بەشداری سازمانی خەبات لە كۆبوونەوەی بەردەم پارڵمانی ئوروپا لە بروكسێل

خەباتمێدیا: سكرتێری گشتی سازمانی خەبات بەشداری لە كۆبوونەوەی گەورەو گرینگی موخالفانی رژیمی ئێران لە بەردەم پارڵمانی ئوروپا كرد.
رۆژی شەممە 25ی جۆزەردانی 1398ی كۆچی خۆری، هەیئەتێكی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران بە سەرۆكایەتی رێزدار كاك بابەشێخی حسەینی سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە بەرپرسان و كادر و ئەندامانی سازمان، بەشداری لە كۆبوونەوەی ئێرانیانی ئازادیخواز كرد كە لە بەردەم پارڵمانی ئوروپا لە شاری بروكسێلی پێتەختی بلژیك بەرێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی پارڵمان و كەسایەتی سیاسیی ئوروپایی وتاریان پێشكەش كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵكی ئێران و كوردستان دەربری، و خوازیاری پشتیوانی نێونەتەوەیی لە مقاومەت و خەباتی گەلانی ئێران و كۆتایی هێنان بە وتووێژو و هاوكاری رژیمی دیكتاتۆر و گەندەڵی ئاخوندی بوون.
هەر لەو كۆبوونەوەدا بەرێز كاك بابەشێخ وتارێكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد. بەڕێزیان ئاماژەی بە داهاتووی سیاسی لە ئێران و دابین كردنی مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان كرد و رایگەیاند لە پێناو روخانی رژیمی ئێران و دابین بوونی مافی خودموختاری بۆ خەڵكی كوردستان، پێداگری لەسەر هاوپەیمانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران و سازمانی موجاهیدینی خەڵكی ئێران كردەوە.
بەرێز سكرتێری گشتی سازمانی خەبات لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی دا تیشكی خستە سەر پێوەندی سازمانی خەبات و هێزەكانی دیكەی كوردستانی ئێران و وتی: ئێمە خوازیاری پێوەندی لەگەڵ تێكڕای هێزە شۆرشگێڕەكانی كوردستانی ئێرانین كە باوەڕیان بە روخانی رژیمی ئێران، رەت كردنەوەی وتووێژ و موزاكرە لەگەڵ ئەو رژیمە و دامەزرانی دەسەڵاتێكی دیموكراتیك لە ئێران و كوردستان بن.
كاك بابەشێخی حوسەینی لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ئاماژەی بە دەرد و نەهامەتیەكانی خەڵكی كوردستان بەتایبەت دۆخی كۆڵبەران و لاوان و ژنان كردو ئاماژەی بەوە كرد كە رژیمی ئێران و هێزە سەركوتگەرەكانی هەر رۆژەو بە بیانوویەك زوڵم لە لاوانی كوردستان دەكەن، رۆژانە لاوانی رەنج دیتووی كوردستان كە بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان بۆ كاری كۆڵبەریی روو لە ناوچە شاخاویەكانی سەرسنوور دەكەن، لەلایەن هێزەكانی رژیمەوە دەستڕێژیان دەكرێتە سەر و شەهید دەكرێن. هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی كوردستان لە گرتووخانەكانی رژیمدا شكەنجە دەدرێن و شەهید دەكرێن.
بەرێز سكرتێری گشتی سازمان لە وتارەكەی لە بەردەم پارڵمانی ئوروپا، لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پرسی: رژیمێك كە ئاسایشی ناوچە و جیهانی خستووەتەبەر مەترسی و بە وەحشیانەترین شێوە خەڵكی ئێران سەركوت دەكات، بە پەرەپێدانی كردەوەی تیرۆریستی لە دەریاكان و هێرش بۆ سەر كەشتیە نەوت هەڵگرەكان ئاگری شەڕ خۆش دەكات، ئایا جێی متمانەیە بۆ وتووێژ و موزاكرە؟
بەرێزیان لە درێژەدا ووتی: بێ شك وتووێژ و موزاكرە، ئاخوندەكانی هانداوە بۆ سەركوتی زیاتری خەڵكی ئێران وپەرەپێدانی تیرۆر لە جیهاندا. بۆیە ئێمە جارێكی دیكە داوا لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەكەین وتووێژ لەگەڵ ئەو رژیمە رەدبكەنەوەو، لە بەرانبەردا مقاومەتی مەشروعی خەڵكی ئێران بە ڕەسمی بناسن كە بەو كارەیان دەبنە هۆی ئەوەی رژیمی ئێران لەلایەن مقاومەت و خەڵكی ئێرانەوە زووتر كۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەو رژیمە بێ.
جێگەی ئاماژەیە كە لە پەراوێزی گردبوونەوەی ئێرانیانی ئازادیخواز لە بروكسێل، بەرێز كاك بابەشێخ حوسەینی سكرتێری گشتی سازمانی خەبات دیدار و چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەند كەس لە ئەندام پارڵمان و كەسایەتیە ئوروپایی و ئێرانیەكان ئەنجام دا و لە پێوەند بە دۆزی رەوای كورد لە كوردستانی ئێران و سیاسەتەكانی رژیم لە ناوچە كوردنشینەكان قسەی لەگەڵ كردن، و خوازیاری پشتیوانی ئەو بەرێزانە لە خەباتی رەوای نەتەوەكەمان لە كوردستانی ئێران و سازمانی خەبات بوو.
لەو بارەوە بەرێز مارك دێمێسماریكر ئەندامی پارڵمانی ئوروپا وێڕای دەربرینی پشتیوانی لە خەباتی رەوای گەلی كورد لە كوردستانی ئێران خۆشحاڵی خۆی بە دۆستایەتی لەگەڵ سازمانی خەبات و جەنابی كاك بابەشێخ دەربری.
هەروەها بەرێز كاك بابەشێخ دیدارێكی دۆستانەی لەگەڵ ئێرسترون ئێستیونسون ئەندامی پێشووی پارڵمانی ئوروپا و یەكێك لە دۆستانی نزیكی كورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران ئەنجام دا و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە، دۆخی رژیمی ئاخوندی و خەڵكی ئێران و كوردستانیان تاوتوێ كرد و ناوبراو پشتیوانی خۆی بۆ داوا رەواكانی نەتەوەكەمان لە كوردستانی ئێران دەربڕی.
لە پەراوێزی ئەو كۆبونەوە بەرینەدا، چەندین كاناڵی تلویزیونی عەرەبی وتووێژیان لەگەڵ سكرتێری گشتی سازمان ئەنجامدا.




ڕێکه‌وت: 2019-06-18 09:38:29
به‌شی: ( کاروتێکۆشان )