دۆناڵد تڕامپ، رژیمی ئاخوندی دەبێ‌ زۆر ئاگادار بێ‌

خەباتمێدیا: سەرۆک کۆماری ئامریکا رۆژی هەینی رێكەوتی 14ی پووشپەڕ، جارێکی دیکە ئێرانی هۆشیار کردۆتەوە کە دەبێ زۆر زۆر ئاگادار بێت. دۆناڵد تڕامپ سەرۆك كۆماری ئامریكا، پێش سەفەرەکەی بۆ نیوجێرسی لەگەڵ هەواڵنێران لە کۆشکی سپی قسەی کردووە، و لە وەڵامی پرسیارێک لە پێوەند بە ئێرانەوە، ووتویەتی: دەیبینین کە لەبارەی ئێرانەوە چی روو دەدات، ئێران دەبێ زۆر زۆر ئاگادار بێت.
ناوبراو هەروەها رۆژی چوار شەممەش لە کاردانەوەیدا لەبەرانبەر قسەکانی حەسەن رۆحانی لەپێوەند بە زیادکردنی رێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم وکەم کردنەوەی بەڵێنەکان لە چوارچێوەی رێکەوتنە ئەتۆمیەکە هۆشیاری داو ووتی كە هەڕەشەکانی ئێران لە کۆتایی دا بەرۆکی خۆی دەگرێت.
تڕامپ لە تویتێكیدا نووسیویەتی: ئێران ئاگاداری هەڕەشەکانت بە، ئەوانە دەتوانن بەپێچەوانەوە و بە جۆرێک گورزتان لێ بوەشێنن کە تا ئێستا هیچ کەسێک گورزی وەهای لێ نەوەشێندرابێ‌.
لەلایەكی ترەوە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە هەمان رۆژدا وتبووی کە وڵاتەكەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی دەگەیێنێتە زیاتر لە 3.67لە سەد و هەتا هەر رێژەیەك کە خۆی پێویستی پێی بێت زیادی دەکات.

ڕێکه‌وت: 2019-07-07 22:03:02
به‌شی: ( هه‌وال )