عەرەبستانی سعودی: لابردنی كۆمەڵێك یاسا و رێگری لەسەر ئافرەتان.

خەباتمێدیا: حکومەتی عەرەبستانی سعودی رۆژی هەینی 11ی گەلاوێژ، بۆ یەکەمجار لە یاسای وڵاتەكەیدا رێگەی بەوە دا كە ئافرەتانی تەمەن سەرو ۲۱ ساڵ، بەبێ‌ ئیزنی مێرد یاخود خانەوادەكانیان، پاسپۆرت وەرگرن و بۆ دەرەوەی وڵات سەفەربکەن.
هەواڵدەری رۆیتەرز: ئەم بریارە حکومەتیە بەمەبەستی پێداچونەوە بە یاساو بریارەكانی پێوەند بە ئافرەتان لەو وڵاتەدا ئەنجام دراوە، بەو پێیەی کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مافی مەدەنی بەتوندی رەخنەیان لێگرتوون.
بەپێی ئەو بریارە حکومەتیە، ئافرەتان لەو وڵاتە دا هەروەها بۆ یەکەمجار دەتوانن مافی تۆماركردنی لە دایک بوونی منداڵ،ئیزدواج و تەڵاق و هەروەها وەرگرتنی مافی سەرپەرەستی منداڵی بچوک بەدەست بێنن.
محەممەد بن سەلمان، وەلیعەهدی عەرەبستان، هەر لەکاتی هاتنە سەرکاریەوە دەستی كردووە بە كەمكردنەوەی كۆمەڵێك یاسای تایبەت بە ژنان.
ساڵی رابردووش حکومەتی عەرەبستان، یاسای قەدەغەكردنی شۆفێری ئافرەتانی لابرد.
پێشتر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەتایبەت پارڵمانی ئوروپا، داوایان لە عەرەبستانی سعودی کردبوو کە یاسای پێوەند بە سەرپەرەستی كردنی ژنان لەلایەن پیاوەکانیانەوە هەڵوەشێنێتەوە.

ڕێکه‌وت: 2019-08-03 21:42:57
به‌شی: ( هه‌وال )