت ئاماری هاوسەرگیری تۆمار كراوە كە نیسبەت بە سالێ 1392ی هەتاوی لە5.5% داكشانی بەخۆیەوە بینیوە.بەپێی ئەم ئامارەانە ساڵی رابردوو 6 هەزار و 413 حاڵەت تەڵاق لە ئاستی پارێزگای ئورمیە تۆمار كراوە كە نیسبەت بە ساڵی 1392ی هەتاوی، 1/14% هەڵكشانی بەخۆیەوە بینیوە.هەروەها لە ساڵی رابردوودا 5 هەزار و 550 تەڵاق لە ئاستی شارەكانی ئەو پارێزگەی تۆمار كراوە كە لە 13% هەڵكشانی بە خۆیەوە بینیوە و 836 حاڵەت لە گوندەكان تۆمار كراوە، كە لە 9.21% هەڵكشاوە.لەم پەیوەندییەدا، بەرپرسی ئیدارەی تۆماركردنی باری كەسیەتیی رێژیم لە شارستانی مەهاباد رایگەیاندووە، رێژەی تەڵاق لەم شارە لە 22% بەرز بوووەتەوە.ناوبراو لەم پەیوەندیییەدا رایگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا 622 حاڵەت تەڵاق لەم شارە تۆمار كراوە كە 510 حاڵەت لە شار و 112حاڵەت لە گوندەكان تۆمار كراوە.بەپێی ئەم راپۆرتانە، بێكاری و تووشبوون بە ماددە سڕكەرەكان یەكێك لە سەرەكیترین هۆكاری تەڵاق ئەژمار دەكرێت و ئاماری تووشبووان بە ماددە سڕكەرەكان رووی لە هەڵكشان دایە و رێژەی بێكاری لە پارێزگای ئورمیە بووەتە هۆی ئەوەیكە ئاماری تەڵاق لەوپارێزگایە بەرز بێتەوە.






فەرماندەی پێشووی “گروه زەبەت”ی شاری كامیاران كوژرا
فەرماندەیەكی پێشووی سپای پاسداران و بەرپرسی “گروه زەربەت”ی شاری كامیاران لە یەكێك لە ئاواییەكانی سەر بە شارەكە كوژرا. ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 25ی مانگی خاكەلێوە فەرماندەیەكی ناسراوی سپای پاسداران  و بەرپرسی “گروه زەربەت”ی ئەو شارە بە ناوی “جەعفەر شەیدایی” ناسراو بە (جەعفەرە سوور) 50 ساڵ تەمەن و كوڕی میر ئاغا، لە لایەن چەكدارەكانی خودی كۆماری ئیسلامیەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و كوژراوە. بە پێی راپۆرتی زاگرۆس پۆست ئەو فەرماندەیەی “گروه زەربەت”ی شاری كامیاران، خەڵكی ئاوایی ئاسنگەران بووە و لە نزیك ئاوایی “خانەبا” لە ئاكامی تێكهەڵچوون لەگەڵ خودی هێزە حكومەتییەكان كوژراوە. ناوبراو ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لەوەپێش بەرپرسی “گروه زەربەت”ی كامیاران بوو و دواتر هەم خۆی و هەم براكەشی لە نێو ئەو گرووپە دەردەكرێن، بەڵام هەر بەردەوام بووە لە باجگیری و راوڕووتی خەڵكی ناوچەكە. “جەفتەر شەیدایی” ساڵی رابردوو بەهۆی رفاندنی كەسێكەوە، لە حكومەت یاخی بووە و لەم دواییانەشدا بە مەبەستی باج وەرگرتن لە ماسە شۆرییەك و سووتاندنی كەلوپەلەكانی ئەو شوێنە، لە لایەن هێزە چەكدارە حكومەتییەكانەوە دوای كەوتوون و لە ئاكامدا ئێوارەی دوێنێ تووشی تێكهەڵچوونی چەكداریی دەبێت و بەهۆی ئەوەیكە گوللەی پێ نەماوە، هێزە حكومەتییەكان داویانەتە بەر دەستڕێژی گوللە و كوشتوویانە.ئەو ئەندامەی سپای پاسداران بە بەردەوامی كێشەی بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەكرد و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشدا چەند جاری تووشی تێكهەڵچوون ببوو، هەر لەبەر ئەوەیكە خۆشخزمەتیی بە حكومەت دەكرد، پشتیوانیەكی باشی لە خراپكارییەكان دەكرا، تا ئەوەیكە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە پۆستەكەی دەر دەكرێت، بەڵام هەر بە بەردەوامی كێشە بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەكات و لە چەتەیی و باجگیری بەردەوام دەبێت.





هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری كامیاران بە شێوەیەكی گوماناوی گیانیدا
هاوڵاتییەكی خەڵكی یەكێك لە ئاواییەكانی سەر بە شاری كامیاران بە شێوەیەكی گوماناویی و لە رێگای رووداوی بەرق گرتووییەوە گیانی داوە. رۆژ ی  چوارەشەممە 26ی مانگی خاكەلێوە لە ئاوایی ئاسنگەران سەر بە شاری كامیاران هاوڵاتییەك بە ناوی “شەهرام غوڵامی” كوڕی عەلی ئەكبەر و تەمەن 32 ساڵ لە رێگای بەرق گرتوویی گیانی داوە. یەكێك لە خەڵكی ناوچەكە بە زاگرۆس پۆستی راگەیاند، كە ئەو هاوڵاتییە كوردە پێشتر پڕۆسەی هاوسەرگیری پێكهێناوە و جیا بوونەتەوە و ئێستاكەش منداڵێكی 6_7 ساڵەیان هەیە.دەوترێ، ئەم بەیانیە خەڵكی ئاواییەكە ئاگادار كراونەتەوە، كە ئەو هاوڵاتییە بەهۆی بەرق گرتوویی گیانی لەدەستداوە، بەڵام باس لەوە دەكرێ كە مەرگی ناوبراو گوماناویی بووە و هۆی ئەوەیكە كاتژێر 3ی بەرەبەیان بۆچی تووشی ئەو رووداوە بووە، تا ئێستا روون نەبووەتەوە.





ئەڵمانیا دژی پێدانی سیستمی موشەكی روسییە بە ئێران
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ناڕازیە لە پێدانی سیستمی موشەكی روسی بە ئێران و هەنگاوی لەو جۆرەش، بە پاداشتێكی درەنگوەختی مۆسكۆ بۆ تاران وەسف دەكات.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لە زاری فرانك فالتەر شتاینمار، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاوە بڵاوی كردەوە؛ وڵاتەكەی، دژی پێدانی سیستمی موشەكی روسییە بە ئێران و جەختی لەوەش كردوەتەوە، ئەو هەنگاوەی روسیا بەر لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت گەورە وڵاتی پیشەسازی جیهان كە لەشاری لۆبیكی باكووری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، پاداشتێكی درەنگوەختی مۆسكۆیە بۆ تاران.ئەو لێدوانەی شتاینمار پاش ئەوە دێت، كە حكومەتی روسیا جەختی لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە وڵاتەكەی دەستی كردوە بە ئاڵوگۆڕكردنی نەوتی ئێرانی بە كەلوپەلی روسی و ئەوەش زەمینە دەسازێنێت بۆ ئەوەی مۆسكۆ سیستمی موشەكی جۆری (ئێس-300) ڤادەستی تاران بكات.




كۆنگرێسمانەكان چاودێری رێككەوتنەكەی نیوان ئەمریكا و ئێران دەكەن
لیژنەیی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا پڕۆژە یاسایەكی پەسەندكرد كە رێگەی بە كۆنگرێسمانەكان دەدات چاودێری رێككەوتنەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران بن لەبارەی دۆسییە ئەتۆمییەكەوە و ئۆباماش رەزامەندی نیشان داوە. باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكا، رایگەیاند: ئێستا دژی ئەو پڕۆژە یاسایە نیم كە لەلایەن لیژنەیی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەندكراوە، لای خۆشییەوە وتەبێژی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەكرد كە پێشبینی دەكرێت ئۆباما واژۆ لەسەر پرۆژە یاساكە بكات. بەپێی پڕۆژە یاساكە، كۆنگرێسمانەكان مافی دەنگدانیان هەیە لەسەر هەر رێككەوتنێك كە ئەمەریكا و ئێران لەبارەی دۆسییە ئەتۆمییەكەوە واژۆی دەكەن و جگە لەوەش چاودێری رێككەوتنەكە دەكەن. ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی (پێنج + یەك) لە شاری لۆزانی سویسرا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا گەیشتنە رێككەوتنی سەرەتایی و چاوەڕوانیش دەكرێت لە كۆتاییەكانی مانگی حوزیرانی داهاتودا رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت. پێشبینیش دەكرێت ئەو پرۆژە یاسایە لەلایەن دیموكراتەكان و كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا پەسەند بكرێت، كە سەرەتا ئۆباما رەتیكردەوە و رایگەیاند: كۆنگرێس بۆی نیە وتەی هەبێت لە كۆتایی رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێران لەبارەی دۆسییە ئەتۆمیەكە.


ئەنجومەنی ئاسایش سزا بەسەر حوسییەكاندا دەسەپێنێت و داوای پاشەكشەیان لێدەكات
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەبێ رەزامەندی روسیا دەنگی لەسەر پرۆژە بڕیارێكدا كە گەمارۆ دەخاتە سەر حوسییەكان لایەنگرانی عەلی عەبدوڵا ساڵح و داواش لە حوسییەكان دەكات لەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گرتوە بكشێنەوەو چەندین سزاش بەسەریاندا دسەپێنێت. ئەمڕۆ سێشەممە، بەدەنگی (١٤) ئەندام لە كۆی (١٥) ئەندامەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژە بڕیارێكی وڵاتانی كەنداو پەسەندكرا، كە تێیدا داوا لەسەرجەم لایەنە ناكۆكەكانی یەمەن دەكات بەزوترین كات دەست بە دانوستان بكەن بۆ وەستاندنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست، لەگەڵئەوەشدا هیچ ئاماژەیەكی تێدانییە بۆ ئەوەی داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی كەنداو بە سەرۆكایەتی سعودیە بكات وەستاندنی هێرشە ئاسمانییەكانیان بۆ سەر چەكدارە حوسییەكانی یەمەن. هەروەك داوا لە لایەنە ناكۆكەكان دەكات كە هاوڵاتیە مەدەنییەكانی ئەو وڵاتە بپارێزن و بان كیمۆنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانیش راسپێردراوە كە هەوڵەكانی زیاتربكات بۆ گەیاندنی كۆمەكە مرۆییەكان و رزگاركردنی هاوڵاتیانی مەدەنی. هاوكات چەندین سزاشی بەسەر چەكدارە حوسییەكانی یەمەندا سەپاندوە لە گرنگترینیان گەمارۆخستنە سەریان و رێگرتن لە گەیشتنی چەك و تەقەمەنی بەو گروپە و قەدەغەكردنی گەشتی دەرەوەی وڵات لە سەركردەی حوسییەكان و كوڕەكەی عەلی عەبدوڵا ساڵح و ژمارەیەك بەپرسی دیكەی ئەو گروپە.





داعش پلانێكی‌ نوێ جێبەجێ دەكات
داعش ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی‌ لە شاری‌ موسڵەوە بەرەو وڵاتی‌ سوریا دەگوازێتەوەو سەرچاوەیەكیش رایدەگەینێت، ئەو رێكخراوە متمانەی‌ بە چەكدارە عیراقییەكان نەماوەو چەكداری‌ سوری‌ بۆ رووبەڕوو بوونەوەی‌ هێزە ئەمنییەكان بۆ عیراق دەهێنێت. سەرچاوەیەك لە شاری‌ موسڵەوە رایگەیاندووە، داعش ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی‌ كەتیبەی‌ (جند ئەلخیلافە) كە بەهێزێكی‌ تایبەتی‌ داعش ناسراوە، بە چەكی‌ جۆراوجۆرەوە بۆ شاری‌ رەققەی‌ سوریا گواستۆتەوە.ئاماژەی‌ بەوەشكردووە، لە ئێستادا زۆرینەی‌ چەكدارەكانی‌ داعش لە سەنتەری‌ شارەكە كشاونەتەوەو تەنها چەند خاڵێكی‌ پشكنینی‌ داعش لە نێو شاری‌ موسڵدا بوونی ماوە.ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی‌ ئاشكراكردووە، لە دوای‌ شكستەكانی‌ داعش لە پارێزگای‌ سەڵاحەدین، رێكخراوەكە متمانەی‌ بە چەكدارە عیراقییەكانی‌ نەماوە، لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی‌ چەكدارە عیراقییەكان بۆ بەرەكانی‌ شەڕی‌ سوریاو چەكدارە سورییەكانیش بۆ عیراق دەهێنێت، بە مەبەستی‌ رووبەڕوو بوونەوەی‌ هێزەكانی‌ سوپاو چەكدارانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌.چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش رۆژی‌ 10/6/2014 بەبێ هیچ رووبەڕوو بوونەوەیەك شاری‌ موسڵیان كۆنترۆڵكرد، لە ئێستاشدا حكومەتی‌ عیراق سەرقاڵی‌ جێبەجێكردنی‌ پلانێكی‌ گونجاوە بۆ پاككردنەوەی‌ شاری‌ موسڵ لە چەكدارەكانی‌ داعش.




(400) پەنابەر خنكان
لە ئەنجامی ژێرئاوكەوتنی كەشتییەك كە بە سەدان پەنابەری نایاسایی لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا دەگواستەوە، (400) پەنابەریان دەخنكێن.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی كردەوە؛ ئەو كەشتیە بەنیاز بوە بە سەدان پەنابەری نایاسایی لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا بگوازێتەوە، بەڵام لەناو ئاوە هەرێمییەكانی دەریای ناوەڕاستدا ژێرئاو كەوتوە و بەوهۆیەشەوە (400) لە سەرنشینەكانی خنكاون. دەستەی بەهاناوەچونی منداڵان و رێكخراوی كۆچبەرانی ئیتاڵی، جەختیان لەوەكردوەتەوە كە  كەشتیەكە بەر لەژێرئاوكەوتنی (550) پەنابەری تێدابوە و لەو ژمارەیەش تەنیا (150) كەسیان لە مردن رزگاریان بوە و بەرە و بەندەرێكی باشوری ئیتاڵیا گوازراونەتەوە. لە مانگی شوباتی رابردوشدا، زیاتر لە (300) پەنابەری تر كە بەنیازبون لەڕێگەی ئاوییەوە بەرەو ئیتاڵیا بچن، خنكان و زیاتر لە دو هەزار‌و (800) پەنابەری تریش لەماوەكانی رابردودا لە خنكان رزگاركراون.


ڕێکه‌وت: 2015-04-15 16:23:30
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان و ئێران و جیهان (26ی خاكەلێوەی 1394) )