__ بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی مامۆستایان لە كوردستان و ئێران__ کۆمەڵگەی وەرزشی کرماشان و پیرانشار لەماتەمینی دان__ نێرگش محەمەدی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا__ تا ئه‌وکاته‌ی په‌که‌که‌ چه‌ک دانه‌نێت هیچ قسه‌یه‌ک بۆ وتن نییه‌ __ هەر چەشنە سەرمایەگۆزاریێكی ئەمریكییەكان لە ئێران قەدەغەیە__ هۆشداری لاریجانی بە رۆژئاواییەكان لەمەر وتووێژەكان__ پەیامی جان كیری لەمەر رێكەوتنی ناوكەیی بۆ ئیسرائیل

بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی مامۆستایان لە كوردستان و ئێران
کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێران لە بانگەوازێکدا داوایان لە مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئێران و کوردستان کردووە کە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان مانگرتنی گشتی بەڕێوە بەرن. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، لە بانگەوازەکەی کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێراندا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی سەرجەم شارەکانی ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی و لە هەمان کاتیشدا هێمنانە بەڕێوە دەچێت. ئەو بانگەوازە لە کاتێک دایە کە فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کوردستان بۆسەر مامۆستایان بەردەوامە و بە بانگکردنی ژمارەیەک مامۆستا بۆ ئەو ناوەندانە، لە هەوڵی رێگریی لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و مانگرتنەکەی رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ دان. یەکێک لە داوکاریی مامۆستایان زیادکردنی مووچەکانیانە و سەبارەت بە زیادكردنی لە سەدا ١٤ی مووچەكانیان بۆ ساڵی (٩٤) ناڕازین و لەو باوەڕدان بەپێی هەڵاوسانەكان، دەبێ ئەو زیادكردنە لەسەدا ٣٠ بوایە. کۆتایی‌هێنان بە هەڵاواردن لەنێو فەرمانبەرانی پەروەردە، رێکخستن و هاوتاکردنی مووچەکان و پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی سیستەمی پەروەردە، لە داوکارییە سەرەتاییەکانی مامۆستایانی ئێران و کوردستانە.








کۆمەڵگەی وەرزشی کرماشان و پیرانشار لەماتەمینی دان
 دوو وەرزشکاری ناسراوی کورد لە دوو رووداوی جیاجیادا لە پیرانشار و کرماشان گیانی خۆیان لەدەست دا. بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ئیسکەندەر محەممەدی دامەزرێنەری لێژنەی شاخەوانی شاری پیرانشار لەئەنجامی رووداوی هاتوچۆوە لەگەڵ بنەماڵەکەی گیانی لەدەست دا. ئەو رووداوە لە رێگەی نەغەدە ـ پیرانشار و لە نزیک ئاوایی قارنێ رووی داوە. ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نێو خەڵکدا بە "خالید شاخەوان" ناسرابوو و سەرپەرەستی گرووپی شاخەوانی قەندیلی لە ئەستۆ بوو. لەلایەکی دیکەوە یاسر کەریمیان لە پاڵەوانانی ناسراوی وەرزشی زۆران(کشتی) لە کرماشان بە هۆی شێرپەنجەوە گیانی لەدەست داوە. ئەو زۆرانبازە کرماشانییە لە ئاستی مێرمنداڵان و لاواندا چووبووە ریزی هەڵبژاردەی کوشتی ئێرانەوە و چەندین سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو.








نێرگش محەمەدی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا
پاش تێپەڕینی یەک رۆژ لە بانگهێشت کردنی نێرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ بۆ دادگای "ئینقلاب"، ئەو چالاکە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ، نێرگس محەممەدی رۆژنامەنووس و وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. جێگەی باسە كە، هێزە ئەمنیەتییەکانی رژێمی ئاخوندی ئێران به حوکمی دادگای نێرگس محەممەدی، رۆژنامەنووس و وتەبێژی ئەنجومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانەی ئێوین کردووە شایەتحاڵان باسیان لەوەش کردووە، هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەنووسەدا، دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و پاش نیشاندانی حوکمی دەستبەسەرکردنەکەی، ''نێرگس محەممەدیی''ان لەگەڵ خۆیان بردووە.








تا ئه‌وکاته‌ی په‌که‌که‌ چه‌ک دانه‌نێت هیچ قسه‌یه‌ک بۆ وتن نییه‌ 
سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ لێدوانێکدا له‌ ئامه‌د ڕایگه‌یاند: تا ئه‌و کاته‌ی که‌ په‌که‌که‌ چه‌ک دانه‌نێت نه‌ من و نه‌ حکوومه‌تی تورکیا له‌باره‌ی ڕه‌وتی دانوستانی ئاشتیه‌وه‌ قسه‌یه‌کمان بۆ وتن نییه‌.به‌پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ردانێکی گرینگدا بۆ ئامه‌د وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد. ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان به‌ توندی له‌ نه‌ڕۆیشتنی شاره‌وانی گه‌وره‌شاری ئامه‌د بۆ پێشوازی له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌و شاره‌ رەخنەی گرت و وتى شاره‌وانی ئامه‌د له‌ ڕووی ڕێزیشەوە که‌ بووه‌ ده‌بوا له‌ فڕۆکه‌خانه‌ ئاماده‌ ببوایه‌. شاره‌وانی ئامه‌د له‌ چیای قه‌ندیل فه‌رمانی وه‌رگرتبوو که‌ نه‌چێته‌ پێشوازی له‌ سه‌رۆک کۆماری تورکیا. په‌که‌که‌ ڕایگه‌یاندبوو که‌ سه‌رۆک کۆماری تورکیا بێلایه‌نی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ده‌ست داوه‌ هه‌ر بۆیه‌ نابێت بچینه‌ پێشوازییه‌وه‌. سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌باره‌ی ڕه‌وتی دانوستانی ئاشتیەوە جه‌ختی کرد: ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ چه‌که‌کانیان دانانن و له‌ ژێر سێبه‌ری چه‌که‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ چالاکییه‌کانی خۆیان مافی ده‌ربڕینی بۆچوون له‌باره‌ی ڕه‌وتی دانوستانی ئاشتییان نییه‌. له‌مباره‌وه‌ حکوومه‌تی تورکیا و ڕێکخراوه‌ حوکمییه‌کان هه‌موو ئه‌رکه‌کانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئیدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ چه‌که‌کان له‌ ژێر خاکدا بنێژرێن و بە چیمه‌نتۆ داپۆشرێن. تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ نه‌ من و نه‌ حکوومه‌ت قسه‌یه‌کمان بۆ وتن نییه‌.








هەر چەشنە سەرمایەگۆزاریێكی ئەمریكییەكان لە ئێران قەدەغەیە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، كە هەر چەشنە سەرمایەگۆزاریێكی شارۆمەندانی ئەمریكا لە ئێران قەدەغەیە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، جف راتكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆژی دووشەممە 14ی بانەمەر رایگەیاند، بازرگانی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی ئازاد نییە و ئەگەر ئەمریكا شاهێدی هەر كردەوەێكی تۆجاری بە بێ لەبەر چاو گرتنی گەمارۆكان بێت دەست دەداتە دژكردەوە دژ بەو كردەوەیە. بە پێی ئەم راپۆرتە، راتكی وتی، هەر چەشنە مامەڵە یان چالاكی لە راستای سەرمایەگۆزاری لە ئێران لە لایەن هاووڵاتیانی ئەمریكا یان شیركەتەكانی ئەو ولاتەوە قەدەغەیە. جێگەی باسە كە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا زیادی كرد كە، ئێمە هەر چەشنە راپۆرتێك لەو پیوەندەدا چاودێری دەكەین و لە كاتی پێویستدا دژكردەوەمان دەبێت.








هۆشداری لاریجانی بە رۆژئاواییەكان لەمەر وتووێژەكان
سەرۆكی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رژێمی ئاخوندی رایگەیاند، ئەگەر لایەنی رۆژئاوایی بییەوێت لە وتووێژەكاندا دوولایەنە قسە بكات، كۆماری ئیسلامی هەڵئەگەرێتەوە و مەسیری پیتاندن درێژە پێ دەدات. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، عەلی لاریجانی وتی، سەرەرای ئەوەیكە بینییان كە گەمارۆكان هیچ كاریگەریێكیان نییە و هاتنە پای مێزی وتووێژ بەڵام سەر لە نوێ قسەی نارەوا دەكەن. ناوبراوو بە ئاماژە بە وتەی بەرپرسێكی ئەمریكایی كە وتبووی ئێمە بە هەموو ئامانجەكانی خۆمان گەیشتووین و رژێمی ئاخوندی هەتا هەتایی لە ژێر چاودێری دەبێت، وتی، چونكوو ئەمانە كەسانێكی زەعیفن هەلیت و پەلیت دەلێن. جێگەی باسە كە لاریجانی روو لە بەرپرسانی ئەمریكا وتی، ئێوە خۆراگری ئێمەتان بینی كە ناچار بوون پیتاندنی ئێمە قبووڵ بكەن بەڵام ئەگەر بتانەوێت دوو لایەنە قسە بكەن و ریاكاری بكەن ئێمە هەڵئەگەرێینەوە و مەسیری پێشووی خۆمان درێژە پێدەدەین.








پەیامی جان كیری لەمەر رێكەوتنی ناوكەیی بۆ ئیسرائیل
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا جان کیری پەیامێكی بە مەبەستی كەمكردنەوەی نیگەرانییەكانی ئێسرائێل لەمەر رێكەوتنی ناوكەیی لەگەڵ رژێمی ئاخوندی پێشكش بە بەرپرسانی ئیسرائیل كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵێکی ته‌له‌فیزیۆنی ئیسرائیلدا‌ له‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌  جان کیری رایگەیاند، باراك ئۆباما په‌یمانی داوه‌ که‌ رژێمی ئاخوندی ئێران ده‌ستی به‌ چه‌کی ناوکی ڕانه‌گات. جێگەی باسە كە، سه‌رۆک وه‌زیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو یه‌کێکه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ سه‌رسه‌خته‌کانی چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ له‌گه‌ڵ رژێمی ئاخوندی ئێران به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریکا که‌ به‌ پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ سزاکانی سه‌ر ئێران لاده‌برێت له‌ پێناو ڕاگرتنی به‌رنامه‌ی ناوکەیی.

ڕێکه‌وت: 2015-05-05 11:32:34
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستات، ئێران و جیهان 15ی بانەمەری 1394 )