مایک پەمپێئۆ:زیاتر لە یەک ملیۆن بۆشکە لەناردنی نەوتی ئێران کەم بوەتەوە

خەباتمێدیا: پاش چەن ساعەت لە دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئامریكا دژ بە رژیمی ئێران لەدوای هاتنە دەرەوە لە بەرجام ،مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەكان ووتی :ئامانجی ئەم گەمارۆیانە رژیمی ئێرانە نەک خەڵکی ئێران .
ناوبراو رۆژی ۱۳ی خەزەڵوەر لە تویتێری خۆی نووسی ،ئێمە لە ۱٤ی خەزەڵوەر گەمارۆی قورستر دەخەینە سەر رژیمی ئێران. ئامانجمان ئەوەیە رژیمی ئێران ناچار کەین لە کردەوە خراپەکاریەکانی دەس هەڵگرێ،نەک ئەوخەڵکەی کەوتوونە ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبەری خراپ و بێ بەزەییانەی دەوڵەت .
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا ،رۆژی ۱٨ی بانەمەری ئەمساڵ ،ئامریکای لە رێکەوتنی شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لەسەر پڕۆگرامی ناوکەیی هێنایە دەرەوە ، لە مانگی گەلاوێژدا یەکەم دەورەی گەمارۆکانی دژ بە تاران کە لابرابوو خرایەوەگەر.
دەورەی دووهەمی ئەم گەمارۆیانە زیاتر بەشی بانک و ناردنە دەرەوەی نەوتی دەگرێتەوە و ئامانج بە سیفر گەیاندنی فرۆشی نەوتی تارانە ،لە رۆژی دوشەممە رێکەوتی ۱٤ی خەزەڵوەر دەچێتە قۆناغی كردەیی.
هەواڵدەری بلومبێرگ پێشتر لە هەواڵێکدا ئاماژەی بە ناوی وڵاتانی هیند و چین و ژاپۆن و کورەی باشووركردبوو وەك ئەو ولاتانەی دەچنە ناو خانەی مەعاف بوونی كاتی.
بڕیار وایە کە هیند کرینی نەوتی ئێران سی لە سەد کەم کاتەوە .هەروەها کورەی باشورو ژاپۆن لە کڕینی نەوتی ئێران دەسیان هەڵگرتووە، بەڵام هێشتا دیار نیە کە چین گەورەترین کڕیاری نەوی ئێران هەڵوێستی چیە.
ئێران تا ئێستا چەندین جار وتویەتی كە کەم و کرڕی نەوتی ئێران قەرەبوو ناکرێتەوە و دەبێتە هۆی گران بوونی نەوت ،بەڵام بە پێی ئامارەکان ئەم کەم و کوڕیە لە رێگای وڵاتانی دیکەی ئۆپێک قەرەبوو دەبێتەوە ،نرخی نەوتیش لە یەک مانگی رابردوەوە دە دۆلار کەم بوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئامریکا ووتی:دڵنیام ئەم گەمارۆیانە رۆژی دوشەممە عەمەلی دەكرێن، و هاوكات گەمارۆی ماڵی لە لایەن وزارەتی خەزێنەداری ئامریكا دەخرێتە سەر ٦۰۰کەسی حەقیقی و حقوقی لە ئێران. ناوبراو هەروەها ووتی: ئامانج لەم گەمارۆیانە ئاڵۆگۆڕ داهێنانە بەسەر هەڵس و كەوتی رژیمی ئاخوندی و بەتایبەت پشتیوانی كردنی لە گروپە ترۆریستیەکان وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان .

ڕێکه‌وت: 2018-11-05 08:21:10
به‌شی: ( هه‌وال )