__ كرماشان/ زیندانییەكی كورد لە سێدارە رزگاری بوو__ ئیلام/ باوكێك كۆتایی بە ژیانی خۆی و دوو منداڵەكەی هێنا__ نازناوی پاڵەوانی زۆرخانەیی بەخشرایە وەرزشكارێكی كورد__ رۆژانە 11 كەس لە ئێراندا خۆكوژیی دەكەن__ چالاكێكی كرێكاریی خەڵكی شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات كرا__ پارێزگای سنە 68 هەزار كەس نەخوێندەواری تێدایە__ لە ماوەی 5 رۆژی رابردوو 18 كەس لە ئێران ئێعدام كراون__ سعودیە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات و حوسییەكان دەیانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدەن__ 25 چەكداری‌ داعش كوژران__ دوایین ئامار؛ ژمارەی قوربانیانی زەمینلەزەكەی نیپاڵ نزیكەی (10) هەزار كەسە

كرماشان/ زیندانییەكی كورد لە سێدارە رزگاری بوو
بنەماڵەیەكی كورد لە كردەوەیەكی بێ وێنەدا قاتڵی كوڕەكەیان لەسێدارە رزگار كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی كوردپا، ئەم جارە لە ئیسلام ئاوای رۆژئاوا لە ئۆستانی كرماشان شایەدی لێبوردنی لاوێكی كورد بوو لە ژێر پەتی سێدارەدا.رۆژی رابردوو بە ناو بژیوانی خەڵكی گوندی "كەت كنی" وهەندێك لە گەورە پیاوانی ناوچەكە، بنەماڵەی"میرزایی"پێشیان بە لەسێدارەدانی بكوژی كورەكەیان گرت و ژیانێكی نوێیان بە "جهان‌بخشی" بەخشیوە.لیبوردنی ئەم زیندانییە مەحكووم بە سێدار، لە لایەن خەڵكی ئیسلام ئاوای رۆژئاواوە لە گەڵ پێشوازییەكی گەرم بەرەو روو بووەسەرچاوە خوجێیەكان لە رۆژی رابردوو بڵاویان كردەوە، لەم رێورەسمەدا كە نوێنەری ئیسلام ئاوای رۆژئاوا لە مەجلیسی رژیم بە شێوەی فەرمی لە بنەماڵەی كوژراوەكە بۆ رەزایەت دان بە قاتڵی كورەكەیان، سپاس و پێزانینی خوی دەربڕیوە.لیبوردنی ئەم زیندانییە مەحكووم بە سێدار، لە لایەن خەڵكی ئیسلام ئاوای رۆژئاواوە لە گەڵ پێشوازییەكی گەرم بەرەو روو بووە.بەپێی ئاماری كارو باری زیندانیان لە ئۆستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی رابردوو دا (٩٣)١٦ هاووڵاتی كورد لە سێدارە رزگارییان بووە.




ئیلام/ باوكێك كۆتایی بە ژیانی خۆی و دوو منداڵەكەی هێنا
لەشاری ئەیوان غەربی سەر بە پارێزگای ئیلام، باوكێك به هۆی هەژاری خۆی و دوو منداڵەكەی دەرمانداو كردووە.بەپێی هەواڵی هەواڵدەری كوردپا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەكی كوردی دانیشتووی شارستانی ئەیوان دوو منداڵی خۆی ژەهرخوارد كردووە و دواتریش كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.لەو بارەیەوە لێپرسراوی پزیشكی دادوەری پارێزگای ئیلام هۆكاری گیان لەدەست دانی ئەو بنەماڵە كوردەی گەڕاندووەتەوە بۆ گازگرتوویی.هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری كوردپا لەزاری ژمارەیەك هاووڵاتیی ئەیوانی و چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، ئەو سێ هاووڵاتییە لە رێگەی خۆكووژییەوە كۆتایی بە ژیانیان هاتووە و پڕوپاگەندەی ناوندە پێوەندیدارەكانیشیان بە شاردنەوەی راستییەكان لەقەڵەم داوە.بە وتەی كەسانی ئاگادار، دۆخ و گوزەرانی ئەو بنەماڵەیە زۆر نالەبار بووە و سەرپەرەستی بنەماڵەكەش(باوك) چەندین جار بەمەبەستی بەدوادا چوون بۆ دۆخی خۆیان سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەكانی كردبوو، سەرادنێك كە بێ وڵام مابوویەوە.پارێزگای ئیلام بە یەكێك لەهەژارترین ناوچەكانی وڵاتی ئێران دێتە ئەژمار و رێژەی بێكاری، تەڵاق و تووشبون بە ماددە هۆشبەرەكان بە بەراورد بە شوێنەكانی دیكەی ئێران زۆر لەسەرەوەیە.بەپێی ئاماری فەرمیی ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی ئێران، نرخی بێكاری لە ئوستانی ئیلام نزیك بە ٢٠% ـە و تەنیاش لەسەدا ٢٠ی كەرتە پیشەییەكان چالاكیان هەیە.





نازناوی پاڵەوانی زۆرخانەیی بەخشرایە وەرزشكارێكی كورد
وەرزشكارێكی كورد لەوەرزشی زۆرخانەیەدا توانی لە ئاستی ئێراندا سەركەوتن بەدەست بێنێت.بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا، موبین زیبالێقا وەرزشكاری كوردستانی لەرشتەی پاڵەوانی و زۆرخانەییدا توانی رێكۆردی " كەبادە كشی" ئێران بشكێنێت.ئەو وەرزشكارە كوردە لە ناو ٢٩ كەسی بەشداردا توانیویەتی پاڵەوانیەتی خولی دووهەمی ركابەرییەكانی ئێران بەدەست بێنێت.موبین زیبالێقا توانیویەتی پاڵەوانیەتی خولی دووهەمی ركابەرییەكانی ئێران له سالی ٩٤ بەدەست بێنێت"كەبادە" بۆ وەرزشكارانی كێشی كەمتر لە ٩٠، هەژدە كیلۆ لەبەر چاو گیراوە.ئەو خولە لە رەكابەرییەكان رۆژی رابردوو بە میواندارییەتی شارستانی ئاران و بیدگوڵ لە ئوستانی ئیسفەهان و بە بەشداریی وەرزشكارانی ئوستانەكانی كوردستان، فارس، ئەلبورز، ئیسفەهان، سیمنان، مەركەزی، یەزد و خوراسانی رەزەوی بەڕێوە چووە.لەو رەكابەرییەیانەدا بە كەسانی یەكەم هەتا سێیەم میداڵ و حوكمی پاڵەوانیەتی و چوارەم هەتا شەشەم حوكمی پاڵەوانیەتی بەخشراوە.




رۆژانە 11 كەس لە ئێراندا خۆكوژیی دەكەن
ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردووی سەرەتای ساڵی رابردوودا هەموو ڕۆژێ ١١ كەس لە ئێران خۆیان كوشتوە.بەپێی ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن ڕێكخراوی پزیشكیی یاسایی ئێران لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٣هەتاوییدا  زیاتر لە ٣١٢٥ كەس خۆیان كوشتووەو لە نێو ئەم كەسانەدا ٩٨٢ كەسیان ژن و ٢١٤٣ كەسیان پیاو بوون.ڕۆژنامەی “قانوون” نووسیویەتی كە لە ماوەی ڕابردوودا دیاردەی خۆكوژیی لەنێو خەڵكدا زیادی كردوەو ڕووداوێك كە بە گومانی كۆمەڵناسان زیاتر لەوەی هۆكاری تاكەكەسیی هەبێ، هۆكاری كۆمەڵایەتی هەیە.شایانی باسە ئێران لە نێو وڵاتانی جیهاندا لە بوار خۆكوژی لە پلەی٤٨ دایە. بەپێی ئامار ئەگەرچی لە سەرەتای ئینقلابی ساڵی ٥٧ دا ڕێژەی خۆكوژی زۆر كەم بوو، بەڵام ئێستا بەپێی ئامارەكان لە ساڵدا لە نیوان ٥ تا ٧ هەزار كەس لە ڕێگەی خۆكوژییەوە كۆتاییان بە ژیانیان دەهێنن.




چالاكێكی كرێكاریی خەڵكی شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات كرا
چالاكێكی كرێكاریی خەڵكی شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمی ئاخوندی لەو شارە كرا.بە پێی راپۆرتی كۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی رێكخراوە كرێكارییەكان، “خالید حسێنی” چالاكێی كرێكاریی و لە ئەندامانی كومیتەی هاوئاهەنگی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە كرا.راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، كە خالید حسێنی رۆژی یەكشەممە 6ی مانگی گوڵانی 1394ی هەتاویی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شار سنە كراوە و بە ماوەی 2 كاتژمێر سەبارەت بە كومیتەی هاوئاهەنگی و یەكی مانگی ئەیار رۆژی جیهانیی كرێكار لێپرسینەوەی لێ كراوە.جێگای باسە، هەموو ساڵێك لە سەروبەندی رۆژی یەكی مانگی ئەیار رۆژی جیهانیی كرێكار چالاكانی كرێكاریی ئێران و بەتایبەت كوردستان لە لایەن رژیمی ئاخوندییەوە دەكەوێنە ژێر زەخت و گوشارەوە تا لەو رێگایەوە پێش بە رێكخستن و بەڕێوەبردنی كۆبوونەوە ناڕەزاییەكانی ئەو رۆژی لە لایەن كرێكارانەوە بگرن.




پارێزگای سنە 68 هەزار كەس نەخوێندەواری تێدایە
بە وتەی بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای سنە بەپێی ئامارەكان هەتا ئێستا 68 هەزار كەسی نەخوێندەوار لەناو چەند تەمەنی جیاواز لەو پارێزگایە تۆمار كراون.هەواڵنێریی حكومەتیی مێهر لە زاری “رەشید قوربانی” لێپرسراوی پەروەدەی پارێزگای سنەوە بڵاوی كردووەتەوە، ئەو 68 هەزار كەسە نەخوێندەوارە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 49 ساڵ دایە.ئەو بەرپرسە حكوومەتییە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە یەكێك لە بەرنامە سەرەكییەكانی پەروەردە كاركردنە بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی نەخوێندەواری.بە وتەی مامۆستایان و چالاكانی پەروەردەیی كورد ئەم وتانەی بەرپرسی پەروەردەی سنە لە كاتێك دان كە رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی نەخوێنەدواری زیاتر دەبێت و لە بەرانبەریشدا دۆخی پەروەردە و ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لە ئێران و كوردستان بەرەو خراپتر بوون دەچێ‌.بە وتەی چالاكانی پەروەردەیی ئەو ئامارەی كە حكوومەت بڵاوی كردووەتەوە، ئاماری راستەقینەی رێژەی نەخوێندەواریی ئەو پارێزگایە نییە و لەوەش زیاترە.ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی ئێران و كوردستان، مامۆستایان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی گشتی و ویست و داخوازییەكانیان هێناوەتە بەرباس.




لە ماوەی 5 رۆژی رابردوو 18 كەس لە ئێران ئێعدام كراون
لە ماوەی 5 رۆژی رابردوو لەسەر بڕیاری دەزگای قەزایی و لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و نیزامیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە، 18 كەس لە شارە جیاجیاكانی ئێران ئێعدام كراون.بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی مانگی گوڵان 2 كەس بە تاوانی شەڕ و دەستدڕێژیی سێكسی لە زیندانەكانی ئیسلام ئابادی زەنجان و ئەبهەر لەسێدارە دران.هەروەها رۆژی پێنجشەممە 3ی مانگی گوڵانیش 3 كەس لە زیندانی كرمان و 2 كەسیش لە زیندانی جیرۆفت بە تاوانی بازرگانی كردنی مادەهۆشبەرەكان لەسێدارە دران.ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە دوێنێ شەممە 5ی مانگی گوڵان سەرۆكی گشتیی دادگوستەریی گیلان رایگەیاندووە، كە ژنێكی 48 ساڵ تەمەن خەڵكی شاری تاران و پیاوێكی 53 ساڵەی خەڵكی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی شاری رەشت لەسێدارە دراون.شوناسی ئەو كەسانە ئاشكرا نەكراوە بەڵام هۆكاری لەسێدارەدانیان بازرگانی و قاچاخی مادەهۆشبەرەكان راگەیەندراوە.لە لایەكی دیكەوە هەواڵەكان باس لەوە دەكەن، سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە 2ی مانگی گوڵان 9 كەسی دیكە لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لەسێدارە دراون كە 3 كەسیان بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ و 6 كەسیش بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان لەسێدارە دراون.جێگای ئاماژەیە، لە سەرەتای ساڵی هەتاوییەوە واتە لە ماوەی یەك مانگی رابردوو و بەتایبەت پاش رێكەوتنی ئەتۆمی ئێران و گرووپی 5 زێدە یەك، لانیكەم 100 كەس لە لایەن دام و دەزگا قەزایی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامی لەسێدارە دراون و كەمتر جارێكیش هەواڵی ئەم ئێعدامانە لە میدیاكانەوە ئاماژەی پێ دەكرێ و بە بایەخەوە لێی دەڕواندرێت.






سعودیە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات و حوسییەكان دەیانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدەن
هێرشی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانی كەنداو بۆسەر بنكە و بارەگاكانی چەكدارە حوسییەكان لە یەمەن درێژەی هەیە و حوسییەكانیش ئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوتوێ دەكەن.ئەمڕۆ دوشەممە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان (11) هێرشیان كردە سەر بنكە و بارەگاكانی چەكدارە حوسییەكان لە ناوچەی (حەریب)ی یەمەن، جگە لەوەش چەندین مۆڵگەی هێزەكانی لایەنگری عەلی عەبدوڵا ساڵحیان بۆردومان كرد، كە بەپێی ئامارەكان ژمارەیەك چەكدار لەو هەڵمەتەدا كوژراون.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی فەرمی یەمەن كە ئێستا لەلایەن حوسییەكانەوە كۆنتڕۆڵكراوە، بڵاویكردەوە كە لیژنەی باڵای شۆرشی حوسییەكان كۆبونەوەیەكیان ئەنجامداوە بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.ئاژانسەكە ئاماژەی بە جۆری هەڵبژاردنەكە نەكردوە كە ئاخۆ پەرلەمانییە یاخود سەرۆكایەتی، یان هەردوكیان پێكەوە، بەڵام جەختی كردوەتەوە لەوەی كە كۆبونەوەكە ئەنجامدراوە و تاوتوێی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وڵاتە كراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، محەمەد عەلی حوسی، سەرۆكی لیژنەی شۆڕشی حوسییەكان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هاوكاریكردنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان تاوەكو پرۆسەكە بە سەركەوتویی بەڕێوەبچێت.لە نوێترین پیشهاتیشدا لەبارەی دۆخی یەمەنەوە، حسێن ئەمیر عەبدولـلە‌هیان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری وڵاتانی عەرەبی ئەفەریقی رایگەیاند: رەفتارەكانی سعودییە لە گەمارۆدانی یەمەن و رێگریكردن لەناردنی هاوكاری مرۆیی بێ وەڵام نابێت و جگە لەوەش ریاز مافی ئەوەی نیە چارەنوسی وڵاتێكی دیكە دیاری بكات.ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی راگەیاندوە "پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و گواستنەوەی بریندارەكانی ئەو وڵاتە بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، جگە لەوەش ئەو رەفتارانەی سعودییە دەیكات بەبێ وەڵام نامێنێتەوە".




25 چەكداری‌ داعش كوژران
بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ دووشەممە 27ی‌ نیسانی‌ 2015، فڕۆكە جەنگییەكانی‌ هاوپەیمانان بۆردومانی مۆڵگە و بارەگاكانی‌ رێكخراوی تیرۆرستی داعشیان كرد لە موسڵ و دووبەوری‌ لە ئەنجامی‌ بۆردوومانەكە 25 چەكداری‌ داعش كوژراوە بە دەیان برینداری‌ لێكەوتوەتەوە.غەیاس سورچی‌، وتەبێژی‌ مەڵبەندی‌ نەینەوای‌ یەكێتی‌ بە خەندانی‌ راگەیاند: "لە ئەنجامی‌ چالاكی‌ بۆردومانەكانی‌ فڕۆكە جەنگییەكان شەوی‌ رابردوو و بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ 25 چەكداری‌ داعش كوژراوە بە دەیان چەكداریش بریندار بوون، هەروەك پێنج ئۆتۆمبێلی‌ سەربازی‌ سوتێنراوە".وتیشی‌: "بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگیەكان سێ مۆڵگەی‌ سەرەكیان لە باشیك بۆردوومان كردووە لە ئەنجامدا بە دەیان كوژراو برینداری‌ لێكەوتوەتەوە، هەروەها شەوی‌ رابردوو فڕۆكە جەنگیەكان بۆردوومانی‌ بنكەی‌ پۆلیس سۆمەرییەكان كرد لە لای‌ چەپی‌ شاری‌ موسڵ لە ئەنجامدا 10 چەكداری‌ داعش كوژرا و چوار چەكداریش بریندار بوون بە پێی‌ زانیارییەكان 20 موشەكی‌ لەو شوێنەداوە بە تەوای‌ خاپوركراوە".راشیگەیاند: "شەوی‌ رابردووش بۆردوومانی‌ فەوجی‌ دووی‌ سوپای‌ عیراقیان لە شاری‌ موسڵ كردووە كە ئێستا بارەگای‌ داعشە، لە ئەنجامدا 12 چەكدار كوژراوە و بە دەیان برینداری‌ لێكەوتوەتەوە، بەپێی‌ زانیارییەكان 15 موشەكی‌ لەو شوێنەداوە خاپووركراوە، هەروەها هەر شەوی‌ رابردوو فڕۆكەجەنگیەكان بنكە و بارەگاكانی‌ داعشیان لە هەردوو گەڕەكی‌ عەفرین و موسەننا لەلای‌ چەپی‌ شاری‌ موسڵ كردووە زیانی‌ گیانی‌ و مادی‌ زۆرگەورەی‌ بە داعش گەیاندووە".ئاماژەی‌ بەوەشكرد: "چەكدارانی‌ داعش لە بناری‌ چیای‌ باشیك ماوەیەك پێش ئێستا بۆمبڕێژیان كرد بوو بۆ ئەوەی‌ بە هێزەكانی‌ پێشمەرگە بتەقێتەوە، بەڵام درەنگانێكی‌ شەوی‌ رابردوو چەند چەكدارێكی‌ داعش بە هەڵە بە بۆمبەكان نزیك بوونەوە بە پێیان تەقیەوە لە ئەنجامدا سێ چەكداریان كوژراو چوار چەكداریشیان بریندار بوون".



دوایین ئامار؛ ژمارەی قوربانیانی زەمینلەزەكەی نیپاڵ نزیكەی (10) هەزار كەسە
ژمارەی قوربانیانی زەمینلەرزەكەی نیپاڵ گەیشتە نزیكەی (10) هەزار كەس و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و (200) و (18) كەسیان گیانیان لەدەستداوە و دانیشتوانی پایتەختیش شەوانە لەسەر شەقامەكان رۆژ دەكەنەوە.بە گوێرەی‌ دوایین ئاماری‌ راگەیەندراو لە لایەن بەرپرسانی‌ نیپاڵەوە ژمارەی‌ ئەو كەسانەی‌ بە هۆی‌ زەمینلەرزەكانی‌ دو رۆژی‌ رابردوی‌ نیپاڵەوە گیانیان لە دەستداوە گەیشتوەتە سێ هەزار و (218) كەس و ژمارەی بریندارەكانیش گەیستوەتە (6515) كەس، خاچی‌ سوری‌ نێودەوڵەتیش لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای‌ كرد لە زەمینلەرزەكەی‌ دوێنێدا ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ تیمی‌ فریاگوزاری‌ رێكخراوەكەی‌ لە كاتی‌ چالاكییدا بۆ رزگاركردنی‌ خەڵك گیانیان داوە.ئەوەش  لە كاتێكدایە بۆ دوەمین شەو دانیشتوانی‌ شاری‌ كاتماندۆی‌ پایتەخت لە ترسی‌ رودانی‌ زەمینلەرزەی‌ دیكە لە دەرەوەی‌ ماڵەكانیان و لە سەر شەقامەكان رۆژ دەكەنەوە.

ڕێکه‌وت: 2015-04-27 16:34:20
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان و ئێران و جیهان (7ی بانەمەری 1394) )