__ دەستبەسەر كردنی 700 كەس لە شارۆمەندانی مەهابادی__ بانگهێشت بۆ خۆپیشاندان لە شاری سنە لە رۆژی شەممە__ -کوردستان لە شڵەژان دایە/ دەنگی تەقە لە مەریوان و شنۆ بیستراوە__ هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی نەغەدەوە دەستبەسەر کرا__ رژێم لە كوردستان دەبێت یاسا نێونەتەەییەكان رەچاو بكات__ حوسنی‌ موباره‌ك و كوڕه‌كانی‌ سزادران__ روسیە گه‌وره‌ترین نمایشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجام دا

دەستبەسەر كردنی 700 كەس لە شارۆمەندانی مەهابادی
بە هۆی نارەزایەتی دەربرینی خەڵكی شاری مەهاباد لە رۆژی پێنجشەممە 17ی بانەمەر تاكوو رۆژی هەینی 18ی بانەمەر لانیكەم 700 كەس لە شارۆمەندانی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كراون. بە پێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاو بوونەتەوە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لانیكەم 700 كەس لە شارۆمەندانی مەهابادی دەستبەسەر كراون و یان بانگهێشتی ئیدارە ئەمنییەتییەكان كراون و دوایی دەستبەسەر كراون. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەم دەستبەسەر كردنانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتی ئیتلاعاتییەكانەوە بووە، بەڵام لە لایەن بەرپرسانی ئیتلاعاتی سوپاوە فەرماندەهی كراوە. جێگەی باسە كە زۆربەی دەستبەسەر كراوان لە لایەن ئیتلاعاتی سوپاوە بۆ شارەكانی پیرانشار و بۆكان گوازراونەتەوە. هەروەها زۆربەی دەستبەسەر كراوان ئەو بریندارانەن كە بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەكانەوە لە كاتی نارەزایەتی دەربرینی خەڵكی ئەو شارە بە خۆكوژی فەریناز خۆسرەوانی رژابوونە سەر شەقامەكان.








بانگهێشت بۆ خۆپیشاندان لە شاری سنە لە رۆژی شەممە
خەڵكی شاری سنە بە دەركردنی بەیاننامە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان داوایان كردووە كە بۆ پشتیوانی لە خەڵكی خۆراگری مەهاباد ئەمرۆ شەممە 19ی بانەمەر كاتژمێر 5ی ئێوارە دەست بدەنە خۆپیشاندان و مانگرتن. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، خەڵكی ئاری سنە، رۆژی رابردوو 18ی بانەمەر بە نیشانەی پشتیوانی بۆ خەڵكی خۆراگری مەهاباد هاوشێوەی زۆربەی شارەكانی كوردستان دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان. بە پێی ئەم راپۆرتە لاوان و خەڵكی شاری سنە، بە كۆبوونەوە لە پاركی ئاویەر بەرو ناوەندی شار خۆپیشاندانیان كرد. جێگەی باسە كە هێزە سەركۆتگەرەكانی رژێمی ئاخوندی لە ترسی پەرەسەندی نارەزایەتی خەڵك لە سێ ریانی ئەدەب تاكوو مەیدانی ئێقباڵ هەر 20 هەنگا و پۆلێك لە بەكرێگیراوانی خۆیان جێگیر كردبوو. 







کوردستان لە شڵەژان دایە/ دەنگی تەقە لە مەریوان و شنۆ بیستراوە
 هێزەکانی یەگانی تایبەت لە بۆکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەروەها تێکڕای دەست و پێوەندییەکانی سەربە حکوومەت بۆ هاوکاریی هێزە نیزامییەکان رێکخراون. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەیی کوردپا لە شارەکانی کوردستان، بارودۆخی ئێستای شارەکانی سەقز و بۆکان نائاسایی‌یە. سەرچاوەیەکی ئاگادار راگەیاند: ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی یەگانی تایبەت لە شاری شاهین‌دژەوە رەوانەی شاری بۆکان کراون. هەروەها نوێترین هەواڵەکان، باس لە میلیتاریزەکرانی پیرانشار دەکەن. بە پێی ئەم راپۆرتە، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ شاری سەقز لەگەڵ هێزی یەگانی تایبەتی سەربە هێزی ئینتزامی و سپای پاسداران تەنراوە و حاڵەتێکی نائاسایی بەخۆیەوە گرتووە. بەپێی راپۆرتەکان هێزەکانی یەگانی تایبەتی حکوومەتی لە چوارڕێیانی شەبەرەنگ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تەقەیان لێ کراوە. ژمارەیەک چالاکی ''مەدەنی'' و سیاسی لە ناوچە کورنشینەکانی ئێران لەو بڕوایە دان، بە شێوەیەکی رێکخراو و سازماندراو رێژیم لە هەوڵی رکێشکرانی ناڕەزایەتییەکانی بەرەو ئاراستەیەکی توندوتیژ دایە. لەلایەکی دیکەشەوە هەواڵی داخرانی تێکڕای بازاری شاری مەریوان دەبیسرێت و هێڵی تەلەفوون ئێنتێرنێتیش لەو شارەدا پچڕاوە. هەنووکە شاری مەریوان بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و به هێزی یەگانی تایبەت، سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی تەنراو.








هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی نەغەدەوە دەستبەسەر کرا
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران، هاووڵاتییەکی نەغەدەیی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری نەغەدە هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی ''ئەمیر پیرۆتی'' دەستبەسەر کردووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزێسیۆنی ئێران"، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. سەرچاوەکە وتیشی؛ سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی پیرۆتی، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. هەروەها لە یەکەم ساتەکانی بەرەبەیانی رۆژی رابردوو، هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و بەرنامەبۆدارێژراو دەستیان کرد بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو شارە.








رژێم لە كوردستان دەبێت یاسا نێونەتەەییەكان رەچاو بكات
لێبۆردنی نێونەتەوەیی رۆژی هەینی 18ی بانەمەر بە دەركردنی بەیاننامەێك لە گەرماوگەرمی نارەزایەتییەكانی خەڵكی كوردستانی ئێران وێرای هۆشدار بە رژێمی ئاخوندی رایگەیاند كە نابێت ئەو رژێمە لە زەبر و زەنگ كەڵك وەرگرێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە دوای ئەوەیكە خەڵكی شاری مەهاباد لە نارەزایەتی بە خۆكوشتنی كچێكی لاوی خەڵكی ئەو شارە لە ترسی دەستدرێژی هێزە ئیتلاعاتییەكان، رژانە سەر شەقامەكان و هۆتێل تارای مەهابادیان ئاور تێبەردا و هەروەها ئەو نارەزایەتییە زۆربەی ئارەكانی كوردستانی گرتەوە، لێبۆردنی نێونەتەوەیی بەیاننامەێكی روو لە رژێمی ئاخوندی دەر كرد. سەعید بومە دۆحا جێگری بەرێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقای لێبۆردنی نێونەتەوەیی وتی، دوای نارەزایەتییەكانی رۆژی پێنجشەممە و سەركۆتكردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەكانی رژێمی ئاخوندییەوە و پەرەسەندی ئەو نارەزایەتییە بۆ باقی شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بەرپرسان و هێزە ئەمنییەتییەكان نابێت لە زەبر ز زەنگ كەڵك وەر بگرن و دەبێت رەچاوی یاسا نێونەتەوەییەكان بكەن.








حوسنی‌ موباره‌ك و كوڕه‌كانی‌ سزادران
دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ قاهیره‌ سزای‌ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ میسر و دوو كوڕه‌كه‌یدا سه‌پاند. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئه‌مڕۆ دادگای‌ تاوانه‌كانی‌ قاهیره‌، سزای‌ سێ ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر "حوسنی‌ موباره‌ك" و دوو كوڕه‌كه‌ی‌ به‌ ناوه‌كانی‌ (عه‌لاْ   و جه‌مال)دا سه‌پاند. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هۆكاری‌ سزادانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووتری‌ میسر و كوڕه‌كانی‌، له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ (كۆشكه‌كانی‌ كۆماری‌) و گه‌نده‌ڵی بووه‌. به‌پێی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگاش "حوسنی‌ موباره‌ك" و كوڕه‌كانی‌ به‌ پێدانی‌ بڕی (125) ملیۆن جونیه‌ به‌ حكومه‌ت غه‌رامه‌ كران.








روسیە گه‌وره‌ترین نمایشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجام دا
 له‌ یادی‌ 70 ساڵه‌ی‌ جه‌ژنی‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر نازییه‌كان له‌ جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانیدا، روسیە له‌ گۆڕه‌پانی‌ سوور گه‌وره‌ترین نمایشی‌ سه‌ربازی‌ له‌ مێژوویی خۆیدا ئه‌نجام دا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سووری‌ مۆسكۆی‌ پایته‌ختی‌ روسیا و له‌ یادی‌ 70 ساڵه‌ی‌ جه‌ژنی‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر نازییه‌كاندا به‌ ئاماده‌بوونی‌ نزیكه‌ی‌ 30 سه‌رۆك و 40 به‌رپرسی‌ بیانی‌ له‌نێویاندا سه‌رۆكی‌ وڵاتانی‌ "چین، هند، كۆماری‌ باشووری‌ ئه‌فریقا، ڤێتنام، میسر، زیمبابۆی‌، كوبا، مه‌سه‌دۆنیا، مه‌نگۆلیا، فه‌له‌ستین، سلۆڤاكیا، بۆسنه‌، هێرسك، ئه‌بخازیا، ئۆسیتیای‌ باشوور، قوبرس، سربیا و چیك و وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیتاڵیا و فه‌ره‌نسا و بان كی‌ مۆن سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، گه‌وره‌ترین نمایشی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌نجام درا. له‌ نمایشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا نزیكه‌ی‌ 16 هه‌زار سه‌رباز و 190 پارچه‌ كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازی‌ و 150 فڕۆكه‌ و كۆپته‌ر به‌شداربوون و تیایدا مووشه‌كی‌ كیشوه‌ربڕی‌ "یارس- 24" و  تانك و زریپۆش و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی‌ سه‌ربازی‌ و جه‌نگی‌ نمایش كران.

ڕێکه‌وت: 2015-05-09 12:54:42
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 19ی بانەمەری 1394 )