كامیل نورانی فەردوەك نەریتێك هەموو ساڵێ رێبەری نیزامی ئاخوندی لە پەیامی نەورۆزی خویدا ناوێك بۆ ساڵ دیاریی دەكات و راگەیاندنەكانی حكوومەتی تەبلیغاتێكی بەربڵاو لەسەر رەهەند و ناوەرۆكی ناودانانەكە دەست پێدەكەن و هاوتەریبی قازانجی نیزام شیكردنەوەی بۆ دەكەن  و ئەمساڵیش خامنەیی ناوی (ساڵی دەوڵەت و میللەت، هاودڵی و هاوزمانی) دیاریی كردوە. ئەو ناو دانانە نەریتیە ئامانجی سەرەنج راكێشانی بیرورای گشتی بۆ لای بابەتێكی دیاری كراو كە لە لایەن رێبەری نیزامەوە شایانی سەرەنج پێدانی زیاترە بەرێوە دەچێ و بە جۆرێك دانپیانان بە كێشەیێكی جیددی نیزامە. بۆ وێنە لەساڵی 1390 هاوكات...
 لەگەڵ بەرێوەبردنی گەڵاڵەی ئامانجدار كردنی یارانەكان و بەرەوسەربردنی تەحریمە نێودەوڵەتیەكان ناوی ساڵ بە ساڵێ‌ جیهادی ئابووری ناونرا و بە هەمان شێوە لەماوەی ئەو ساڵانەی رابردوو بە جۆرێك بابەتی ئابووری لەناوەكانی خامنەیی دا رەنگی داوەتەوە. 
بابەتی ناو دانانی ساڵ دەكرێ‌ لە دوو رەهەندی سەتحی و قووڵەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێ‌. لە رەهەندی سەتحی دا دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە  هۆكاری سەرەكی بۆ ناودانانی ئەمسال بە ساڵێ‌ هاودڵی نیوان دەوڵەت و خەڵك درك كردن بەو راستیەیە كە ساڵ لەدوای ساڵ درزی نێوان خەڵك و دەوڵەت لە وەڵاتی ئێران بەرەوسەر دەچێ و ئاستی نارەزایەتیەكانی خەڵك لە ئەدا و هەلس و كەوتی ئاخوندان بە رێژەیێك پەرەی سەندووە كە تەنانەت رێبەری نیزامیشی وریا كردۆتەوە و نیزامی ئاخوندی بۆ هیوەر كردنەوەی ئەو بارگژیی و ئاڵۆزییانە بە خەیاڵی خۆیان رێگەكارێك بگرنە پێش. بێ گومان مەبەست و ئامانج لەو پێوەندییە پێوەندییەكی دوولایەنە نییە و زیاتر مەبەست خەڵك و وەبیرهێنانەوەی ئەركەكانی خەڵك لە راست دەوڵەتی نیزامی دیكتاتۆری ئاخوندییە و بە جۆرێك وریایی دان بە خەڵكە.  بەو پێیەی كە رێبەری نیزام باس لە هاودڵی یان  باشترە بوترێ‌ بێ دەنگ بوونی خەڵك دەكات لەهەمبەر ناعەداڵەتی و دۆخی كارەساتاوی وەلات ، دەستی دەزگا داپلۆسێنەرەكان ئاوەڵەتر دەكات بۆ ئەوەی كە هەر جم و جوولێك بە بیانووی دژایەتی فەرموودە و رێنوێنیەكانی "ئاغا"! زیاتر لە رابردوو سەركووت و كپ بكەن. هەر بۆیە شیمانەی ئەوە دەكرێ‌ كە ئەمساڵ سالێكی تاقەتپرۆكێن تر و پڕ لە كەشی ترس و تۆقان بێ بۆ خەڵكی بەش مەینەتی ئێران بە هەموو  نەتەوەكانیەوە و بۆ نەتەوەی كوردیش بە تایبەتی. لایەنێكی تر لە خوێندنەوەی سەتحی دا پێوەندیی بە مل كەچ بوونی نیزامی ئاخوندیی بۆ خواستەكانی كۆمەڵگای جیهانی لە پێوەند بە بەرنامەی ناوكەییەوە هەیە . بێگومان هەموو باڵ و لاباڵەكانی رژیم بەو جامی ژەهر خواردنەوەیە قایل نین و ئەو بابەتە ژینگەیێكی لەبارە بۆ قووڵ بوونەوەی كێشە و ناكۆكیەكانی باڵەكانی ناوخۆی رژیم و هەر بۆیە خامنەیی كە دواجار رازیی بووە بەو تەسلیم بوونە دەیهەوێ‌ لەو رێگەیەوە لایەنەكانی نەیار ئاگادار بكاتەوە كە پێویستە بەو رێكەوتنە رازیی بن و كێشە بۆ دەوڵەت نەنێنەوە. هەر چەند ئەوە راستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە دوابریار لە دەستی خامنەیی دایە و ئەو رێكەوتنە رەزامەندیی ناوبراوی لەسەر بووە، بەڵام خۆ ناكرێ‌ راستەوخۆ دژایەتی بریار و هەڵوێستەكانی رێبەر بكرێ‌ و هەر بۆیە وەك هەمیشە دەوڵەت  دەكەوێتە بەر ئامانج و لایەنەكان زیاتر لە رێگەی دژایەتی یەكتر پەیامەكانیان بە خامنەیی دەگەێنن . خامنەیش لە لایێكی ترەوە بە ناو هێنانی دەوڵەت لە ناودانانی ئەمساڵ زیاتر مەبەستی دژایەتی خۆیەتی كە داوا دەكات هاودڵی و هاوزمانی لەگەڵ بكرێ‌ و كەس باسی ئەو رێكەوتنە بە چاك و خەراپ نەكات و لە ئێستا دا دەیهەوێ‌ ئەو بابەتە بە لیلی و ناروونی بهێلیتەوە و هەر وەك لە قسەكانیشی دا ووتی كەس پیرۆزبایی و سەرەخۆشیم لێنەكا چونكە كاتێكی زۆر ماوە بۆ یەك لایی بوونەوەی ئەو بابەتە. 
بەڵام خوێندنەوەێكی تر كە من بە خوێندنەوەێكی قووڵ و واقعبینانەی دەناسێنم سەرلەبەری ئەو ناودانان و تەبلیغاتە بە هەولێكی چەواشەكارانە و بێ بنەما و نامەعقووڵ و لە درێژەی سیاسەتە چەوسینەرەكانی نیزامی ئاخوندیی لە ماوەی 36 ساڵی رابردوو دەزانێ‌. 
لەو خوێندنەوەیە و بەتایبەتی لە ناوی دیاری كراوی ئەمسال لە ژێر ناوی هاودڵی خەڵك و دەوڵەت پێویستە سەرەتا پێوەندیی نێوان خەڵك و حكوومەت و بە گشتی پێكهاتەی نیزامی ئاخوندیی بزانین. بێگومان زۆر روون و ئاشكرایە پێوەندیی نێوان خەڵك و حكوومەت پێوەندیی نێوان مەزڵووم و زاڵمە. واتا حكوومەت دەوری زاڵمی هەیە و خەڵكیش مەزلووم و زولم لێكراون و هەموو رێوشوێنەكانی حكوومەت و كۆمەڵگا و یاسا و ئەرك و ماف لەسەر رەوتێكی داسەپاو و تاك لایەنەیە و خەڵك هیچ جۆرە دەورێكیان لەو ئورگانیزاسیۆنە دا نییە. لە پێوەندییەكی لەم چەشنە دا ئاستی گاڵتەجار بوونی ئەو ناودانان و خواستانەی حكوومەتی ئاخوندیمان بۆ دەردەكەوێ‌. دسەڵات باس لە جیهاندی ئابووری دەكات و رێنوینی خەڵك دەكات كە بۆ بەرپەرچدانەوەی تەحریمە نێودەوڵەتیەكان خەڵك پێویستە جیهادی ئابووری بكەن و بە هەموو رێوشویبَنەكانی ژیانیان دابچنەوە!! وەك بلێی خەڵك عامل و هۆی ئەو قەیرانە بێ! وەك بلێی هیچ رێگەیێك بۆ زانینی بیرورای گشتی بوونی نەبێ! ئەگەر دەسەڵات راست دەكات با لە رێگەی ریفراندۆمێك پێشوەخت دیاری بكردایە كە رای خەڵك لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی ناوكەیی بە هەر نرخێكە یان خۆد خەڵك بێزارن لەو بەفیرۆدانەی سەرمایە گشتیەكان و خستە ئەو دۆخە نالەبارەیان. ئەو كات كە رای خەڵك لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی ناوكەیی بوو بەلێ زۆر پێویستە لە راست ئەو ئامانجە جیهادیش بكرێ‌ و هەموو رێوشوینەكانی ژیانیش ئاڵوگۆریان بەسەر دابێ. بەڵام لەكاتێكدا كە خەڵك خەمی نانی هەیە و بەرنامەی ناوكەیی بە شتێكی پووچ و بێ كەڵك دەزانێ‌ چۆن دەكرێ‌ داوایان لێ بكرێ‌ لە پێناو ئامانجە شاراوەكانی دەسەلات كە گەیشتن بە چەكی ناوكەیی و زامن كردنی حوكمی دیكتاتۆرانەیانە جیهادی ئابووری بكەن؟ یان لە ناودانانی ئەمساڵ لە كاتێك دا كە نیزامی ئاخوندی ماوەی 36 ساڵە خەڵك دەچەوسێنیتەوە و هیچ جۆرە پێوەرێكی دیموكراسی بوونی نییە چۆن دەكرێ‌ داوای هاودڵی و هاوزمانیان لێبكرێ‌. بەلێ ئەو داوایە رەوایە لەكاتێكدا كە حكوومەت هەڵبژێردراوی راستەقینەی خەڵك بن و هیچ جۆرە ستەم و چەوسانەوە و ناعەداڵەتی و ترس و تۆقاندنێك  بوونی نەبێ و هەر كاتیك پێیان خۆش بوو بریار لەسەر مانەوە یان لاچوونی دسەلاتەكان بدەن، دەكرێ‌ لەهە و مەرجێكی لەم چەشنە هاودڵی و هاوزمانی دروست ببێ و خەڵك و دەوڵەت پشتیوانی یەكتری بن.
 بۆیە هەموو ئەو شیعار و ووتە زریقە و بریقەدارانە بێجگە لە گاڵتەجارییەكی قێزەون و بێ شەرمانەی دەسەڵات هیچ شتێكی تر نییە و خەڵكی ئێران زۆر لەوە وریاترن كە فریوی ئەو جۆرە لێدوان و شانۆگەرییانە بخۆن و بە شەو و رۆژێك دەسەڵاتیان لەبەر شیرین بێ و هاودڵی و هاوزمانی لەگەڵ دا بكەن.    


ڕێکه‌وت: 2015-04-17 17:01:06
به‌شی ( هاودڵی دەوڵەت و میللەت بە كام پێوەر )