لەدوای پەرەسەندنی نارەزایەتیەكانی خەڵكی شاری مەهاباد و چەندین شاری تری كوردستان بە هۆی كوشتنی فەریناز خوسروانی و بوونی دەستی مەئمورانی بەدناوی وەزارەتی ئیتلاعات لە كوشتنی فەریناز خوسرەوانی چالاكانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆی كوردستان بانگەوازی بەرێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە رۆژی پێنج شەممە 24ی بانەمەری 1394 لەشارەكانی ....
كوردستانیان بەرز كردۆتەوە.  
هێزە دژی گەلیەكانی رژیمی ئاخوندی وەك پیشەی هەمیشەییان وەڵامی هەر جۆرە نارەزایەتیەكی خەڵكیان بە زەبر و زەنگ و گرتن و گرتووخانە دایەوە و ژمارەیێكی بەرچاو بە سەختی بریندار كراون و تا ئێستاش كۆمەلێك له هاونیشتمانیان لە زیندانەكانی رژیم  ماونەتەوە،كە یەكێك لە داواكانی جەماوەر ئازادكردنی زیندانیەكانە. 
هەر چەند رژیمی ئا خوندی بە درێژایی دەسەڵاتداریی رەشی سەلماندوویەتی كە پەیرەوی لە هیچ پێوەرێكی مرۆڤانە ناكات و  لەراست خەڵكی كوردستان هیچ بەزەیی و عەداڵەتیكی نییە و لە هیچ جینایەتێك سڵ ناكاتەوە بەڵام لە هەمان كاتیشدا سەلماوە كە تەنیا رێگە بۆ كەمكردنەوەی جینایەت و هەڵس و كەوتەكانی رژیم، بەرەنگاریی و بەرخودانی كۆمەڵانی خەڵكە. بە دڵنیاییەوە بە بەرزكردنەوەی هاواری ئازادیخوازیی و دژی دیكتاتۆر دەتواندرێ‌ لانی كەم دەسەڵات لە هەلس و كەوتەكانی لە راست خەڵك بە پارێزتر بكاتەوە و لەهەمانكاتیشدا دەنگی غەدرلێكراویان بە گوێی جیهانیان بگەێنێ‌. 
لەو پێناوە دا سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران پشتیوانی خۆی لە بانگەوازی چالاكانی ناوخۆ بۆ بەرێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە شارەكانی كوردستان لە رۆژی پێنج شەممە 24ی بانەمەر دەردەبرێ‌ و داوا لە سەرجەم دۆستان و ئەندامانی سازمانی خەبات دەكات یارمەتیدەری سەرخستنی ئەو هەوڵە رەوا و شۆڕشگیرانەیە بن. 
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 
كومیتەی ناوەندی
23ی بانەمەڕی 1394


ڕێکه‌وت: 2015-05-13 16:45:10
به‌شی ( سازمانی خەبات كوردستان پشتیوانی لە بانگەوازی مانگرتنی گشتی خەڵكی كوردستان دەكات )