تەسلیم بوون لە پێناو بەردەوام بوونی دەسەڵاتداریی كاتیی!!

كامیل نورانیفەرد
روداو و پێشهاتەکانی پێوەندیدار بە بابەتی بەرنامە ناوکەییەکانی رژیمی ئێران و کێشەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوی یەک دوو مانگی رابردوو دا، خیراییەکی زیاتریان بە خۆیەوە بینیوە و ئاڵۆزی و نادیاریی کۆد و پەیامەکان وای کردووە هەر جارەو سیناریۆێک لەبەردەم شرۆفەکارانی کاروباری سیاسی خۆ بنوێنێ . جارێک باس لە پاشەکشێ و ملکەچ بوونی تەواوی رژیم دەکرێ و جارێكیش هێماکان باس لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەری كورت خایەن و درێژخایەن دەکەن.
ناکرێ لەسەر ئەساسی ئەو نیشانە و هیمایانە هەڵسەنگاندن بۆ كۆی بابەتەكان بکرێ کە خودی لایەنەکان هەوڵ بۆ دەرخستنی دەدەن. لەگەڵ ئەوەی کە مکۆر بوونی رژیمی ئاخوندی دەبینین لە سەر روبەروبونەوەی ئەمریكاو گۆێ‌ نەدان بە ویستەكانی ئەو ووڵاتە ،بەلام ئەوە بەو مانایە نییە کە رژیم ویستی تەسلیمبوونی نییە و هاوكاتیش کە وانیشان دەدرێ رۆژئاوا و لەسەروویانەوە ئەمریکا ویستی شەری نەبێ و بەلام دەرکەوتەکان باس لە بەهێزی ئەگەری شەر دەکەن.
لەکاتێکدا کە ئاخوندەكان بە لایەنی ئاشكراو بە پڕوپاگەندە وتووێژ و دانووستان بە تەواوی رەد دەکەنەوە بەڵام دیپلۆماسیەکی چڕ لە ئارادایە بۆ پێکهاتن و سازان لەسەر ئەو بابەتە و دوایین هەولێش ناردنی شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیری ژاپۆن بۆ لای خامنەیی و ڕوحانی بوو تا پەیامی ترامپیان تەحویل بدات و ببێتە نێوبژیوان بۆ دەسپێکی خولێکی نوێ لە وتووێژەکان. خامنەیی زۆر بە متمانەوە وتی ئێمە هیچ پەیامێکمان بۆ ترامپ نییە چونکە شایەنی ئەوە نییە و هاوکات خوی وانیشان دا کە ئێران مل نادا بە ویستەکان و مکۆرە لەسەر هەنگاوەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکانی درێژە پێ‌ دەداو هاوکاتیش چەندین کردەوەی هاندەرانە و هێرشبەرانە بۆ سەر کەشتیە نەوتکێشەکان لە دەریای عوممان و هێرش بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا هاتە ئارا کە دەرکەوتەکان باس لەوە دەکەن کە ئاخوندەکان دەستیان لەو کردەوانە دا هەیە و دارێژەریان بوون .

هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی ئەو دۆخە و دۆزینەوەی راستی و واقع رەنگە لە کۆی ئەو پەیام و کۆد و روداوانە وەک کارێکی ئەستەم خۆ بنوێنێ، بەڵام دەکرێ بە هەڵسەنگاندن و لێوردبوونەوەێکی قووڵ ویست و داوای لایەنەکان خوێندنەوەی بۆ بکرێ و لەو سۆنگەیەوە پێشبینی بۆ داهاتووی روداوەکان لەو پێوەندییەدا بکرێ.
بۆ زانینی راستیەکان پێویستە بزانین رژیم لە روداوەکانی چەند رۆژی رابردوو دەیهەوێ چی نیشانی دەرەوە بدات و ئامانجی لەوە چییە؟ بێگومان ئەوەی بۆمان دەرکەوت بەهێزی و هەیمەنە و بروابەخۆبوونی ئاخوندان لەو کیشەیە دا بوو و ئەوەی پیشان درا نەتەنیا جوابی ئەمریکا ناداتەوە بەڵکو خۆشیان ناپارێزن لە هێرش بۆ سەر بەرژوەندییەکانی هاوپەیمانانی ئەمریکا. بەڵام ئایا هەڕەشە کردن لە زلهێزیکی وەک ئەمریکا لە لایەن رژیمی ئاخوندی کە توانا سەربازییەکانیان قابیلی بەراوەرد نییەو بە دڵنیاییەوە ناتوانێ بۆ ماوەێکی کەمیش لەبەرانبەر زەبرو گورزی سەربازیی ئەمریکا حۆ بگرێ، لەم کات و ساتە دا لۆژیکیە و ئایا مەبەست لەوە چیە؟
ئەوەی دەردەکەوێ ئەوەیە کە رژیمی ئاخوندی لەوە دڵنیایە کە ئەمریکا هیچ دژکردەوەێکی لەبەرانبەر ئەو کردەوە هاندەرانە نابێ، بۆ چی ؟ لەبەرئەوە نییە کە ئەمریکا بێ توانایە و نایهەوێ هێرش بکاتە سەر ئێران بەڵکو ئەوە باس لەوەدەکات کە سازان و رێکەوتنێک لە پشتی پەردەوە دروست بووە و ئەو کردەوانەش بەشێک لەو سازان و پێکهاتنەن.
بەڵام رژیم بۆ چی پێویستی بەو سناریۆ و نمایشی هێزە هەیە. بێگومان رژیم تەنیا کێشەی لەگەڵ دونیای دەرەوە و رۆژئاوا نییە بەڵکو لە قەیرانێکی قووڵی نەمانی مەشروعیەت لە ئاستی ناوخۆشدایە و تەنانەت کێشەی نێوخۆیی ناو دەسەڵات بە ئاستێک گەیشتووە کە دزی و راورووتی باڵ و رەوتەکان بە ئاشکرا و بە بێ ترس دەکرێ و ئەو دەسەڵاتە تەنیا دەیهەوێ ئەو دۆخە رابگرێ بە هەر نرخێک بووبێ. لەوەها دۆخێکدا خۆ دەر خستن بە بەهێزی، وەک رێگە چارەیێک بۆ زاڵ بوون بەسەر تورەیی خەڵک و کپ کردنی دەنگی نارازیانی نێوخودی سیستەم دێتە ئەژمار و بو قورسایی و پرستێژی نەبوونی دەسەڵات لە ئاستی ناوچە و هێزە بەکرێگیراوەکانی دا حەیاتیە.
رژیمی ئێران زۆر بە باشی لەوە گەیشتووە کە ترامپ سوورە لەسەر راوەستاندنیان لە زیدەخوازییەکانیان و هاوکات کەسێکە دەکرێ لەسەر بەرژوەندییە ئابوورییەکان سازانی لەگەڵ بکرێ، بۆیە هەرگێز ئاقاری رەوتەکە بەرەو ئەوە نابات کە شەرێک روبدات و یان ئەو رەوتی فشاری لەرادەبەردەرە( فشار حداکپری) بەردەوام بێ و پشتی ئابووری ئێران بشکێنێ، بەڵام هەروەک باسیشمان کرد رژیم لە رەهەندە نێوخویی و ناوچەییەکانیش پێویستی بە مانەوە و هێز هەیە و ئەوە ئەو بابەتەیە کە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئاخوندی گرینگی پێ دەدەن و دەیانهەوێ ئەو بێ هیزی و شکانە ئاشکرایە بە بەهێزی و سەرکەوتن نیشان بدەن.
ئەوەی دەکرێ وەک ئەنجام خوێندنەوەی بۆ بکەین ئەوەیە کە رژیم بە دوای تەسلیم بوونێکە كەبەردەوام بوونی زەمانەت بكات وەک دەڵێن زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە و بە جارێک هەموو ئیعتبار و قورسایی لەدەست نەدات، بەڵام بێگومان ئەوەی کە لە داهاتوو دا چاوەروانی ئەو دەسەلاتە دەکات هەمان چارەنووسی دیکتاتۆرانی مێژووە و ئەگەر لەم قۆناغەش بتوانێ لەو قەیرانە دەربازی بێ بە شێوەی کاتی ، ئەوە بێگومان ناتوانێ خوی لە رقی پەنگخواردووی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەرباز بکات و دواجار دەکەوێتە بەرشەپۆلی ئەو رقە پیرۆزە و کۆتایی بە کۆشکی دیکتاتۆرانی ئاخوندی دێ.

ڕێکه‌وت: 2019-06-17 12:30:55
به‌شی: ( ڕامیاری )
كامیل نورانیفەرد