پاسدار ڕۆحانی پەچەکەی لادا !

ترۆر و ترۆریسم ،قاچاخی مرۆڤ ومادەی هۆشبەر، پێناسە وچەکی بەهێزی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانن و لەهەر جێگەێیک ئەم ناو و هێمایانە هەبێت، ناوی ڕژیم تێدا دەدرەوشێتەوە وجێگە وپلەی یەکەمی بەردەکەوێت. سەرانی ڕژیم بەبێ جیاوازی باڵ وباڵ باڵێنە ، بکەری ترۆر و فێرکار و ئەندامی گروپ و تاقمە جیاجیاکانی دەسەڵاتی مافیایی ویلایەتی فەقێن ولەم پێوەندیەدا جیاوازی لەنێوان ئەحمەدی نژاد و ڕۆحانی و یونسی وخاتەمی نیە وهەموویان دوو ڕووی دراوێکن. گشتیان کۆکن لەسەر گرتنەبەری ڕێگەکانی مانەوەی دەسەڵاتەکەیان بەهەر ڕێگەێکی بۆکراو و لەسەر ئەم بیر و بنەمایە، نایشارنەوەکە باوەڕمەندن بە تەقیە وهەرچی لەمەسڵەحەتی بەناو سیستم ونیزامی جەمهووری ئیسلامی بێت ئەنجامی ئەدەن. لەنوێترین دەرکەوتنیدا ئاخوند ڕۆحانی پەچەی لەسەر ڕوخساری لادا و لەهەمبەر درووشمەکانی بۆ داهاتوو ، میانەڕەوی و ووتوێژی ئاشتیخوازانەی کابینەکەی ، نەیتوانی نیقابی فریودەرانەی لانەدا ولە هەڵوێست گرتنێکی بە پەلەو کتوپڕدا ، نیەت وماهیەتی خۆی وکابینەکەی نیشان دا وبەئاماژەی ناڕاستەوخۆ گوتی : من وەک ڕۆحانی، نەگۆڕم وهەر ئەو ترۆریستەم کە یەکێک لە بەشدار و داڕێژەر و بنەماکانی توندوتیژم و مناڵ گەلی وەک حسینی فەهمیدەم سازمان دەدا بۆ خۆ تەقاندنەوەو نەیارانم ترۆر دەکرد.

حەسەنی کلیل ساز ، بزەکانی وەلانا و لە بادانەوەێیکی کتوپڕدا دەڵێ: ئوروپاییەکان گوێ بگرن و حاڵی بن، داواتان لێدەکەم ئاسایشی خۆتان مەخەنە بەر مەترسی وعاقڵ بن، هەروەها بە وەڵاتانی ئوروپا دەڵێ: لە ئەمریکا دوور کەونەوە وئابڵوقەکانتان لابەرن ، دەنا دەسەڵاتەکەمان بەکۆمەگ وپشتیوانی گرووپە ترۆریستیەکانی ناووچە و قاچاخچیە مەترسیدارەکانی مرۆڤ ومادەی هۆشبەر ، دەتوانێ بەچۆکتاندا بهێنێت ولەهیچ جێگەێیک ئاسایشتان بۆ نەهێڵێت. هەڕەشەکانی ڕۆحانی ، بابەتێکی کرداری بوون وتەنیا لەچوارچێوەی قسەدا نەبوون. لەپێوەند بە قاچاخی مرۆڤ وکۆچبەری، ئێران هەر لەکۆنەوە کراوەتە تڕانزیت و بۆ ئەم کردارانە ڕژیم بەشێوەێیکی ڕێکخراو ،کاری گواستنەوە دەکات و کۆچبەری کردۆتە پیشەو سەرچاوەی داهات ولەم پێوەندیەدا تۆڕ ومافیای زەبەلاحی جیهانی وناووچەیی هەیە و بەئامانجی گواستنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستان وپاکستان وزۆرێک لە وەڵاتانی باشووری ئاسیا بۆ وەڵاتانی ڕۆژئاوا دەیان ڕێگەی تەخت کردووە. لەگەڵ ئەم کارو پیشەو داهاتەدا ، لەلاێیکی دیکەوە بەردەوام بەهۆی بەناو خەبات دژ بە قاچاخچیەتی و پاراستن وڕێگەدان بە کۆچبەری ئەفغانی وبەخێو کردنیان ، ئێمتیاز و پارەێیکی زۆری وەرگرتووە و منەت بەسەر ڕۆژئاوا دا دەکات کە ئەگەر ئەوان نەبن ،شەپۆلێکی بەرینی خەڵکی کۆچبەری ئەفغانی و..... بەرەو وەڵاتان بەڕێ دەکەوون.

لەپێوەند بە مادەی هۆشبەر، ئێران مەکۆ وسەرچاوەی بەرهەمهێنان وهەناردە کردنە . لەگەڵ کوشتنی ڕۆحی لاوانی شۆڕشگێڕی ناووخۆ بە مادەی هۆشبەر، دۆخی وەڵاتانی ناووچەی تێکداوە وئەو شوێنانەی کە هەمجوارین ،تووشی گرفتی ئەم بەڵا ماڵ وێرانکەرە کردوون. باندە مافیایەکانی ڕژیم ،لەڕێگەی عێراق وتورکیەو یونان ،ڕۆژانە کاری گواستنەوەی مادەی هۆشبەر دەکەن. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئێران کانێکە بۆ هەناردەی ئەم مادەیە و زۆرێک لەوەڵاتان لەبەر مەترسی هێرشی مادەی هۆشبەری ڕژیمن . لەگەڵ ئیدیعای ڕژیم لەپێوەند بە خەبات دژی مادەی هۆشبەر وترۆریسم وقاچاخی مرۆڤ، ڕۆژئاواییەکان ،بڕوای پێناکەن و لەڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکانی دژ بە قاچاخ ومادەی هۆشبەر، بەکەمتەرخەم ناوی دەبەن. ڕۆحانی بەبێ گەڕانەوە بۆ پێشوونە وناو ناوبانگی ترۆریسمی دەوڵەتی دەسەڵاتەکەی ،دەڵێ :ئەگەر جمهوری ئیسلامی نەبێ، ئێستا ترۆریسم لەئوروپا شەپۆلی دەدا. ئەم ئاخاووتنەی ڕۆحانی لەکاتێکدایە کەچەندین بەڵگەی تێوەگلانی ڕژیمی ئاخوندی لەدەستی ئوروپا و ڕۆژئاوایە وهەر لەماوەی ڕابردوودا بە هێرش وپلانگێڕی ترۆریستی بۆ سەر کۆبوونەوەی ساڵانەی شۆڕای میللی موقاوەمەتی ئێران لەپاریس تاوانبار کرا. ئەم هەڕەشەو لێدوان وگوفتارانەی ڕۆحانی وسەرانی ڕژیم لەبواری هەناردەی ترۆریسم وهتد..... شتێکی نوێ نیە.

ساڵی 1397 لە کۆنفڕانسی سەرانی پارلیمانی 6 وەڵات کە لەتاران بەڕێوە چوو، گووتی: ئەگەر ئابڵوقەی ئابووریمان لەسەر توند بکرێت ،توانای بەرەوو ڕوو بوونەوەمان نامێنێت وناتوانین دژ بە قاچاخ وترۆریسم ڕابوەستین.هەروەها رووبە ڕۆژئاوا گووتی: ئەوە بزانن ئاسایشتان لەدەست ئێمەدایە. حەوتووی ڕابردوو، سەرکۆماری ڕژیم هەڵوێستی نوێی سەبارەت بەم ئەگەرە ڕاگەیاندو لەپێوەند بە هەڵوێستی ئوروپا لەبارەی ئابڵوقەکان، 60 ڕۆژ مەجالی دایە ئوروپا ولەم ماوەشدا هێندێک لە بڕگەکانی ڕێکەووتنی بەرجام هەڵدەوەشێنێتەوە. کردەوە تێکدەرانەکانی ڕژیم وهەڕەشەی نوێی ڕۆحانی ،کاردانەوەی ئوروپای لێکەوتەوە و وەڵاتانی ئوروپایی واژوو گەری ڕێکەوتنی ناوکەیی کە بریتین لە ئاڵمان وفەڕانسە وبریتانیا، گیڤ وماوە 60 ڕۆژیەکەی ئاخوند ڕۆحانیان ڕەد کردەوە وگووتیان: دەبێ ئێران خۆی لەهەر بابەتێکی ئاڵۆزگەر بەدوور بگرێ و لەم پێوەندیەشدا دیپلۆماتکارێک دەڵێ: ئەگەر ئێران بڕگەێیک لەم ڕێکەوتنە جێبەجێ نەکات ،کەس نازانێ چ چارەنووسێکی دەبێ.

ئەگەرچی وەڵام و ڕاگەێیندراوەکەی وەڵاتانی ئوروپا بەشێوەێیکی دیپلۆماسی بوو، بەڵام ڕۆژنامەکان جۆرێکی دی دەنووسن ودەڵێن: بڕیاری ڕژیمی ئێران سەبارەت بە پاڵاوتەکردن وپیتاندنی ئورانیوم، یاری بە ئاگرە و ئەگەر کارێکی وا بکات ، ڕێکەوتنەکە تەنیا لەتە کاغەزێکی دڕاوە وبەس. ئوروپا کەلەپێوەندی لەگەڵ ڕژیمی ئێران ،بەرژەوەندی وسات وسەودای ئابووری کردۆتە پێوەر و لێپرسراوانی دەرەکی ئەم یەکێتیە زیاتر وەک پارێزەری قازانجەکانی ڕژیمی ئاخوندی بەدیار دەکەون، هەڕەشەی ڕۆحانی لەمەڕ شێواندنی ئاسایش وئۆقرەی ئوروپا، ڕەهەندێکی دیکەی داوە بە سیاسەت و پێوەندیان و بە نەچوونە ژێرباری مۆڵەتی دوو مانگەی ڕژیم بەم وەڵاتانە ، وێ دەچێ ڕێگەێکی دیکە بگرنەبەر و ئامادە نەبن بەهەر نرخێک بێت لەژێر باری ترس وهەڕەشەکانی ڕژیم بمێننەوە.

ڕێکه‌وت: 2019-05-16 21:22:57
به‌شی: ( ڕامیاری )
بێهروز ئه‌رده‌ڵان