ریبوار حسینیشۆرش و خەباتی رەوای گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كورستاندا،ئەگەرچی لە شێوە و قەوارە و شوێندا جیاوازی بەرچاویان هەبوە و هەیە، بەڵام لە ناوەرۆك دا بۆ ئاوات و ئامانجێكی دیار و چارەنوس ساز، كە ئەویش رزگاری لە ژێردەستی  و ئازدای و ئاوەدانی نیشتمان و كۆتایی هێنان بە ئاوارەیی و دەربەدەری و ژێردەستی و ئاشتی و برایەتی و هاوكاری و پێكەوەژیانی بەرانبەر بووە. داوا و ئاواتی كورد بە درێژایی مێژوو  گەیشتن بە ئازادی و رزگار بوون لە بن دەستی و دواكەوتوویی و پێشكەوتن بووە و لەم پێناوەدا گەلێك ماڵوێرانی و كۆمەڵكوژی و دەربەدەری و جینوسایدی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ كام لەو كارەسات و كوشت و بڕ و ماڵوێرانیانە، نەیانتوانیوە نەچۆكی پێ دادەن ونە لە داوخوازیە رەواكانی....

 پاشگەزی وەكەن و دەستی پێ لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجی هەڵگرن. گەلی كوردستان هەموو میتۆدەكانی خەباتی رزگاریخوازی و نەتەوایەتی بەكار هێناوە، وەك خەباتی چكداری، خەباتی سیاسی، خەباتی روناكبیری، خەباتی مەدەنی و نافەرمانی، بەڵام لە بەرانبەردا دژمنانی ئازادی و پێكەوەژیان و پیشكەوتنی گەلانی ماف پێشێل كراو، بەتایبەت ئەو دژمن و داگیر كەرانەی كە گەلی كوردی خاوەن مێژوو و خاكی بەرینی كوردستانیان لە ئاكامی ململانێ‌ و پاوانخوازی زلهێز و گەورە دەسەلاتەكانی جیهان بەسەردا دابەشكراوە، هەموو جاران بە بیانو و ناوی جۆراوجۆرەوە، سەرو ماڵ و ماف و ئازادی و نیشتمانمان، لەلایەن داگیركەرانمانەوە، وێرانكراوە و بە تاڵان براوە. لە هەر كات و ساتێك دا كە خەباتی رەوای نەتەوەكەمان گەیشتۆتە قۆناغێك كە لە سەر كەوتن و بە ئاوات گەیشتن نزیك بوبێتەوە، دژمنان ترسیان رێ نیشتوە و بە بەلێن و درۆی گەورە، لە هەست و نیەت پاكی كورد كەڵكیان وەرگرتوە و بەناوی جێ بە جێ كردنی داواكارییەكان، كەف و كوڵی ئەوخەبات و تێكۆشانانەیان، نیشاندۆتەوە و دوای خۆ ئامادە كردن و هەستانەوە سەر لەنوێ شیر و تیری دژایەتیان لە گەلەكەمان سوەتەوە . لیرەدا بۆ رەوایی ئەم وتەیە قەول و بەڵێنەكانی گەورەترین دژمنی نەتەوەكەمان مستەفا كەمالی رەگەزپەرست و خوێن رێژ لە توركیە وەبیر دێنینەوە كە لەو سەردەمەدا كوردەكان بۆ وەدەست هێنانی مافەرەواكانیان لە خەبات و تێكۆشانێكی بەرین و بە تەوژمدا بوون و ببوونە مایەی ترس و نیگەرانێكی جیدی و بۆ توركیەی كەمالیی، ئەتا تورك بە بەلێنی ئەوەی كە دوای سەركەوتنی بە سەر گریكەكاند هەموو ماف و ئازادیەكانی نەتەوەی كورد بەجێ دێنێ و كورد لەو بەشەی كوردستان دا دەكاتە خاوەن كیان و دەسەڵاتی سەربەخۆ و كوردان بۆ خۆیان دەتوانن بە سەر چارەنووس و كار و ژیانی خۆیاندا بڕیار بدەن و كۆتایی بە هەموو مەینەت و ماف پێشێلكراوەیەكانیان دێت، لەدژی ئەرمەنی و گریكەكان كوردی كردە هاوپەیمان و قەلغانی خۆی و دوای سەركەوتنی  بەسەریاندا، لە هەموو بەڵێنەكانی كە بە كوردی دابوون پاشگەز بوەوە و سەر لەنوێ دەستی كردەوە بە دژایەتی كورد و شۆرشی كوردستانی  سەركووت كرد. ئەم جۆرە بەڵێن و پاشگەزبوونەوانە لە مێژووی خەباتی گەلەكەماندا لە زۆر شوێن و قۆناغ دا دووپاتەبوونەوە كە ئەگەر بمانهەوێ بە وردی لەسەر هەر هەموویان هەڵوێستە بكەین و وەبیر خۆمانیان بهێنینەوە، برینان وەكولێنن و حەسرەت بە دڵاندا بێنن ، ئەگەرچی وەبیر هێنانەوە و شەن و كەوكردنەوەی هەمووی ئەوانە  بۆ دەرس لێوەرگرتن پێویستن و ،جیا لەوەش ئاشنا بوونی نەوەی نوێیە بە رابردوی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و هەڵویستی دژمانانمان. وێڕای نەیاری و دژایەتی گەورەدەسەڵاتەكانی جیهان لە گەل ماف و ئازادیەكانی گەلی كورد، چوار دەسەڵات و نیزامی خوێن رێژ و دژی ئازادی و مافی مرۆڤ ( توركیە، ئێران، عێراق و سوریە) كە گەڵی كوردو خاكی پیرۆزی كوردستانیان بەسەر دا دابەش كراوە وخستۆتە ژێر ركێفی خۆیانەوە، بە درێژایی مێژووی نەتەوەكەمان لە دوای دابەشبوونی كوردستان بەسەریاندا لە ئاكامی شەڕی پاوانخوازی و بەرژەوەندی زلهێزەكانی جیهانیەوە، گەورەترین و دڕندەترین دژمانی نەتەوەكەمان بوون و هەن. لەم چوار وڵاتەدا دوای هەر ئاڵو گۆڕ و داڕمان و نەمانی دەسەڵاتە زۆردار و خوێن رێژەكان، ئەوەی كە گۆڕانی بەخویەوە نەبینی و ئاشی ماف پیشێلكاری گەلانی بن دەست هەر لەسەر بستەو تەوەرەی پێشوو گەڕا و  دەسەلات دوای دەسەڵات لەم وڵاتانەدا لە هەمبەر كورد و نیشتمانەكەی ،لە زاری كەتر تفیون و بە یەك زمان و زار قڕیون. لە ناو ئەو دەسەڵاتانەدا لە نیوسەدەی رابردوودا دو رژیمی ئێران و عیراق، وەك دەسەڵاتەكانی پەهلەوی و ئاخوندی لە ئێران  و بەعس لە عێراق، ئەوەی بە هیچ یاساو عورفێكی ئینسانی و نێونەتەوەیی دژی ئەم گەلە جوڵاونەوە. رژیم و دەسەڵاتی بەعس بە سەرۆكایەتی دڕندەترین جینایەتكار و خوێن رێژی مێژووی مرۆڤایەتی، سەددام حوسێن و دار و دەستەكەی، لە قڕ كردنی كورد و وێران كردنی نیشتمانەكەی ، قێزەونترین كارەساتی مرۆییان ئەنجامدا، كە نمونەی هەرە بەرجاویان ئەنفال و شیمیای باران و بێ سەرو شوێن كردنی بارزانیەكان بوو. رژیمی  ئاخوندیش وێرای دەیان جینایەت و ماڵوێرانی و ئیعدام و بێ بەش كردنی كورد لە هەر مافێكی نەتەوەیی و مرۆیی، فتوای جیهادی لە دژی  دەر كرد .
دوابەدوای ئاڵوگۆڕە ناوچەییەكان و دوای كۆتاییهاتن بە شەڕی ماڵوێرانكەری ئێران و عیراق كە بوە هۆی ماڵوێرانی و لە ناوچوون و كوژرانی بە ملیون كەس لە هەر دوو وڵات و زیانێكی بێ ئەژماری ماددی كە تائیستاش شوێنەوارەكانی بەرچاون، گەلی كورد لە كوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی رژیمی بەعس لە ئاكامی سەرەرۆییەكانی سەددام حوسین و كەوتە بەر گورزی گەورەدەسەڵاتدارانی جیهانی، هەلی راپەڕین و شۆڕشێكی جەماوەری بۆ رەخساو دەم و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعسی دڕندەی تێكەوە پێچاو بەڕیوەبەری و دەسەلاتی بەشێكی زۆری ناوچە كوردنیشەكانی لە سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆكی بەدەستەوە گرت و پاشان لە ئاكامی هەڵبژاردن و راپرسێكدا  پاڕلمان و بەڕیوەبەری بە ناوی دەسەلات و حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند و كورد لە دەوڵەت و دەسەلاتی ناوەندی لە عێراق دا هاوكات دەنگ و دەسەلاتی دووهەم بووە. هەر دوابەدوای دامەزراندن و هاتنە ئارای دەسەلاتی كوردی لە باشوری كوردستان، هەر دوو دەولەتی توركیە و ئێران، كەوتنە پێشیلكاری و كەند و كۆسپ نانەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە كە هیوای هەموو كوردانی كوردستانە لەهەر چوار قوڕنەی جێهان بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی. سەرەتا بە تۆپ باران  و بۆمب باران كردنی ناوچە سنوورییەكان  بە بیانووی هێرش كردنە سەر بنكە و بارەگای هێزە كوردییە كانی نەیاری ئەم دوو وڵاتە، كە هەموو جاران دەبووە هۆی شەهید و بریندار بوونی گوندنشینانی سەر سنووری كوردی باشوور و سووتان و وێرانكردنی رەز و باغ و لە ناوجوونی مەڕو مالات و دارایی و بژیوی ژیانیان. رژیمی ئاخوندی ئێران هەر زۆر زوو بە كەڵك وەرگرتن لە دەستكورتی و هەژاری و كیشەو شەڕی نێوان لایەنەكانی باشوور لەلاێك و بێ دەربەستی و نزمی هەستی نەتەوایەتی كەسانی نەفس نزم و چڵكاو خۆر لە باشووری كوردستان لە لایەكی ترەوە، توانی ژمارەێكی زۆر لە كادر و پیشمەرگە و ئەندامانی هێز و لایەنە كوردییەكانی كوردستانی ئێران كە  بنكە و بارەگاكانیان لە كوردستانی عێراق بوون، وەك  سازمانی خەبات و حیزبی دیموكرات و كۆمەڵە و چەند لایەنی تر، بە شێوەی زۆر  دڕندانە ترۆر بكات یان بیان رفێنێ و بێ سەرو شوێنیان بكات، كە بەداخەوە ئەم كردەوانەی  دام و دەزگای ئیتلاعات و سپای پاسدارنی ئێران، لەم نێوەندەدا زیاتر لە ٣٠٠ كەس  ترۆر یان فرێندران و بێ سەرو شوێن كران. رژیمی ئێران ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی عیراق، كە لایەنە شیعە نەیارەكانی كوردو كوردستان كە ئێران لە دروستبوون و چالاك كردنیان دەوری سەرەكی و بەرچاوی هەبووە، بەتایبەت حیزبی الدعوە،  ئێران راستەوخۆ خەت و نیشانی بۆ كێشاون لەبەرانبەر ئێران دا خاوەنی هیچ جۆرە قسە و دەسەڵاتێك نەبوون . نمونەی هەرە بەرچاویان كە مالكی بوو دەقا و دەق دەستور و فەرمانەكانی رژیمی ئاخوندی بەریوەدەبردوە. ئێران كە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بۆ گەیشتن بە كەربەلا و لەوێوە بۆ قودس، خوێناوی ترین شەڕی لە گەل رژیمی ئەوكاتی عێراق كرد و نەیتوانی بە ئاواتەكانی كە گەیشتن بە كەربەلا و دامەزراندنی دەسەڵات و دەوڵەتێكی لەشیوەی دەسەڵات و دەولەتی ئاخوندی، لە عیراق بێ، بە گرتنەدەستی دەسەڵاتی زۆرینەی شیعەكانی عیراق هەموو كۆسپەكانی بۆ تەخت بوون و ئیتر بە راشكاوی و بە ئارەزووی خۆی لەو ناوەدا ئەسپی ئاژاوە گێری و دەست تێوەردان لە كارو باری ناوخۆی ئەو ولاتەو كۆسپ خستنە سەر رێی  هاوپەیمانانی نیونەتەوەیی، ئەمریكا و هاوپەیمانە كانی بۆ هەستانەوە و سەقامگیر بوونەوەی عیراق. دوابەدوای كشانەوەی هێزە هاوپەیمانەكان لە عیراق و نەرم و نیانی سیاسەتەكانی، ئۆباما، سەرۆك كۆماری ولاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەمبەر ئێران و سات و سەوداكانی ولاتانی ئەوروپایی لە گەڵ رژیمی ئاخوندی ، وای كردوە كە رژیمی ئاخوندی زیاتر دەستی ئاواڵابێ و باشتر بە ئاوات و ئامانجەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بگات كە هەناردەكردنی بە ناو ئینقلابی ئیسلامی بۆ ولاتانی دەرەوەی ئێران و خۆ نزیك كردنەوە لە حیزبوڵلای لوبنان و بەهاناوە چوونی بەشار ئەسەدی دیكتاتۆر و چاو زەق كردنەوە لە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی و باقی نەیارەكانی بێ لە ناوچەكەدا.
یەكێك لە ئامانجە دیار و بەرنامە بۆ دارێژراوەكانی رژیمی ئاخوندی، سەقامگیر نەبوون و دانەمەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بۆ ئەم مەبەستە زۆر زیركانە و وردبینانە هەنگاوی هەڵگرتوە و بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عیراق و تا رادەێك توركیەش لەم بارەوە هەنگاوی هەڵگرتوە. هەر دوابەدوای سەرهەڵدانی تاقمی ترۆریستی داعش و لە بنەوە هاندانیان بۆ هێرش كردنە سەر عیراق بە گشتی و هەریمی كوردستان بەتایبەتی، و بێ هەلویستی توركیە لەهەمبەر ئەم تاقمە، هێزەكانی سپای قدسی سەر بە سپای پاسدارانی رژیمی ئیران بە سەركردەیی ترۆریستی ناسراو بە قاسم سلیمانی، بە ناوی پارێزگاری لە دەولەتی عیراق و هەریمی كوردستان، بە لەشكرێكی زۆرەوە خۆی خزاندە سنورەكانی نێوان هێزی داعش و هێزی پیشمەرگە و سوپای عیراق و خۆی كردە دەمراست و بڕیار بەدەر لەو ناوچانەدا . بەداخەوە بەشێكی بەرچاو لە لایەنی دەسەڵاتی هەرێم لەم بارەو نەك هەر بێ هەڵویست بوون، بەڵكو سەرەرای ئەو هەموو خوین دان و فیداكاریەی هێزی پیشمەرگەی كوردستان، بۆ دیفاع لە خاك و كەرامەتی نەتەوەیی و دەستكەوتەكانی هەریم و پشتیوانی و هاوكاری مرۆیی و سیاسی و سەربازی ولاتانی ئوروپا و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان ، زۆر لە بەرپرسە بالاكانی هەرێم كەوتنە تاریف و پێدا هەڵگوتن بە بەژن و باڵای پاسدار قاسم سلیمانی و دەوری هیزی سپای پاسدارن و تۆبخانەكانی ئەو هێزەیان بەرز نرخاند  بە شیوەێك كە گۆیا ئەگەر پاسدار قاسم خان نەبوایە تا ئیستا هەم عیراق و هەم هەریمی كوردستان لە ژێردەستی تاقمی ترۆریستی داعش دا دەبوون. پوختە مەبەست ئەوەیە كە بوونی هێزی سپای پاسدارانی  رژیمی ئاخوندی بۆ پشتگیری لە شیعەكان و دامەزراندنی هیزی میلیشای چەكداری بەناو حەشدی شەعبی، لە پێش هەموو شتێك دا خەتەری گەورەیە بۆ سەر كوردو دەستكەوتەكانی هەریمی كوردستان و دژایەتیە لەگەڵ هاوپەیمانی نیونەتەوەیی و گەلی كورد. ئێران و توركیە و عیراق و سوریە، بە هەر قیمەتیك بۆیان بكرێ دەیانەوێت نەهێڵن كە حكومەتی هەریمی كوردستان پێ بگرێ ، بەتایبەت كە دەبینن و دەبیستن  ولاتانی جیهان پستیوانی لە كورد دەكەن و دەیانەوەێت لە هەموو بارێكەوە وەك دەولەت و دەسەڵاتێكی جێگای متمانەی خۆیان مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. لەوها هەل و مەرجێك دا سەرەكی ترین ئەركی كورد بە گشتی و حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەریمی كوردستان ئەوەیە كە هەست بەو خەتەرە بكەن و باوەڕ بە فرمێسكی تیمساحی ئەو داگیركەرانە، بە تایبەت رژیمی ئاخوندی نەكەن. كورد دەبێ بزانێ كە دامەزراندنی حەشدی شەعبی ئەویش لە ژێر چاودێری و بەدەستوری ئیران، زۆر لە بوونی داعش بڤەترە و ەداهاتوودا شەریكی توند و خوێناوی لە بێنی كوردو ئەواندا بە هاندان و سەرپەرستی ئێران، چاوەڕوانمان دەكات. 



ڕێکه‌وت: 2015-04-23 16:07:37
به‌شی ( هێزی سەربازی ئیران بۆچ مـــەبــەستێك لــــە عیراق و هەریمی كوردستانە؟ )