دیکتاتۆرێکی دیکەش هەڵوەری !

 زریان وشەماڵ وگەردەلوولی بەهارو پاییزی عەرەبی ، زۆرێک لە حاکمانی دیکتاتۆری وەلانا ولەنوێترین ڕاماڵینیدا کۆتایی هێنا بە دەسەڵاتی ڕەهای عومەر ئەلبەشیری بەکورسیەشکاو و نووساوی دەسەڵاتی شەق وشڕی سوودان . ئەلبەشیری شەڕوانی دوێنێی دژبە ئیسڕائیل کە بە پاڵپشتی ئیسلامیەکانی سودان گەیشتە دەسەڵات، کودەتا وگزی ئەم سەرۆکایەتیەی پێبەخشی و لە ساڵی 1989وە تائێستا وەک سەرۆکێکی لێنەهاتوو ودڕندە وبکوژی هەزاران کە س حاکم بووە، لەئاکامدا هێزی ڕیشەیی وگۆڕانخواز کە ئافرەتێک بووە ڕەمزی سەرکەوتنی شۆڕشەکە، لە بێخی هێنا و خستیە قەفەسی چاوەڕوانی لێپرسینەوەی.

 نان وبرسێتی، یەکێک لەهۆکانی ناڕەزایەتی خەڵکە وماوەێک بەر ئێستا خەڵکی هێنایە سەرشەقام. سودانیەکان سەرەتا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر گران بوونی نان ناڕەزایەتیان دەست پێکرد، بەڵام دواتر ئەم خواستە سنفیەیان گوازراوە بۆ ڕەهەندێکی سیاسی وگشتگیر و ئازادیخوازان وئەوانەی خولیا وڕۆئیای ژیانێکی هاووچەرخن، بوونە سەرقافڵەی ئەم شۆڕش وڕاپەرینە. دەوڵەت ودەسەڵاتی عومەر لە لایەنی ئیدئۆلۆژیکدا کە بەشێکن لە کاروانی دەسەڵاتخوازی هێزی ئیسلامی سیاسی و نزیکن لە ئیخوان و ڕژیمی ئاخوندی وتەنانەت لەم کۆتایەشدا، چووە بەرە و جەمسەری عەرەبستان، بەبەرین کردنەوەی یاریە سیاسیەکانی، پێوەندیەکانی لەگەڵ تاقمە توندڕەوە ئیسلامیەکان وهەریەک لە ئێران و هێندێک وەڵاتی عەرەبی، ئەم بار و ئەو بار پێدەکرد. ئەم جۆرە ڕوانین وڕوانگەیەی ئەلبەشیر و ئیلهام وەرگرتنی لە دەسەڵاتدارانی ئیدئۆلۆژیکگەرا وپاڵپشتی لە هێزە ترۆریستیەکان، سودانی بۆلای نەهامەتی وکوشت وکوشتاری بێ ئاکام پاڵنا.

 لە کێشەی ناووچەی دارفور کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای سودان 300هەزار کەسی بەکوشت دا ونزیک بە سێ میلیون کەسی ئاوارە وبێچارەکرد، لەکاتێکدا ئافرەتانیش کەوتنە بەر دەستدرێژی سکسی ئەلبەشیریەکانی ڕیشەداری توندڕەوەیی وپاڵپشتیکاری جووڵانەوەکە. ئەم جینایەتەی دیکتاتۆر عومەر، کاردانەوەی جیهانی بەدوودا هات. لەگەڵ دەرکەوتنی ماهیەتی ئەم دڕندەیە، ڕۆژی 4ی مارسی 2009 دادگای نێودەوڵەتی هەڵکەوتوو لە لاهەی هولەند، حوکمی گرتنی بۆ بەشیر دەرکرد وناوبراوی وەک تاوانبار لەدژی مرۆڤایەتی مەحکوم وڕسوا کرد. ئەم حوکمە، دۆست ودژمنی بۆ ئەلبەشیر دەرخست وهاووکات ئەو ڕژیم ولایەنانەی کە لەگەڵ ئەم تاوانانەی عومەر ئەلبەشیرن ودژ بە بنەما مرۆڤایەتیەکانن ،ئاشکراتر بوون. ئەلبەشیر کە بەهۆی تاوانەکانی ومەحکووم بوون بە جینایەت دژی مرۆڤ، کەوتە بەرچاودێری وبەدواداچوونی نێونەتەوەیی، هاووکات سۆزی هێندێک هاووفکری بۆلای خۆی ڕاکێشا. هەر لەدووی ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا بۆ دەسبەسەرکردنی، پاسداری ترۆریست عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕژیم ی ئێران، بەئامانجی پشتیوانی هەموو جۆر لە ئەلبەشیر چووە سودان.

 لاریجانی لەدووی دڵدانەوە و هان دانی ئەلبەشیر بۆ مکوڕ بوونی لەسەر کردەوە شەڕەنگێزیەکانی، پشتیوانی ئێرانی بۆ سودان ڕاگەیاند و ووتی ئێمە وگەلی سودان برا وهاووچارەنووسین و دژمنان هەرەس پێدەهێنین. هەر چەند عومەر ئەلبەشیر لەگەڵ پاراستنی پێوەندیەکانی لەگەڵ ڕژیمی ئێران، عەرەبستان وجەمسەرەکەی بە نزیک ولایەنی خۆی دەزانی، گەرەکی بوو لە نێوان ئەم لایەنانەدا ببێتە پارسەنگ و بەجۆرێک بیانکاتە پرد بۆ گەیشتن بە هیواکانی، بەڵام لەئاکامدا بەهۆی هەڵبژاردنی ڕێگەی توندووتیژی بەئامانجی دامرکانەوەی ناڕەزایەتی و گرێدانی پێوەندێیکی ساغلەم لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی ولابردنی ئابڵوقەی ئابووری، دەستی تۆڵە گەیشتە گیانی و ناڕەزایەتی خەڵک و کودتای سپا لەدەسەڵاتیان لادا. ئێستا شۆڕاێکی نیزامی بەڕێوەبەری، بۆ ئیدارەدانی وەڵات تا هەڵبژاردن کاروباری سوودان ڕایی دەکا ولەبارەی دادگایی کردنی ئەلبەشیر، ئەم شۆڕایە ڕایگەیاندوە کە ناوبراو لەسوودان دادگایی دەکرێت وتەسلیم بە دادگای لاهەی ناکات.

 بەپێی ڕاگەیاندنی شۆڕای نیزامی سودان، هەڵبژاردن ،ساڵێک تا دوو ساڵ کاتی پێویستە، بەڵام لەم ماوەدا هێوری وئۆقرەیی بگەڕێتەوە وەڵات ، ئەم ماوە کەمتر دەبێ وزووتر هەڵبژاردن ئەنجام ئەدەن. هەرچەند لەگەڵ ئەم بەڵێنی وکارانەی شۆڕای نیزامی، شەقام چۆڵ نەبووە وخەڵک لەدوودڵیدان و هاووکات کومیتەی قسە وکاری سودان کە سەرەکیترین گروپە ،تا ئێستاش شۆڕا ڕەد دەکاتەوە، بەڵام ئاسۆێکی ڕوون هەیە و زۆربەی خەڵک وگروپەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە کاروانەکە گەڕانەوەی بۆنیە و شەقام ڕێگە بەهیج هێز وتاقم وکەسێک نادات کە دژبە بەها دیموکراتیکەکان بوەستێ وخەڵک برسی بکا وئافرەتان لە بێ مافیدا بهێڵێتەوە. ئالا ژنەچالاکی سودانی بووە ڕەمز وشکۆی شۆڕشێکی سەرکەوتوو. مادام ئافرەتان ونەوەی نوێ خاوەنی ئەم ڕەوت وجووڵەیەن، سوودان بەرەو کەناری ئازادی وهێمنی دەڕوا وهیچ دیکتاتوڕیک ناتوانی جارێکی دیکە لەسەرکورسی دەسەڵاتی ئەو وەڵاتە دابنیشێتەوە.. دوێنێ عەبدول عەزیز بوتەفلیقە وئەمڕۆ عومەر ئەلبەشیر، سبەی خامەنەیی...

ڕێکه‌وت: 2019-04-14 11:07:28
به‌شی: ( ڕامیاری )
بێهروز ئەردەڵان