کوژرانی 3جاش و ئەندامی سپای پاسداران لەپیرانشار

خەباتمێدیا: سێ ئەندامی سپای پاسداران لە لایەن چەکدارانی نەناسراو درانە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژران.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٨ی پوشپەر، گرووپێکی چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر ٤ ئەندامی سپای پاسداران و سێ کەسیان کوژراون.
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاماژەی بەوە كردووە كە لەو هێرشەدا ”حاسڵ ئەحمەدی“ ناسراو بە حاسڵە شێت سەرهەنگی سپای پاسداران و بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی سپای پیرانشار و دوو ئەندامی دیکەی سپا بە ناوەکانی ستار پیرۆتی و ئومید مەلازادە کوژراون و ئەندامێکی دیکەی سپا بە ناوی شۆڕش قادری بە سەختی پێکراوە.
جێی باسە كە ئەو چواركەسە لەناو ماشینەكەیاندا لە شەقامی سەردەشت و لە نزیک ترمیناڵی سەردەشت لەلایەن پۆلێك كەسی نەناسراوەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە.
حاسڵ ئەحمەدی یەکێک لەو ئەندامانەی سپای پاسدارانە کە لە ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەروەها تیرۆری ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان ڕۆڵی هەبووە. هەواڵدەری هەنگاو: میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران کوژرانی ئەو سێ ئەندامەی سپای پاسدارانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕێکه‌وت: 2019-07-09 22:34:10
به‌شی: ( هه‌وال )