پەیامی پیرۆزبایی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بەبۆنەی 8ی مارس

ئافرەتانی ماف خوازو نیشتمان پەروەر
هۆگرانی رێگەی ئازادی
بە بۆنەی 8 ی مارس پیرۆزبایی لە هەموو ئافرەتانی ستەملێكراو دەكەم كە لەلایەن دەسەلات و حكومەتی ستەمگەروپیاوانی بێ‌ بەراوردو دواكەوتوو دەچەوسێنەوە. هەروەها جێگەی خۆیەتی پیرۆزبایی لەهەموو ئەو پیاوە خاوەن هەڵویست وبە هەستانە بكەم كە هاوشانی ئافرەتان لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی ئافرەتان و ئامانجەكانیان هاوشانی ئافرەتان تێ‌ دەكۆشن ولە هەوڵدان كۆمەڵگای ئینسانی ئارام و ئاسودەبێ‌ و هەموو تاكێك هەست بە بوونی خۆی و مافەكانی دابین بكرێن.
هەر بەبۆنەی 8ی مارس پیرۆزبایی گەرم بەئافرەتانی تێكۆشەر لە ریزەكانی سازمانی خەبات وئافرەتانی ریزی جوڵانەوەی ئازادیخوازی كوردستان و ئێران پێشكەش دەكەم و هومێدوارم لەكاروچالاكیەكانیان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانیان بەردەوام بن.
ئاشكرایە سازمانی خەبات هەر لە سەرەتای كاروتێكۆشانیدا گرینگی بە دەوری ئافرەتان لە ریزەكانی داوە، بە تایبەت لە كۆنگرەی سێهەمیدا هەم بە پەسەندكردنی چەندین خاڵ لە پەیرەوپڕۆگرامی سازماندا و هەروەها بە كردەوەو پراكتیك وای كردوە كە ئافرەتان لە ریزەكانی سازمانی خەبات دەوری سەرەكی لە بەرپرسایەتیەكاندا بگێڕن. تەنانەت لە كۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات داوای ئەوەم كرد كە كومیتەێكی 3 كەسی هەلبژێردرێ‌ بۆ بەڕێوەبەریی و بەرپرسایەتی گشتی سازمان كە دوو كەسیان ئافرەت بن.
سیاسەت و بەرنامەی سازمانی خەبات تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا نیە، ئەگەر چاوێك بە رابردوو وە ئێستایدا بخشێندرێ‌ بە باشی ئەو راستیە دەردەكەوێ‌ كە چەندە گۆرانكاری ئەرێنی تێدا هاتۆتە دیی و دەوری ئافرەتان بایەخی پێدراوە. دیارە من ئەو شانازیەم هەیە كە لە ماوەی بەرپرسایەتیم لە چەندین ساڵی رابردودا هەوڵمداوە ئافرەتان لە سازمانی خەبات لە بە بەرزترین پلەكانی بەرپرسایەتی و تەشكیلاتیدا بن و هەمیشە هانم داون كە دەبێ‌ بۆ بەرەو پێش بردنی جێگەو پێگەو دەوری ئافرەتان لە سازمان و لە جوڵانەوەی مافخوازانەی كوردستان هیچ بەربەستێك رێگریان لێ‌ نەكا.
یەكێك لە ئامانج و ویستەكانم وەك بەرپرسێكی سازمانی خەبات كۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادی بەرانبەر ئافرەتان و منداڵانەو هەمووكات هەوڵدەدەم بە پێی توانا بۆ كۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادی كاربكەم و لە سازمانی خەباتیشدا ئەو بنەما بنەڕەتیانە پەیڕەو بكرێن ولانی زۆری مافە بنچینەییەكانی مافی بەرانبەرو مافی مرۆڤ كاری پێ‌ بكرێ‌.
ئافرەتانی رەنج دیتووی كوردستان و ئێران
تێكۆشەرانی رێگەی ئازادیی
لە هەلومەرجێكدا 8 ی مارس بەرز رادەگرین كە ستەم و جینایەتی حكومەتی ئاخوندی بەرانبەر ئافرەتان بە تایبەت و تێكڕای چین و تۆێژەكانی كۆمەڵگا لە زیادبووندایەو، ئەو حكومەتە نەزان و گەندەڵە هاوكات لە گەڵ پەیڕەو كردنی سیاسەتی سەركوت و چەوسانەوەی ئافرەتان هەلومەرجێكی ئەوتۆی هێناوەتە ئاراوە كە ژیانی ئاسایی بۆ هیچ تاكێك دەستەبەر نابێ‌، و بە تایبەت ئافرەتان زیانباری سەرەكی ئەو هەلومەرجە نالەبارەن كە لە ئێراندا بوونی هەیە. بۆ كۆتایی هاتنی ئەو دۆخە نالەبارە پێویستە ئافرەتان بە شێوەێكی چالاكانەتر لە پێناو ئازادیی خۆیان و كۆمەڵگا و بە ئامانجی روخانی حكومەتی ئیستبدادی ئاخوندی تێ‌ بكۆشن كە بە روخانی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرو دژی ژنەی كە سەركوت و چەوسانەوەی ئافرەتانی كردۆتە قانوون و یاسا، كۆتایی بە بەشێكی سەرەكی لە سەركوت و جینایەتەكان بەرانبەر ژنان دێ‌.
بەو هومێدەی بە خەبات و تێكۆشانی یەكگرتوانەی تێكڕای چین و توێژەكان، ستەم لە سەر تێكرای دانیشتوانی ئێران و ئافرەتان بە تایبەت كۆتایی پێ‌ بێ‌.
جارێكی دیكە پیرۆز بێ‌ 8ی مارس رۆژی ئافرەتانی جیهان لە تێكرای ئافرەتانی كوردستان، ئێران و جیهان و بە تایبەت ئافرەتانی تێكۆشەر لە ریزەكانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
سكرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
7ی مارس 2019 زایینی

ڕێکه‌وت: 2019-03-07 06:15:27
به‌شی: ( سکرتێری گشتی )