__ ئیتلاعاتی مەهاباد داوای ٥٠ ملیۆن تمەن لەبنەماڵەی دەستبەسەرکراوان دەکات__ بەردەوامی قەدەغەکرانی دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان__ گواستنەوەی زیندانیێكی سیاسی كورد بۆ شوێنێكی نادیار__ كوژران و بریندار بوونی 15 كەس لە سیستان و بەلووچستان__ زۆرانبازێکی کورد میداڵی زێڕی رکابەرییەکانی ئاسیای بەدەست هێنا__ سووتاندنی ئالای رژێمی ئاخوندی لە شارەكانی باشوری كوردستان__ پەیوەندی تەلەفوونی ئۆباما و مەلەك سەلمان پاشای عەرەبستان__ قوتدانی‌ بزنێك له‌لایه‌ن مارێكه‌وه‌ دانیشتوانی‌ گوندێك تووشی‌ شۆك ده‌كات

ئیتلاعاتی مەهاباد داوای ٥٠ ملیۆن تمەن لەبنەماڵەی دەستبەسەرکراوان دەکات
 سەرەڕای دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە ناڕازیانی ئەم دوایانەی مەهاباد، هەتا ئێستا لەلایەن دەزگا ئەمنیەتی ـ قەزاییەکانەوە هیچ ولامێکی روون بە بنەماڵەی ئەو گیراوانە نەدراوەتەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە لێداوانی یەکێک لە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان، بنەماڵەی گیراوانی ئەم دوایانەی مەهاباد سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیان کردووە و لەگەڵ داواکاری ٥٠ میلۆن تمەن پارەی نەختی بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەو هاووڵاتییە راگەیاندووە، " کاتێک کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەم چوومە ئیدارەی ئیتلاعات، پاش چەند کاتژمێر سەرگەردانی و چاوەڕوانی بە من وترا کە دەبێ ٥٠ ملیۆن تمەن پارە بەو ناوەندە ئەمنیەتییە بدەی. ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، هێزە ئەمنیەتییەکان رێگەیان نەداوە کە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان چاویان بە رۆڵەکانیان بکەوێ و لەو بارەیەشەوە هیچ لایەنێک وڵامدەر نیە. جێگەی باسە كە،ژمارەیەک لەو ناڕازیانە لەناو ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بێ بوونی مۆڵەتی دادگا دەستبەسەر کران.







بەردەوامی قەدەغەکرانی دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان
لەئوستانی کرماشان دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵان لەگەڵ بیانوو و دژایەتی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتی(پبت احوال ) بەرەڕوو بووەتەوە. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، جارێکی دیکە رێگرییەکان لەدانانی ناوی رەسەنی کوردی لە کوردستان دەستی پێکردووەتەوە و ئەم جارەیان لەکرماشان ئەو دژایەتییە دەکرێت. هەواڵی ئەو دژایەتی کردنە لەلایەن جێگری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتی ئوستانی کرماشانەوە راگەیەندراوە و باسی لەوش کردووە کە"کۆمیتەی تایبەت بە دانانی ناو" لە ئوستانی کرماشاندا زیاتر لە ٢٠ ناوی رەت کردووەتەوە. حوسێن نەزەری وتوویەتی ئەو ناوانە لەبەر هۆکارەکانی دژایەتی لەگەڵ رەگەزی منداڵەکە، بێ مانا بوونی ناوەکە، دیاری کردنی ناوی بیانی و ... رەت کراونەتەوە. ئەو ناوانەی کە لەسەر بڕیاری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتی رەتکراونەتەوە بریتین لە: خەبات(شۆڕشگێڕ)، مادیا و رووکەن(بێ مانا)، سووشیا( تایبەت بە دینی زەرتەشت)، زانست(بیانی)، هۆژان( فێربوون). هەواڵدەریی ئیسنا ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و بەشێوەی گاڵتەجار باسی لەو ناوانە کردووە. دژایەتی لەگەڵ دانانی ناوی کوردی لەحاڵێکدایە کە جێگری ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسییەتی کرماشان وتوویەتی: گوڕێنی هەر ناوێک بۆ سەر ناوی چواردە ئیمامی مەعسووم بێ کێشە جێبەجێ دەبێت.








گواستنەوەی زیندانیێكی سیاسی كورد بۆ شوێنێكی نادیار
مەنسوور ئاروەند زیندانی سیاسی كوردی راگیراو لە زیندانی مەهاباد لە لایەن هیچَزەكانی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنێكی نادیار گوازرایەوە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، مەنسوور ئاروەند زیندانی سیاسی كورد، رۆژی پێنجشەممە 17ی بانەمەر لە لایەن هێزەكانی سەر بە ئیتلاعاتەوە لە زیندانی مەهاباد بۆ شوێنێكی نادیار گوازراوەتەوە. بە پێی وتەی هاوبەندییەكانی ناوبراوو ئەگەری ئەوە هەیە كە گواستبێتیانەوە بۆ گرتووخانەی یەكێك لە ناوەندە ئەمنییەتییەكان. جێگەی باسە كە مەنسوور ئاروەند لە جۆزەردانی ساڵی 1390 لە ماڵەكەی خۆی بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خوا و تەبلیغ دژ بە نیزام لە رێگای  هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكان دەستبەسەر كراو دواتر لە لایەن لقی یەكی دادگای شۆرشی مەهابادەوە بە ئێعدام مەحكوم كرا.








كوژران و بریندار بوونی 15 كەس لە سیستان و بەلووچستان
لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگی دەستپێكی ئەمساڵدا بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەكان و سوپای پاسداران، لانیكەم 15 كەس لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان كوژراو یان بریندار بوون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە سەرەتای ساڵی 1394 تاكوو ئێستا لانیكەم 8  كەس لە لایەن هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتیەكان و سوپای پاسدارانەوە لە شارۆمەندانی سیستان و بەلووچستان كوژراو ن و زیاتر لە 7 كەسیتریش بریندار بوون كە لە ناوو ئەم كوژراو و بریندارانە لانیكەم چواریان ژن و منداڵ بوون. جێگەی باسە كە لە ماوەی ساڵی رابردوو لانیكەم 22 كەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی سەر بە رژێمی ئاخوندی لەو پارێزگایە بوونەتە قۆربانی.








زۆرانبازێکی کورد میداڵی زێڕی رکابەرییەکانی ئاسیای بەدەست هێنا
یەکێک لەزۆرانبازانی بەناو بانگی شاری سەقز توانی میداڵی زێڕی پاڵەوانیەتییەکانی ئاسیا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە رەکابەرییەکانی " کشتی فرنگی" ئاسیا کە لە دۆحەی قەتەر بەڕێوە چووە، یوسف قادریان زۆرانبازی کوردستانی توانیویەتی لە كێشی 80 كیلۆدا بەسەر بەرامبەرەکانیدا سەربکەوێ و پلەی یەكەم بۆ خۆی تۆمار بكات. بە پێی ئەم راپۆرتە، یوسف قادریان هەتا ئێستا خاوەنی ژمارەیەک میداڵی نێودەوڵەتییە و ساڵی ٢٠١٤ش میداڵی زیوی مەجارستانی بەدەست هێناوە.








سووتاندنی ئالای رژێمی ئاخوندی لە شارەكانی باشوری كوردستان
لە شارەكانی باشوری كوردستان، ئالای رژێمی ئاخوندی ئێران بە نیشانەی نارەزایەتی بە خۆكوژی كچە كوردی شاری مەهاباد و پشتیوانی لە نارەزایەتییەكانی خەڵكی مەهاباد و باقی شارەكانیتری كوردستان سوتێندرا. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، رۆژی یەكشەممە 20ی بانەمەر، خەڵكی شارەكانی هەولێر، خانەقین، كەلار، سەیدسادق و هەلەبجە لە كوردستانی باشوور بە نیشانەی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی خەڵكی كوردستانی ئێران و دژ بە رژێمی ئاخوندی خۆپیشاندانی بەربلاویان ریچك خست. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە زۆربەی ئەو خۆپیشاندانانەدا ئالای رژێمی ئاخوندی ئێران لە لایەن خۆپیشاندەرانی نارازییەوە سوتێندرا.








پەیوەندی تەلەفوونی ئۆباما و مەلەك سەلمان پاشای عەرەبستان
باراك ئۆباما لە پەیوەندیێكی تەلەفوونی لەگەڵ مەلەك سەلمان پاشای عەرەبستان لە ئاوربری كاتی لە یەمەن پێشوازی كرد. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە بەیاننامەێكدا كە كۆشكی سپی بڵاویكردووەتەوە، دوو رێبەری ئەمریكا و عەرەبستان لەمەر چۆنیەتی بەرنامەی كاری چاوپێكەوتنی داهاتوویان لە واشەنگتۆن و كەمیی دەیوید لە نێوان ئۆباما و سەرانی وڵاتانی عەرەبی كەنداو وتووێژیان كردووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، دوو لایەن رێك كەوتوون كە لە نزیكەوە لەگەڵ وڵاتانی شۆرای هاوكاری كەنداوی فارس هێزێكی هاوبەش پێك بهێنن تاكوو بەرورووی هەرەشەكان لە ناوچەكەدا بوەستێتەوە.








قوتدانی‌ بزنێك له‌لایه‌ن مارێكه‌وه‌ دانیشتوانی‌ گوندێك تووشی‌ شۆك ده‌كات
به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌ستخستنی‌ نێچیرێك، مارێكی‌ زه‌به‌لاح دزه‌ده‌كاته‌ گوندێكی‌ ویلایه‌تی‌ "به‌نغالی‌ خۆرئاوا"ی‌ هندستان و دوای‌ ده‌ستخستنی‌ نێچیره‌كه‌ی‌ كه‌ بزنێكه‌، دانیشتوانی‌ گونده‌كه‌ تووشی‌ شۆك ده‌كات. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەكان، رۆژنامه‌ی‌ "Daily mail"ی‌ به‌ریتانی‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ماره‌كه‌ 10 پێ‌ درێژ بووه‌ و هه‌وڵی‌ داوه‌ بزنه‌كه‌ قوتبدات و خۆی‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ ئاڵاندووه‌، له‌و كاته‌دا دانیشتوانی‌ گونده‌كه‌ پێیانزانیوه‌ و تووشی‌ شۆك بوون و مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌یان لا دروست بووه‌ رووداوه‌كه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ له‌جیاتی‌ بزنه‌كه‌ منداڵه‌كانیان بێت.

ڕێکه‌وت: 2015-05-12 12:21:19
به‌شی ( هەواڵەكانی كوردستان، ئێران و جیهان 22ی بانەمەری 1394 )