سیناریۆی نوێی رژیمی ئێران لەراست ئەحزابی كورد لە كوردستانی ئێران!

عەلی بەهرامی
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دەنگۆی دانیشتن و دیداری نوێنەری چوار لایەنی كوردی لە ئوسلۆی پێتەختی وەڵاتی نۆروێژ بە نێووەندگیری رێكخراوی نۆروێژی "نۆردیف" بڵاو كراوەیەوە، هەر چەند دانیشتن و وتووێژی یەك یەك و دوو دووی ئەو لایەنانە لەگەڵ رژیم لێرەو لەوێ و بە دوور لە چاوی خەڵك پێشتریش هەبووە و زۆر و كەم لە وتووێژە تەلەفزیۆنیەكاندا خۆیشیان دیانیان پێداناوە. بەڵام ئەو دانیشتنەی ئێستا جیاوازی هەیە هەم لە شێوەی دانیشتنەكە و هەم لە كات و ساتەكەدا. رژیمی ئێران یەك لەو رژیمانەیە كە لە بابەت وتووێژ و دانیشتن و دیپلۆماسیەتدا زۆرترین گومانی لەسەرە، ئەوەش بۆ ئێمەی كورد لە گومان تێپەریوە و لە راستیدا وەك رژیمێكی مەترسیدار سەیر دەكرێ و تا ئێستا چەندین كەس لە سەركردەی ئەو لایەنانەی بەشداریان لەو دانیشتنەی ئوسلۆدا كردووە بەدەستی دیپلۆمات تیرۆریستەكانی ئەو رژیمە و لە كاتی وتووێژ و موزاكرەدا گیانیان داوە.
لەبارەی وتووێژ لەسەر مەسەلەی كوردستان و پرسی نەتەوەیی كورد لە ئێران، رژیمی ئێران ساڵی 1979 و لەدوای هاتنەسەر دەسەڵات بە ناردنی نوێنەری خۆی بۆ وتووێژ هەنگاوی كردەیەیی هەڵگرت و پێشوازی لە چەند هەیئەتێكی كوردی و حیزبیش كردووە. هەر لەو كاتەدا كە رژیمی ئێران دەیویست گوێ لە كورد و نوێنەرانی كورد بگرێ، لایەنی وا هەبوو بۆ شكست پێ هێنانی تووێژەكان پادگانی مەهابادی تاڵان دەكرد و لایەنی دیكەش هەبوون كە بە بیانووی بابەتی ئیدۆلۆژی نەفی هەرجۆرە وتووێژ و موزاكرەیەكیان لەگەڵ ئەو رژیمە دواكەوتووە دەكرد و هەر كەسیش لەو راستایەدا هەنگاوی هەڵگرتایە بە سازشكاریان دەزانی و منداڵی شارانیان وەدوا دەخست.
لە دوای ئەوە ئیتر ئەوە رژیم بوو ئامادە نەبوو وەك كورد وتووێژ لەگەڵ ئێمە بكات و بە هەڵوەشاوە و لە یاسادەچووی دەزانین، ئەگەر باسیشی لە موزاكرە دەكرد تەنیا مەبەستی تیرۆر و حەزفی فیزیكی بەرامبەرەكانی بوو. كە زۆرمان دەلیل و بەڵگە هەیە لەو بابەتە.
لە دوای نزیك بە چوار دەیە لە خەبات و بەربەرەكانێی رژیمی ئێران لەلایەن كورد و ئازادیخوازانەوە، كورد لە دوو ساڵی رابردوودا توانی ناوەندێك بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكان پێك بێنێ و ماوەیەكیش لەو ناوەندەدا پێكەوە كاربكەن، بەڵام لە دوای ئەوەی دەنگۆی وتووێژ لەگەڵ رژیم لەو ناوەندە هاتە ئاراوە ئەو لایەنانە لە هەموو بەڵینەكانی پێشوویان پاشگەز بوونەوەو سازمانی خەباتیش هەڵوێستی گرت و لە كاری هاوبەش لەگەڵ ئەو لایەنانە كشایەوە، چوونكە لە دوای كشانەوەی ئامریكا لە بەرجام و زیادكردنی فشارەكان بۆ سەر رژیم، رژیم دەستی بە جووڵەی نوێ لەگەڵ ئەحزابی كوردستانی ئێران كرد و ئەو لایەنانەش حازر نەبوون لە پێناو یەكریزی بزوتنەوەی كوردستان دڵی رژیم بڕەنجێنن، سازمانی خەباتیش كە هەر لە كۆنەوە موخالفی سەرسەختی وتووێژ و دانیشتنە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بەتایبەت كە لە ئێستادا ئەو رژیمە بەرەو زبڵدانی مێژوو دەروا نەیدەتوانی لە پێكهاتەیەكدا كە خولیای دانیشتن و موزاكرە لەگەڵ رژیمی ئێرانن بێ. لە بەرامبەردا ئەو لایەنانە راستی ئەو بابەتەیان لە خەڵك دەشاردەوە و حەشایان لەوە دەكرد كە بیانهەوێ وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران بكەن.
بەدەمەوە چوونی ئەو لایەنانە بۆ موزاكرە لە لایەك و ئیمزاكردنی راگەیەندراو بۆ مەحكوم كردنی هەر جۆرە پەلامارێك بۆ سەر رژیم لەلایەن دەستی دەرەكیەوە، لە ئێستادا مانای چیە؟ ئایا رژیمی ئێران هەر ئەو رژیمە نیە كە لە پەلاماری بۆ سەر كوردستان بە هەزاران كەس لە ژن و منداڵ و پیر و لاوی كوردی شەهید و بە هەزارانی دیكەی بەند و لە سێدارە دان؟ ئایا ئەو رژیمە هەر ئەو رژیمە نیە بە دەیان تێكۆشەری كوردی لە هەرێمی كوردستان و وەڵاتانی دیكە تیرۆر كرد.
ئایا ئەو كارەسات و دەربەدەری و خوێن و دەرد و رەنجانەی بەهۆی دژایەتی رژیمی ئێران تووشی نەتەوەكەمان هات و درێژەی هەیە، نەیتوانی ناوەرۆكی ئەو رژیمە بە ئێمە بناسێنێ یان ئەوەی ئێمە نەتەوەیەكین هەرچیمان بەسەر بێنن زوو لە بیری دەكەین!.
دیارە سیناریۆی رژیم لە ئێستادا هەر بابەتی وتووێژ لەگەڵ ئەو چوارلایەنە ناگرێتەوە بەڵكوو هەر ئەورۆ لە شاری سنە بە ئامادەبوونی دەیان پاسدار و بكرێگیراو و مۆرەی دیاری ئەو دەسەڵاتە كۆنگرەیەك لە زانكۆی سنە بە ناوی كۆنگرەی ناودارانی كورد بەرێوەدەبات كە بەشێك لە بەرێوەبەران و بەشدارانی كۆنگرەكە بكوژانی رۆڵەكانی نەتەوەكەمانن. وا دیارە ئەم جۆرە هەنگاوانەی رژیم بەوەوە ناوەستێ بەڵكوو بۆ ئەوەی بە هەندێ كاری فۆرمالیتەی لەو شێوەیە كەمێ لە رق و توورەییەی كورد لە حاست خۆی كەم كاتەوە درێژە بەم چەشنە كارانە دەدات.
هەروەها لە دوای هاتنەسەركاری ئەو دەسەڵاتە كوردستان ناوچەیەكی نارازی بووە لەو رژیمە و سیاسەتەكانی و لە هەر دەرفەتێك بۆ پاشەكشە پێكردنی رژیم لە ناوچەكەی كەڵكی وەرگرتووە، لە ئێستاشدا كە رژیم گڵۆڵەی لە لێژیە بە جۆرێكی دیكە هاتووە لەگەڵ بابەتی كوردستان هەڵسووكەوت دەكات بە مەبەستی ئەوەی لەم دۆخەدا كوردستان نەبێتە سەرئێشەی زیاتر بۆی و حەتا ئەگەر نارەزایەتیە جەماوەریەكان لە ناوچەكانی دیكەی ئێران كە وەك ئاگری ژێر خۆڵەمێش وان گەشانەوە، یا خود رووبەرەووی پەلاماری دەرەكی و بە دیاریكراوی ئامریكا بوویەوە، كوردستان وەك مەترسی نەبێ بۆ سەری.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەو راستیە بزانین كە رژیمی ئێران هەر ئەو رژیمەی 40 ساڵی رابردووەو لە ناوەرۆكدا هیچ نەگۆراوە، باش وایە خەڵكی كوردستانیش حیسابی خۆیان لەو حیزبانە جیا بكەنەوە بە دەم رژیمێكەوە دەچن و خەریكن ببنە فریادرەسی رژیمێك كە چل ساڵە بە ئاگر و ئاسن وەڵامی هەر داوایەكیان دەداتەوە و كەم ماڵ هەیە دەرد و ئازاری بەدەست ئەو دەسەڵاتەوە نەدیبێ.

ڕێکه‌وت: 2019-07-03 21:59:05
به‌شی: ( ڕامیاری )