بەرز و بەرێز بێ 1٠ی خەزەڵوەر رۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

پێشمەرگە خۆنەویستەكانی سازمانی خەبات!

ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەبات!

جەماوەری تێكۆشەری كوردستان! 

یەكێك لە رۆژە پڕ بایەخ و پڕ سەروەرییەكانی مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان ئەو رۆژەیە كە داستان و حەماسەی خۆراگری كەم وێنەی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە شەری هەژدە دۆلان  تا سەر پردی ناو شاری بانە لە رۆژی  10ی خەزەڵوەری 1358،  تێیدا خوڵقا. ئەو نەبەردییە كەم وێنەیەی پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات بوو بە ناسنامە و شوناسی هێزی پێشمەرگەی ئەو تەشكیلاتە و بە رەمز گرتنی سەروەریی و ئیرادەی لە بڕان نەهاتوو و پۆڵایینی، تێكۆشەرانی ئەو رێبازەی نەوە لە دوای نەوە لەسەر پەروەردەی شۆڕشگێرانەی سیاسی و پێشمەرگانە راهێندراوە. 

لەكاتێكدایە كە فەرمانی  قێزەونی جیهادی  خومەینی لە دژی خەڵكی كوردستان دەركرابوو و هەڕەشەی نەكردنەوەی قەیتانی پۆتینەكانی هێزە بەكرێگیراوەكان هەتا كۆتایی پێنەهێنان بە غائیلە و پرسی كوردستان دەكرا و بەو مەبەستەش هێزی درندەی رژیم بۆ لەناوبردن و دەركردنی هێزی پێشمەرگە لە شار و ناوچەكانی كوردستان ، بلاوەیان پێكرابوو، خەڵكی كوردستان بریاری خۆراگری و بەرخودانیان دابوو و سەنگەرەكانیان لە دژی دژمن قایمتر دەكرد. 

خەڵكی كوردستان لە ماوەی 3 مانگ دا گەورەترین شانازییان بو جوڵانەوەی بەرحەق و رزگاریخوازانەی  گەلەكەمان تۆمار كرد و هێزی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئاخوندی روبەرووی خۆراگری كەم وێنەی خەڵك و جەماوەر بوونەوە.  یەكێك لە داستانەكانی خۆراگری خەڵكی كوردستان شەری 10ی خەزەڵوەر لە جادەی نێوان سەردەشت و بانە  و بۆ سەر پردی ناوەندی شاری بانە،كە هێزێكی بە قەبارە گەورەی دژمن زیاتر لە 700 كەس و 70 ماشینی نیزامی  كە لە سەردەشتەوە وەرێكەوتبوون لە لایەن هێزی پێشمەرگەی بەرفەرمانی مامۆستای بیرمەند و هەمیشە زیندوو مامۆستا شێخ جەلالی حسێنی بەریان پێگیرا و لە روبەرووبوونەوەێكی قارەمانانە ئەو هێزە بە تەواوی تەفروتوونا كرا و بەداخەوە 8 رۆڵەی قارەمانی نەتەوەكەمان تێكەڵ بە كاروانی شەهیدانی كوردستان بوون. 

ئەو روداوە هاوكات كە ئیرادەی قایمی خەڵكی كوردستان بۆ خۆراگری پیشان دژمنان دا بە رادەیێك چاوەرواننەكراو بوو  بۆ دەسەلاتدارانی رژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی ئاخوندی كە پاش چەند رۆژ لەرێكەوتی 26ی خەزەڵوەر لە لایەن خومەینیەوە داوای ئاگربڕ و دانووستان لەگەڵ خەڵكی كوردستان بەرز كرایەوە و خومەینی لە پەیامێكدا ووتی "خەڵكی كوردستان من دەنگی ئێوەم بیست". 

لەو شەرە داسەپێندراوەی نارەوا بەسەر  رەوا دا، خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بە كردەوە سەلماندیان ئەگەر ویستیان هەبێ ئەوە توانینیش وەدی دێ‌ و ئیرادە و باوەر بە سەر چەكی قەبە و هێزی زۆر زاڵ دەبێ . ئەو رۆژە وانەیێكی مەزن بە هێزی دژمنی بێ بەزەیی درا و هاوكات لێوانلێو بوو لە پەیام و ئەزموون و وانەی بەرخودان بۆ رۆڵەكانی كوردستان و بە حەقیقەت هەیبەت و گەورەیی پێشمەرگە و خۆنەویستی خەڵكی كوردستانی بە تەواوی مانا سەلماند.

پێشمەرگە خۆنەویستەكان!

لەكاتێكدا یادی ئەو رۆژە مێژووییە دەكەینەوە كە ئاڵوگۆرەكان لە ئاستی نێونەتەوەیی و لە ئاستی ئێراندا بە قازانج و هاوتەریبی بەرژوەندییەكانی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەییمانە و رژیمی جینایەتكاری  ئاخوندی زیاتر لە هەر كاتێكی تر تەریك كەوتۆتەوە و قەیرانە سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتیەكان گەمارۆی ئەو دەسەڵاتە دواكەوتوەیان داوە و دوورەدیمەنی چارەسەر كردن و زاڵ بون بە سەر ئەو كێشانە یەكجار تاریك و لێڵە. لەوەها هەل و مەرجێكدا بێگومان ئەركی هێزی رزگاریدەری كوردستان قورستر و پربایەخترە و ئەوە دەخوازێ‌ كە بە كاری زیاتر و یەكێـتی و تەبایی گشتی، خەبات و تێكۆشانی خۆمان دژی دەسەڵات بەرەوپێش ببەین. 

ئەوەی جێگەی بایەخە لەو چوارچێوەیەدا سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران هەر لەسەرەتای دەستپێكی تێكۆشانی خۆی لەسەر سیاسەتی روخان و رەدكردنەوەی وتوێژ پێی داگرتووە و ئەمرۆ پاش تێپەرینی 4 دەیە بەسەر تەمەنی حكوومەتی ئاخوندی زیاتر لە هەر كاتێكی تر حەقانیەتی ئەو سیاسەت و هەڵوێستە ئاشكرا بووە و بەشی هەرەزۆری  هێز و لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی ئێران بە گشتی هاتوونەتە سەر ئەو باوەری كە ئەو رژیمە قابیلی گۆران نییە و تەنیا چارەسەر كۆتایی و هەلكەندی پایەكانی ئەو نیزامەیە. 

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران یەكێك لە هێزە دیارەكانی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەیە و خاوەنی پێگەی جەماوەرییە و هەر بەو پێیە بەرپرسیارەتی گەورەی لەسەر شانە و چاوەروانی هەنگا و كار و تێكۆشانی گەورەتری لێدەكرێ‌ و بەلەبەرچاو گرتنی ئەو راستیە پێویستە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە دەرەوە و لەناوخو و لە هەموو بەشەكانی سیاسی و تەشكیلاتی و دیپلۆماسی و نیزامی و .... زیاتر جوڵەی بەرپرسانەی هەبێ و هاوتەریبی ویست و قۆناغەكە بێ.

پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات لە مێژووی نزیك بە 4 دەیەی خەباتی ئەو تەشكیلاتە نمونەی بوێری و خۆنەویستی و فیداكاری و خاوەنی ئوسول وپرەنسیپ و نەزم و ئەخلاق و جوانی بوونە و پێویستە بەم روحەوە بەرەوپێشەوە هەنگاوەكانمان خێراتر بكەین و بە تێكۆشانی هەمە لایەنە رزگاری و سەركەوتن بەسەر رژیمی جینایەتكاری ئاخوندان و ئازادی و ئاوەدانی كوردستان وەدی بێنین. 

سەركەوێ‌ خەباتی نەپساوەی نەتەوەیی

بروخێ‌ رژیمی دژە مرۆڤی ئاخوندان

بمێنێ‌ و بەردەوام بێ هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران

كومیتەی ناوەندی


 

ڕێکه‌وت: 2018-11-02 23:19:52
به‌شی: ( به‌ڵگه‌نامه‌کان )
كومیتەی ناوەندی