بەرێوە چوونی رێورەسمی 10ی خەزەڵوەر رۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی كوردستان

خەباتمێدیا: رۆژی هەینی 11ی خەزەڵوەری 1397 لە بارەگای ناوەندی، رێورەسمی 10ی خەزەڵوەر رۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران بەرز راگیرا. سەرەتای رێورەسمەكە بە دەقیقەیێك وێستان و سرودی ئەی رەقیب دەستی پێكرد و پاش خوێندنەوەی پەخشانە شێعرێك لە لایەن كاك ئازاد حسێن زادە بەرپرسی كومیتەی سوئیسی سازمانی خەبات، داوا لە بەرێز كاك كامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی كرا پەیامی سەركردایەتی بەو بۆنەوە پێش كەش بكات . 

بەرێز نورانی فەرد لە پەیامەكەی دا وێرای ئاماژە بە مێژووی ناونانی 10ی خەزەڵوەر وەك رۆژی پێشمەرگە، ئەو رۆژەی بە بەشێك لە مێژووی خۆراگری و بەرخودانی نەتەوەكەمان لە كوردستانی ئێران زانی و ووتی: گرینگی ئەو رۆژە لەوە دابوو كە بەو نەبەردیی و باقی خۆراگری خەڵكی كوردستان لە ماوەی شەری 3 مانگە كە لەدوای فەرمانی جیهادی خومەینی لەدژی گەلی كورد وەدی هات ئەو پەیامە بەدەسەڵاتی تازە هاتووە سەركار درا كە خەڵكی كوردستان باوەر و ئیرادەی خۆراگری لە بەرانبەر هێز و چەكی زۆری هەیە و دەتوانن هەر هێزێكی تەعەداكار تێك بشكێنن. كاك كامیل نورانی فەرد لە لایێكی ترەوە رۆژی 10ی خەزڵوەری بە نوقتەی گرێدەری مێژووی پێش دامەزراندنی سازمانی خەبات لەگەڵ قوناغی پاش دامەزراندنی سازمانی خەبات ی كوردستان زانی و ئەو قۆناغەی بە یەكەمین بەستێنی شكل گرتنی بیرۆكەی پێكهێنانی سازمانی خەبات ی كوردستان لە لایەن رێبەری بیرمەند جەنابی مامۆستا شێخ جەلالی حسێنی زانی . 

لەدرێژەی قسەكانی ئەندامی دفتەری سیاسی سازمانی خەبات، وێرای ئاماژەدان بە دۆخی ناسك و قۆناغی نوێی خەبات دژی دەسەڵاتی ئاخوندی و ئاماژە دان بە هێڵ و خەتی رووخان كە ئەمرۆ لە ئاستی نێونەتەوەیی و هێز و لایەنە سیاسیەكان كۆدەنگیەك لەسەر ئەو پرسە بوونی هەیە ، بەو پێیە ئەركی هێز و لایەنە سیاسیەكان بە هەستیار وەسف كرا و هەر لەو چوارچێوەیەش ئەركی سازمان بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی كۆمەڵایەتی و چاوەروانیەكانی خەڵكی كوردستان لەو تەشكیلاتە خاوەن مێژوو و دیارە بە گرینگ و قورس زاندرا. بەرێز نورانی فەرد لە كۆتایی قسەكانی دا شوناسی پێشمەرگەی خەبات ی لە چوارچێوەی پێناسەكانی بوێری ، خەڵك خۆشەویستی ، نەزم و دیسپلین، ئەخلاق و رەوشتی جوان و خۆنەویستی و فیداكاری بە سەرمایەیێكی مەزن زانی كە لە كۆنەوە تا ئیستا ماوەتەوە و داواكرا كە هەر بەو روحەوە تا سەركەوتنی یەكجاری درێژە بە تێكۆشانی خۆیان بدەن. 

لەدوای قسەكانی بەرێز نورانی فەرد، سرودێكی شۆڕشگێرانە لە لایەن كۆری هونەری و هونەرمەندی لاو كاك گۆران پێش كەش كرا و دواتر پەخشانێك لە ژێر ناوونیشانی "پێناسەی 10ی خەزەڵوەر"ل نووسینی بەرێز كاك رێبوار حسێنی ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات، لە لایەن كاك شۆڕش حاجی ئەندامی رێبەرایەتی سازمانی خەبات پێش كەش كرا. 
لە دوای كۆتایی بڕگەی فەرمی رێورەسمەكە نمایشی سەربازیی و رێگە رۆیشتن لە لایەن پێشمەرگەكانەوە بەرێوە چوو.



 

 














ڕێکه‌وت: 2018-11-03 10:20:06
به‌شی: ( کاروتێکۆسان )