__ زیندانیەكی كورد لە شاری سنە لەسێدارە درا__ لەكوردستان هەڵەی پزیشكی دوو قوربانی لێكەوتەوە__دانی ئیمتیازی زیاتر بە ئێران ئەو وڵاتە دەست ئاوەڵاتر و ملهۆتر دەكات__  ئازادی چاپەمەنی لەئێران بوونی نیە__ بانگهێشت و دەستگیركردنی 2 چالاكی كرێكاریی لە شاری سەقز__ ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس لە ئێران بە هۆی رووداوی كار گیان دەدەن__ دوو لاوی بەلووچ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان كوژران__ هەواڵەكانی پێوەندییدار بە داعش لەماوەی 24 ساعەتی رابردوو__ سودەكانی هەنگی دنیا

زیندانیەكی كورد لە شاری سنە لەسێدارە درا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیندانیەكی كورد لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا.بە پێی هەواڵی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی كوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی مانگی گوڵان، حوكمی ئێعدامی زیندانیەكی كورد بە ناوی “فەرهاد یوسفی” خەڵكی شاری كامیاران لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ كرا.ناوبراو خەڵكی شاری كامیاران بوو كە بە تاوانی كوشتنی هاوسەرەكەی خۆی 16 ساڵە لە زینداندا راگیرابوو و پێشتریش جارێكی دیكە تا پای پەتی سێدارە برابوو، بەڵام ئێعدام نەكرابوو.زۆرێك لە چالاكانی مەدەنی و كەسوكاری ئەو هاوڵاتییە كامیارانیە داوایان لە بنەماڵەی كەسە كوژراوەكە كردبوو كە لە تاوانەكەی خۆشبن، بەڵام لە ئاكامدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بنەماڵەی هاوسەرە كوژراوەكەی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا.





لەكوردستان هەڵەی پزیشكی دوو قوربانی لێكەوتەوە
هاووڵاتییەكی تەمەن ٦٠ ساڵ بە هۆی هەڵەی پزیشكییەوە لەیەكێك لە ناوەندە پزیشكییەكانی شاری بانە گیانی دا.بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا، ئەحمەد فەرامەرزی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵكی ناوچەی بانە بەهۆی لێدانی دەرزی گیانی داوە.ئەو هاووڵاتییە كوردە بەهۆی ئازاری زگییەوە بردراوەتە یەكێك لە بنكە تەندروستییەكان و پزیشكی ئەو بەشەش دەرزییەكی ئازاری لێداوە و دڵی لە لێدان كەتووە.ماوەیەك لەمەوبەریش ژنێكی دووگیانی خەڵكی شاری سەردەشت بە هۆی هەڵەی پزیشكییەوە لە ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی سەردەشت گیانی دا.كۆرپەلە نۆ مانگەكەی ئەو ژنەش بە هۆی ئەو هەڵەیەوە كۆتایی بە ژیانی هاتبوو.ەلایەكی دیكەوە سەرەتای ئەم حەفتەیەش هاووڵاتییەكی دیكەی كورد لەنەخۆشخانەی ئیلام بە هۆی نەشتەرگەرییەوە گیانی دابوو.بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا ١٠ هاووڵاتی كورد بە هۆی هەڵەی پزیشكییەوە گیانیان لەدەست داوە.






دانی ئیمتیازی زیاتر بە ئێران ئەو وڵاتە دەست ئاوەڵاتر و ملهۆتر دەكات
رێبەری یەكێك لە گەورەترین ئۆپۆزسیونی دژ بەری رژیمی  ئێران، بۆ یەكەم جار لە كۆنگرەی سنای ئامریكا بەشداری كرد.بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری كوردپا، باب كوركر بەرپرسی كۆمیتەی پیوەندییەكانی دەرەوەی سنا لە مەجلێسی نوێنەرانی ئامریكا داوای لە مریەم رەجەوی، یەكێك لە رێبەرانی رێكخراوی مجاهدینی خەڵك كرد سەبارەت بە داعش وتووێژ بكەن.بەشداری خانمی مریەمی رەجەوی لە رێگای ویدیۆ كونفرانسێك بوو و ئەمە یەكەم جارە كە یەكێك لە ئەندامانی شورای میللی بەرگری لە كۆنگرەی وڵاتە یەكگرتووەكان بەشدار بێت.ناوبراو بەشێك لە قسەكانی خۆی تەرخان كردوو بۆ بناژۆ خوازی ئیسلامیی و كێشەی دەسەڵات خوازی لە ناوچە و وتی: حكوومەتی ئێران یەكێكە لەسەرچاوە سەرەكیەكانی بناژۆخوازی ئیسلامی كە لە ناوچە و جیهان هەڵسوكەووت دەكات.لە كۆبوونەوەی گوێگرتنی رۆژی رابردوو لە ژێر ناوی"داعش و شام: پێناسەی دوژمن"بەرێوەچوو. رێبەری مجاهدینی خەڵك، حكوومەتی ئێرانی بە"پدر خواندە"گرووپی حكوومەتی ئیسلامیی وهەندێك هەوڵی بۆ بنبڕكردنی بناژۆخوازان بە حسێب دێت.دەركردنی هێزەكانی سپای قوودس لە عێراق، هاووكاری هێزە رادیكالەكان بۆ رووخانی حكوومەتی بەشار ئەسەد و گرتنی هەموو رێگاكان لە ئێران بە مەبەستی دەست پێراگەیشتنی بە چەكی ناوەكی لەو هەوڵانە بوون كە مریەم رەجەوی لە پێش چاوی گرتبوو.بە پێی راپۆرتی رادیو فەردا لە زاری هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرس، لەو كۆبوونەوەیە دا رەجەوی بە رخنەگرتن لەو بە ناو رێكەوتنە، رایگەیاند: كە بە دانی ئیمتیازی زیاتر ئێران ملهۆڕتر و سەركێشتر دەبێت.بەو شێوەیەی كە هەواڵدەریی موجاهدینی خەڵكی ئێران رایگەیاندووە: رێبەری موجاهیدین لە قسەكانی خۆیدا لە كۆمیتەی پیوەندییەكانی دەرەوە "رێزگرتن لە مافی كەمایەتییە قەومی و مەزهەبییەكان"لە ئێران و"جیا كردنەوەی دین لە دەوڵەت"دووپات كردەوە.




 ئازادی چاپەمەنی لەئێران بوونی نیە
دامەزراوەی( FREEDOM HOUSE) لەتازەترین ڕاپۆرتدا كە سەبارەت بە ئازادی چاپەمەنی بڵاوی كردووەتەوە، ئێرانی وەكوو خرابترین وڵات لە بواری ئازادی چاپەمەنییەوە لە قەڵەم داوە.ئەو ڕاپۆرتە كە لە ژێر ناوی " ئازادی چاپەمەنی ٢٠١٥" بڵاو كراوەتەوە باس لەوە دەكات ئێران یەكێك لەو ١٠ وڵاتەیە كە فشاری زۆری خستووەتە سەر ڕۆژنامەنوسان، هەرەها ئەو وڵاتەی بە گەورەترین بەندیخانە بۆ ڕۆژنامە و چاپەمەنی لەقەڵەم داوە.ئێران، كۆرەی باكوور، كووبا، گینە، ئیریترە، سووریا، ئۆزبەكستان، توركەمەنستان، كریمە و بلارووس ئەو ١٠ وڵاتەن كە لە راپۆرتەكەی ( FREEDOM HOUSE)دا بە خرابترین شوێن بۆ ئازادی چاپەمەنی ناویان هاتووە.ناوەندی ( Freedom house) چاپەمەنی لەو ١٠ وڵاتەدا بە وتەبێژی حكوومەت ناودێڕ كردووە و باوەڕی وایە هاووڵاتیان بە هیچ شێوەیەك دەستیان بە زانیاری ئازاد ڕاناگات و هەر چەشنە دژكردەوەیەكیش لەگەڵ ئەشكەنجە و زیندانی كردن بەڕەوروو دەبێتەوە.بەپێی ڕاپۆرتەكە لە نیوان ١٩٩ وڵاتی جیهان، ٦٣ شوێن بە وڵاتی ئازاد، ٧١ وڵات بە نیوە ئازاد و ٦٥ وڵاتیش بە نەبوونی ئازادی چاپەمەنی لە ناو ریزبەندەكەدا جێگاییان گرتووە.FREEDOM HOUSE:ئێرانی وەكوو خرابترین وڵات لە بواری ئازادی چاپەمەنییەوە لە قەڵەم داوە.لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە كراوە، نوروێژ و سوید لەو وڵاتانەن كە لە بواری ئازادی چاپەمەنی و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری ئازاد باشترین پلەیان لە جیهاندا هەیە.باس لەوەش كراوە كە زۆربەی هاووڵاتیانی دانیشتوانی قاڕەی ئورووپا و ئاسیا كە نزیك بە لەسەدا ٨٢ی خەڵكەكە دەگرێتەوە لە وڵاتانی داخراو و غەیری ئازادا دەژین.دامەزراوەكە ئەوەشی خستتوەتەڕوو، تەنیا ٢% لە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناڤین لە وڵاتانی ئازاددا ژیان بەسەر دەبەن. (FREEDOM HOUSE) دامەزرواەیەكی مەدەنی سەربەخۆ لە ئەمریكایە و توێژینەوە لەسەر دێمۆكراسی و ئازادییە سیاسییە و چاپەمەنییەكان دایە.ئەو ناوەندە ساڵی ١٩٤١ لە شاری واشینتۆن دامەزراوە.



بانگهێشت و دەستگیركردنی 2 چالاكی كرێكاریی لە شاری سەقز

2 چالاكی كرێكاریی دیكە لە شاری سەقز پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەكە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر كران.بە پێی هەواڵی “زاگرۆس پۆست”، دوێنێ چوارشەممە 9ی مانگی گوڵان ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمی ئاخوندی  لە شاری سەقز 2 چالاكی كرێكاریی و ئەندامی كۆمیتەی هەماهەنگی خەڵكی ئەو شارە بە ناوەكانی “سەید عەلی حسێنی و حامد نەباتی”یان بانگهێشت كرد.دەوترێ “سەید عەلی حسێنی” ئەمڕۆ پێنجشەممە كاتێ لە دەرگای ماڵەكەی هاتووەتە دەرەوە، لە لایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر و راپێچی ئیدارەی ئیتلاعات كراوە.هەروەها “حامد نەباتی” سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كردووە و پاش 2 كاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوڕەشە بە مەبەستی بەڕێوە نەبردنی رۆژی جیهانیی كرێكار، ئازاد كراوە.جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا و بە نزیك بوونەوە لە یەكی ئەیار رۆژی جیهانیی كرێكار، بە دەیان چالاك و هەڵسووڕاوی كرێكاریی لە ئێران و بەتایبەت لە شارە جیاجیاكانی كوردستان دەستگیر و راپێچی ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكان كراون و هەتا ئێستاش چارەنووسی ەندێكیان نادیارە.



ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس لە ئێران بە هۆی رووداوی كار گیان دەدەن
ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس لە ئێران بە هۆی رووداوەكانی كار و لەبەرچاو نەگرتنی ستاندارەكان لە كاتی كاركردندا گیانیان دەدەن.بە پێی راپۆرتی هەواڵنێرییە حكومەتییەكانی ئێران، بە شێوی نێونجی ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی ئەمنیەت لە كاتی كردندا و لەبەرچاو نەگرتنی ستانداردەكانی كار گیانیان لە دەست دەدەن.جێگری پەیوەندییەكانی كار لە وەزارەتی تەعاوون، كار و خۆش بژێوی كۆمەڵایەتی لەو بارەیەوە رایگەیاند، زیاتر لە شەش بەرابەری ئامارەی گیان لە دەستدانی كرێكاران كە بە هۆی رووداوی فیزیكی روو دەدات، بە هۆی نەخۆشییەكانی كار گیانیان دەدەن.ئەو بەرپرسە حكومەتییە لە درێژەدا رایگەیاند، زیاتر 40% گیانلەدەستدانی كرێكاران بە هۆی رووداوی كار لە بەشی پیشەیی بیناكان روو دەدات.بەپێی ئەوەیكە نرخی بەهرەوەریی هێزی كار لە ئێراندا بە شێوەی نێونجی یەك لەسەر چواری نرخی بەهرەوەریی هێزی كاری جیهانییە، ساڵانە 10 هەزار میلیارد تمەن بە هۆی گیان لە دەستدانی هێزی كار زیان بەو وڵاتە دەگات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە هەڵناگرن.بەپێی رایگەیاندراوی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كار، گیان لە دەستدانی هەر كەسێك بە هۆی رووداو بە شێوەی راستەوخۆ یەك میلیارد تمەن زیان بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگەێنێت و هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە كە بە شێوەی نێونجی 4% هەتا 5ی بەرهەمی نەپاڵێوراوی نێوخۆیی تێچووی رووداوكانی كار دەكرێت كە بەپێی ئەوە ئامارە ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچووی رووداوەكانی كار دەكرێت.لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی یاسای كار و داكۆكی لە مافی كرێكار، ئەگەر بۆ هەر یەكەیەكی بەرهەمهێنەر و سینفی ستانداردەكانی كار و بێهداشت و ئەیمەنی كار دابین بكرێت ٦ ساڵی پێویستە كە لە كاتی ئێستادا و بەهۆی قەیرانی ئابووری ئەو ڵاتە و نەبوونی بەڕێوەبەری و بەرنامەی كار،جێبەجێ نابێت و گیان لە دەستدانی كرێكاران بە هۆی كەمتەرخەمیی بەرپرسانی كار بە “قەتڵی ئەنقەست” (قتل شبە عمد) ئەژمار دەكرێت.لەو پەیوەندییەدا، پزیشكی یاسایی ئێران ساڵیرابردوو بڵاوی كردەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٣ هەتا كۆتایی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ١٢ هەزار ٤٣٧ كەس بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لە دەست داوە بەگوێرەی ئاماری ئەو رێكخراوە زیاترین رێژەی مەرگی كرێكاران لە ساڵی ١٣٩٢ بووە.بە پشت‌بەستن بە ئاماری پزیشكی یاسایی، رووداوكانی كار لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گیانی یەك هەزار و ٥٠٦ كرێكاری ئەستاندووە.رەوتی هەڵكشانی مردن بە هۆی رووداوەكانی كار لە ماوەی ساڵی رابردوودا و بەرزبوونەوەی ئەو ئامارە لە ٦٩٧ كەس لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاویدا بۆ یەك هەزار و ٥٠٦ كرێكار لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، دەرخەری دۆخی خراپ و نائەمنی كارگە و كارخانەكان و دابین نەكردنی ئیمەنی پێویست لەلایەن خاوەنكارەكانەوەیە.چالاكانی كرێكاریی ئێران بەردەوام لە دۆخی نالەباری ئیمەنی كار لەو وڵاتەدا رەخنەیان گرتووە و ئەو رەخنانە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا بەرز بووەتەوە.







دوو لاوی بەلووچ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان كوژران
حەوتووی رابردوودا گەیشتە ٦ كەس.بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوو هاووڵاتی بەلووچ لە ناوچە گوندنشینەكانی"سەرباز"و "سەراوان" بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان دا.دەوترێ، هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران بە گومانی ئەوەی كە ئەو دوو هاووڵاتییە بەلووچە شتوومەكی قاچاخیان پێ بووە ماشێنەكەیان داوەتە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا گیانیان داوە.چالاكانی كەمپەینی بەلووچ شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەیان سەلیم بەلووچ خەڵكی گوندی"درگس دشتیاری" هەڵكەوتوو لە باشووری ئوستانی سیستان و بەلووچستان و شبیر بەلووچ‌زەهی٢٢ ساڵە خەڵكی گوندی"محمد"ی سەر بە بەخشی ناوەندی شاری سەراوان راگەیاندووە.لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا، ٤ هاووڵاتی بەلووچ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنووری پاسگای "نگور" لە نێوان سنووری پاكستان و ئێران كوژرا و بریندار كراون.دەوترێت، پاسەوانانی سنوور لە پاسگای نگور بە بێ ئاگادار كردنەوەی ماشێنی ئەو دوو هاووڵاتییە بەلووچەیان داوەتە بەر دەستڕێژ.لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا، رێژەی ئەو هاووڵاتییە بەلووچانەی كە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان حكوومەتی ئێران پێكراون، ٢٢ كەس راگەیەندراوە كە لە كۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٥ كەس كوژرا و ٧ی دیكەش بریندار بوون.





هەواڵەكانی پێوەندییدار بە داعش لەماوەی 24 ساعەتی رابردوو

ــ سەرچاوەیەكی‌ ئەمنی‌ لە پارێزگای‌ سەڵاحەدین رایگەیاند، شەش چەكداری‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش كە هەوڵیاندا دزە بكەنە نێو قەزای‌ حەویجە، لە باشووری‌ ئەو قەزایە كوژران. سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی‌ خۆی‌ ئاشكرا بكات وتیشی‌: "هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە چواردەوری‌ شارەكەدا خۆیان قایم كردووە تا رێگە لە هەوڵی‌ دزەكردنی‌ چەكدارانی‌ ئەو گروپە بگرن بۆ نێو قەزای‌ حەویجەوە".

ــ پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ی نیسانی 2015، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش 6 كەسیان گولـلە بارانكرد بە ھۆكاری ئەوەی ئامادە نەبوون بچنە بەرەكانی شەڕو ئەو دادویەی داعشیان قبوڵ نەكردووە ."دوای زیندانیكردنیان بۆ ماوەیەك پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری موسڵ بە بەچاوی خەڵكەوە گولـلە بارانكراون و هەوەرها جاری یەكەم نییە رێكخراوی تیرۆریستی داعش خەڵك لەسەر نەڕۆیشتن بۆ بەرەكانی شەڕ گولــلە باران دەكات".
ــ وەزارەتی‌ بەگری‌ عیراق رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ هاوبەشی‌ نێوان بەغداو هەولێر، بۆ مەبەستی‌ رێككەوتنە لەسەر پێكهێنانی‌ ژوورێكی‌ عەمەلیات بۆ رزگاركردنی‌ نەینەوا. بۆ مەبەستی‌ بەشداریی‌ لە كۆبوونەوەی‌ لیژنەی‌ باڵای‌ هەماهەنگی‌ نێوان هەرێم و بەغدا،  ئەمڕۆ ستیوارت جۆنز باڵێوزی‌ ئەمریكا لە عیراق، بە یاوەری‌ خالید عوبەیدی‌ وەزیری‌ بەگری‌ و محەمەد سالم غەببان وەزیری‌ ناوخۆ گەیشتنە شاری‌ هەولێرو لەو چوارچێوەیەشدا جۆنز رایگەیاند، وڵاتەكەی‌ شانازیی‌ بە هاوبەشی‌ لەگەڵ گەلی‌ كورد و هەرێمی‌ كوردستانەوە دەكات. رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش لە 10ی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی‌ 2014، دەستی‌ بەسەر شاری‌ موسڵ سەنتەری‌ پارێزگای‌ نەینەوادا گرت و دواتریش ناوچەیەكی‌ بەرینی‌ لە پارێزگاكانی‌ دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار، كۆنترۆڵ كرد.

ــ بە پێی‌ وتەی‌ چەند شایەتحاڵێك،  نیوەڕووی‌ ئەمڕۆ 30/4/2015 چەكدارانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش لە ناحیەی‌ "باشیك" كڵیێسایەك و (15) خانووی‌ تەقاندۆتەوە.ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو خانوانەی‌ تەقێندراوەتەوە، سەرجەمیان هی ئەو ئێزدیانەن كە بەهۆی‌ هێرشی چەكدارەكانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعشەوە ئاوارەی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوونە.

ــ بەهۆی‌ تەقینەوەی‌ ژمارەیەك بۆمبی‌ ئامادەكراو بۆ تەقاندنەوە لەناو كارگەیەكی دروستكردنی‌ بۆمبدا لە پارێزگای‌ (دیر ئەلزۆر)ی‌ سوریا، لانی‌ كەم 25 چەكداری‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش كوژران، بەڵام تائێستا هۆكاری‌ تەقینەوەكە نەزانراوە، وەك روانگەی‌ سوریا بۆ مافەكانی‌ مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە.





سودەكانی هەنگی دنیا
میوەی هەنگی دنیا تایبەتە ناوچەكانی هێڵی  ئیستوای و میوەیەكی وەرزیە ،بڕێكی زۆر ڤیتامین و پێكهاتە بەسودەكانی تێدایە كە بۆ تەندروستی زۆر بەسودە :
1-خوێن خاوێن دەكاتەوە و كارەكانی كۆئەندامی هەناسە ڕێكدەخات.
2-گورچیلە و گەدە خاوێندەكاتەوە.
3-چارەسەرە بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی پێستیان هەیە.
4-هۆكار دەبێت بۆ زوو ساڕێژبونی برین.
5-پەستانی بەرزی خوێن دادەبەزێنێت .
6-ددان بەهێز دەكات و چارەسەری هەوكردنی پوك دەدات.
7-بۆ خانمان زۆر بەسودە ڕێگری دەكات لە هەوكردنی هێلكەدان و منداڵدان و بۆری میز.
8-ڕێژەی كۆلیسترۆلی ناو خوێن دادەبەزێنێت.

ڕێکه‌وت: 2015-04-30 16:51:53
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان و ئێران و ناوچەكە (10ی بانەمەڕ) )