سیناریۆكانی ئەمریكا بۆ داهاتووی ئێران!


لە بانەمەڕی ساڵی 1397ی هەتاوی دا دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا لە رێكەوتنی ناوكەیی نێوان وەڵاتانی 5+1 لە گەڵ ڕژیمی ئێران كشایەوە بە مەبەستی پێمل كردنی ئەو ڕژیمە بۆ وتووێژ و رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئەو وەڵاتە 12 شەرتی بۆ رژیمی ئێرانی دیاری كرد. بۆ هێنانەدیی ئەو مەبەستە، بە چەند قۆناغ گەمارۆكانی ئەو وەلاتە، بۆ جارێكی دیكە بە سەر رژیمی ئێراندا سەپێندرا و لەوەش بەرینتر بەشێكی بەرچاو لە سەرچاوەكانی داهاتی رژیم لە نەوت و گاز، كانزاكان و پێترۆشیمی كرانە ئامانج و گەمارۆیان خرانە سەر. لە هەنگاوێكی تری بێ پێشوونەدا سپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی كە بەشێكی گرینگی ئەو دەسەڵاتەیە خرایە لیستی تاقمە تیرۆریستیەكانەوە.

لە بەرامبەردا و لە ساڵرۆژی كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنەكە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم بە كاردانەوە لە بەرانبەر ئابڵوقەو فشارەكانی كابینەی ترامپ، رایگەیاند كە پابەندی هەندێ خاڵی رێكەوتنەكە نابێ و بەشێك لە بەرنامە ناوكەیەكەی وەگەر دەخاتەوە و مۆڵەتی 60 رۆژیشی بە وڵاتانی ئوروپایی دا كە ئەگەر لەو ماوەدا رێگەیەك بۆ دەرباز كردنی رژیم لە فشارەكانی ئەمریكا نەدۆزنەوە ئەوە بە یەكجاری لە رێكەوتنی ناوكەیی دەكشێتەوە. بە پێ‌ زانیاریەكانی بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا، رژیم و تاقم و دەستە تیرۆریستیەكانی خەریكی جموجوڵی مەترسیدارن و لە هەوڵی زەربە وەشاندنن لە قازانجەكانی ئەمریكا ناوچەكەدا.

لە بەر ئەو مەترسیانە و بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە مەترسیەكانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و تاقم و گروپە نزیكەكانی، حكومەتی ئەمریكا هێزی سەربازی زیاتری بۆ ناوچەكە نارد و وریایی ئەوەی بە رژیم دا كە هەر كردەوەیەك دژ بە بەرژەوەندی و هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكە، بە توندترین شێوە وەڵام دەدەنەوە. ئەمریكا بە سەپاندنی فشاری هەمە لایەنە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی تاران، ئامانجی ئەوەیە كە ڕژیم مل بە داواکانی بدات. وەك دیارە ئەگەر ڕازی نەبێ‌ بە داواكانی ئەمریكا ، فشارەكان لەوەی ئێستا زیاتر دەبن و هەموو سەرچاوەكانی داهاتی رژیم دەكرێنە ئامانج . لەو دۆخەی ئێستادا زۆرێك پێیان وایە ئەگەر حكومەتی ئێران بەردەوام بێ‌ لە سەركێشیەكان، ئەگەری هەیە ئەمریكا بە هێنانی ئەو هەموو كەرەستە و هێزە بۆ ناوچەكە مەبەستی سەرەكی وەشاندنی زەربەی سەربازی لە ئێران بێ‌. لە بەرانبەریشدا هەندێ خاوەن نەزری دیكە پێیان وایە ئەمریكا بە دانووستانی نوێ‌ لەگەڵ رژیم رازی دەبێ بە شەرتێك دەسەڵاتدارانی ئێران بە چەند خاڵ لە داواكانی ئەمریكا ڕازی بن. وەك دیارە حكومەتی دۆناڵد ترامپ دەیهەوێ كێشەی رژیمی ئاخوندی لە كۆڵ خۆی و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بكاتەوە، بۆ ئەوەش دوو بژاردەی هەیە یەكەم ئەوەی كە بە فشارە ئابووریەكان گەورەترین زەربە لەو دەسەڵاتە بدات و ئابووری رژیم لاواز بكات كە ئەوە كاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی نارەزایەتیە جەماوەریەكان لە ئێران بكات و بە كەمترین تێچوو رژیمی ئاخوندی لە سەر دەسەڵات لابەرن، خۆ ئەگەر رژیم بیهەوێ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە دروسکا، ئەوا بەو هێزە ئامادە و پۆشتەی ئەمریكا لە هەرێمەكەدا جێگیری كردووە بەرەورووی رژیم دەبێتەوە و بە گشتی مەجال و دەرفەتی هیچ كارێك بۆ رژیم و هێزەكانی ناهێڵێتەوە. بژاردەی دووهەمی ئەمریكا بۆ رژیمی ئێران پێ مل كردنی ئەو رژیمەیە بە تێكڕای ویستەكانی، واتە رژیم بە یەكجاری دەست لە بەرنامەی ناوكەیی و مووشەكی خۆی هەڵگرێ، كۆتایی بە دەستێوەردان لە ناوچەكە بێنێ، نەبێتە مەترسی بۆ سەر وەڵاتان، پشتیوانی لە هێز و تاقمە تیرۆریستیەكان نەكات و كۆتایی بەو یاخی بوونە چەندین ساڵەی لەبەرامبەر ئەمریكا بێنێ، لە وەها حاڵەتێكدا ئەگەری هەیە رێكەوتنی نێوان ئەمریكا و رژیمی ئێران بێتە ئاراوە. لەو حاڵەتەشدا ئەگەر ڕژیم بە داواكانی ئەمریكا ڕازی بێ‌ بە مەعنای شكستی گەورە بۆ دەسەڵاتی ئاخوندەكان و روخان و لە ناوچوونی حەتمی دەبێ‌ بە دەستی جەماوەری بێزار لە زوڵم و زۆری ئێران. وەك دیارە حكومەتی ترامپ دەیهەوێ بەبێ گەرانەوە بۆ هاوکاری ووڵاتە زلهێزەكانی دیكە هەیبەت بۆ ئەمریكا بگێڕێتەوە و پلانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی پوچەڵ کاتەوە.

یەكێكی دیكە لەمەبەستەكانی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2020 دەنگی دەنگدەری زیاتر وەدەست بێنێ و چوار ساڵی داهاتووش لە كۆشكی سپی بمێنێتەوە. هەرچی رژیمی ئێرانە سەرمایەگوزاری لەسەر شكستی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردەكانی داهاتوو دەكات و پێی وایە بە شكستی دۆناڵد ترامپ، دیموكراتەكان كۆشكی سپی دەگرنەوە دەست و رێكەوتنی ناوكەیی لەسەر دەستی ئەوان جارێكی دیكە وەگەر دەخرێتەوەو گەمارۆكانی سەر رژیم كۆتاییان پێ دێ، بە خەیاڵ تا ئەو كاتە لەبەرامبەر گەمارۆكاندا خۆراگری بكاو لە هەر جۆرە پێكدادانێكی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا دەربازی ببێ‌، هاوكات لە ناوخۆشدا بەر بە هەر جۆرە راپەرینێكی جەماوەری بگرێ و نەهێڵێ دۆخەكەی لە دەست دەرچێ. سیناریۆكانی ئەمریكا بۆ رووبەرووبوونەوەی رژیمی ئێران ئەگەر چی تا ئێستا هاوشێوەی پلانەكانی ئەو وەڵاتە بۆ لێدانی تاڵیبان و سەدام حوسێن نین، بۆیە ئەگەری هەیە رژیم بەو زووانە پێملی داواكانی ئەمریكا نەبێ و لە ئاكامدا ئەمریكا ناچار بێ‌ كردەوەی سنوورداری سەربازی لە ئێران و بۆ سەر بنكە ئەتۆمی و مووشەكیەكانی ڕژیم ئەنجام بدات.

ئەگەر رژیم بەو فشارە سەرەتاییانەی ئەمریكا خۆی بە دەستەوە نەدا بژاردەی دیكەی ئەمریكا هەوڵ بۆ نزیك بونەوەو كۆكردنەوەی ئۆپزسیۆنی و جێگرەوەی رژیمی ئێران دەبێ‌ و ئاڵترناتیوی رژیم بە فەرمی دەناسێ‌ و كاری لەگەڵ دەكا. ئەوەی دەكرێ لە هەركاتێكی دیكە زیاتر چاوەڕێی بكەین و هەوڵی بۆ بدەین و بەبێ دەستێوەردانی سەربازی ئەمریكا سەر بگرێ، روخانی رژیمە بە راپەرینێكی بەرفراوانی جەماوەریی. بەتایبەت كە لە ئێستادا خەڵكی ئێران بە دەست فشار و قەیرانی هەژاری و نەداریەوە دەناڵێنن و رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەكەیان حەستەم و ناخۆشتر دەبێ و نارەزایەتیە جەماوەریەكان رۆژانە لە زۆر شار و ناوچەی ئەو وەڵاتە بەرێوە دەچن. خەڵكی ئێران كەلە رەقی، نەزانی و دەستێوەردان لەكاروباری ووڵاتان و بێ دەربەستی دەسەڵاتداران لە حاست جەماوەری ئێران بە هۆی سەرەكی كێشە و قەیرانەكانیان دەزانن.

ڕێکه‌وت: 2019-05-13 00:27:03
به‌شی: ( ڕامیاری )
عەلی بەهرامی