__ ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بەهۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە__ هەواڵەکان باس لە تەشەنەی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بۆ شارەکانی دیکە کوردستان دەکەن__ دەستبەسەركردنی هاووڵاتیان لە مەهاباد و میلیتاریزەكردنی شارەكانی كوردستان__ بەیانییەی زیندانیانی سیاسی مەهاباد لە مەر خۆكوژی فریناز خۆسرەوانی__ لە سلێمانی گردبوونەوەیەك بۆ پاڵپشتی مهاباد ئەنجامدرا__ هەڵەی پزشكی لە سنە گیانی لە كچێكی لاو ستاند__ خاتەمی: ئەگەر لە وتووێژەكان هەرەشەیان بینی مەجلیس هەڵیبوەشێنیتەوە__ هەناردەكردنی رژێمی ئاخوندی بۆ ئۆرووپا 33ی لەسەد كەمی كردووە__ عەرەبستان به‌نیازه‌ هێرشی‌ زه‌مینی‌ له‌ یه‌مه‌ندا ده‌ست پێبكات

ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بەهۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە
 کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە مەهاباد لە بەرانبەر هۆتێل ''تارا'' لەمەڕ مەحکووم کردنی مەرگی گوماناویی ''فەریناز خوسرەوانی'' بەهۆی دەستێوەردانی هێزە حکوومەتییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە. بەپێی راپۆرتی  هەواڵدەریی کوردپا، پاش نیوەڕۆی دوێنی پێنج‌شەممە ١٧ی بانەمەڕ، هاووڵاتییانی مەهاباد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، لە بەرانبەر هۆتێل تارا کۆبوونەوە و خوازیاری دادگایی کردنی کەسانی پێوەندیدار بە مەرگی ناوبراوەوە بوون.  ئەو کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی مەهاباد بە دەستێوەردانی گاردی تایبەت و هێزە ئینتزامییەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە و هێزە حکوومەتییەکان بە ''چەکی ساچمەزەن'' و گازی فرمێسکهێنەر، لە هەوڵی بڵاوەکردن بە ناڕازییان بوون. بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی هێمنانە دەستی پێ کرد، بەڵام بە ئامادەبوون و دەستێوەردانی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەت، توندوتیژیی لێکەوتەوە. بە پێی ئەم راپۆرتە، لەو کۆبەنەوەدا ژمارەیەک لە ناڕازییان بەهۆی بەرەنگاریی توندی هێزە نیزامییەکان بریندار بوون. هەنووکە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی گاردی تایبەتەوە میلیتاریزە کراوە و هاتوچۆی ئاسایی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ دەکرێت. جێگەی باسە كە هۆتێل تارای مەهاباد لە لایەن خەڵكی نارازییەوە ئاوری تێبەردراوە.








هەواڵەکان باس لە تەشەنەی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بۆ شارەکانی دیکە کوردستان دەکەن
سەرەڕای داهاتنی شەو، ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد هەروا بەردەوامن و راپۆرتەکان باس لە تەشەنەی ئەو ناڕەزایەتییانە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان دەکەن. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج‌شەممە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد هەروا بەردەوامن. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە شارەکانی دەوروبەری مەهاباددا هێزی یەگانی تایبەت لەمەڕ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان رەوانەی ئەو شارە کراوە. هەروەها دەگوترێت كە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراوەتە ئامانجی هێرشی هاووڵاتییانی ناڕازی، بەڵام جۆری هێرشەکە و هەواڵی پێوەندیدار بە هێرشی چەکدارانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. هەروەها بەهۆی رووماڵی بەربڵاوی رووداوەکانی ئەمڕۆی مەهاباد لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا، شیمانەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە رۆژانی داهاتوو لە شارەکانی دیکەی کوردستاندا دەکرێ.لەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک راگەیەنراو لە بارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ژمارەیەک لە شارەکانی دیکەی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە و ئەو کەسانەی کە ئەو راگەیەنراوانەیان بڵاو کردووەتەوە خوازیاری بەشداریی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکە لەو خۆپیشاندانانە دان. بەگوێرەی راپۆرتەکان، بڕیار وایە پاش نوێژی هەینی، لە شارەکانی مەریوان، بۆکان و پیرانشار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد بەڕێوە بچێت، ئەگەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش لە ئارا دایە.







دەستبەسەركردنی هاووڵاتیان لە مەهاباد و میلیتاریزەكردنی شارەكانی كوردستان
دوا بە دوای ئەوەیكە رۆژی رابردوو خەڵكی نارازی شاری مەهاباد بە نیشانەی دەربرینی رق و تورەیی خۆیان لەمەڕ خۆكوژی كچێكی گەنجی ئەو شارە كە بۆ پاراستنی خۆی لە دەستدرێژیكردنە سەری لە لایەن مەئمورانی ئیتلاعاتەوە لە هۆتێل تارای شاری مەهاباد لە نۆهەمی چوارەمەوە خۆی فرێ داوەتە خوارێ و گیانی لە دەست دابوو رژانە سەر شەقامەكانی ئەو شارە و هۆتێل تارایان ئاور دابوو، هێزە ئەمنییەتییەكان لە كاتژمێرەكانی سەرەتایی ئەمرۆ هەینی 18ی بانەمەرەوە دەستیان داوەتە دەستبەسەر كردنی خەڵكی شاری مەهاباد و بە پێی ئەو راپۆرتانەی كە بڵاو بوونەتەوە تاكوو كاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە دەیان كەس لە شارۆمەندانی شاری مەهاباد دەستبەسەر كراون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە ئاكامی تێكهەڵچوونی خەڵكی نارازی لەگەڵ ئەو هێزەی كە بۆ پاراستنی هۆتێل تارا و بڵاو پێكردن بە خەڵكی نارازی رژابوونە سەر شەقامەكان زیاتر لە 50 كەس لە خۆپیشاندەران بریندار بوون كە تاكوو ئێستا تەنیا 23ی كەسیان لە خەستەخانەی شاری مەهاباد تیمار كراون و برینی چەندین كەسیان مەترسیدار راگەێندراوە.  بە پێی ئەم راپۆرتە، زۆربەی برینداران لە ترسی دەستبەسەر كردنیان لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەكانەوە بۆ چارەسەری برینەكانیان نەرۆیشتونەتە خەستەخانە. جێگەی باسە كە بە بڵاوبوونەوەی راگەێندراو لەمەر رێكخستنی خۆپیشاندان بە نیشانەی نارەزایەتی دەربرین بە كردەوەكانی رژێمی ئاخوندی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان و پشتیوانی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەو خۆپیشاندانانە، رژێمی ئاخوندی لە ترسی سەرهەڵدانی نارەزایەتی بەرین و جەماوەری خەڵكی كوردستان شارەكانی كوردستانی بە هێزە ئەمنییەتییەكان تەنیوە.








بەیانییەی زیندانیانی سیاسی مەهاباد لە مەر خۆكوژی فریناز خۆسرەوانی
زیندانیانی سیاسی زیندانی مەهاباد جینایەتی هێزەكانی ئیتلاعات كە بوو بە هۆی خۆكوژی كچێكی كورد بە توندی مەحكوم كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، زیندانیانی سیاسی زیندانی ەهاباد لە بەیاننامەكەیاندا نووسیویانە، بە ناوی ژنانی ئازاد، هەرگیز تەسلیمی داگیركەر نابین. ئەم دژكردەوەی كچێكی كورد بە سیستەمی زۆڵم و زیندان و خاوەنداریەتی ژنانی كۆمەڵگا لە ئێران بوو. فەریناز بە خۆكوشتنی خۆی رایگەیاند، ژنان دەبێت كۆت و بەندەكان بچرێنن و كەرامەتی خۆیان ئازاد بكەن. ئێمە زیندانیانی سیاسی زیندانی مەهاباد كردەوەی بكەرانی دەستدرێژی بۆ سەر كچێكی كوردی مەهابادی بە توندی مەحكوم دەكەین و وێرای هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەكەی، خەباتی خۆمان بۆ گەیشتنی ژنان بە جێگای راستەقینەی خۆیان لە كوردستان و كۆمەڵگای ئێران، داوا لە خوێندكاران، ژنان، ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان و راپۆرتنێرانی بێسنوور دەكەین بە هەر شێوەێك كە بۆیان دەگونجێت بكەرانی ئەو كارە قیزەونە شەرمەزار بكەن.








لە سلێمانی گردبوونەوەیەك بۆ پاڵپشتی مهاباد ئەنجامدرا
بۆ ئیدانەكردنی رووداوەكەی هۆتێل " تارا " ‌و خۆكوشتنی " فەریناز خوسرەوانی " ‌و پاڵپشتی دەربڕین بۆ خۆپیشاندەرانی شاری مهاباد، ژمارەیەك لە كوردانی رۆژهەڵات ‌و چالاكوانان ‌و مامۆستایانی ئاینی گردبونەوەیەكیان لە باخچەی نالی شاری سلێمانی رێكخست. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئامادەبووانی گردبوونەوەكە، دروشمەكانی " پشتیوانیكردن لە مهاباد ئەركێكی ئەخلاقی ‌و نەتەوەییە، ئاگری هۆتێل تارا هاواری تاكی كوردە، مهاباد دەچریكێنێ‌ رۆژهەڵات بەخەبەردێنێ‌، دەستدرێژی بۆ سەر ژن دەستدرێژییە بۆ سەر ژنان " یان بەرزكردبووەوە. هەر لە گردبوونەوەكەدا چەندین وتاری دژ بەو رووداوە ‌و پاڵپشتی دەربڕین لە مهاباد خوێندرانەوە. جێگەی باسە كە لە كۆتایی گردبوونەوەكەدا رێكخەرانی گردبوونەوەكەش، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.






هەڵەی پزشكی لە سنە گیانی لە كچێكی لاو ستاند
ك1ێكی گەنجی خەڵكی شاری سنە بە هۆی هەڵەی پزشكییەوە گیانی لە دەست دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، دڵنیا رەحیمی كچی مەحەمەد دانیشتووی گەرەكی 25ی سنە ( كاراموزی) رۆژی پێنجشەممە 17ی بانەمەر بە مەبەستی عەمەلی لووت بە هۆی كێشەی نەفەس كێشان رۆیشتبوو بۆ خەستەخانەی تەوحیدی شاری سنە، بە هۆی هەڵەی پزشكی و لە بارودۆخێكی چاوەرواننەكراودا گیانی لە دەست دا. بە پێی ئەم راپۆرتە، سەرچاوەێكی ئاگادار لە رووداوەكە بە كانوونی لایەنگرانی مافی مرۆڤی كوردستانی راگەیاندووە كە، پزیشكەكان پێش لە عەمەلەكە لەو كچە ئكۆیان نەگرتووە و لە كاتی عەمەلەكەیشدا بە هۆی ئەوەیكە دەماری ناوو لوتیان نەبەستووە خوێن رۆیشتووەتە ناو مێشكی و لە ئاكامدا بووە بە هۆی مردنی ئەو كچە گەنجە. جێگەی باسە كە پزشكی بەرپرسی عەمەلی ناوبراوو دكتۆر ناسر رەحمانپەنا و دكتۆر شاهرۆخ ئیبنی رەسوول بوون.









خاتەمی: ئەگەر لە وتووێژەكان هەرەشەیان بینی مەجلیس هەڵیبوەشێنیتەوە
لە شانۆی هەینی ئەمرۆی تاران ئاخوند ئەحمەد خاتەمی لە مەر وتووێژەكان رایگەیاند، ئەگەر لە وتووێژەكاندا هەرەشەیان بینی مەجلیس دەبێت ئەو وتووێژانە هەڵبوەشێنێتەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە نوێژی هەینی ئەمرۆی تاران، 18ی بانەمەر ئاخوند خاتەمی وتی، وتووێژكەرانی خۆشەویست كە رۆڵەی ئەم ئاو خاكەن دەبێت ئەو قسەی رێبەریان لە بەر چاو بێت كە وتویە، دەبێت گەورەیی و شكۆی خەڵكی ئێران بپارێزن، ئەگەر لە وتووێژەكاندا زەرەێك هەرەشەیان بینی، مەجلیس دەبێت ئەو وتووێژانە هەڵبوەشێنێتەوە كە نایاساییە. ناوبراوو هەر وەها وتی، لە وتووێژكەرانمان خوازیارم كە لە ژێر سێبەری هەرەشە وتووێژ نەكەن، ئێمە هیچ كارێكمان بە یارییەكانی ئۆباما و كۆنگرە و سەنای ئەمریكا نییە ئەوان هەر غەڵەتێك دەكەن با بیكەن.








هەناردەكردنی رژێمی ئاخوندی بۆ ئۆرووپا 33ی لەسەد كەمی كردووە
هەناردەكردنی رژێمی ئاخوندی بۆ ئۆرووپا لە مانگی خاكەلێوەی 1394 لە چاو ساڵی رابروو زیاتر لە 33 لە سەد كەمی كردووە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، بە پێی ئاماری بڵاو كراوە لە گۆمرۆكی رژێمی ئاخوندی لەم ماوەیەدا هەناردەكردنی رژێمی ئاخوندی بۆ ئۆرووپا تەنیا 65 میلیۆن دۆلار بووە كە زیاتر لە 33 لە سەد لە چاو مانگی خاكەلێوەی ساڵی رابردوو كەمی كردووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، هەناردە كردنی رژێم بە كیلۆش 45 لەسەد كەمتر لە ساڵی رابردوو بووە. جێگەی باسە كە لەم ماوەیەدا وڵاتانی رۆژئاوایی 434 میلیۆن دۆلار كەل و پەلیان بۆ ئێران هەناردە كردووە.








عەرەبستان به‌نیازه‌ هێرشی‌ زه‌مینی‌ له‌ یه‌مه‌ندا ده‌ست پێبكات
سعودیه‌ رایگه‌یاند، هه‌موو رێگه‌چاره‌كان كراوه‌ن به‌ ئه‌نجامدانی‌ ئۆپراسیۆنی‌ زه‌مینیشه‌وه‌ تا لێوه‌ی‌ هێرش و په‌لاماری‌ حوسییه‌كان بۆسه‌ر ناوچه‌ سنورییه‌كان، رابگرن.   بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، عه‌مید ئه‌حمه‌د عه‌سیری‌ وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ كه‌ناڵی‌ (العربیه‌)ی‌ راگه‌یاند: "پێده‌چێت هه‌مان رێژه‌ی‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ گه‌رده‌لولی‌ (حه‌زم) دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، هێرشی‌ زه‌مینیش وه‌ك رێگه‌ چاره‌یه‌ك كراوه‌یه‌ تا رێگه‌ له‌و كوشتارگه‌ و كاولكاریانه‌ بگرین كه‌ ملیشیاكان له‌ یه‌مه‌ندا ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن".عه‌سیری‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری‌ هه‌موو رێگه‌چاره‌كان كرده‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن،  له‌ لێدوانه‌كه‌یدا باسی‌ له‌وه‌ نه‌كرد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ یه‌مه‌ندا چوونه‌ ناوه‌وه‌ی‌ هێزه‌ وشكانییه‌كانی‌ سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ تاوتوێ‌ ده‌كات یان نا. 

ڕێکه‌وت: 2015-05-08 09:01:40
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 18ی بانەمەری 1394 )