کوشتن و هۆکاری خۆکوژی ئافرەتان

لەماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا ژمارەیه‌ک ئافرەت لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، هاووکات چەندی دیکەش لەلایەن کەس وکاریانەوە کوژران. بەگشتی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا  زیاتر له‌ بیست ئافرەت ژیانیان بۆتە قوربانی. بەپێی سەرچاوەکانیش بکوژان و تاوانباران و  کەسانی هۆکار له‌سه‌ر کوشتنی ئه‌م ئافره‌تانه‌، به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ و زۆرێکیان چه‌کی جاشایه‌تیان له‌ شاندایه‌ و به‌رده‌وام خه‌ریکی پلان ڕێژی و کوشتن و جینایه‌تی دیکه‌ن، له‌دژی مرۆڤه‌ بێ تاوانه‌کان.

ڕێژه‌ی زۆری ژنکوژی و زۆربوونی بکوژان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت که‌ کاره‌ساتێکی گه‌وره‌تری کۆمەڵایەتی لە کوردستان لەڕێدایە و پشتیوانی دەسەڵاتیش لەم دیاردەیە مەترسیێکی گەورەتر دەخاتەوە. مرۆڤ بوون و بەهاکەی لە ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تێچووی زیاتر دەبێت. ئافرەت کە نیوەی کۆمەڵە، لەڕاستیدا نیوەی هێزی مرۆین، لە یاساو و ڕێساکانی دەسەڵاتی ئاخوندی لە نزمترین حاستدا جێگەیان گرتووە وئێستاش وەک سەدەکانی ناوەڕاست لە ماف وئەرکیان دەڕوانن.

 لەگەڵ بەفیڕۆ دانی هێزی بیر وباسکی چینی ئافرەت، ڕژیم ماوەی چل ساڵە لە قەفەسی تاریکی و مەرگی خستوون، بەئامانجی ڕام کردن و هێشتنەوەیان بە ڕۆح وبیر وجەستەی کۆیلەیی و بەبیانووی جۆراوجۆر کوژراون یان ناچار بە خۆکوژیان کردوون. دەسەڵات وەک ڕێگە خۆشکەرو هۆکاری سەرەکی تاوان، بەڕێگەی جۆراوجۆر له‌هه‌وڵدایه‌ هه‌ژموونی پیاوسالاری له‌ئێران دا هێنده‌ی تریش به‌هێزبکا و ملەبەملەیه‌تی بۆ زاڵ کردنی هەیمەنەی پیاو بەسەر چینی ئافرەت دا. ڕژیم بۆ سه‌رخستنی پلانه‌‌کانی دژی ئافره‌تان سود له‌ لات و لووت و به‌ڕه‌ڵای کۆمه‌ڵگا وه‌رده‌گرێ و ڕێگەکانی تاوان و ڕزگار بوونیان پێنیشان دەدات.

بەپێی سەرچاوەکان، بکوژان و کەسانی هۆکار بۆ کۆشتنی ئافرەت، یان ئازادانە دەسوڕێنەوە، یان ئەگەر زیندانی بکرێن زوو دەخرێنە بەر لێبووردنی گشتی وماوەی دیاری کراوو بۆ مانەوەیان لە زیندان تەواو ناکەن وبەپەلە ئازاد دەکرێن. نەرمی ڕژیم سەبارەت بە بکوژانی ئافرەت، هاندەرێکە بۆ درێژەدان بەتاوان و دەستی جینایەتکارەکانی بارهێندراوی خۆی بۆ ئەم کارە بە ئاوەڵەیی هێشتۆتەوە.

 ئافره‌تان لەکوردستان چەوسانەوەی زیاتریان لەسەرە، بەهۆی کورد بوون و ژنیەتیانه‌وه‌، کۆڵی ستەمیان گەلێک لەپیاو قورسترە. لە چەند لاوە هێرشیان لەسەرە. سیستمی هەڵیت وپڵیتی وەلی فەقێ بە پلان وبەرنامە تۆوی جیاوازی ڕەگەزایەتی دەچێنێ و کەلتووری پیاوسالاری ولاواز بوونی ئافرەت کە دیاردەیه‌کی بەرچاوی کۆمەڵگاکەمانە پەرە پێدەدات. ئاخوند وبەرنوێژەکانی هەینی کە ڕاسپێردراوی خامەنەین لە خوتبەکانی هەینیەوە بەبێ شەرمانە ئافرەت بە ئاژەڵ دەشوبهێنن وئەوە دووپات دەکەنەوە کە ژن تەنیا بۆ چێژ وەرگرتن و خزمەتی پیاو دروست کراوه‌. بەگواستنەوەی ئەم پەیامە غەیرە ئەخلاقیانە بۆ خانەوادە لاوازەکان وکۆمەڵ وبازار وشوێنی کاروخوێندن، ئەم پەروەردەیە جێدەگرێ و لەبەرانبەر ئەم پەیام وبەکردار کردنە، پیاوان دەکرێنە پاڵەوان وڕەمزی شکۆ و سەربەرزی و کەرامەت و چەتری پارێزگاری لەژن وخانەوادە.

هێندێ ماڵبات و کۆمەڵ بە پشتیوانی دەسەڵات لەسەر بنچینەی ئەم پەروەردە و بارهێنانە ڕێگە دەبڕن و هەرجۆرە لادانێک لەم پەیام وکولتوورە بەتاوان و یاغی بوون لەشەرع و یاسا پێناسە دەکەن. ئەو کەسانەی کە بەردەوام ئەم نەریتە گەشە پێدەدەن و بەپێی خواست و ڕاسپێردراوەکانی جاهیلیەت دەجووڵێنەوە، ناتوانن لەبازنە وخانەی جامیعەیەکی بەرابەر خۆیان ببینن وبدۆزنەوە، بەڵکوو تاهەن وەک عاملێکن، کە دەسەڵاتی ئاخوندی بەکاریان دەهێنێ وئامانجە چەپەڵەکانیان پێ بەدیدەهێنێت.

دەسەڵات خەڵکێکی گوێ لە مستی دەوێت، ماوەی چوار دەیەیە لەهەر ڕێگەیه‌کی بۆ کراو هەوڵی داوە گشتیەتی کۆمەڵگا ڕام بکا و دژبە هەرجۆرە سەربزێوێیک بۆئازادی و مافی یەکسان و وەک یەک وەستاوەتەوە. ئافرەتانیش زیاتر زیانی ئەم شاڵاو وشەپۆلە نگریسەیان بەرکەوتووە .

ئەدەبیات وئامانجی دەسەڵات و هاووبیری ئاخوندان ئەوەیە کە ژنی بێدەنگ وئارام و کارکەر ڕەسەنن و بەدەر لەم نەریتە ئەوا سەربزێو و مایەی شەرمەزارین و دەبێ سزا بدرێن. هەر داوا و خواست وئارەزووێیک لەلایەن ئافرەتانەوە بە نافەرمانی و پڕ ڕوویی ئەژمار دەکرێ و لەوکاتەدایە کە پیاوانی نەفس نزم و نزیک لەخۆی دەست ئاوەڵە کردوون کە چۆنیان پێباشە و دەکرێت ئافرەت سزا بدەن و لەپێناو دەستەمۆ کردنیان تەنانەت گیانیان لێ بستێنن.

سڕینەوەی نەریتی ژێر دەستەیی و باوەڕ بوون بە یەکسانی چینایەتی، پێویستی بە شۆڕش وگۆڕانێکی قوڵی سیاسی وکۆمەڵایەتی وکولتوریە. نەتەوەی کورد بەهۆی ژێر دەستەبوون و هەوڵدانی دژمن بۆ خاڵی کردنی لە بەها مرۆڤایەتیەکان، لەڕەووت وزەمەنی دەست بەسەر بوونیدا، دەیان شاڵاوی فەرهەنگی کۆیلەکردن ونامرۆڤانەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە و ویستوویانە بەگشتی ئەم نەتەوە بکەنە ئەو دیل ودەستەمۆ کراوەی کە دەسەڵات گەرەکی بووە.

لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی بڕێک لە کۆمەڵ داببڕێ و بیانخاتە سەر ڕێگە وئامانجی، بەڵام هیچ کات نەیتوانیوە و ناتوانێت کومەڵگای کوردستان یەک دەست بکا و چۆنی پێخۆش بێ وابکات. ئەگەر بەشێکی کەم لەژێر هەر فشار وناچاری و هۆکارێک بێت چوونەتە بنباری ستم ونابەراری، بەڵام نەتەوەکەمان بەزۆرینە زیندوو و هوشیارە و لە هیچ قۆناغ وزەمەنێک چۆکی دانەداوە ونەچۆتە ژێر باری ستەم و بە فیداکاری و ڕەنج وقوربانی هەوڵی پاراستنی بەهاکانی داوە و بەهیچ کلۆجێک تەسلیمی ئیرادەی خۆسەپێنانەی ڕژیم نەبووە..

ڕێکه‌وت: 2019-06-15 20:06:14
به‌شی: ( کۆمه‌ڵایه‌تی )
بێهروز ئه‌رده‌ڵان